دیمانە: هێمن خەلیل – ههولێر
سیروان خەلیل حەداد ماستەرنامەكەی بە ناونیشانی (لێکدانەوەی واتا لە تێكەهەواڵدا) لە رۆژی (٣/٦/٢٠٢٣)تاوتوكێكرا، سەبارەت بە ماستەرنامەكەی دیدارێكمان لەگەڵیدا كرد .
سەرەتا لێمان پرسی واتا چییە؟ لەوەڵامدا گوتی :”وەڵامێکی ئاسان و کۆنکریتی نییە، واتا فەیلەسووف و لۆجیکناس و دەروونناس و زمانناسان…تاد بەخۆیەوە خەریک کردووە، چونکە خودی بابەتی (واتا) ئاڵۆز و فرە ڕەهەندە و لە زۆر گۆشەی جیاوازەوە سەیری دەکرێت، زانا و بیرمەندی زانستە جیاوازەکانیش بە پشت بەستن بەو ڕێباز و تیۆرانەی دایانناون لێکۆڵینەوە لە بارەی واتاوە دەکەن.
خودی زاراوەی (واتا) وشەیەکە، کە پێناسەکردنی کارێکی ئاسان نییە، بۆیە لەم بارەیەوە هەریەکە لە لێکۆڵەران (ئۆگدن و ریچاردس- Ogden and Richards) پەرتووکێکیان دانا بە ناوی (واتای واتا- The Meaning of Meaning) بۆ ڕوونکردنەوە و شیکردنەوەی کێشەکانی واتا و دانانی تیۆرێکی تایبەت بەم بابەتەوە. نەبوونی پێناسەیەکی تەواو و کۆنکریتی بۆ ئەم بابەتە دەگەڕیتەوە بۆ چەند هۆیەک، یەکێک لە هۆیە سەرەکییەکانیش بوونی چەند واتایەکی جیاوازی زاراوەی (واتا)ـیە. بۆ نموونە هەریەکە لە زاراوەکانی (Meaning، Content، Intension، Sense and Reference) بەرامبەر واتا بە کاردەهێندرێن. بەکارهێنانی زاراوەکان هەریەکەیان لە چوارچێوەی زانستێکی تر بە کاردێن بۆ نموونە (Meaning) لە زمانناسی/ سیمانتیک و هەریەکە لە (Sense and Reference) زیاتر لە فەلسەفەدا بەکاردێن.. تد.”
لە پرسیارێكی تر لە (مامۆستا سیروان) مان پرسی بە دیدی ئێوە تیۆرەکانی لێکدانەوەی واتا چین؟ لەوەڵامدا دەڵێ:”لە پێناسەکردنی واتاوە ئەوەمان بۆ ڕوون بووەوە، کە کێشەی پێناسەکردنی واتا دەستنیشانکردنی جۆرەکانی و تیۆرەکانی لێکدانەوەی یەکێکە لە بابەتە قورس و هەستیارەکانی زمانناسی بە گشتی و واتاسازیی بە تایبەتی. لەبەر ئەوەی فەیلەسووف و لۆجیکنناس و زمانناسان دید و تێڕوانینی جیاوازیان بۆ واتا هەبووە، بێگومان بەهۆی ئەو جیاوازییانەوە تیۆری لێکدانەوەی واتایی جیاوازیش سەری هەڵداوە، بە گشتی بەپێی ئەو سەرچاوانەی لەبەر دەستی هەن بە چەندین شێوە باس لە تیۆرەکانی لێکدانەوەی واتا کراوە، ئەگەر ئێمە بمانەوێت ئەم تیۆرانە بە شێوەیەکی مێژوویی و لۆژیکی ریزبەند بکەین، ئەوە دەبێت هەرچەند تیۆرێک لە ژێر ناوێکی لە خۆی گەورەتر کۆبکەینەوە، بۆ نموونە ئەو تیۆرانەی بە شێوەیەکی فەلسەفی باس لە واتا دەکەن، دەکرێت بە تیۆرە فەلسەفییەکان ناوی بنێین، بەم پێیەش بێت تیۆرەکانی لێکدانەوەی واتای دەبن بە سێ جۆر:
١- تیۆرە فەلسەفییەکان.
