بەشی سێیەم
مێژووی ئەدەب، مێژووی خوێندنەوەیە
(کتێب بکە بە دیاریی سەری ساڵ، با دۆست و خزمانت فێری خوێندنەوە بن)ئەگەر مێژوو لە هەر سۆنگەیەکەوە درۆی تێکەڵ ببێ و گومان لە ڕاستی و دروستیی گێڕانەوەکانی بکرێت، مێژووی خوێندنەوە گومانی لێ ناکرێت. مێژووی ئەدەب تەنیا مێژووی کارە ئەدەبی و هونەرییەکان نییە، بەڵکو مێژووی ئەو خوێنەرشە، کە بەدرێژایی مێژوو بەشوێنداچوونیان هەبووە. یەک لەباری پرسی خوێندنەوە، پێوەندیی نێوان نووسەر و خوێنەر وەک پێوەندیی نێوان قسەکەر و قسەبۆکراو وەهایە.
خوێندنەوە کردەیەکی زمانی و هزرییە، ئەویش دوای داماڵینی ئەو بەرگ و توێژاڵە ڕەمزییانەی کە لە جەستەی دەقەوە ئاڵاون. دوای ئەوە، مەبەست و ناوەرۆکی ئەو دەقە، جا هەرچییەک بێت، وەک هێلکەی پاککراو، بە ڕوونی دەکەوێتە بەر چاو و زەینی خوێنەری وریا.
دەقی ڕۆمان، بەو درێژدادڕییەی خۆشیەوە، هێشتا ڕووبەی سپیی تێ دەکەوێت، کە خوێنەر، هەر یەکە بەپێی ئاستی هۆشیاری و توانای زەینیی خۆی پڕی دەکاتەوە. جاری وا هەیە ماوەیەکی مێژوویی لە تەمەنی کارەکتەر، کە پڕە لە جووڵە و ڕووداو، ڕووناکیی نەخراوەتە سەر. جار هەیە بۆشایی فراوان دەکەوێتە نێوان ڕووداوەکانەوە. ئەمەیش دیسان دنەی خوێنەرە بەدەربەستەکان دەدات، بە زەینی خۆیان ئەو ڕووبەرە سپییانە یان ئاو بۆشایییانە پڕ بکاتەوە. ئەم کردەیەش، زەینی خوێنەر چالاکتر دەکات. هاوکات دەشیکات بە هاوبەشی نووسەر.
باوەڕ ناکەم دوو خوێنەر وەک یەک ڕۆمانێک بخوێننەوە و لێی تێبگەن. چونکە ئەوان ڕوانینیان بۆ ژانری ڕۆمان، تەنانەت حاڵیبوونیشیان لە مەبەستی دەق و ئاستی چیژوەرگرتنیشیان جیاوازە.
یەک لەباری مرۆڤی ئیسلامی (بۆ نموونە) دەگمەن و ئەستەمە ڕۆمان بخوێنێتەوە. بۆچی ئیسلامی ڕۆمان ناخوێنێتەوە؟ ئەمەیان باسێکی ترە و پێویستیی بە لەسەر ڕاوەستان هەیە. من لێرەدا ویستم ئەوەت پێ بڵێم، کە مرۆڤی ئیسلامی تەنانەت ڕکیشی لە ژانرەکانی چیرۆک و ڕۆمان دەبێتەوە، ئەگەرچی لە قورئاندا هاتووە: (نحن نقص علیکم احسن القصص) دەمەوێ بڵێم: یەک لەباری ژانری ڕۆمان، لە ڕکلێبوونەوەوە تا دەگاتە ئەوپەڕی چێژوەرگرتن خوێنەر هەن و لە ئارادان. مرۆی ئیسلامی تەنانەت پێی ناخۆشە، هەندێک بابەتی گرینگ بکرێن بە ناوەرۆکی ڕۆمان و ڕۆشناییان بخرێتە سەر.
