مامۆستا سۆران”جوانناسی ناکرێ بە شێوەیەکی جێگیر و نەگۆڕ هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت”

مامۆستا سۆران ئیسماعیل ماستەرنامەكەی بە ناونیشانی (جێبەجێكردنی پێودانگەكانی داهێنان لە وێنەكێشانی هونەرمەندانی هەرێمی كوردستانی عێرقدا ) یە، مامۆستایە لەبەشی شێوەكاری كۆلێژی هونەرەجوانەكانی زانكۆی سەلاحەدین، هەروەها قوتابی دكتۆرایە، تایبەت بە ماستەرنامەكەی دیدارێكمان لەگەڵیدا كرد .

پرسیارمان لە (مامۆستا سۆران) كرد بە دیدی ئێوە سروشتی داهێنان و چەمكەكانی چین ؟ لە وەڵامدا گوتی :”سروشتی داهێنان خۆی لەخۆیدا بە چەندین ئاڕاستە باسكراوە، شیكردنەوە و لێكۆلینەوە و توێژینەوەی زۆری لەسەر كراوە، بۆیە سروشتی بواری داهێنان لایەنی هەمەچەشنی لەخۆگرتووە، بۆیە داهێنان وەك لایەنە گشتیەكەی لای (محمد كمال) لە كتێبەكەی بە ناونیشانی ( بوون و داهێنان ) بریتییە لە (داهێنان فرە شێوازە و هەر شێوازەش بایەخی تایبەتی خۆی هەیە، چونکە پڕۆژەکانی بوون فرەن. بەڵام لەسەرووی هەموویانەوە و داهێنان بەواتا گشتی و فەلسەفیەکەی داهێنانی ناوەڕۆکە و دەبێت بە زەمینەیەکی ئۆنتۆلۆجی بۆ شێوازەکانی دیکە )، بەم پێیە داهێنان پرۆسەیەکی کەڵەکە بووە کە لە بۆشایی یان لە هیچەوە سەر هەڵنادات و تەنها پشت بە تواناکانی مرۆڤی داهێنەر نابەستێت، بەڵکوو بەرهەم و دەرئەنجامی کارلێکی کەسی داهێنەرە لەگەڵ ئەوانی دیکە لە کەشێکیدا کە یارمەتی پرۆسەی داهێنان دەدات. هەروەها ( کلیفۆرد) پێیوایە کە پێکهاتەکانی داهێنان لە سێ فاکتەردایە، کە بە “ڕەسەنایەتی، ڕەوان و نەرمی، نەک تەنها لە زانستدا، بەڵکو لە هونەریشدا” وەسفی دەکات. لە لایەکی تردا بە گوێرەی ڕای(جەزلین) “داهێنان پرۆسەیەکی گۆڕانکاری و گواستنەوەیە لە ڕێکخستنی ژیانی کەسی تاکدا ” . ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە مانای وشەی داهێنان زاراوەیەکی تا ڕادەیەک ئاڵۆزو ناڕوونە، بە تایبەت لە لێکۆڵینەوە دەروونییەکان. هەروەها بۆ خەڵکی گشتی لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا زیاتر ناڕوونە. ( ماکینۆن )یش دەڵێت، “داهێنان دیاردەیەکی فرەلایەنەیە زێتر لەوەی چەمکێکی تیۆری دیاریکراو، و پێناسەکراو بێت ”.
کەواتە دەکرێ داهێنان وەک پرۆسەیەک پێناسە بکرێت کە لەسەر بنەمای هێنانەدی بیرۆکەی نوێ، و یاخود گۆڕینی شێوە و فۆڕمە باوەکانی ناوەڕۆکە جێگیرەکان، بۆ هێنانەدی بوونێکی تازە بە شێوەو فۆڕمێکی نوێ و ناوەڕۆکێکی زیندوو و چاڵاک، بۆیە دەکرێ داهێنان دوو قۆناغی بنچینەیی لەخۆبگرێت کە بەبێ بوونی هەردووکیان کامڵ نابن ئەویش : بیرکردنەوە و بەرهەمهێنانە، هەر ئەوەندە بەس نییە مرۆڤ بەشێوەیەکی داهێنەرانە بیربکاتەوە، بەڵکوو دەبێت لەسەر بنەمای ئەو بیرۆکانە مامەڵە بکات، بەو پێیەی داهێنان پێویستی بە کۆمەڵێک کارامەیی هەبێت، کە بریتین لە مانە: توانای هەستکردن بە جیهان بە شێوازی نوێ. دۆزینەوەی نەخشە شاراوەکان. دامەزراندنی پەیوەندی لە نێوان دیاردە بەڕواڵەتە ناپەیوەندیدارەکان.

