ئارام كۆشكی – سلێمانی
“یاریی کۆتایی”، ناونیشانی نوێترین ڕۆمانی ڕۆماننووس هونەر کەریم-ـە. چیرۆکی رۆمانەکە گەڕانەوەیە بۆ دەرخستنی زوڵم و ستەمی دەسەڵاتی بەعس. بەدیوێکی دیکەدا پیشاندانی گەراکانی دیکتاتۆرییەتە لەنێو هەموو جومگەکانی وڵاتدا و لەو نێوانەشدا چۆن کورد دەبێتە قوربانی. چیرۆکی رۆمانەکە گەلێک کاریگەرە، کە گۆڵچییەکی کورد لە سەردەمی عودەی کوڕی سەدامدا چ زەجر و ئازارێک دەچێژێت. هونەر کەریم لەم دیمانەیەدا باس لە هونەری ڕۆماننووسین و چەند لایەنێکی ئەم ڕۆمانە نوێیەی دەکات.
*بیرۆکەی رۆمانەکانت لە کوێوە دێن؟ بەتایبەتیش بیرۆکەی رۆمانی “یاریی کۆتایی” لە کوێوە سەرچاوەی گرت؟
-گرنگترین شت لە ڕۆماندا بیرۆکەیە، چۆن بابەتێک هەڵبژێرین کە پێشتر ئاماژەی پێ نەدراوە و ئەگەر بیرۆکەکەش هات چۆن بە شێوەیەک بیگێڕینەوە کە باسکردنێکی سادە نەبێت بۆ ڕووداوەکان وەک خۆی. بیرۆکەی ڕۆمانی (یاریی کۆتایی) لەسەر مامەڵەی کوڕی سەرۆک کۆماری سەردەمی بەعسە لەگەڵ یاریزانەکانی تۆپی پێی عێراقدا هاتووە، ئەشکەنجەدانی جۆراوجۆر و شێوازی سەیر و سەمەرەی بەکارهێناوە، کە به خەیاڵی کەسدا نایەت بۆ ئەشکەنجەدانی یاریزانەکانی ئەگەر دۆڕان لە یارییەکاندا ئەشکەجەی دەدان، ئەمەش لەپێناو ئەوەدا بوو بۆ ئەوەی ترس و دڵەڕاوکێ لە ناخیان بچێنێ تا هەوڵ بدەن بۆ بەدەستهینانی جامی پاڵەوانیتیەکان.
*ئێوە لەو نووسەرانەن کە بە زمانی کوردی و عەرەبیش دەنووسن، نووسین بە دوو زمانی جیاواز چ نهێنییەکی لە پشتەوەیە؟ بۆ ئێوە کامیان ئاسانترە؟
-نووسین بەزمانێک غەیری زمانی خۆت بە شێوازێکی ئەدبییانە کارێکی ئاسان نییە. لەو سەردەمەی کە خولیایەكی زۆرم بۆ خوێندنەوەی ئەدەبی هەبوو، بەو پێیەی سەرچاوەی کوردیی لەوکاتە زۆر لەبەردەستدا نەبوو، بە بەراورد بە کتێبی عەرەبی و وەرگیرانی ئەدبیاتی جیهانی بۆ سەر زمانی عەرەبی زۆربوون و زمانی خۆیندنیشم هەر بە عەرەبی بوو، لەبەرئەوە ئاشناییەکی باشم پەیداکرد بۆ زمانی عەرەبی بۆیە دەستم بە نووسین کرد بۆ یەکەمجار بەعەرەبی. بەداخەوە ڕۆمانی کوردی تا ئێستا بەدەست وەرگێڕانەوە بۆ زمانەکانی دیکە دەناڵێنێت، تەنانەت دامەزراوەیەکیش نییە کە کار بۆ گەیاندنی ئەدەبی کوردی بە زمانەکانی دیکە بکات. بەڵام من ئەو ڕێگایەم کورت کردەوە و ڕاستەوخۆ بە عەرەبی دەنووسم و لە میسر لەنێو چوارسەد ڕۆمانووسی عەرەب خەڵات کرام.
