دكتۆر عەبدولستار پیرداود: سیمیۆلۆژیا لە رۆمانی کوردیدا، رۆمانەکانی (جەبار جەمال غەریب) بە نموونە

دیمانە: هێمن خەلیل – هەولێر

(د.عەبدولستار پیرداود ) ناسراوە بە (ستاری پیرداود)، ماستەرەکەی بە ناونیشانی (هەڵوەشاتدنەوەگەرایی لە ئەدەبی کوردیدا- لە تیۆرەوە بۆ پراکتیزەکردن)(لێکۆلینەوەیەکی رەخنەیی)یە،

تێزی دکتۆراکەشی بە ناونیشانی (سیمیۆلۆژیا لە رۆمانی کوردیدا، رۆمانەکانی (جەبار جەمال غەریب) بەنموونە، هەردوو نامەکە بە سەرپەرشتی (پ.د. سەردار ئەحمەد حەسەن گەردی) تایبەت بە تێزی دكتۆراكەی دیدارێكمان لەگەڵیدا كرد.
سەرەتا دەربارەی سیمیۆلۆژیا وەكو یەکێک لە بزاڤ و میتۆدە رەخنەییە نوێیەکانی قۆناغی پاش بونیاتگەری د.عه بدولستار ده لی:” سیمیۆلۆژیا وەكو یەکێک لە بزاڤ و میتۆدە رەخنەییە نوێیەکانی قۆناغی پاش بونیاتگەری و خاوەن باکگراوەندێکی مێژوویی، هەر لە زووەوە دەست و پەنجەی لەگەڵ کاری پزیشکی و لۆژیکناسی و هەموو ئەو ئایکۆن و ئیندێکس و سیمبوڵانەی، کە لە بووندا هەن و خۆیان هەڵدەگرنەوە نەرمکردووە و، خۆی ناساندووە، دواتر وردە وردە توانیویەتی خۆی لە کاری پزیشکی و لۆژیکناسی جیابکاتەوە و وەک زانستێکی سەربەخۆ خۆی دەربخا و رابگەیەنێت، دواتر تایبەتمەندێتی خۆی وەرگرت لەبواری زمانەوانی و تەواوی بوارەکانی تر، توانی لە ئاستی سەرخان و ژێرخانی تێکست کار بکات، ئەم لێكۆڵینەوەیەش بە پێی میتۆدی سیمیۆلۆژی، هەوڵێكە بۆ دەرخستن و ناساندنی میتۆد و پرەنسیپەکانی ستراتیژیەتی سیمیۆلۆژیا وەک بزاڤێکی نوێی پاش بونیاتگەری. سیمیۆلۆژیا لە رۆمانی کوردیدا، رۆمانەکانی (جەبار جەمال غەریب) بە نموونە)، هۆی هەڵبژادنیشی لەلایەك دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی تاكو ئێستا لێكۆڵینەوەیەكی گشتگیر لەم قۆناغە و بەپێی ئەم میتۆدە لە رۆمانی کوردی لەم قۆناغە نەكراوە، لەلایەكی تر بۆ بۆ ئەو گۆڕانكارییانە دەگەڕێتەوە؛ كە لە ڕەوتی نوێبوونەوە و نوێخوازی لە رۆمانی كوردی ئەم قۆناغە دەركەوتوون، کارمان بەم میتۆدە پڕ بایەخە کردووە، چونکە؛؛ لەلایەک ئەم میتۆدە بە یەکێک لە میتۆدە گرنگەکانی نێو قۆناغی پاش بونیاتگەری دادەنرێت لە دەست و پەنجە نەرمکردنی لەتەک کۆنتێکستەکانی نێو دەق و هەڵدانەوەی ماسکەکان و بەشوێن گەڕانی ئایکۆن و هێما و مانا نەگیراو و دواخراوەکانی نێو تێکستە ئەدەبیەکان و رۆمان بە گشتی و کۆنتێکستەکانی نێو رۆمانەکانی (جەبار جەمال غەریب) بە تایبەتی، بەو پێیەی کۆنتێکستە زمانییەکان لە ناوەوە و دەرەوەدا هەڵگری دەیان کۆد و هێما و ئیندێکسن، لەلایەکیتر کارکردن بەم میتۆدە لە رۆمان و رۆمانی نوێی کوردی کەمە، خودی رۆمانەکانی نووسەر هەر نەکراوە، کۆنتێکستەکانی نێو رۆمانەکانی نووسەر تەژین لە ئایکۆن و هێما و ئاماژەی سیمیۆتیکی و بوونەتە سەنتەر و شێواز و ئەزموونی نووسەریان دەوڵەمەند کردووە، بۆیە ناوەرۆکی لێکۆڵینەوەکە پێگیرە بە بنەماکانی ئەم میتۆدە لەلایەک و بونیاتی زمانی تێکستەکانی نووسەر لەلایەکی تر.”