خوێنەری زیرەک و شێلگیری واش هەیە، دوای خوێندنەوەیەکی ورد. ئەو دەقە یان بیرۆکەی ئەو دەقە دەباتەوە سەر دەقێک کە پێشتر خوێندوویەتیەوە. هەستی پێ دەکات نووسەری ئەم ڕۆمانە دەستدرێژیی کردۆتەسەر بەرهەمی نووسەری تر. ئەو پێوەندییە وردانەش دەرک پێ دەکات، کە ئەم دوو دەقە پێکەوە دەبەستنەوە. جا ئەم جۆرە پێوەندییە، پێشتر توێژەران چۆنیان ڕاڤە کردووە یان پاساویان بۆ هێناوەتەوە و ناوی چییان لێناوە، ئەوەیان بابەتی ئەم نووسینەی من نییە. جار هەیە دەقەکە بە تەکنێکی ڕۆمانێک نووسراوە کە خوێنەر پێشتر خوێندوویەتیەوە. خۆ دیارە زۆرینەی خوێنەران دەرهەق بەم وردەکارییانە تەقەی سەریان دێت.
دەبێ لەبیرمان بیت، کە دواجار ئەوە کردەی نووسینە، کە خوێنەر بە هەموو ئاستەکانیەوە دروست دەکات. کارلێک و پێوەندیی نێوان نووسەر و خوێنەر بەو ئاستەیە. دەبێ ئەوەش بڵێین کە دەقی باش خوێنەری نموونەیی بەرهەم دێنیت. دەق هەیە بە مەیلی خوێنەری ئاسایی نووسراوە و قووڵبوونەوەی تێدا نییە. دەقیش هەیە خوێنەری ئاستبەرز بەرهەم دێنێت. ئومبەرتۆ ئیکۆ لەم ڕووەوە دەڵێت: (دەق بە سیفەتێکی گشتی ئامێرێکی تەنبەڵە، خوێندنەوە بەگەڕی دەخات)
دیارە دەقی باشیش بەو نیازە نووسراوە، دید و بۆچوونی خوێنەر بگۆڕێت و بیکات بە خاوەنی دیدو بۆچوونی نوێی پێشکەوتووتر. خوێندنەوەش کارێکی شارستانییە، کار لە دید و زەینی مرۆڤ دەکات و دەیانگۆڕێت. هاوکات هەڵسوکەوتیشیان دەگۆڕێت. خوێندنەوە بۆی هەیە خراپ بمانجووڵێنێت و کاری ناشایستەمان پێ ئەنجام بدات. خوێندنەوە هەیە دەمانکات بە بوونەوەرێکی هێمن و مرۆڤدۆست. هەیشە لە خشتەمان دەبات و فریومان دەدات. خۆ خوێندنەوە بەتەنیا تێگەیشتن لە دەق نییە. خوێندنەوەی هەندێک کتێب، بۆی هەیە بمانکات بە مرۆڤی پەڕگر و بە ڕادەیەک، کاری هۆڤانەمان لەدەست بقەومێت.
وشەکان بۆیان هەیە لە لاپەڕەی کتێبەکانەوە دەرپەڕنە دەرەوە. پاڵمان پێوە بنێن بۆ کاری نابەجێ. واتە خوێندنەوە پرسی خوێندنەوە هەر بەوەوە ناوەستێ ئێمەی خوێنەر لە دەقەکە بگەین و بڕایەوە. بەڵکو کاریگەریی لەسەر خدە و هەڵسوکەوت و دونیابینیمان دادەنێن و بە جارێک دەمانگۆڕن.
وەکوتر، تۆ کاتێک ڕۆمانێک دەخوێنیتەوە، سوور دەزانیت کە کارەکتەرەکان لە وشەو خەیاڵی نووسەرەکەی چێ کراون؛ کەچی بڕواشت بە کردەوە و وتەکانی کردووە و کارەکتەر لەبەر چاوت مرۆڤێکە بوونی بەرجەستەی هەیە نەک، کارەکتەرێک بێ چنراوی خەیاڵ بێت.
