دکتۆر سەلیم تریفەی هاوزەمان لە ڕەهەندی پەرتووکی بنەماکانی سەرکەوتنی مرۆڤ بووندا

ئازاد پێنجوێنی

ئەودەمی عەسرە ، مەولانای ڕۆمی ، بەلێواری فەقیانەکەی تەڕی ڕووخساری بێگەردی وشک دەکردەوە ، یەکێک لەشەییدایانی ڕۆمی ،هاتە بەردەمی و پێی ووت
مامۆستا گیان بۆ وەک سەنائی و ئەوانی تر ووشە مرواریەکانت ناخەیتە سەر پەڕاو.

مەولانا زەردەیەک گرتی و نووسراوێکی چرچولۆچی لەگیرفانی دەرهێناو دای بە موریدەکەی ، کەخوێندیەوە ئەمەی لەسەر نوسرابو ، گوێ لە نەی بگرە چۆن دەناڵێنێ بۆتەنیایی خۆی چۆن دەناڵێنێ بۆخۆشەویستی خۆی ، موردیدەکەی هاواردەکات و سەری ڕۆمی ماچ دەکات و دەڵێ بەخوا دەبێ بيکەیتە کتێب . بینیمان چۆن وتەکانی ڕۆمی بوونە کتێب و وەک شەمعی لالە بە دونیادا بڵاوبوونەوە. ئاخر دکتۆرێکی داناش هەیە لەژێرناوی سەلیم سەعید زەنگنە کەشاعیرو نوسەرو ڕۆشنبیرێکی دەگمەنو هەڵکەوتوە بەهەمان شێوە جارێک بەهاوڕێکانی دەڵێ:
(خەتای خۆتان نیە بەهەژاری دێنە دونیاوە ، بەڵام خەتای خۆتانە بەهەژاری بمرن ) ئیدی لەسەرسامی ئەودێڕە مرواری ئاسایە وا دەکات هاوڕێکانی زۆری لێبکەن ، بنەماکانی سەرکەوتن ،ی مرۆڤ بکاتە کتێبێکی ناوارەو هەڵتەکاندنو ناڵینی ئەندێشەی مرۆڤایەتی چەشنی دەفەکەی ڕۆمی بکاتە هەتوانی سەرکەوتنەکان.
هاوزەمان دکتۆرێکی دەگمەنو شاعیرو نووسەرێکی خاوەن لۆژیکێکی قوڵ هەمیشە لەهەناویدا تریفەی شەوی تابان و لەهەڵهاتنی ئاسۆیەکی ڕوون شەبەنگ دروست دەکات و لەهەناوی پێنوسەکەیدا خۆر دەکا بە پرشنگی ڕەهای تیانووسەکەی.
هۆشمەندێکە سنوورەکانی خۆمان پیشانی خۆمان دەدات خۆر چۆن سەرزەوی ڕۆشن دەکاو سیماکان دەکاتە ڕۆشنایی هەرواش ووشەکانی ناخ دەکاتە ئیشراق لە تێڕوانینەکانی “سوهروەردی” مەزندا.
پیاوێک چەشنی نەرمە ، با، چۆن سەمادەکا بەگەڵای دارسنەوبەرە تەڕەکان بەوجۆرەش ووشەکانی ئەم نووسەرە ڕۆحە تینوەکان ئاوپرژێن دەکات و دەنگە بێدارەکان دەکاتە زایەڵەی سەنتوور.
شیعرەکانی لێزمەی بارانی بەهارێکی گڕداری دەمەو عەسرێکی چاوەڕوانی نەورۆزەو سەرچاوەی کانی و ژیانێکی جاویدانیە. ئەندێشەکان دەکا بە فەرهەنگ ،، و مەنزڵێک لە کۆڵەکەی کەلتوور دەکاتە ساتێک بۆحەوانەوەی گشت مەردومێک بۆ خۆڕاگری ژیان.
هزری جوانی و ڕستەکانی گوڵاڵەی نێو زنارە و ماتریاڵی کێو دەکا بە بووکی یەک شەوەو و هەناو دەکا بە گوڵستان و ڕێگاکان پڕدەکات لە بەختەوەری.
ئەو لە لووتکەی باكگراوندی ئەوینداریەکەی لەیل و قەیس دا تۆماری مێژوو هەڵدەداتەوەو فەرهادانە وێڵە بەدوای معشوقیدا دەیهەوێ وەفادارانە ئەوین بکات بەباوکی مێژوو سەرکەوتنیش بکاتە نەریت و هیواکانیش بکاتە سمبوڵی مێژوو.
سەلیم سەعید زەنگنە، هەتوانی زامەکانی ژانی ئەدەب و هونەرەو برینی نابۆ ئەدەبو هونەر ساڕێژ دەکات تا لەوچەمکەوە ڕەمزی خوود ناسین بکاتە سەرکەوتن ناسین.
