شێوە حەمید: دەبێ شیعر نە هێندە ڕەوان بێت هەموو کەس تێی بگات نە هێندەش ئاڵۆز بێت خوێنەر ماندوو بکات

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

خانمە شاعیر شێوە حەمید، تەمەنی ٢٨ ساڵە و دانیشتووی کۆیەیە، دەرچووی بەشی ئینگلیزی زانکۆی سلێمانییە، جگە لەنووسین وانەی تایبەتیش دەڵێتەوە. وەک خۆی لەم دیمانەیەی بۆ رۆژنامەی “هەولێر”دەڵێ”: دەبێ شیعر نە هێندە ڕەوان بێت هەموو کەس تێی بگات نە هێندەش ئاڵۆز بێت خوێنەر ماندوو بکات

شاعیر شێوە حەمید، باسی سەرەتای شیعر نووسینی دەکات و دەڵێ: سەرەتا کە دەستم کرد بە نووسین لە بواری شیعردا، تەمەنم ۱٤ ساڵ بوو، لەو کاتەوە تا ئەم دەمەی ئێستا ئەو خولیایەم بۆ نووسین نەک کەمی نەکردووە، بەڵکو هەمیشە لە هەڵێنجاندایە، ماوەیەکی زۆر لێی دابڕام، بەڵام ئەگەر هەر شتێک ببێتە خولیا و لە ناختدا گەشەبکات، وازهێنانی ئەستەمە.
ئەو شاعیرە لەڕووی ناوەڕۆک و ئیحساسی شیعرەکانی دەڵێ: لەڕوی ناوەڕۆکەوە، شیعرم لە هەموو بوارەکاندا نوسیووە، وەکو، (شیعری ڕەخنەی، نیشتتیمان، ئاینی، ئەوینداری….هتد)، هەموو کات لە هەر تێکستێکمدا کارم لەسەر ڕاستی و ڕەوانی نووسین کردووە، بۆ نموونە لە بابەتی ڕەخنەییدا ڕەخنەم لەشتێک نەگرتووە کە بوونی نەبووبێت. شاعیر یان هەر نووسەرێک لەهەر بوارێکی نووسیندا بنووسێت، بێ مەبەست و پەیام نییە، پەیامی نوسەریش لە نوسینەکەیدا دیارە.
هەموو تێکستەکانی خۆم بەو پەڕی ئیحساس و خۆشەویستییەوە نوسیووە، لەهەموو کارێک کەمووکوڕی هەیە، بەڵام من ئەو کەمووکوڕییانەشم خۆشدەوێ، لە هەمویانەوە باشتر فێردەبم. زۆربەیان تایبەتن، بەڵام تێکستی (زیارەتێک بە نامۆیی) پڕاوپڕە لە ئیحساس و ڕاستی دەنگی ناخم، ئەو تێکستە بۆ من زۆر تایبەتە. هەستێکی خۆشە لەلایەن خوێنەرانت نازناوێکی تایبەتت هەبێت کە هەڵبژاردەی ئەوان بێت، من خۆم نازناوێکی شیعریم هەڵنەبژاردووە بۆخۆم، بەڵام خوێنەرەکانم چی نازناوێکم پێ ببەخشن خۆشحاڵدەبم و قبووڵی دەکەم.
دەیشڵێت: شاعیرمان زۆرە، بەتایبەت لەم سەردەمە کەسانێکی زۆر هەیە کە دەنووسن و من پێم سەرکەوتوون، بەڵام ئەوانەی من بەڕاستی خوێنەرییانم کە لەنووسینی ئەم کەسایەتیانەدا زیندووی و تەڕ و پاراوی نوسیەنەکان وا لە خوێنەر دەکات بچێتە قوڵایی نوسینەکانەوە، زیاتر لەوەش ڕاستی و بێ پێچ و پەنایی نووسینە و بۆ هەموو سەردەمێک دەشێت.
پێم وایە خوێنەران بەگشتیی و خوێنەرانێک کە قاڵبوونەتەوە لە خوێندنەوە دەتوانن جیاوازیی و تایبەتمەندیی ئەو دەقانەی دەیخوێننەوە دەستنیشان بکەن و لەبارەیەوە بدوێن. هەروەک لەسەرەتاشەوە گوتم قورسە قسەکردن لەبارەی خۆتەوە، تەنانەت بۆ ئەو شتانەش کە بەشێک لە بوونتن، وەک نووسین، بەڵام ئەگەر پرسیارەکە بەو جۆرە لێ بکەین “چ ڕەگەزێکی چیڕۆک گرینگە”، ئەوا بۆ من زمان بەشی هەرە گرینگی گێڕانەوەیە بەگشتیی و چیڕۆک بەتایبەتییە. لەنێو زماندا تۆ دەتوانی هونەرکاری لە سەرجەم ڕەگەزەکاندا بکەیت. هەڵبەت دەبێ ڕووداوت هەبێت. خەریکم لەنێو دەریای زماندا سەوڵ لێ دەدەم نازانم دەگەم بە کام کەنار. بۆیە کەڵک لەو زمانە وەردەگرم کە لە ناخمدا کارەکتەرەکانمی پێ دەدوێنم، ئەوان سڵ لە من ناکەن و خۆ ناچەپێنن، چۆنیان بوێ ئاوا دەدوێن.
