تۆ کە ئاوازێک بیت بۆ ژیان سەمفۆنیایەک بیت بۆنەمری چۆن لە بێدەنگیت ناترسین

لەسەر سپیەتی پەڕاوەکان لەنێو دیرۆکی پەرتوکەکان، لەنێوئەفسانەی نۆتەکاندا، دڵێکی گەورەو کەمانچەیەک تەژی لەئاوازی ڕەنگەکان دەبینین کە چۆن ئاوێتەی یەکتربوون و ئەستێرەی شادی خەونی منداڵەکان کۆدەکەنەوەو دەیسپێرن بە وردە باران.

کەواتە زەمەنێکی تر یەکێک دەڕوات و یەکێکی تر دێت ئالەم هەناسەی خاکەدا هەموان یادی پیاوێک و کەمانچەکەی دەکەنە ڕاگوزارێکی شیرین لەسەر تەڕی پەڕەی دڵیان.
ژانی ژەنین دەگەیشتە پەڕەی دڵی ماندوی پیاوێک چەشنی چیرۆکی ناڵەی جودایی دەفەکەی مەولانای ڕۆمی ئەم پیاوە هەربەو جۆرەی چۆن هەمیشە بەناو باخی گوڵعوزاری ژێیەکاندا ڕێدەکات ئاواش بەناو ئالەتەکاندا وەک گوڵە گەنم دەهات و دەردەکەوت بای نەسیم بەم لاو ئەولای هۆڵەکەدا جارناجاێ پەیدا دەبوو، هەموان گەرم دادەهاتن وایان دەزانی هەوای دەرەوەی ئەودیو پەنجەرەی هۆڵەکەیە سیمایان فێنک و هەناویان گەرم بەڵام هەموو ئەمانە هەوای ژەنینی گەرمی تەلی ئالەتێکی کەمانچە بو کەپیاوێک بەبەرچاوی ئامادەبوانەوە بەڕۆح دەیژەنی.
کۆنسیۆر ڤاتۆریۆم، ئەوخوێندنگە پڕاکتیکیەی هۆڵاند کە ئەم مۆزیک ژەنە تیایدا مۆزیک خۆشی دەویست سەرمایەی غەریبایەتی خەرمانێک لەچالاکی و کەرنەڤاڵی بێوێنەو کاسیەتێکی سرودی نیشتمانی و تیپێکی ئاوارەو خەمی گەورەی لە مۆزیک و قەوانێکی مێژوویی بەهاوبەشی لەگەڵ ئەدەبی بێگانەدا وەبەردەوامی لە دامەزراندنی قوتابخانەی مۆزیکی،نامۆ، لەهۆڵاندو فێرکردنی منداڵانی تاراوگەی کورد و ئۆرکێستی سیمڤۆنی هەوایی هۆڵەندا و،کانتانە دۆمینۆ، و داڤانتی، و ئارس ڤۆکالیس، و ئەلیزابێز فەن داون، لەناوحەرەمی ئاوازی گەردوندا ئەم پیاوەیان خستبوە بازنەیەکی نۆتەکانەوەو پێیان دەوت بیژەنە دواین ئاوازی نەمری بیژەنە مامۆستای لێهاتو ئێمە پەڕەی دڵتمان بینی کەچۆن لەگەڵ تیپە،نامۆ، کەتدا لەکۆڕاڵێکی دەگمەندا بەهاوشانی، مارتن فان ئۆس و، لیسا ئارند، سرودی خۆشەویستی خاکو نەمری پێشمەرگەت دەچڕی و باسی قارەمانیەکانیانت بەژەنین پێ دەناساندین هەرگیز ڕێگە نادەین بێدەنگ ببیت.
ئاخر هەمووان لەفێرگەی ناوجەرگەی دڵی ئاوازدانەرێکی لێهاتوو ئاوازی ژینمان سپاردوە بەنۆتەکانی ڕۆحی فریشتە ئاسای هەرمنداڵێکی ئاوارەی عەربەتو کەمپەکانو خەستەخانەی هیواو منداڵ پارێز لەحەرەمی خاک و لەمەنفاش گوێبیستی ساڕێژو ژیربونەوەی باران و ئەسرین دەبین کە پیاوێک بەژەنینی با، ژیان جوانتربکەین، لەهەناوی کەمانچەکەیەوە دەیکاتە دواوێستگەی هیواکانی مەردوم. مۆزیک ژەنێکی بەتواناو لێهاتو هەرگیز نابێ بێدەنگ بێت گەروابکات ئاسمان باران نابارێنێ قازو قوڵینگ ئامادەنابن بەقافڵە بەئاسماندا لەشەقەی باڵ بدەن و هاوڕێیەتی مەلەکانی دیکە بکەن تا بەخوێندنیان ئاوازێکی نامۆ بخوێنن .تنانت ناشزانن بەرەو چ ئاراستەیەکی ژیان لەشەقەی باڵ بدەن، منداڵەکان بەئاوازی ژانی پەڕەی دڵ شادی ناکەنە شوناسی کامڵ بونیان چونکە تۆ ئاوازێکی لەژیان دۆستی و سەمفۆنیایەکی نەمری لەئەبەدیەتی ژین کردن.
