ئارام كۆشكی – سلێمانی
یەکێک لە کێشەکانی نامە ئەکادیمییەکانی نووسەران و ئەکادیمیستان (مەبەست لە تێزی دوکتۆرا و ماستەرنامەیە) ئەوەیە، کە زۆربەیجار تەنها بە دەوری ڕووکەشی ئەو باس و بابەتانەدا دەخولێنەوە، کە لە ناونیشانەکەدا دیارییان کردووە. زۆرجار و لە خوێندنەوەی گەلێک لەو نامە و تێزانەدا تووشی نائومێدی بووم، بەوەی دوای خوێندنەوەی بە دەستبەتاڵی لێی هاتوومەتە دەرەوە، یان تەنها کەمێک لە لایەنە تیۆرییەکەی سوودمەند بووم.
بێگومان ئەم کێشەیە پەیوەندی بە دۆخی ناجێگیری و نائاسایی خوێندنی زانکۆکانی کوردستانەوە هەیە و ئەمە باسێکی درێژە و لێرەدا جێگەی نابێتەوە، بەڵام لەنێو ئەو دۆخانەشدا ناوە ناوە تێزی دوکتۆرای سەنگین و ماستەرنامەی سوودبەخش دێنە دەرەوە و دیە و هزرمان بە بیری نوێ ئاو دەدەن. خۆشبەختانە یەکێک لەو تێزی دوکتۆرایانەی گەلێک سەنگینە و تەنها بە دەوری ڕووکەشی باسەکەدا ناخولێتەوە تێزی دوکتۆرای “د. هەژار فەقێ سڵێمان”ـە کە بەناویشانی “هێما لە دەقە واڵاکانی شێرکۆ بێکەسدا”یە و لە دوتوێی کتێبێکی 256 لاپەڕەییدا لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە. ئەم کتێبە هەوڵێکە بۆ خستنەڕووی بەکارهێنانی هێما و جۆرەکانی هێما لە دەقە واڵاکانی ئەم شاعیرەدا، چونکە هێما لەنێو دەقی ئەدەبیدا ڕەنگدانەوەی گەلێک زۆرە و لە دەقەکانی ئەم شاعیرەشدا لەگەڵ ئەوەی ڕەنگدانەوەی زۆرە، هاوکات بە شێوەیەکی گەلێک جۆراوجۆر بەکارهێنراوە کە نووسەر دەیەوێت تیشک بخاتە سەر هەموولایەنەکانی بەکارهێنانی هێماسازی لە دەقە واڵاکاندا.
ئەم کتێبە لە سێ بەش پێکهاتووە و هەربەشێکیش بەسەر چەند تەوەرەیەکدا دابەش کراوە. بەشی یەکەم تەرخان کراوە بۆ لایەنی تیۆریی توێژینەوەکە و توێژەر کاری لەسەر زاراوە و چەمکی هێما و هێماگەریی کردووە و لە تەوەری یەکەمدا زاراوە و چەمکەکەی لە زانستەکانی ئەدەب و زمان و دەروونناسیدا لێکداوەتەوە. لە تەوەری دووەندا باسی لە قوتابخانەی هێماگەری و ئەدگار و تایبەتەمەندییەکانی قوتابخانەکە و هێماگەری لە شیعری عەربی و هۆکارەکانی و هاوکات هێماگەری لە شیعری کۆن و نوێی کوردیدا باس کراون. لە تەوەری سێیەم و چوارەمیشدا هۆکارەکانی بەکارهێنانی هێما لە شیعردا و رۆڵی وێنەی هێمایی و زمانی هێمائامێز و چەند باسێکی دیکە خراونەتەوەڕوو.
هەرچی بەشی دووەمیشە لێرەوە بەشی پراکتیکی توێژینەوەکە دەست پێ دەکات و نووسەر لە سێ تەوەرەدا باسەکەی دابەش کردووە. تەوەری یەکەم تەرخان کراوە بۆ تەکنیکی هێمایی لە دەقە واڵاکانی شێرکۆ بێکەسدا. هاوکات تەوەری دووەم تەرخان کراوە بۆ پەیوەندی نێوان هێما و واقیع لەنێو دەقە واڵاکانی شاعیردا. هەرچی تەوەری سێیەمیشە باس لە مەبەستەکانی بەکاربردنی هێما کراوە کە تیشک خراوەتە سەر مەبەستی ئایدۆلۆژی و سیاسی و ئیستاتیکی و کۆمەڵایەتی و جڤاتی و چەندین مەبەستی دیکە.
بەشی سێیەم و کۆتا بەشی ئەم توێژینەوەیە تەرخان کراوە بۆ جۆرەکانی هێما لە دەقە واڵاکانی ئەم شاعیرەدا و تێیدا توێژەر بە وردەکارییەکی زۆرەوە و بە نموونەوە 23 جۆر هێمای لەنێو دەقە واڵاکانی ئەم شاعیرەدا دەرهێناوە، کە دەتوانم بڵێم بە وردەکاریی و سەرنجی زۆرەوە توێژەر کارەکەی ئەنجام داوە و جێگەی دەستخۆشییە.
یەکێک لەو خاڵانەی کە جێگەی سەرنج بوو بۆم ئەوەیە کە توێژەر وەکو لە ناونیشانەکەوە ڕووبەری توێژینەوەکەی دەستنیشان کردووە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە تەنها کار لە دەقە واڵاکاندا دەکات، بەڵام لەنێو توێژینەوەکەدا و لە پێشەکی توێژینەوەکەشدا کتێبی “ئێوە بەخۆشەویستیم ئەسپێرن”ی وەکو دەقی واڵا وەرگرتووە لەکاتێکدا ئەو کتێبە شاعیر خۆی وەکو “شیعر و پەخشان” ناساندوویەتی، پێموایە لێرەدا جۆرێک لە بەهەڵەداچوون هەیە و دەبوو ئەم کتێبە و تێکستەکانی بۆ ئەم توێژینەوەیە وەرنەگیرێن. بێگومان ئەمە بە لەبەرچاوگرتنی ناونیشانی توێژینەوەکە، دەنا ئەو نموونانەی وەریگرتوون لەگەڵ ئەو بەش و تەوەرانەی توێژەر باسی کردوون کەموکوڕی نییە، بەڵام کاتێک لەگەڵ ناونیشانەکە بەراورد دەکرێن کەموکوڕی دروست دەکات.
دەستخۆشی بۆ د. هەژار فەقێ سڵێمان، کە بەم توێژینەوەیەی ئاسۆی بیرکردنەوەی هێما و هێماسازی لەنێو شیعر و ئەدەبی کوردیدا فراوانترکرد.