قــادر توانــا 1987- ئێران
ئاسمان گریا و ئەستێرەکان
ڕقی خۆیان دەخواردەوە
هاژە هاژی شەپۆلەکان
دەنگ و ئاوازی بارزانی
لەهەندرێنی قارەمانی
بۆ داستانێک لاواندەوە
چرکە و زریکەی زامەکان
تەزووی لێوار ئەشکەوتەکان
یان کوردستان یان نەمانی
بۆ پێشمەرگە و شەهیدانی
نەخشاندەوە
ئەمڕۆ شارم شڵەژاوە
ڕق و تۆڵەی خۆزگەکانم
لەئامێزی هۆنراوەکان
دەستە و ئەژنۆ گۆش داماوە
هەر سەر شاخێک و بن بەردێ
هەر گردێک و دۆڵ و هەردێ
خوێنی کوردی پیا ڕژاوە
هەر ماڵێکە و ڕۆڵەیەکی
لەزیندانا بەند کراوە
هەر ماڵێکە و شەهیدێکی
بۆ کورد داوە
خەبەرێکە و
پیاو ناتوانێ دەری بڕێ
خەبەرێکە و
پیاو ناتوانێ خۆی ڕاگرێ
کارەساتێکی لەپڕە
تاسەیەکی جەرگ بڕە
مەشخەڵێکی پڕشنگدارمان
کوژایەوە
شۆڕشگێڕێکی ناودارمان
لەنێو مەرگا توایەوە
ئەوە دیسان قوڕپێوانە
شین و شەپۆڕ و گریانە
باوکە ڕۆیە
برا ڕۆیە
بۆ ڕۆڵەی کورد و پێشڕەوی
بۆ تێکۆشان و نەسرەوی
ئیدریس هەی ڕۆڵەی بارزانی
تۆ هەمیشە لەدڵمانی
تۆ پەروەردەی شیعرەکانی
حاجی و پیرەمێرد و خانی
هەی تێکۆشەر
ڕۆڵەی سیاسەت و نێو سەنگەر
بڕۆ مژدەی سەرکەوتنمان
مژدەی ئاشتی و یەکگرتنمان
مژدەی هەڵوێستی پێشمەرگە
کە تائێستا هەر لەجەنگە
مژدەی هەڵمەت و قوربانی
بگەیەنە بە بارزانی