زۆری ژمارەی ئۆپەراسیۆنەکان دژ بە داعش نیشانەی ئەوەیە هێشتا داعش مەترسیدارە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

سەرەڕای هەوڵ و ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش بە هاوکاری سوپای عێراق و پێشمەرگە و هێزەکانی سووریای ئازاد لە ناوچەکە، داعش لە هەوڵی ئەوە دایە دووبارە خۆی بەهێز بکاتەوە. لە سێ مانگدا نەوەد و چوار ئۆپەراسیۆن دژی داعش لە عێراق و سووریا ئەنجام دراون.

سەرەڕای ئەوەی کە لە لایەن عێراق بە تایبەتی لایەنە شیعەکانی نزیک لە ئێران گوشارێکی زۆر هەیە بۆ سەر ئەمەریکا لەوەی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق بچێتە دەرەوە و خۆیان توانای ئەوەیان هەیە ڕووبەڕووی داعش ببنەوە بەڵام ئەمەریکا هێشتا لەوە نیگەرانە تیرۆر پەرە بسێنێتەوە و سەرئێشە بۆ عێراق و ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێنێتە کایەوە.
سوپای عێراق لەگەڵ ئەو هاوکارییە سەربازی و لۆجستیکییانەی پێشکەشی سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی سووریای دیموکراتی کردووە لە هەمان کاتدا لە ڕاهێنانەکانیش بەردەوام بووە. لەگەڵ هەموو ئەو چالاکییانە نێوە نێوە ئۆپەراسیۆنی سەربازیشی لە دژی داعش و مۆڵگە و پاشماوەکانی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە جێبەجێ کردووە.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا کە بە سێنتکۆم ناسراوە دوێنێ شەممە بە فەرمی ڕای گەیاند لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا نەوەد و چوار ئۆپەراسیۆنیان لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ڕۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا جێبەجێ کردووە و بەهۆیەوە وێڕای کوشتنی هەژدە تیرۆریستی داعش شەست و سێ چەکداری تریان گرتووە.
ئەمەریکا ڕایگەیاندووە جگە لەو ئۆپەراسیۆنانەی خۆی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش جێبەجێی کردوون شەست و شەش ئۆپەراسیۆنیان بە هاوکاری هێزەکانی سوپای عێراق، پێشمەرگە و هێزەکانی سووریای دیموکرات ئەنجام داوە و لە ئاکامدا یازدە تیرۆریستیان کوشتوە و سی و شەشی تریان دەستبەسەر کردووە. لەو ژمارەیە بیست و هەشت ئۆپەراسیۆنیان لە سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان بووە کە بەهۆیانەوە حەوت تیرۆریست کوژراون و بیست و حەوتی دیکە گیراون.
بەپێی ئامارێک کە سێنتکۆم بڵاوی کردووەتەوە هێشتا دوو هەزار و پێنجسەد چەکداری داعش لە عێراق و سووریا هەن و بۆیەش پابەندیی خۆی بۆ لەناوبردنی سەرجەم چەکدارانی داعش ڕاگەیاندووە و ئەمەریکا پێی وایە لە پێناو ئاسایشی ناوچەیی و جیهانی دەبێت ئەم هەنگاوە بنێت.
ئەمەریکا ڕۆڵی زۆر کاریگەری هەبووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەهاناوە هاتنی هەولێر و بەغدا بە تایبەتی لە ساڵی ٢٠١٤، ئەگەر هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش نەبوایە ڕەنگە قوربانییەکانی دەستی تیرۆر زۆر زیاتر بووبان و داعش خاکی زیاتری داگیر کردبا.
هەر چەندە هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بە شێوەیەکی مەیدانی ڕۆڵیان هەبوو لەوەی ڕووخانی داعش لە مووسڵ و ڕزگارکردنی سەرجەم ناوچەکانی عێراق بەڵام هێشتا پێویستییان بە هاوکاریی ئەمەریکا و هاوپەیمانان هەیە.
لە عێراق دوو بۆچوون هەیە بۆچوونێک کە کورد و زۆرینەی لایەنە سوننەکان بە دروستی دەزانن ئەوەیە کە هێزەکانی ئەمەریکا بەردەوام بن لە یارمەتیدانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و لەناوبردنی یەکجارەکیی داعش و دژی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراقن، بۆچوونێکی تر کە بەشێکی لایەنە شیعەکان پاڵپشتی دەکەن ئەوەیە کە داعش ئەوەندە لاوازە پێویستییان بە یارمەتی ئەمەریکا نییە و خۆیان دەتوانن ڕووبەرووی ببنەوە.
بۆچوونی دووەم زیاتر ئەو لایەنانە دەیڵێن کە لە کۆماری ئیسلامی نزیکن و تەنانەت لە پەرلەمان یاسایان بۆی دەرکردووە و بە ڕژدی لە هەوڵدان کە کۆتایی بە مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بهێنن، بەڵام ئەمەریکا لە چوارچێوەی ڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی فەرمیی عێراق لە کارەکانی بەردەوام بووە.
بڕیارە لە نیوەی ئەم مانگە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی ئەمەریکا بکات و لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکادا کۆ ببێتەوە و یەکێک لەو پرسانەش وەک باس کراوە مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراقە.
بەدەر لە هەبوونی مۆڵگە و پاشماوەکانی داعش لە عێراق، هێشتا پرسی کەمپەکانی داعش لە ڕۆژئاوای کوردستانیش بابەتێکی گرنگە و سێنتکۆم بە پێویستی زانیوە چارەسەر بکرێن. نۆ هەزار تیرۆریستی داعش و چل و پێنج هەزار کەس لە بنەماڵەکانیان لەو کەمپانەن و ئەمەریکا پێی وایە دەبێ لە ناوچەکە هەبێت بۆ ئەوەی وێڕای ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی تیرۆر چارەیەکیش بۆ ئەو کەمپانە بدۆزێتەوە.