ئەدەب و ڕۆژنامەوانی دوو کۆڵەکەی گرنگی پارستن و مانەوەی زمانی کوردین. زمانی کوردی بەبێ بوونی شیعر و ئەدەبیات نەیدەتوانی بگاتە ئێستا. لەپاڵ ئەوەشدا بەبێ زمانی ئەدەبیات هەرگیز زمانی ڕۆژنامەوانی گەشەی نەدەکرد. ئەمە ڕاستییەکە کە ئەگەر بۆ زمانانی دیکە ڕاست نەبێت، بەڵام بۆ مانەوە و بەردەوامی و زیندووهێشتنەوەی زمانی کوردی دروستە. ئەگەر لە کۆندا زمانی کوردی هەژار بووبێت، ئەوان لە ئێستادا زمانی کوردی هێندە دەوڵەمەند و گەشەسەندووە، کە دەتوانێت کاریگەریی لەسەر ئەدەب و هونەر دابنێت، واتە هاوکێشەکە پێچەوانە بووەتەوە. ئەگەر لە کۆندا ئەدەب و ڕۆژنامەوانی لە خزمەتی زماندا بوون ئێستا بە پێچەوانەوەیە.
زمان کۆڵەکەی ئەدەب و نووسین و کاری میدیاییە. بەبێ بوونی زمانێکی تۆکمە (مەبەست لە تۆکمە زانینێکی گشتی ئەو زمانەیە کە پێی دەنووسی) ناتوانرێت ئەدەبێکی داهێنەرانە و ڕاپۆرت و وتارێکی ڕۆژنامەوانیانەی سەنگین بەرهەم بهێنرێت. ئەلفوبێی هەر کارێکی نووسین زانینی زمانە. بەڵام ئەوەی زۆرجار تێبینی دەکرێت بوونی هەڵەی زەق و نەزانینی زمان و تێکدانی زمانە لەلایەن میدیاکار و نووسەران و زۆرجاریش ڕۆماننووسانەوە. هەر نووسەرێک زمانی خۆی (دایکی) بەباشی نەزانێت چۆن پڕکێشی ئەوە دەکات دەست بە نووسین بکات؟
ساڵانێک لەمەوبەر هاوڕێیەکی چیرۆکنووسم کۆمەڵەچیرۆکێکی نووسی بوو زمانی نووسینەکە گەلێک وێران بوو، هەم ڕووی وشەسازییەوە و هەم لە ڕووی خاڵبەندی و ڕێنووسەوە. بەر لە چاپ تێبینیم پێگوت ئەو یەکسەر گوتی ئەرکی من گەیاندنی بیرۆکەکانە و مەسەلەی زمانەوانی چیرۆکەکان پەیوەندی بە منەوە نییە دەبێت ئەو جێگەیە چاکی بکات کە بۆم چاپ دەکات؟ بێگومان وەڵامەکەی بەشێکی ڕاستە. بەڵام بەشی هەرە زۆری هەڵەیە بەو پێیەی ناکرێت تۆ ئاگاداری زمانێک نەبێت، کە دەبێتە کەرەستەیەک بۆ ڕۆنانی بیرکردنەوە و هزریینەکانت کەچی بڵێی ئاساییە شارەزای نەبم. بەبێ شارەزابوون لە زمان (ئەو زمانەی پێی دەنووسی و بیری تێدا دەکەیتەوە) مەحاڵە تێکستێکی داهێنەرانە بەرهەم بێت، چونکە زمانە تەنها وەسیلەی نووسین نییە، بەڵکو پانتاییەکە بۆ بیرکردنەوە و داهێنان و لەوێوە دەشێ ڕووبەری کەشفنەکراو لەنێو خودی زماندا وەکو جەستەیەکی زیندوو کەشف بکرێت.
یەکێک لەو کێشانەی زۆرجار نووسەران و رۆژنامەنووسان ناتوانن جیاکاری بکەن ئەوەیە کە ناتوانن جیاکاری بکەن لەنێوان زمانی نووسینی ڕۆژنامە و زمانی ئەدەبیدا، ئەمە بێجگە لەوەی زۆرجار ناتوانن لەنێوان ئەم دوو زمانەدا جیاکاری بکەن لە زمانی قسەکردنی رۆژانە. ڕاستە زمانی قسەکردنی ڕۆژانە لەگەڵ زمانی ڕۆژنامەوانیدا نزیکییەکی زۆری هەیە، بەڵام مانای ئەوە نییە کە بەتەواوی تێکەڵی یەکترین. زمانی نووسین لەنێو رۆژنامەدا (یان کەناڵە میدیاییەکان بە گشتی) زمانێکی پەختەتر و بەهێزتر و سەنگینترە لەو زمانەی خەڵکی ئاسایی قسەی پێ دەکەن. پێویستە هەموو میدیایەک ڕەچاوی ئەم خاڵە بکات. میدیا ئەرکی ئەوە نییە دوای زمانی خەڵکی بکەوێت، بەڵکو ئەوە خەڵکە پێویستە دوای زمانی میدیا بکەوێت.
21ی شوباتی هەموو ساڵێک ڕۆژی جیهانی زمانی دایکە، دەشێ ئەم یادەی ڕۆژی زمانی دایک بکەینە دەرفەتێک بۆ خزمەتکردنی زیاتری زمانی کوردی و تۆکمەترکردنی زمانی ڕۆژنامەوانی کە کاریگەریی هەبێت لەسەر زمانی سەرجەم خوێنەران.