لای من زمانی کوردی ئاسانترە بۆ دەربڕین، لە زمانی عەرەبی هەر وشەیەک چەندین وشەسازی و هاواتای هەیە، کە دەتوانرێت گوزارشت لە شێوازی دەربڕین بکات، بگرە وشەی زۆر هەیە، عەرەب خۆی بەدوای سەرەتایەکانی دەگەڕێت و لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەکانی دەکات.
*دانیاڵ بەهۆی کوردبوونەوە تووشی چەرمەسەری دەبێت، یان بەهۆی ئەوەی وەرزشەوانە؟ حەز دەکەم ئەمە لە زاری ئێوەوە بزانم، چونکە کوردبوون لە عێراقی بەعسدا هەمیشە بە جۆرێک بەر نەفرەت کەوتووە؟
-پاڵەوانی ڕۆمانەکە، دانیال، بەدەست هەردوو بابەتەوە دەناڵێنێت، یەکەم: کوردێک بوو خێزانەکەی بە دەستی دیکتاتۆر لەناوچوون و لە بیابانەکانی عیراق بێ سەروشوێن کران، دووەم: گۆڵپارێزی عیراق بوو، کوڕی دیکتاتۆر فشار و هەڕشەی لێ دەکرد ئەگەر گۆڵی لێ کرا چی بەسەر دێت؟ بەڵام گەورەترین ئازار کە لە تەواوی ڕۆمانەکەدا بەرجەستە ئەکرێ، ئەوەیە کە نەیتوانیوە ڕاستی ڕەچەڵەکی خوی بدرکێنێت و بڵێت من کوردم، لەترسی ئەوەی کە ئەوخێزانەی هەڵیانگرتوەتەوە و بەخێویان کرد بوو لەناودەبران، هەروەها دەکرا لە پاڵەوانییەتی عیراق دەربکرابایە ئەگەر بیانزانیبایە کوردە و لە خەونی بوون بە یاریزان بێ بەش دەبوو، یان بەشێوەیەکی تر بڵێن کورد بۆی نەبوو خەون ببینێت و بە ئامانجی خۆی بگات .
*رۆمانەکە پێماندەڵێت دیکتاتۆرییەت لە هەموو جێگەیەکە، کاتێک ڕۆمانەکەم دەخوێندەوە بیرم لە ڕۆمانی 1984 کردەوە کە چۆن فاشیزم لە هەموو جێگەیەکە، لە سەردەمی بەعسیشدا هەیمەنەی دیکتاتۆرییەک لە هەموو جێگەیەک بوو، تەنانەت لەنێو وەرزشیشدا؟ بۆ وەرزشتان بۆ پیشاندانی دیکتاتیۆرییەتی بەعس هەڵبژارد؟
-لە ڕۆمانە جیهانییەکاندا نووسەران بە شێوازێ جۆراوجۆر باس لەو بابەتە دەکەن و زۆری لەسەر نوسراوە، بەڵام ئەشکەنجەدان بەبۆنەی وەرزشەوە بابەتێکی نامۆیه، وەک لەسەرەتا ئاماژەم پێدا ڕۆماننووسیش بەدوای بابەتی باس نەکراودا دەگەڕێت و بە گرنگمزانی لەسەر پەیوەندی وەرزش و دیکتاتۆرییەت بنووسم.