دەربارەی ستراکچەری ناوونیشان وەک ئایکۆنێکی چرکراوی زمانی، د.عەبدولستار دەلی:” ئەگەر یەکێک لە ئەرک و وەزیفەکانی ناونیشان بریتی بێت لە پێشباس و دەسپێک و دەروازەی تێکست و، ئاراستە پێدان بێت لە زۆنێکی تاریکی رووە و زۆنێکی پڕ لە رۆشنایی، دواجار ئەم ئەرکە رووە و جۆرێکی تر لە هەڵگرتنەوەی مانای ئەودیو کۆدە زمانییەکان و خوێندنەوە سیمیۆ- هەڵوەشاندنەوەگەرایی و هێرمنیۆتیکییەکانمان ئاڕاستە دەکات، بۆیە لەم ئاکتەوە بمانەوێت ناونیشانی رۆمانەکانی (جەبار جەمال غەریب) بخەینە نێو تان و پۆی خوێندنەوەیەکی سیمیۆلۆژییانە، بەپێی ئەو پرەنسیپ و ڕایەڵانەی، کە لە هەناوی مێتۆدی سیمیۆلۆژیا بوونیان هەیە و جێگیرن، خوێندنەوە بۆ پێکهاتەی ستراکچەری نیشانەکانی ناونیشان لە رۆمانەکانیدا بکەین و بە ئاراستەی بزاوت و چالاکییە سیمیۆزەییەکان هەنگاوەکانمان هەڵبگرینەوە، بۆیە لەبەر نەبوونی سنوورێکی فراوان تەنها یەکێک لە ناونیشانە رۆمانەکانی وەک یەکەیەکی زمانەوانی سەربەخۆ دەخەینە نێو تان و پۆی خوێندنەوەیەکی تەواوکۆیی سیمیۆلۆژیانە.
(چناری شیر) وەک نموونە:
ناوونیشانی ئەم رۆمانە لە رووی ستراکچەر و ئاستی بونیاتی مۆرفۆلۆژی و سینتاکسی و پێوەری پارچە پارچەکردنی واژە و بڕگەیی، هەڵبژاردن و کردنە ناونیشانی وشەیەکی لێکدراو یا فرێزێک یا رستەیەک لە چەشنی ئەم ناونیشانە لە رووی ستراکچەر و پێکهاتەوە زیاتر ئیحا و شیعرییەتبوون بە ناونیشانەکە دەبەخشێت تا هەڵبژاردن و دانانی ناونیشانێکی سادە و تاک، بە دەربڕین و خویندنەوەی تاک وشەیی (چنار) بەتەنیا و (شیر) بەتەنیا سەیردەکەین، دەربڕین و ناوهێنانێکی سادەیە، بەڵام بە پێکەوەبوون و لەشێوەی فرێزێکدا هەریەک لە (چنار) و (شیر) وەک ناوی سادە هەریەکەیان لە جوغزی خۆیان دەردەچن و خۆیان لەنێو ئەتمۆسفێرێکی فەنتازی و شیعرییەتبوون هەڵدەگرنەوە، هەریەکە لە وشە سادەکان لە شکلبەندێکی بەرجەستەیی ناچالاک و نا زیندوو دەردەچێ و دەپەڕێتەوە نێو ئەتمۆسفێرێکی چالاک و زیندوو و جوڵاوی ئازاد، کە ئەو کات پۆڵێک وەزیفەی ئێستاتیکی و هونەری لەخۆیدا هەڵدەگرێ و وەک ئەدایەکی بنچینەیی لە جوانکردن و نەخشاندنی سەرتاپای ستراکچەری ئێستاتیکی تێکستەکە دەردەکەوێ.