ئەو دکتۆرێکە ئازاری دڵەکانیش دەکاتە لێدانی ئارامی دواڕۆژ و بەخشینی ئێستاو ئاوڕێک بۆ ڕابردوو لەڕەچەتەی ئەندێشەیدا سەرچاوەی گرتوەو بۆ داهاتویەکی پرشنگدار هەنگاوەکانی ناوەستن و پێمان ڕادەگەیەنێ کە پلە بەپلە بەسەر پەیژەدا هەنگاوبنێن تادەگەنە سەری سەرەوە بەبێ زامی دڵ.
ئەم شاعیرە شەیدا بونی نێو لووتکەی شەیدای شیعرو نوسینەو خەمخواردوی دانەبڕاوی بنەمای سەرکەوتنەکانی مرۆڤە. وەک چۆن لەم پەرتوکە پڕبایەخەدا ڕەنگی داوەتەوە.
جەنابیان مەلێکن چەشنی ،شەباهەنگ، کە شیعرەکانی وەک هەزاران کوکوختی بەسەر درەختی سەرهەوارە چۆڵەکانەوە دەنیشنەوەو شەوانی پایزان بەتەنها دەخوێنێن و دڵەکان ئارام تر دەکەن.
دکتۆر سەلیم ، کار بۆ ئەوەدەکات نەبین بەتۆزێک ئاخ و باهەڵمان گرێت و بمان بات ، دەیەوێت لەسەرخۆ پێ بنێین بە ئەرزداو گوڵەکان پان نەکەینەوەو مرۆڤانە وبژین و دوای خۆمان ئەسەر بەجێ بهێڵین بۆنەوەی وادێت.
پەرتووکێک لە ژێرناو (بنەماکانی سەرکەوتن) پەرتوکێکە لێوان لێو لە ئامۆژگاری و گەیشتن بەئامانجی مرۆڤ بۆسەرکەوتنەکانی لەمەڕ ژینی سەربەستیدا ئەی ئەوە نیە ،برگیتا، بەئارێز دەڵێ تنها سەیری پێشەوەی ناو تونێلەکە بکە کاتێ پیایدا دەڕۆی بۆئەوەی بگەیتە ڕێگای سەرکەوتن نابێ چاو ببڕیتە ئەم لاولای تونێلەکە دەنا هەرناگەی بە ڕۆشنایی،
زۆرجوان لەنێو هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی بنەمای سەرکەوتن ئەوەمان بۆدەردەکەوێ کە لەنێو فەلسەفەی ژیانی ئەم نووسەرە دەگەین بەئامانجێک کە پێمان دەڵێ ، بائەوان خراپ بن تۆچاک بە ، با ئەوان بەد ڕەفتارو خوڕەوشتیان خراپ بێ تۆ مامەڵە لەگەڵ خوداکەیان بکە تا دوانەفەسی ژیان باشی و ئاکاری جوان بچێنە، دوجار سەرکەوتن بۆتۆیە.
نووسەرو شاعیری بەئەزموون ساڵانێکی زۆر دەنووسێ و تێدەفکرێ و چەندەها شیعرو وتارو نووسینی خستۆتە گەنجینەی ئەدەبی کوردیمانەوە کاریگەرترین فەلسەفەی ژیانی کەلە خوودی خۆیدا ڕەنگی داوەتەوە بەمرۆڤایەتی دەڵێ ،،
(ئاوێنە درۆزنە تنها نیگا دەردەخا ، خۆزگە دەخوازێ ئاوێنەیەک دروست بوایە ناخی پیشان بدایە).
لەنێو فەنتازیای ئەم دێڕە ناوازەی نووسەردا ئەوەمان بۆدەردەکەوێ کەچۆن ئەدیب و ڕۆشنبیرئاوێنەی کۆمەڵگان ئاواش تنها گەرەکیان بێت ناخی پاکیان نیشان بدەن تا سەرکەوتنو خەیاڵە فڕیوەکان بۆ هەمیشە لەهزری هەمواندا کاڵ نەبێتەوە ئیدی زەنگی سەرکەوتن لێدەدرێ.
بۆیە نووسەر دەیەوێ منداڵ بێتەوەو بگەڕێتەوە لای دایکی ئاخر گەرەکیەتی کاتە بەفیڕۆ چوەکان جارێکی تر زیندوو بکات داهێنانێک زیاتر بئافرێنێ بۆ مرۆڤایەتی.
هەڵبەتە ئێمەش خوازیارین دانەبڕاوێک بین لەڕەهەندی ئەندێشە فراوانەکەی ئەم نووسەرەو هەنگاوەکانی بکەینە سەرچاوەی جوانی ژیانمان تابەدەست هێنانی ساتە زێڕینەکان جارێکی ترو بۆ ئەبەد بخەینە نێو هۆشمەندی بنەماکانی سەرکەوتنمانەوە.

ھەواڵی زیاتر