دۆزینەوەی چارەسەر.
هەروەها داهێنان وەک چەمکە هونەرییەکەی بریتییە لە توانای بیرکردنەوە لە پێناو بەرهەمهێنانی بەرهەمی نوێ و دەگمەن، هەروەها دەتوانرێت لە بواری هەر جۆرێک لە هونەردا جێبەجێ بکرێت، ئەو هونەرمەندەی تابلۆیەکی جوان دەکێشێت بەبێ هیچ پێشینە و ڕەسەن، لەوانەیە داهێنەر بێت لەگەڵ مەرج و یاسا گەلێک کە جیای دەکەنەوە لە بەرهەم یان دەربڕینە ئاساییەکانی تر.
ئەو چەمکانەی دەشێ وەک پێوەری داهێنان بەکار بهێنرێت بریتیین لە (چێژی جوانیناسی، و نائاسیایی و ناوازەیی، چڕکردنەوەی مانا، و توانای گۆرینی واقیع، و شیاو و گونجاو ).
لە لایەکییتر چەند چەمکێکی دیکەی نزیک و پەیوەست بە داهێنان لە کتێبی ( بنەماکانی داهێنان ) لەلایەن ( تاریق السویدان ) ئاماژە بە چەند نموونەیەکیان دەکەین :

خەیاڵ:بریتییە لە تەسەورکردن یان وەهم بۆ شتێک کە بوونی نییە ئەمەش یەکەم هەنگاوە بۆ داهێنان.
ئیبتیکار :واتا بەشیک لە داهێنان.
نوێبوونەوە :دووبارە بەکارهێنانەوەی شتێکی کۆن بە شێوەیەکی مۆدێرن.
دۆزینەوە :دۆزینەوەی شتێک کە لە سروشتدا دەدۆزرێتەوە و بەکارهێنانی وەک کارەبا
بیرۆکە :دەستەبەرکردنی بیرۆکەو بەکارهێنانی عەقڵ بۆی بە مەبەستی وردەکارییەکانی .
بەهرەمەند :کە زیرەکی لە 130 زیاترە لە پێوەرەکەی IQئاستی زیرەکی جیهانی
عەبقەری :کە زیرەکی لە 150 زیاترە لە پێوەرەکەی IQئای کیو
ئەو مامۆستایەی زانكۆ دەربارەی پێوەری جوانناسی ڕای وایە :”بێگومان جوانیناسیی بە شێوەیەکی گشتی و لە بواری هونەر بە تاییبەتی، وەك زانستێكی جوانی چەندین پێناسەی بۆ كراوە، لە لایەن فەیلەسوفەکان و ڕەخنەگران و نووسەران و هونەرمەندان مانای فڕە ڕەهەند هەڵدەگرێت. نووسەر ( نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد ) لە کتێبی ( زانستی جوانی ) بەم جۆرە وەسفی جوانیناسی دەکات ( له‌ ڕووی زاراوه‌ییه‌وه‌ بۆ یه‌كه‌م جار له‌ كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌، به‌ڵام خودی جوانی وه‌ك ماتریالێكی ڕووت، مێژوویه‌كی زۆر كۆنی هه‌یه‌ و ڕه‌گه‌كانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می گریكه‌كان، كه‌ جوانیان وه‌ك به‌خششێكی خودایی، له‌و نه‌خش و تابلۆیانه‌ ده‌بینییه‌وه‌ كه‌ له‌ كڵێساكان داده‌نران. واتا ئه‌و كات، جوانی پتر ڕوانگه‌یه‌كی ئاینی هه‌بووه‌ و وه‌ك به‌شێك له‌ فه‌لسه‌فه‌ و هونه‌ر و ئه‌ده‌بیات سه‌یری نه‌كراوه‌، دواتر، له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنه‌كان و هاتنی شۆڕشی پشه‌سازیی و جیاكردنه‌وه‌ی لقه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ له‌ یه‌كتری، زانستی جوانی وه‌ك زانستێكی سه‌ربه‌خۆ دروست بوو و دواتریش هاته‌ نێو پانتایی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌وه‌، هه‌ر له‌ ڕووی مۆد و هونه‌ر و ژیانه‌وه‌ بگره‌، تا ستایله‌ جیاوازه‌كانی دیكه‌ی ژیان له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌. بۆ هه‌ر سه‌رده‌م و قۆناغێكیش، مرۆڤه‌كان جۆره‌ تێڕوانینێكیان بۆ جوانی هه‌بووه‌ و پتر وه‌ك مۆدێكی كۆمه‌ڵایه‌تی بینراوه‌ ). بەر لە