کاتێک لە سەر ئاستی بونیاتی دەلالی چڕ و تێکچڕژاو کاتێک لەم ناونیشانەدا قووڵدەبینەوە، ئەم ناوونیشانە جۆرە ناوونیشانێکی شیعریی و لادانی واتایی سازاندووە، چونکە؛ (چنار) شیری تێدا نییە، ئەمەش جۆرێک لە نامەئلووفیەتی تێدایە، کە بە ئاشکرا هەست بەم چەشنە نامەئلووفیەت و لادانە دەکەین، چونکە؛ (شیر) بۆ (چنار)، خوازراوە و لە راستیدا و لە دونیای ریالدا لە سەر ئاستی دەلالی رێک ناکەون و لە واتا و لۆژیکدا بە ئاسایی دادەنرێت، کە (شیر) چناری هەبێ، ئەمەش وێنەیەکی شیعریی سەرنجڕاکێش لای وەرگر یا خوێنەر دەسازێنێ، ئەم ناونیشانە چڕکراوە زمانییە وا خۆی نمایشکردووە، کە بە هێما داپۆشرابێ، خوینەر رووە و ئەتمۆسفێرێکی فەنتازی ئاڕاستە بکات و سەرنجی بۆ ئەوە رابکێشێ و بکەوێتە حالەتی لێکدانەوە و راڤەخوازی و نەمەتێک لە جەدەلیەت، کە چۆن (چنار) شیری هەیە، چنار پەیوەستە بە زۆنێکی سروشت ئامێز و شیریش پەیوەستە بە زۆنی خواردن و خواردنەوە، ئەمە لە سەر ئاستی دیوە رووکەشیەکەی، بەڵام کاتێک دەکەوینە دیوی ناوەوەی تێکست و ئاوێتەبوون لەگەڵ رستە بە رستەی نێو رۆمانەکە و تەواوی رووداوەکان، ئەو کات حەقیقەتی پشتی ئەم ناونیشانە و مەدلوولەکانی بە تەواوەتی دەردەکەون، ئەم ناونیشانە بەهێماکراوە و جۆرێک لە تەموومژی وەرگرتووە کەواتە ئەم ناونیشانە بەهێماکراوە لەلایەن نووسەر لەپێناو ئەوەی چەشنێک لە ئیحابەخش بێت، ئەم ناونیشانە لە سەر ئاستی بونیاتی دەلالی چر لەم رستەیەدا خۆی گرمۆڵە دەکات بەوەی، کە بریتییە لە (زایەندی پیاو و گەیشتنە لوتکەی چێژ)، کە وەک هەموو ئەو پێناسە و بیرو بۆچوونی خوێنەران و لێکۆڵەران بۆیان کردووە، نووسەر ویستوویەتی بە داتاشین و سازاندنی ناونیشانێک لە دوو ناو (چنار) و (شیر) بە واقیعی شێوەیەکی راستەقینەیی چنارێک لە شیر دروست بکات (من ویستوومە چنارێک لە شیر دروست بکەم، چنارێک کە نێرییەک دێت و لەگەڵ بزنەکانی گوندێک جووت دەبێت، بۆ ئەوەی جۆرێکی تر لە نەوعییەتی خۆی بەرهەم بهێنێ، کە هەم لەگەڵ ئینسان و هەم لەناو شاخ بژی)، (چناری شیر) لە سەر ئاستی دەلالی چڕ هەڵگری نەمەتێک لە فەنتازیا و ریشەیەکی ئەفسانەیی و مێتۆلۆژی چڕ و گەورەی لەپشتە، زۆر وەستایانە توانیویەتی ئەفسانە لە هەناوی ئەم رۆمانەدا خەڵق بکات، چونکە؛ خوڵقاندنی ئەفسانە خوڵقاندنی ژیانە لەناو تێکستدا .” هەرچەندە وەک وتم لەبەر سنووری دیمانەکە ناتوانم لێرەدا بە درێژیی شۆرببینەوە بۆ لایەنەکانی تری ئەو ناونیشانە.