لە لایەکی ترەوە، دەبینی کتێبی تاین هەمان کتێبە، کەچی لە لایەن شارەزایانەوە چەندان جۆر خوێندنەوەی جیاوازی بۆ کراوە. تەنانەت کتێبە پیرۆزەکانیش، کە بە حساب وتەی خواوەندن، کەچی چەندان شڕۆڤەی (تفسیر) جیاوازیان لەبارەوە نووسراوە. جێی گوتنە، لەگەڵ تێپەڕینی ڕۆژگاردا، خوێندنەوەش گۆڕانی بەسەردا دێت. خۆ ئێمە وەختێ باسی ڕەخنە و لێکۆڵینەوە دەکەین، مەبەستمان لەم جووتە زاراوەیە، خوێندنەوەی چڕ و قووڵی دەقەکانە.
کاری ئەدەبی، ئەگەر لە ڕێی بەردەوامی و بەهەندگرتنی لە لایەن جەماوەرەوە نەبێ، ناتوانێت بوونی خۆی بسەپێنێت. مێژووی ئەدەبیش بریتی نییە لە تەنیا مێژووی ڕۆنانی کارە ئەدەبی و هونەرییەکان، بەڵکو مێژووی ئەو خوێنەرانەیشە، کە بە درێژایی مێژوو بەشوێنداچوونیان هەبووە.
ڕاستت دەوێ تاکو ئێستا شتێکی ئەوتۆ لەمەڕ خوێندنەوە و ئەو کاریگەرییە گرینگەی، کە لەسەر هزر و هەڵسوکەوتی مرۆڤ هەیەتی نەنووسراوە، یان ڕاستتر وایە بڵێم، بەر چاوی من نەکەوتووە. وەلێ دەزانم لە داهاتوودا گەلێکی لەسەر
دەنووسرێت. هەڵبەت لەبەر گرنگی و کاریگەرییەکانی.
پەیوەندیی نێوان نووسەر و خوێنەر
پێوەندیی نێوان نووسەر و خوێنەر بەو ڕوونییە نیە تاکو ئێمە بە ئاسانی پەی پێ ببەین. دوانەی نووسەر و خوێنەر، ئەگەرچی تەواوکەری یەکیشن، کەچی ئەم دوانەیە بە زۆری یەکتری بە باشی ناناسن. نووسەر هەر خۆیەتی و مرۆڤێکی تەنیاباڵە، خوێنەریش بە هەزارانن. لە نزیکەوە ئاگاداری حاڵ و بۆچوون و وردەکارییەکانی کەسیەتی و ژیانی یەکتری نین. ڕەنگە نووسەر لەوە بێ ئاگابێت، کە خوێنەری وای هەبێت، هەر لەبەر ئەوەی دونیابینییان جیاوازە، ئیتر هەر دوای هەڵدانەوەی چەند پەڕەیەکی کتێبەکەی، لێی بغەزرێت و کتێبەکەی تووڕ بداتە تەنەکەی خۆڵەوە. خۆ ئێمە لای خۆمان لەو دۆخە خراپتریشمان دیوە. هەتا ئاستی هەڕەشەی سووتاندنی بەرهەمی نووسەر، ئاگادارین. مەبەستمە بڵێم: مەرج نییە هەمیشە نووسەر و خوێنەر هاوڕا و تەبابن.
بتەوێ و نەتەوێ، نووسەر لە کارەکەی خۆیدا کەسیەتییەکی زاڵ و بە هەژموونە. ئەگەر ئێمە ژانری ڕۆمان یان چیرۆک بە نموونە بگرین، با ئەوی نووسەر، دەیان فەند و فێڵی گێڕانەوەش بخاتە کار، هێشتا هەر خۆیەتی کە سەری هەموو داوەکانی لە مستە و تەواوی کارەکتەرەکان دەجووڵێنێت. ڕۆڵیان بەسەردا دابەش دەکات، تا ئەو ڕادەیەی ژیان و مەرگیشیان بە دەستی نووسەرە. لە کورتی بیبڕینەوە ئەو خالقە و تەواو ڕای لە خۆیەتی.