چڕبوونەوە بۆ دیاریکردنی پێوەری جوانناسی ئەوا (جۆن دیوۆی )یش دەڵێت :”هەموو ئەزموونەكانی ژیان لە ئەسڵە جوانییە”،لە لایەکی تر (كەمال میراودەلی)پێیوایە “جوانیناسیی لقێكە لە فەلسەفە گرنگی دەدات بە لێكۆڵینەوە و ڕونكردنەوەی چەمكی جوانی وەك ڕوخسارێكی جیاكەرەوەی كارەكانی هونەری”. بریاردان لەسەر جوانیناسی بەپێی مرۆڤ و سەلیقە دەگۆڕێت، و بەها جوانیناسیەکان هەروەک چۆن لە فۆرم یان وێنەدا لە ڕێگەی توخم و ئامرازەکانی ڕێکخستنەوە نوێنەرایەتی دەکرێن، لە جەوهەریشدا بەرجەستەی ناوەڕۆکی فیکری و هەموو توخمەکانیدا دەکریت، کەوایە دەچینەوە سەر بۆچوونەکەی ( هیگڵ ) کە دەڵێ (ئەو توخمانەی کە جوانی پێکدەهێنن بریتین لە دوو سیستەم : توخمێکی ناوەوە کە ناوەڕۆکەکەیە و توخمێکی دەرەکی کە یارمەتیدەرە بۆ پێدانی مانا بەم ناوەڕۆکە).
پێوەری جوانناسی ناکرێ بە شێوەیەکی جێگیر و نەگۆڕ هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، بەڵکو دەبێت بە گوێرەی ئەو تایبەتمەندییەی ژینگەییەکی لەبارو گونجاوی بۆ برەخسێنرێت، بەم پێیە وەدیهێنانی هەڵسەنگاندنی جوانیناسی پەیوەستە بە درککردنی ڕاستەوخۆی هەستەکان، وهەروەها بە تێڕامان و خەیاڵ و تێڕواننی زەیینەوە، کە پشت بە ئەزموونە مەعریفی و ژیان دەبەستێت بۆ گەیشتن بە هەستێکی ڕەزامەندن و لەزەتێکی ڕۆحی. بۆیە کاتێک نرخاندن و هەڵسەنگاندن بۆ جیاکردنەوەی نێوان شتە جوان و ناشیرینەکان دەكرێت، هەڵبەتە خەسڵەتێک هەیە، کەوا دەکات بەهای یەکێکیان لەوەی دیکە بە پێوانەیەکی جوانتر دەرکەوێت .
بێگومان پێوەری جوانناسی تەنیا لەگەڵ مرۆڤ و ڕۆشنبیرو و کولتور و شوێن و کاتدا ناگۆڕێت، بەڵکو لەگەڵ گۆڕانی چەمکی هونەر و فەلسەفەکەی و تێڕوانین بۆ ڕۆڵ و مەبەستەکانیش دەگۆڕێت. لێرەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە جوانناسی هونەری زۆر کەم لە شاکارێکی نموونەی وەردەگرێت، بەڵکو بەشێکی زۆر لە ڕۆحیەتی هونەرمەند بەدەستدێنێت، تا دەگاتە ئەو ئاستەی کە فۆرمێکی ڕۆحی بخاتە ناو بەرهەمە هونەرییەکانی و ڕەنگبداتەوە، هەروەها ( قاسم حوسێن سالح ) تایبەت بەم بابەتە وتوویەتی( بەم شێوەیە، بۆمان دەردەکەوێت کە پێوەرەکانی جوانیناسی لە هونەری شێوەکاریدا لە یەک چوارچێوە جێگیر نییە، جوانیناسی هونەرێکە دەگۆڕێت و دەگوازرێتەوە و بەپێی کات و شوێن گەشە دەکات، مێژووی بنەچەی خۆی پێکدەهێنێت، مەرج نییە بەو چوارچێوە دیاری بکرێت، بەڵکو بەرهەمی داهێنەری خودی هونەرمەندەکانە، هونەرمەندی سەرەتایی بە بەرهەمەکەی مرۆڤایەتی پێشکەش کردووە، بەبێ ئەوەی ئاگاداری ئەو ڕێسا و تیۆریانە بێت کە دواتر ڕەخنەگران و توێژەران ویستوویانە پێوەرەکانی جوانناسی لێ وەرگرن، ئەمەش بە مانای ئەوە نییە کەم سەیرکردنی گرنگی ئەو پێوەرانە بێت، هەروەها بە مانای کەمکردنەوە یان پشتگوێخستنی بە هیچ شێوەیەک نییە ). دەردەکەێت کە دیارترین پێوەرەکانی پێناسەکردنی جوانناسی بریتین لە: ١- چێژی جوانناسی،٢- پێداویستی ڕۆحی،٣- جوانناسی وەک تایبەتمەندییەکی دەرەکی،٤- بەستنەوەی تایبەتمەندییەکان بە بابەتەوە، ٥- جوانناسی و ناوەڕۆک.”

ھەواڵی زیاتر