نامدار عومەر عبداالڕحمان، ناسراو بە نامدار قەرەداخی ئەندامی کۆمەڵەی هونەرو وێژەی کوردی بوە وە بەشێکی گرنگ بوە لەزۆربەی ئامادەکردنو چالاکیەکانی ئەوکۆمەڵیە دواجاریش دەبێتە سەرۆکی کۆمەڵەی هونەرو وێژەی کوردی و دەستەی دامەزرێنەرو سەرۆکی تیپی مۆزیکای مەولەوی بوە ساڵی 1977 دواتر تیپی مۆزیکای بێخودی دەمەزراندوە بۆ زیاتر لە 70 منداڵی چاوگەش.
لەناو ئەوهەمو سەروەریەی نامدار قەرەداغی دا چەندین کاری ناوازەو تۆماری دەنگ و گۆرانی بەرهەم هاتوەو لەئیزگەی بەغدا و کەرکوک بەشێوەیەکی سەرکەوتوانە نمایش کراون ساڵی 1979 بەئۆپەرێتی “ڕوبار” خەڵاتی یەکەمی بەدەست هێناوە لەچالاکی قوتابخانەکانی عێراق، وێڕای تۆمارکردنی چەندین سرودی نیشتمانی بەنهێنی و کارکردن بۆ هونەرمەند ناسڕی ڕەزازی و چەندین کاری تر لەگەڵ منداڵانی بێخود بۆ ڕادیۆی شۆڕش کە تا ئەمڕۆش گوێبیستی ئەوشاکارە جوانانەی مامۆستا نامدارین، نمونەیان، من پێشمەرگەی کوردستانم، ئەی شەهیدان، دایە ماڵ ئاوا، هتد…
ئەندامی نەقابەی هونەرمەندانی عێراق بووە کەئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری نیقابەی کرێکارانی سلێمانی بووە پاشان ساڵی 1982 دەچێتە تاراوگەو لە هۆڵەندا دەمێنێتەوە دوای چەند ڕۆژێک تیپی هونەری ئاوارە لەئەمستردامی پایتەخت لەهەنگاوی بەرەو ئاسۆبوونی لەنێو تیپی مۆزیکاو گۆڕانی وهەڵپەڕکێ بەشێوەیەکی کارامە دادەنێت وەچەندین چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن و لە ڕادیۆو تیڤیە بەناوبانگەکانی هۆڵەنداو ئەڵمانیا نمایش دەکرێن.
فێرگەیەک کە ئاوازی ڕەسەنی بەباڵی باڵندەکاندا زۆربەی شاروشارۆچکەکان پڕدەکاتو دەبێتە کۆنسێرتی هەقیقەتی ژیان، فێرگەیەک کەلە بۆنەی نیشتمانی و ڕاگەیاندنەکانو دەرەوەو ناوەوە دەنگێکی ڕەسن و هارمۆنیا دەبەخشێت و هەموان گوێبیستی دەبن هەڵبەتە ئەم سەروەریانە لەشکۆی باش ئاوازکردنی کاکە نامدارەوەیە کە ڕۆحی ئاوێتەیەک بوە لەجیهانی هونەری مۆزیک.
تکایە کەمانچەکەت لەنێو جانتا ڕەشەکەت دەرکەو نەفسی باڵندەو ڕۆحی مرۆڤایەتی ئاسودە بکە
تائەوەی فرمێسکەکان لەنێو پێڵوی چاوەکاندا وشک ببنەوەو نەڕژێنە سەرزەوی،، زەوی لەبێ ئاوازی و لەبێ دەنگیت شەق نەبات دەبا باخەکانی عەدەم و گوڵی نێو ئنجانەی لێواری پەنجەرەکان بێ شەونم نەبن و هەمیشە لە چرۆکردنو گەشانەوەیاندابن با بە ئاوازە ئەفسوناویەکانت،خۆر، بونی لەبەرگی تارای بەیاردا ببینێتەوە و یەک پارچە داری هیواکان باڵا پێبکات. ئێمە لەچاوڕوانی گەڕانەوەتدا بوین چەشنی وردەبارانی ناوڕەنگی پەلکە زێڕینە بەجوانی گەڕایتەوە ناوئاوەزمان
دەتوخوا نامدارگیان کەمانچەکەت بێنەو لەم ئەفسانەی بونەتا بەئاوازە سەرنج ڕاکێشەکانت چەشنی خۆت ئەفسوناویمان کە
ئێمەش بەڵێنت پێ دەین هەرگیز نەگرین چونکە تۆیەکمان هەیە وەک منداڵێکی ساوا خۆیی و کەمانەکەی دەگرین و وەک باوکێکی جەرگ سوتاو چاوەکانی هەمیشە پڕ لەخەمو ئاوازەکانیشت وەک دایکێکی بەحەسرەت لەخەمگینیدا کۆڵێک شادی وخەنی بونیان بەدیاری داوە بە گوێگرانی تا هەموان دڵخۆش بن نەکەیت هەرگیز بێدەنگ بیت ئاخر لە هەمو زەمەنەکاندا هەزاران دێت و هەزارانی تر دەڕوات بەڵام هەرگیز تۆ ناڕۆیت چونکە خۆت وئاوازی کەمانچەکەت بۆهەموو زەمەنکان وا لەناو دڵماندایە.