لەپرسیاری دەربارەی ( سیمیۆ -سایکۆلۆژیای رەنگ و هەڵگرتنەوەی دەلالەتەکانی رەنگ لە رۆمانەکانی (جەبار جەمال غەریب) دا دكتۆر ئاماژەی دا:”رەنگ وەک ئایکۆنێکی نازمانیی ئیندێکسهەڵگر لەنێو دونیای ریال لەتوانای دا هەیە لە رێگەی زمانی ئاماژەوە بەشداری بکات لە گەمەی دەست و پەنجە نەرمکردن لەتەک تەواوی کایە ئیحابەخشە سیمیۆتیکییەکانی نێو کۆنتێکستەکان، بەوپێیەی، کەوا خاوەن بونیاتێکی دەلالی سەربەخۆیە، فرە کۆد و فرە رەنگە، بونیاتێکی دەوڵەمەندە چ لە سەر رووی فۆرمە ئێستاتیکییەکەوە وەک دال، چ وەک جەوهەرێکی بە مەدلووڵکراو، وەک ستراکچەرێکی سیمیۆتیکی خاوەن فەزا و ئەتمۆسفێرێکی چالاک و وروژێنەرە، وەک جومگەیەکی کاریگەر لە زۆربەی تێکستە کۆن و نوییەکان، حیکایەتە پڕ فەنتازیاکان دەبێت بە نێوەندێکی رۆشن و درەوشاوە، هەم وەک ئایکۆنێکی جوانناسی و هەم وەک کلیلێک بۆ شۆڕبوونەوە بۆ دیوی ئەودیوی نائاگایی، جا چ لە سەر ئاستی نائاگایی تاک بێت چ لە سەر ئاستی نائاگایی کۆمەڵگە بێت، ئەو دیوە شاراوە و پڕ لە درز و کەڵێنانەی، کەوا پڕن لە پرسی فەرامۆشکراو، کەواتە دەتوانیین بڵێین: رەنگ وەک ئایکۆنێکی سیمیۆتیکی توانای بەشداریکردنێکی چالاکانەی هەیە لە نێو سەرجەم جومگە و تەکنیکە گشتییەکانی نێو دونیای مەتنەکان، ئیلیمێنتێکی چالاک و خاوەن ئەدایە، ئەمەش وا دەکات لەنێو دونیای جیهانگەرایی و بزاڤی تازەگەر و نوێبوونەوەی ئەدەبیات و مێتۆدە رەخنەییە نوێگەرەکان و تێۆرێزەکاران ئاوڕی جددی لێبدرێتەوە، کە یەکێ لەو مێتۆدە رەخنەییە پۆست بونیاتگەرانەش بریتییە لە مێتۆدی سیمیۆلۆژیا، کەوا بەشەوقەوە ئاوڕی لەم ئایکۆنە هێما هەڵگرە داوەتەوە، ئەمەش بەو پێیەی، کەوا رەنگ وەک دیباجەیەک ئەرک و وەزیفەی سیمیۆتەئویلیانەی هەیە لەپێناو شۆڕبوونەوە بۆ ئاستی ژێرەوەی تێکست بە شێوەیەکی گشتی و راڤە و خوێندنەوەی هەموو ئەو دالانەی، کەوا لەودیو نەستی کارەکتەرەکان بە شێوەیەکی تایبەت، بۆیە دەبینین ئەم ئایکۆنە رەنگییانە وەزیفەی تایبەتیان هەیە لەبابەت پەیامگەیاندن و پەیوەندی بەستن لەگەڵ تاکی خوێنەر، کەواتە رەنگ وەک بونیاتێکی سەربەخۆ لەلایەن نووسەرانەوە بە شێوەیەکی ستراتیژی چنینی بۆکراوە، واتە هەر رەنگێک لەلایەن نووسەرانەوە شەن و کەوی وردی بۆ کراوە، ئەم ورد چنینەش وا لە تاکی خوێنەر و راڤەگەری سیمیۆتیکی دەکا بەبایەخەوە دەست و پەنجە لەگەڵ ئەم ئایکۆنە نازمانییە هێماهەڵگرە نەرم بکات.”

ھەواڵی زیاتر