ئارام كۆشكی – سلێمانی
کەم نین ئەو نووسەرە کوردانەی لە رۆژهەڵاتی کوردستانن و بە زمانی فارسی دەنووسن، بەڵام تا هەنووکە بەشێکی زۆریان بەرهەمەکانیان بە کوردی بڵاو نەکراوەتەوە. محەمەدڕەئوف مورادی، یەکێکە لەو نووسەرانە و خۆشبەختانە ئێستا بەرهەمێکی لە فارسییەوە کراوە بە کوردی.
پەتی سێدارە بەکاتی بانگی بەیانی، ڕۆمانێکی محەمەدڕەئوف مورادی-یە و “شوانە عەبدوڵڵا لە فارسییەوە کردوویەتی بە کوردی و ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند لە دوتوێی 154 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. ئەم کتێبە چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشی کوردێک لەنێوان عەشق و سیاسەت دەگێڕێتەوە. چیرۆکێک کە لە گوندەکانی کوردستانەوە بەرەو شارەکان دەڕوات و لەوێشەوە بەرەو شاخ درێژ دەبێتە تا دەگاتە بەر پەتی سێدارە.
وەرگێڕ سەبارەت بەم ڕۆمانە ئەوە دەخاتەڕوو کە “مێژووی کورد لە ڕۆژهەڵات دوو قۆناغی تایبەتی لە دوو دەسەڵاتداری جیاواز لە حکومەتی ئێراندا تێ پەڕاندووە: سەردەمی مەلیکی و پاشایەتی کە درێژخایەن بوو و بە هۆی شۆڕشی ئێرانە و هەڵوەشایەوە، هەروەها کۆماری ئیسلامی کە سەردەمێکی نوێیە لە مێژووی ئیراندا.” دواتر ئەوەش دەخاتەڕوو کە ” کورد لە هەردوو ئەم دوو دەسەڵاتدارییەی حکومەتی ئێراندا دوو جار دڵخۆش بووە، کە ئازادی بەدەست بهێنێت، سەردەمی «کۆماری مەهاباد» لە سەروەختی پاشایەتیدا و سەرەتای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی.”
لەم ڕۆمانەدا پەتی سێدارە ئیماژێکە بۆ هەردوو قۆناغی ئەو دوو سەردەمە بە گێڕانەوەی کچی مامۆستایەکی کورد لە تارانی پایتەختی ئێران، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکە لە دەڤەری پارێزگای کرماشان ڕوو دەدات.
شێوازی گێڕانەوەی ئەم ڕۆمانە شێوازێکی نوێ و کەم تاقی کراوەیە. خوێنەر دەچێتە هەناوی گێڕانەوەکەوە و لەگەڵ کاراکتەرە سەرەکییەکان دەبێتە بەشێک لە ڕۆمانەکە، تا کۆتایی و بە تەنیاش خوێنەرێک نییە لە دەرەوەی دەقەکە بەڵکو نووسەر تەکنیکێکی بەکارهێناوە کە خوێنەر ئاوێتەی ڕووداو و پێشهاتەکان دەکات ئەم ڕۆمانە هەم گێڕانەوەی عیشق و نەگەیشتنە بە دڵدار، هەم گێڕانەوەی خۆشەویستیی گەڕانە بە شوێن عیشق و خۆشەویستی بۆ سەربەستی و گەیشتن لە دووتوێی مێژووی سەردەمدا. مرۆڤ لەم رۆمانەدا بوونەوەرێکی وەستاو و بێجوڵە و ناچالاک نییە، بەڵکو بوونەوەرێکی گەڕیدەیە بۆ سەرزەمینی عەشق و لەوێوە بۆ توناوتونەکانی سیاسیەت و لەوێشەوە بەرەو چارەنووسێکی تراژیدی. بەڵام سەرەڕای سەختییەکان مرۆڤ لەم رۆمانەدا نابەزێت. هەوڵی تێکشاندنی دەدرێت، بەڵام بەردەوامە لە کۆڵنەدان.
محەمەدڕەئوف مورادی، ڕۆماننووس و چیرۆکنووس و مێژوونووس، ساڵی ١٩٧٠ لە شاری پاوەی سەر بە پارێزگای کرماشان لەدایک بووە. خاوەنی ٣٠ کتێبە لە هەردوو بوارەکانی نووسین و وەرگێڕاندا. تا ئێستا شەش ڕۆمانی نووسیون و خاوەنی سێ کتێبە لەسەر مێژووی کورد و دوو کتێبیشی لەسەر زاراوەی جاف و گۆران داناوە، کە ئەکادیمای زمان لە ئێران چاپ و بڵاوی کردوونەتەوە. هەروەها لە کۆمەڵە چیرۆکێکیشی نووسیوە. مورادی تەواوی شیعرەکانی شێرکۆ بێکەس و فەرهاد شاکەلیی وەرگێڕاون بۆ سەر زمانی فارسی. کۆتا کاریشی بریتییە لە وەرگێڕانی ڕۆمانی (ئەلیف یا)ی ڕەزا عەلیپوورە بۆ زمانی فارسی. هەروەها ئەندامی سەرەکیی یەکێتی نووسەرانی ئێرانە و ئەم ڕۆمانەی “پەتی سێدارە بەکاتی بانگی بەیانی” بە فارسی نووسیوە.