دەربارەی ئەوەی شیعر ئێستا لەکوێدایە، ئەو شاعیرە دەڵێ: شیعر خۆی لەناو ژیاندایە، هەموو سەردەمێک هەڵگری گۆڕانکاری گەورەیە لەناو خۆیدا شیعریش لەدەرەوەی ئەم گۆڕانکاریانە نییە، سەردەمانی پێشوو خوێندەوار کەم بوو، بەڵام خوێنەری باش و زمانزان و بیرکەرەوە بوون، مرۆڤی سەردەمانی پێشوو بە ئیمکانێکی کەمی ژیانکردنەوە بەرهەمگەلێکی زۆر و ناوازەیان بۆ ئێمە جێهێشتووە، لام وایە ئەوەی لەسەر شانی شاعیرانی پێشووی ئێمەیە بەجێیان گەیاندووە، ئەوەی دەمێنێتەوە پێویستە نەوەی ئێستە بەهەموو توانایەوە زمانەکەی بپارێزێت و پاکی بکاتەوە لە وشەی بێگانە، ئێستە شیعر وەک هەر کایەیەکیتری ناوەوەی مرۆڤ بەدەست دونیای شاشە و دەرەوە لەتەنگژە و بەرتەسک بونەوەدایە، ئەوە لەبەهێزی زمان و ئەدەبە کە هێشتا شیعر دەتوانێت بمێنێتەوە و بەردەوامی هەبێت، بۆ من دونیای شیعر لەهەرسەردەمێک دا بێت دونیایەکی پێویست و بەبایەخە بۆ ژیانکردن. دەزانی هیچ هێزێک نییە شیعری باش بشارێتەوە بۆئەوانەی بەڕاستی بەدوای شیعری باشەوەن، تەکنەلۆژیا هۆیەکی گرنگ و پێویستە بۆناسینی ئەوانەی پێویستە چیتر نەیانناسین، بۆ دۆزینەوەی ئەو دەنگە جوانانەی شیعر کە تۆڕێکی کۆمەڵایەتی تەنیا هۆکاری گەیاندنی پەیامەکەیەتی، بۆیە گەر تەکنەلۆژیا مرۆڤی بەکارهێنا مرۆڤ دەبێتە ئامێر، بەڵام گەر مرۆڤ بەبیرکردنەوەوە ئامێرێکی بەکارهێنا ئەوە دەتوانرێت کاری گەورەی پێبکرێت، دەبینی ساڵانە ئەو فێستیڤاڵە باشانە لەنێو تۆڕی کۆمەڵایەتیدا ڕیکلامی بۆ دەکرێت و گروپی باشی ئەدەبی و فکری و زمانزانی هەیە، ئەمەش وادەکات دەنگی باشی شیعر دەربکەوێت.
شێوە حەمید، دەربارەی دەقی باش دەڵێ: نووسین پڕۆژەیە، کاتێکیش دەڵێین پڕۆژە چوارچێوەی پێویستییەکان فرەوان دەبن، بە تەنیا تاقە هۆکارێک بەس نییە بۆ بەرەوپێشبردنی. ئەم پڕۆژەیە هەم ئەزموونی دەوێ، هەمیش خوێندنەوە. ئەوەی کامیان لەوەی تریان گرینگترە، دەتوانم بڵێم دوو جۆر ئەزموونمان هەیە، ئەزموونی ناوەکی، ئەزموونی دەرەکی هەردوو جۆرەکە پێوەندییان پێکەوە هەیە و لەناو یەکدیدا هەن. لە پڕۆسەی خوێندنەوەدا دەکرێ ئەزموونگەلێکی ڕۆحی بکەین و لە واقیعدا نەمان کردبێت. دەشکرێت ئەزموونگەلێکی فیزیکیمان هەبێت کاتێ بەر شوێن دەکەوین، گەشت دەکەین، ئیش دەکەین و دەچینە نێو پێوەندییەوە. لە هەردوو بارەکەدا ئەوەی دەکەوێتە ژێر کاریگەری ڕۆحمانە، یا بەرەو بەرزایی هەڵدەکشێت یا بۆ نزمایی دادەکشێت. دواجار من لەسەر ئەو باوەڕەم بەبێ خوێندنەوەیەکی ورد و هەمەچەشن هیچ دێڕێک بەرهەم نایەت بتوانێت ڕەوڕەوەی بیرکردنەوەی خوێنەر بچەرخێنێت و بیخاتە نێو جیهانی تێهزرینەوە.
ئەو شاعیرە دەربارە کۆڕە شیعرییەکانی دەڵێ: لە ڕابردوودا دوو کۆڕی شیعریم ئەنجام داوە، جگە لە چالاکییەکانی خوێندنگە کە بەشداریم تێدا کردووە، بەڵام بەهۆی خوێندنی زانکۆم دابڕام لە کۆڕە شعرییەکان، لەڕێگەی تر نوسینەکانم دەگایاندە خوێنەرەکانم.
سەبارەت بەوەی بە چی فەلسەفەیەکی تایبەت بەخۆی هەیە لەنووسین، شێوە دەڵێ: هەر نوسەرێک جۆرە فەلسەفەیەکی تایبەت بەخۆی هەیە کاتێک دەنوسێت، شیعر نووسین هەر وشە خستنەسەر وشە نییە، دەبێت بۆ خوێنەر تازە و پاراو بێت، تێکست دەبێت دوربێت لەوشکی و زمانێکی بازاڕی. شیعر فەلسەفەی شاعیرە، زۆربەی ماناکەی خودی شاعیرەکە دەتوانێت ڕوونی بکاتەوە، دەتوانێت یاری بە وشەکان بکات و لە هەمان کاتدا ماناکەی بپارێزێت. لە زۆربەی نوسینەکانم جۆرێک لە یاریکردن بە وشە و پرسیار دروستکردن لای خوێنەر دەخوڵقێنم، بۆیە من دەڵێم، با شیعر نە هێندە ڕەوان بێت هەموو کەس تێی بگات، نە هێندەش ئاڵۆز بێت خوێنەر ماندوو کات، با باڵانسێک بێت لەنێوان هەردوکیاندا.

ھەواڵی زیاتر