سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

وەرگێڕی باش و نووسەری خراپ

ئارام كۆشكی – سلێمانی

کارکردن لە هەر کایەیەکی کولتووریدا پێویستی بە ئامانجی دیاریکراو هەیە. بەبێ بوونی ئامانجێکی دیاریکراو سەرکەوتن لەو کایەیەدا ئەستەمە. کایەی وەرگێڕان و نووسین دوو لە سەختترینی نێو کایەی کولتووریین، کە پێویستیان بەوەیە کە نووسەر/وەرگێڕ (ئەگەر بیانەوێت سەرکەوتوو بن) هەر لەسەرەتاوە ئامانجەکەیان دیاری بکەن. چۆن دەبێت هەر پرۆسەیەکی نووسین ئامانجی هەبێت. بەهەمان شێوەش پێویستە وەرگێڕانێکی هەر تێکستێک ئامانجی لە پشتەوە بێت. کاتێک نووسین و وەرگێڕان بەبێ ئامانج بێت، داهێنان و خزمەتکردنی کولتوورەکە گەشە ناکات. هەر بۆیە چۆن نووسین پرۆسەیەکی ئامانجدارانەیە، بەهەمان شێوەش وەرگێڕانیش پرۆسەیەکی ئامانجدارانەیە و وەرگێڕ چەشنی نووسەر بەرپرسیارە لە هەموو لایەنەکانی کارە وەرگێڕدراوەکانی.

سەبارەت بەم پرسە پێمخۆشە نموونەیەک بهێنەوە: هاوڕێیەکی وەرگێڕم هەیە زۆر سەرسامم بە کارەکانی، ئەو کتێب و نامیلکانەی وەریان دەگێڕێت وەکو جۆرێک لە وەڵامن بۆ ئەو پرسیارانەی لەو ڕۆژگارەدا باون و کەس نییە وەڵامێکی دروستیان بداتەوە، یان کتێبێکیان لەبارەیەوە بنووسێت. جارێک لە گفتوگۆیەکدا پێمگوت هەست دەکەم وەرگێڕان لای ئێوە بە بەرنامەیە و کردەیەکی سروشتی نییە و سەرنجم داوە هەموو کتێبەکانتان وەڵامە بۆ پرسێکی گرنگی سەردەم. وەرگێڕەکەی هاوڕێم وێڕای ئەوەی دروستی قسەکەی پشتڕاست کردمەوە. ئەوەشی گوت: ئەگەر وەرگێڕ بەرنامەی نەبێت بۆ کارەکانی چۆن دەست بە وەرگێڕان دەکات. ئەگەر هەست نەکات ئەو کارانەی وەریان دەگێڕێت کەلێنێک لەنێو کتێبخانەی کوردی پڕ ناکاتەوە و وەڵامدەرەوەی بارە فیکریی و سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکە نییە ئیدی وەرگێڕان چ وەزیفەیەکی هەیە. وەرگێڕان بەبێ ئامانج جگە لە زیادکردنی کتێب بۆ کتێبخانەکان هیچی دیکە نییە، بۆیە وەرگێڕ پێویستە ئامانجی هەبێت لە کاتی وەرگێڕاندا.
هاوڕێ وەرگێڕەکەم ئەوەشی گوت، کاتێک پرسێکی گەرم و گرنگ لە کۆمەڵگەکەمدا هەیە و بۆمن جێگەی سەرنجە و دەخوازم وەکو نووسەر لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەم، بەڵام هەست دەکەم لێکۆڵینەوەکە کاتێکی زۆری دەوێت و ڕەنگە سەرکەوتووش نەبێت، چونکە ئایندەکەی دیار نییە، بۆیە لەبری ئەوە کتێبێک لەسەر ئەو پرسە بە چەند مانگێکی کەم وەردەگێڕم و وەڵامم هەم بۆ خۆم لەسەر ئەو پرسە دەست کەوتووە و هەم بۆ ئەو کەسانەی خولیای وەڵامن لەو پرسەدا، کتێبێکیان لە بەردەست دەبێت.
ئەم قسەیەی هاوڕێ وەرگێڕەکەم قسەیەکی وەرگێڕی سووری ساڵح عیلمانی وەبیر هێنامەوە، کە لە چاوپێکەوتنێکدا سەبارەت بە نووسین لێی دەپرسن بۆ هەوڵی نووسینت نییە؟ ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: “حەزم نەکردووە نووسەرێکی خراپ بم، بەڵکو وەرگێڕێکی باش بم باشترە لەوەی نووسەرێکی خراپ بم، هەربۆیە وەختی خۆی ڕەشنووسی یەکەم ڕۆمانمم دڕاند و دەستم کرد بە وەرگێڕانی ڕۆمانە جوانەکانی دونیا.”
ساڵح عیلمانی؛ لەو وەرگێڕە پڕکارانەی نێو زمانی عەرەبییە کە بەشێکی گرنگی ئەدەبیاتی ئیسپانی بۆ زمانی عەرەبی وەرگێڕاوە و خوێنەرانی عەرەب لە ڕێی ئەمەوە بە بەشێک لە ئەدەبیاتی ئیسپانی ئاشنابوون. عەلمانی تا کۆتایی ژیانی هەر بە وەرگێڕی مایەوە، بەڵام هەرگیز پێگەی خۆی پێ کەم نەبوو. یەکێک لە کێشەکانی دونیای ڕۆشنبیریی کوردی ئەوەیە کە پێگەی وەرگێڕیان پێ کەمە و بۆیە بەشێکی زۆر لە وەرگێڕەکان دوای وەرگێڕانی چەند کتێبێک پێیانوایە دەبێت ئیدی بنووسن و قۆناغی وەرگێڕانیان تێپەڕاندووە. بەڵام نازانن وەرگێڕێکی باش بن گرنگترە لەوەی نووسەرێکی خراپ بن.