لە لایەکی ترەوە، نووسەر درەنگ لە ڕاو سەرنجی خوێنەران لەمەڕ بەرهەمەکانی ئاگادار دەبێت. نووسەر زیاتر لە بڵاڤۆکەکانی وڵاتدا، سەرنج و توێژینەوەی ڕەخنەگران دەبینێت، لە حاڵێکدا، نووسەر بۆ جەماوەری بەرینی خوێنەر دەنووسێت، نەک بۆ توێژیکی بە ژمارە کەم لە توێژەر و ڕەخنەگران.
نووسەر هەیە دەڵێت: (من بۆ سێبەرکەی خۆم دەنووسم) واتە خوێنەری هەبێت یان نەبێت ئەو هەر بە خەیاڵیشیدا نایەت و بێ خەمە. واتە ئەو گوێش بە سەرنجی ڕەخنەگران نادات. هەر بۆ نموونە، ڕۆماننوس ولیەم فۆکنەر، کە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵە، دەڵێت: (هونەرمەندی چاک بڕوای وایە هیچ کەسێک شایانی ئەوە نییە ئامۆژگاریی بکات.) هەر هەمان ڕۆماننووس لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت: (هونەرمەند ئەوەندە کاتی بەدەستەوە نییە گوێ لە ڕەخنەگران بگرێت. هونەرمەندی سەرکەوتوو و دەرکەوتوو بڕوای وایە کەس ئەوەندە چاک و بە توانا نییە، ئامۆژگاریی بکات. ئەو لە لوتکەی غرووردایە)
جاری وا هەیە، دوای چەندان ساڵ ئەوجا، نووسەر دیدی خوێنەران دەربارەی کتێبەکانی خۆی دەزانێت. جا چونکە ڕەخەنگرانیش وەک یەک بیرناکەنەوە، ئەوانیش بە یەک ئاست بەرهەمی نووسەر ناخوێننەوە. هەر یەکە بەپێی دید و پاشخانی ڕووناکبیریی خۆی لە دەق دەڕوانێت و هەڵیدەسەنگێنێت. ئەگەرچی زۆر کەمن ئەو خوێنەرانەی بتوانن ڕەخنەگرانە دەقە ئەدەبییەکان بخوێننەوە. ئەوان بە زۆری ئەگەر دەقەکەیان بەدڵ بێت، ڕەزامەندی و سەرسامی خۆیان دەردەبڕن. خۆ ئەگەر بەدڵیشیان نەبێت ئەوا بێزاری دەردەبڕن. ڕەنگە هەندێکیان لە نیوەی ڕێ، دەستبەرداری بەرهەمەکەی بن. لەگەڵ ئەو حاڵەشدا، ڕۆماننوس گابریل گارسیا مارکیز دەڵێت: (من وەک نووسەرێک، پێوەری خودی کتێب بە پێوەری خوێنەرەوە دەبەستم)
بەشێکی زۆر لەو سەرنج و ڕەخنانەی لەسەر کتێبەکان دەنووسرێن زەینخەڵەتێنن. واتە ڕای گشتی خوێنەران نین لە سەر کتێبی گۆرین. چونکە لای خۆمان، هەندێک جار، ئەگەر زۆربەی جاریش نەبێت، پاڵنەری سیاسی، ناسیاوی، گروپ گرووپێنە، یان دەستیاو، لەپشت ئەو وتارە ڕەخنەیییانەوەن، نەک شرۆڤەی زانستییانە و خوێندنەوەی بابەتییانە.
ڕاگەیاندن، دەزگەیەکی کاریگەری دەم بەهاوارە. بە زەبری کەناڵە هەمەڕەنگەکانی، بۆی هەیە هەر بە قاڵەی دەم، بەرهەمێکی ئاستنزم بباتە تاقی ئاسمان و ژمارەیەکی زۆریش لە خوێنەران بخاپێنێ. کتێبە باشەکانیش پشتگوێ بخات. لای خۆمان زیاتر ئەم دۆخەیان زاڵە. لەگەڵ ئەو حاڵەشدا، ڕەنگە باشترین کارێک، نووسەر بۆ خوێنەرانی خۆی بیکات ئەوە بێت، بە کاری نوێی بەپێزتر سەرسامیان بکات.