قاوە

مەولود ئیبراهیم حەسەن

قاوە بە ( تاڵیی)ەوە جوانە
بە ( ڕەشیی)ەوە خۆشە
لە سووتانا پێدەگاو
ڕێ بە ماڵێ (شیرینیی) نابات
**
قاوە
بەو هەموو تاڵییەوە
دەرەقەتی شیرینی ژیان نایێ
ژین بەم هەموو شیرینیەوە
تام لە تاڵی قاوە ناکات
**
ژیان
وەکو قاوە
لەسەر ئاگر
تاڵ دەبێت
بەسووتان
ڕەش دادەگەڕێ
**
ژیان
چاوهەڵخەڵەتێنە
بەو بریق و باقی ڕەنگەوە
بەشیرینی تامەوە
خۆی دەنوێنی
**
ئاگر
قاوە پاکدەکاتەوە
لە شیرینی درۆ
مرۆڤ
ژیان پڕ دەکات
لە درۆی شیرینی
**
ئاگر
قاوە بە هەڵمە خۆشەکەی
دەخاتە هاواری
پێگەیشتنی تاڵی
**
قاوە
بەم هەموو تاڵییەوە
کۆمان دەکاتەوە
ژیان
بەم هەموو شیرینیەوە
لێکمان دادەبڕێ
**
های مرۆڤ
کێ ژیان دەفرۆشێ
کێ قاوە دەکڕێ

١١/١٢/٢٠٢٣ – هەولێر

ھەواڵی زیاتر