عوسمان محەمەد هەورامی، هەڵکەوتوویەک لە ناو ئەدەبیاتی کوردیدا

كتێبی “عوسمان محه‌مه‌د هه‌ورامی، هه‌ڵكه‌وتوویه‌ك له‌ ناو ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا ” هه‌ڤپه‌یڤینێكی به‌رفراوانه‌ له‌گه‌ڵ ڕه‌وانشاد م. عوسمان هه‌ورامی (1940 ـ 2020) و، باسێكی تێروته‌سه‌لی هه‌موو كتێبه‌ چاپكراوه‌كانی ئه‌م مامۆستا ماندوویی نه‌ناسه‌یه‌ و، لەلایەن نووسه‌ری دیاری كوردستان “ئازاد عه‌بدلواحید” بڵاوكرایەوە.

ئەم کتێبە کە (236) لاپەڕەیە، هەڤپەیڤینێکی بەرفراوانە لەگەڵ ڕەوانشاد م. عوسمان هەورامی (1940 ـ 2020)، باسێکی تێروتەسەلی هەموو کتێبە چاپکراوەکانی ئەم مامۆستا ماندوویی نەناسەیە کە خاوەنی (25) کتێبە، بە (20) کتێبدا چووەتەوە، (٥) کتێبی داڕشتووەتەوە، هاوکاری (٦) کتێبی نووسەرانی کردووە، لە ناو کتێبەکانیدا (17) دانە کتێبیان هۆنراوەی پەروەردەیین .
م. عوسمان هەورامی زیاتر لە نیو سەدە وەک شاعیر و نووسەر و پەروەردەکار خزمەتی بواری ڕۆشنبیریی و ئەدەبیی و پەروەدەیی کردووە، یەکێک بووە لە پێشەنگەکانی ئەدەبی منداڵان و و ڕەوانبێژی زمان و نووسینی کوردی، بۆ نوێکردنەوەی شیعری تازەی هەورامیش پێشەنگ بووە .
ئەم نووسەرە بە سەلیقەیە، هۆزانڤانێکی دڵسۆزی ئەدەبیات و هۆنراوەی منداڵان بوو، خەمخۆر و پەرۆشێکی کەم وێنەی زمان و کولتووری کوردی، نووسەرێکی ورد، لێکدەرەوەی دیوانی شاعیران و ئەدەبیاتی کلاسیک، زمانزانێکی شارەزای هەردوو شێوەزاری هەورامی و کرمانجی ناوەڕاست.

“عوسمان محەمەد هەورامی” ناوێكی دیاری ناودنیای نووسینی كوردییە، هەر چەندە ئەو نووسەرە لەساڵی 1958 – 1959 ـەوە خەریكی نووسین بووە، بەڵام یەكەمین نووسینی خۆی لەمانگی تشرینی دووەمی ساڵی 1962 بەشێوەی پەخشان لە بارەی كۆچی دوایی گۆران نووسیوە و لە هەفتەنامەی “ژین”دا بڵاوی كردووەتەوە. ماوەی 46 ساڵی ڕبەق خەریكی خزمەتكردنی بواری پەروەردە و فێركردن بووە، زۆرترین كاتی خۆی بە جیهانە پاك و وەنەوشەییە بێگەردەكەی منداڵان بەخشیوەو بەشێكی زۆری كاروچالاكی و بەرهەمە چاپكراوەكانی بۆ ئەوان تەرخان كردووە.

“عوسمان محەمەد هەورامی” لەهەر جێیەك پێویستی كردبێ و بەخزمەتی زانیبێ پەنجەی بزواندووە، لەوانە بەشداربوونی لە دەركردنی فەرهەنگێكی كوردی – كوردی كە بەناوی “فەرهەنگی تەقی” بەبەشداری جەلال تەقی و دوو كەسی دی دەرچووە، هەروەها دانانی كتێبێك لەبارەی مافی مرۆڤەوە كە بۆ پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی لەگەڵ ایژنەیەك دایانناوە.
سەرەڕای ئەوە، ئەم نووسەرە كاتێكی زۆری خۆی لە هاوكاری كردنی نووسەران و قوتابیانی خوێندنی باڵا و داوودەزگا كولتورییەكان و ڕاگەیاندنەكان بە خەرج داوە، لەوانەی 12 كتێبی نووسەراندا چووەتەوە و 5 كتێبی داڕشتووەتەوە و لە دەركردنی 6 كتێبی تریشدا هاوكار بووە، كە لەناو ئەوانەدا هاوكاری كردنی دوكتۆرایەك و دوو ماستەری هەن و ئەوەی لەكارەكانیاندا پێوەندی بە شێوەزاری هەورامییەوە هەبووە بۆیانی كردووە.
عوسمان محەمەد هەورامی نووسەرێكی زمان پاراوە، چەندی پێی كرابێ خزمەتی زمانی كوردی كردووە، چونكە خۆی بە خەمخۆر و پەرۆشی پێشخستن و پەەپێدانی زمانی كوردی زانیوە.