٢- تیۆرە لۆژیکییەکان.
٣- تیۆرە زمانناسییەکان.
لە وەڵامی تیۆرە فەلسەفییەکانی لێکدانەوەی واتا چین مامۆستا سیروان ڕای وایە :”لە سەردەمانی پێشوو فەیلەسووفەکان لێکۆڵینەوەیان لە هەموو زانستەکان دەکرد، بە واتایەکی تر هەموو زانستەکانی تر بە بەشێک لە فەلسەفە هەژمار دەکران، بێگومان زمانناسی و کێشە و ئاریشە زمانییەکان بە نموونە کێشە واتاییەکان بەشێک بوون لە لێکۆڵینەوە فەلسەفییەکان، لێرەشەوە پەیوەندی نێوان زانستی فەلسەفە و زمانناسی دەردەکەوێت. بۆیە زمانناسێکی وەک (چۆمسکی) بڕوای وایە، کە شێوازی کار و پەیوەندی نێوان فەیلەسووفان و زمانەوانان ئەوەندە لەیەکدەچن، کە بە بڕوای من سادەیە ئەگەر بە ڕەهایی باسی جیاوازی ئەم دووانە بکەین. هەوروەها پەیوەندی نێوان زمان و زانستە فەلسەفییەکان لە بابەتی پەیوەندی نێوان زمان بیر بە تەواوی دەردەکەوێت، ئەو پەیوەندییە زیاتر بۆ خستنە ڕووی کێشە واتاییەکانی وەک پەیوەندی نێوان ئاماژە و ئاماژەبۆکراو…تد. تیۆرە فەلسەفییەکانی لێکدانەوەی واتاش ئەمانەن (تیۆری ئاماژە، تیۆری هۆشەکیی).”
بەڕێزیان لە وەڵامی تیۆرە لۆژیكییەكانی لێکدانەوەی واتا رایان وایە :”تیۆرە لۆژیکییەکانی لێکدانەوەی واتا ئەو تیۆرانە دەگرێتەوە، کە لە ڕووی لۆژیکییەوە دەڕواننە واتا و کێشە واتاییەکانی وەک پەیوەندی نێوان ناو و ناولێندراو…تاد لەم ناوەندەشدا لۆژیکناسان (ڕاستی- True) دەکەن بە پێوەر بۆ لێکدانەوەی واتا، ئەمە سەرەڕای ئەوەی دەیانەوێت لە ڕێگەی وەرگێڕانی چەمکییەوە بگەن بە هاوواتایی و لە ڕێگەی ئەویشەوە بگەن بە لێکدانەوەیەکی دروستی واتا. تیۆرەکانی (مۆرتیس شلیک) و (مۆر- کواین) دەچنە خانەی ئەو تیۆرانەی لە ڕووی لۆژیکییەوە دەڕواننە بابەتی واتا.”
هەروەها سەبارەت بە تیۆرە فەلسەفییەکانی لێکدانەوەی واتا دەڵێ :”لە زمانناسیدا چەند تیۆرێک هەن، کە لە واتا دەکۆڵنەوە، بۆیە بە تیۆری واتایی یان تیۆرەکانی زمانناسی ناومان بردون، چونکە لەو تیۆرانەدا خودی زمان کراونەتە پێوەر بۆ لێکدانەوەی واتا، واتە پشت بە زمان و جیهانی ناوەوەی زمان دەبەسترێت بۆ باسکردن و لێکدانەوەی کێشە واتاییەکان. هەریەکە لە تیۆرەکانی (بەکارهێنان، بەرهەمهێنان، سیما واتاییەکان) ئەو تیۆرانەن لەڕووی زمانییەوە سەیری بابەتی واتا و کێشە واتاییەکان دەکەن.”