*ئۆرهان پاموک لە وتارێکدا کە باس لە ئەزموونی ڕۆماننووسی خۆی دەکات باس لەوە دەکات کە سەبرێکی زۆری هەیە بۆیە بووەتە ڕۆماننووس، دەمەوێت بزانم هونەر کەریم تا چەند سەبری هەیە لەکاتی ڕۆماننووسیندا؟ نووسینی ڕۆمانێک لای ئێوە چەندی پێ دەچێت؟
-ڕۆمان تەنها نووسینەوەی ڕووداوەکان نییە، دەست بەنووسینی ڕووداوەکان بکەیت و بەدوایدا بڕۆیت تا بزانی لە کۆتاییدا بە کوێ دەگات، بەو شێوەیە ڕووداوەکان ئاڵوزدەبێت و ڕۆمانەکەیش گرێی تێ دەکەوێت. ڕۆمان لای من داڕشتنی رووداوەکان و بیروکەیە پێش دەستکردن بەنووسین. ئەم پیلاندانانە لای من لە نووسین زیاتر کات دەخایەنێت، دەست بە نووسینی ڕۆمان ناکەم، ئەگەر تەواوی ڕێگای خۆم نەبینم و پێویست بە درێژەدان بە ڕووداوەکان ناکات و دەبێت خوێنەر بگەیەنیتە لوتکەی چیاکە بێ ئەوەی ڕێگای پێچاوپێچی پێ نیشان بکەیت. تەنانەت ڕۆمانی ئەم سەردەمە بەتایبەت لەنێو ڕۆمانی عەرەبیدا ڕووداوەکە وەک چرکەیەک دێنێتە پێش چاو باسی دەکات و دەڕوات بۆ ڕووداویکی دیکە. پاشان نووسین و زمان دەست پێ دەکات و منیش لە ڕۆژێکدا لە لاپەڕەیەک زیاتر نانووسم، بەو پێیەی خێرایی لە نووسیندا ڕەنگە ببێتە هۆی لەدەستدانی زمان لە فۆڕمی ئەدەبیدا. زمانی گێڕانەوە وەک تابلۆیەک وایە کە دەبێت زۆر لێی ورد بیتەوە. بۆیە کاتێک دەنووسم بیر لە چاپکردنی ڕۆمان ناکەمەوە و تا ئێستاش ڕۆمانم هەیە کە ماوەیەکی زۆرە نووسیومە و جاری بیر لە چاپکردنی ناکەمەوە تا ئەو کاتەی ئەو ڕۆمانانەی بڵاوکراوەتەوە لەناو خوێنەر شوێنی خۆیان بگرنەوە.
*لەم پرسیارەوە پێشووە دەمەوێت بپرسم ئەرکی ڕۆماننووس چییە؟ ئایا تەنها نووسینەوەی چیرۆکەکانە و ئەرکەکەی لەوێدا کۆتایی دێت؟
-ڕۆماننووس هەڵگری کەیسێکی مرۆڤایەتییە، ئەو مێژووی ڕاستەقینە دەگێڕێتەوە کە براوەکان لێی بێدەنگ بوون، چۆن ڕژێمی بەعس ڕەفتار و کردەوە قێزەونەکانی خۆی لە سڕینەوەی کورد لە چاوی گشتی شاردەوە. ئێمە وەک ڕۆماننووسی کورد دەبێت
ئەو کردەوانە بنووسینەوە و ڕۆمانەکانیش لەکۆتاییدا و لە ئایندە دا وەک سەرچاوەیەکی مێژوویی هەڵدەگیرێت.
بەڕای من نووسینی ڕۆمان کارێکی پیشەییە، دەبێت ڕۆماننووس زانیاری و شارەزاییەکی باشی هەبێت لە چۆنییەتی نووسین پێش دەستپێکردن. لەبەر ئەوە ئەرکی نووسەر لە پێش نووسینەوەیە، کە بریتییە لە گەیاندنی کەیسەکەی بە خوێنەر و بەکارهێنانی ئامرازەکانی و ستایلی ڕۆماننووسین وەک خۆی بۆ داڕشتنی بیروکەکەی بە شێوەیەک، کە خوێنەر بۆ خوێندنەوەی ڕابکێشێت و بابەتەکە بگەیەنێتە ئاستی کۆمەڵگا، زمان و وەرگێڕان ڕۆڵی بنەڕەتی لەوەدا هەیە، هەربۆیە مەبەستی سەرەکیم لە نووسین بە زمانی عەرەبی ئەوەیە کاتێک باسی کۆمەڵکوژی داعش دەکەم لە (عین علی الگریق) و کردەوەکانی ڕژیمی بەعس لەسەر کورد لە ڕۆمانەکانی (أرچ علی قرنی پور) و (ینمو علی یدها التفاح) هەروها ( پەپوولەی كافكا). دواتر ئەرکی نووسەرە چۆن بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن لە دۆسیە مرۆییەکە جگە لە نووسین نەبێت.