م. شنیا عەبدولمەجید: چی لەوە جوانترە کە من بۆ دڵخۆشی خۆم گوڵێک لە یەخەم بدەم و خەڵکیش پێیان جوان بێ

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

شاعیر و نووسەر، م. شنیا عەبدولمەجید، یەکێکە لەشاعیر و نووسەرە دیارەکان، کە تا ئێستا سێ کتێبی بڵاوکردۆتەوە و لە ئێستاشدا نوێترین کتێبی لەچاپە و بڵاودەبێتەوە. وەک خۆی لەو دیمانەیەیدا بۆ “ڕۆژنامەی هەولێر” دەڵێ: چی لەوە جوانترە کە من بۆ دڵخۆشی خۆم گوڵێک لە یەخەم بدەم و خەڵکیش پێیان جوان بێ

باسێکی نووسینەکانە شیعرییەکانت بکە؟
نووسینەکانم کە لە هەر کایەیەک لە کایەکانی ئەدەبدا بێ، هەوڵم داوە زۆرتر ڕاستگۆیانە لەگەڵ خودی خۆمدا بدوێم بەر لە هەر شتێک، ئینجا لەگەڵ خوێنەریش. وە بۆ دەق نووسینیش، پتر ڕێچکەی شیعری سەربەستم هەیە، چونکە وا هەست دەکەم لەم ڕێبازەدا هیچ شتێک لە ناخی بوێژدا نامێنێتەوە کە پەنگی خواردبێتەوە و نەتتوانیبێت بیخەیتە سەر پەرەگراف. من هەمیشە حەزم کردووە تەواو دەرنەکەوم لە وێنەکان، بۆ ئەوەی نووسینەکانم خودی خۆیان بن و بۆ خاتری ڕەنگ و ڕوو و ژن بوونم، ناو و دەنگ نەهێنن.
بۆچی دەنووسیت؟
چی لەوە جوانترە کە من بۆ دڵخۆشی خۆم گوڵێک لە یەخەم بدەم و خەڵکیش پێیان جوان بێ، ئەمە دووجار باشتر. منیش ناخی خۆم دەنووسمەوە،گەر خوێنەرانیش لایان پەسند بێ، ئەوە باشتر.
بۆ نووسین، ئەزموونی زۆر یان خوێندنەوەی زۆر؟
بەبروای خوێندنەوەی زۆر، ئینجا ئەزموونیش.
بە کێ دەوترێت نووسەری باش؟
ئەوەی ڕاستگۆبێت لەگەڵ خامە و ناخی و هەم خوێنەریش، واتە نووسینەکانی فکرە بردن و هەڵێنجانی دەقی بێگانە نەبێ، کە ئەمە زۆر دەبینم ئەفسووس.
لە نووسیندا، تۆ خاوەنی چی فەلسەفەیەکی تایبەت بە خۆتی؟
گەڕان بەدوایی حەقیقەت و گەیشتن بە یەقین.
وەک نووسەرێکی ئافرەت، چۆن دەڕوانیتە ئازادی ئافرەت لە کۆمەڵگایی کوردیدا؟
لە ئێستادا تا ڕادەیەکی باش جیاوازترە لەگەڵ جارانی پێشوو، تایبەتتریش لە بواری نووسین و ڕاگەیاندندا، کە بۆ ئێمەومانان پێشتر گەلێک ئاستەنگ بوو، نەک بەهۆی بنەماڵەوە، بەڵکو بەهۆی کۆمەڵگا و دەوروبەرەوە زیاتر.
باشترین ڕێگا بۆ دەستپێکردن و کۆتایی هێنان بە شیعرەکە چییە؟
ئیلهامێکی سروشتی، نەک دەستکرد، هەروەها کەرەسەکانی شیعر.

بە چ فۆڕمێک شیعر دەنووسی، کلاسیک، ئازاد، یان ئەو پێکهاتەی خۆت درووستی دەکەی؟
زیاتر لە دەقی سەربەستدا دەنووسم، ئەگەرچی دەقی کلاسیکیشم هەبووە لە یەکەمین پەرتووکم بەناوی “گوڵزارێک لەشیعرەکانم” لەساڵی ٢٠٠٠.
سەردەمی شیعری ئەمڕۆ لەچاو سەردەمەکانی پێشووتریدا چۆن دەبینی؟
نازانم، هەستدەکەم لاوەکانمان زیاتر هەڵوەدایی دەقی لاسایی کردنەوە و فکرەبردنی دەقی بێگانەن و کەمتر پشت بە هزرو ناخی خۆیان دەبەستن، تەنانەت ناونیشانی دەقەکانیشیان ناوی ئەوروپییە، وەک ئەوەی بڵێن ئەها دەقەکانمان چەنێک موهیم و زەبەلاحن. بۆیە تەواو ناو و دەستەواژەی کوردیان فەرامۆش کردووە.
شیعری ئەمڕۆ چەقبەستووە؟ گەر وایە چۆن شیعر لەو چەقبەستووە دەربهێنین؟
تاڕادەیەک بەڵێ، بە دوورکەوتنەوە لەو هەمووە کاریگەریە ڕۆژئاواییانەوە و بە پشت بەستن بەخۆمان و بە بیرو ئایدیاکانمانەوە، با هێندە خۆمان بەکەم نەزانین.
چارەنووسی شیعر لە نێوان تەکنەلۆژیا و ئامێرەکان چۆن دەبێت؟
ئەگەر بمانەوێ بە ئەرێنی لێی بروانین و بە چاکە پەیڕەوی بکەین، خراپ نیە، لێ هەموو تەکنەلۆجیایێک لایەنی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤی تێدایە.
گەر باسی ڕەخنە بکەین، پێت وایە ڕەخنەی باش شیعری باش بەرهەمبهێنێت؟
بێ شک، هیچ لاریێکم نیە لەوەدا، بەو مەرجەیی ڕەخنەیەکی بوونیاتنەر بێت.
پڕۆژەی نوێت چییە؟
دوایی ٢٠٠٨، کە سێهەمین کتێبم ڕۆمانێک بوو، دوایی ئەو هەموو ساڵە زۆرە لەو بێدەنگیەم، دیوانێکم وا لە چاپە و دەستنووسێکی ڕۆمانیشم لە ژێر دەستدایە.

ھەواڵی زیاتر