نووسەران و شارچێتی

ئارام كۆشكی – سلێمانی

زۆرێک لەو دیاردانەی دونیانی ڕۆشنبیریی کوردی سەدەیک زیاترە لەنێو دۆخی هیچ ڕۆژنبیرییەکی دیکەدا نەماون. بۆیە دۆخی نووسەران و ڕۆشنبیرانی کورد دۆخێکی گەلێک تایبەت و ئاوارتەیە. بۆیە تیشکخستنە سەر کێشەکانی سەرجەم پانتاییەکە دەبێت لە باس و بابەتی گەلێک سەرەتاییەوە دەست پێ بکەین. چەشنی بابەتی ڕەخنە قەبووڵکردن، کە یەکێکە لە سەرەتاییترن ئەو بابەتانەی کە ڕۆشنبیرییەک گیرۆدەی بێت. بێگومان ڕەخنە قەبوڵکردن بەمانای بێدەنگی نووسەران نییە، بەڵکو بەمانای ئەوەی زەمینە ڕەخنە و ڕەخنەسازی بڕەخسێنرێت و هەر ڕەخنەگرێک گوتارێکی ڕەخنەیی نووسی بە شێوەی جۆراوجۆر تۆمەتبار نەکرێت و هەوڵە ڕەخنەییەکەی بنرخێنرێت. بێگومان سەبارەت بە دیاردەکانی دیکەش بە هەمان شێوە. لێرەدا دەمەوێت باس لە دیاردەیەکی ترسناکی نێو دونیای ڕۆشنبیریی کوردی بکەم کە “شارچێتی”یە.

یەکێک لە دیاردە کوشندەکانی نێو هەر کۆمەڵگەیەک “شارچێتی”یە. بەشێک لە کۆمەڵگەکان گیرۆدەی دەستی شارچێتین و ئەمەش هۆکاری کولتووریی و سیاسی و ئایینی هەیە. ئەم دیاردەیە پەڕیوەتەوە بۆ نێو شارەکانی هەرێمی کوردستان و زۆرجار و لە زۆر بۆنەی جۆراوجۆردا فەزڵی شارێک دەدرێت بەسەر شارێکی دیکەدا. ئەگەر ئەم حاڵەتە لەلایەن دەسەڵاتی سیاسی و حکومییەوە بێت دەشێ هۆکاری سیاسی و ئابووریی و کولتووریی هەبێت، بەڵام ئەوەی جێگەی تێبینی منە ئەوەیە زۆرجار کەسانی نووسەر و ڕۆشنبیر ئەم بابەتە بەرەو تۆخبوونەوە دەبەن و ناتوانن بەدووربن لە هەستی شارچێتی و زۆرجاریش ئەمە لەو غوبنەوە سەرچاوەی گرتووە، کە پێیانوایە شارەکەیان پەراوێزخراوە. بەڵام با بپرسین شارچێتی نووسەران و هونەرمەندان بەرەو کوێ دەبات؟
سەرەکیترین هۆکاری بچووکبوونەوەی نووسەران و هونەرمەندان هەستی شارچێتییە. هەر هونەرمەند و نووسەرێک خۆی و داهێنانەکانی بە موڵکی شارێک زانی ئەوە خۆی و داهێنانەکانی بەرەو لۆکاڵیبوون و بچووکبوونەوە بردووە. هونەرمەندان و نووسەرانی ڕاستەقینە بوونەوەری گەردوونگەران و داهێنانەکانیان بۆ سەرجەم مرۆڤایەتییە، نەک تەنها بۆ خزمەتی شارێک، یان وڵاتێک. نووسەر و هونەرمەندە مەزنەکان ئەوانە کە خەمە لۆکاڵییەکانیان لە لۆکاڵبوون ڕزگارکردووە و لەڕێی داهێنانی هونەریی و ئەدەبییەوە بەرەو گەردوونگەراییان بردووە. نووسەران ئەو ئەرکەیان لەسەرشانە ئەو سنوورانەی سیاسییەکان دروستی دەکەن ئەوان بیسڕنەوە. نووسەرانی ڕاستەقینە ئەرکیان سڕینەوەی ئەو سنووریانەیە نەک تۆخکردنەوەیان.
ئەگەر کەمێک پێداگرانەتر قسە بکەین عەقڵە گەورەکان ئەوانەن کە گەردوونیانە بیر دەکەنەوە و داهێنانەکانیان بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی (بەبێ جیاوازی) پێشکەش دەکەن. بەڵام ئەوەی عەقڵی بچووک بێت شارچێتی لە بەرهەمەکانیدا ڕەنگدەداتەوە و فەزڵی شار و وڵاتێک بەسەر ئەوی دیکەدا دەدات. نەک نووسەران بەڵکو خوێنەرانیش و ئەوانەی یەک کتێبی، یان ڕۆمانێکیان خوێندبێتەوە باسی شارچێتی ناکەن و هەستی شارچێتی تێدا دەمرێت. لێرەدا مەبەستم لەوەیە ئەدەب ئەو هێزەت دەداتێ کە هەموو سەر زەوی بە ماڵی خۆت و هەموو شارێک، بە شاری خۆت بزانی. ئەدەب باڵت دەداتێ تەواوی گەردوون تەی بکەیت. نەک خۆت لە سووچی شارێکدا قەتیس بکەیت. بە پێداگرانەوە دەیڵێمەوە ئەوەی عەقڵی گەورە بێت، شارچێتی ناکات، چونکە ئەرکی نووسەرانی ڕاستەقینە و داهێنەرانە سنوورەکان بسڕنەوە.

ھەواڵی زیاتر