شیعر و خۆدۆزینەوە

شیعر نانووسم، بەڵام خولیایەکی زۆر بۆ تێگەیشتن لە شیعر هەیە. دەمەوێت دونیابینی شیعرییم فراوانتر بکەم. بۆ ئەوەی کاتێک لەبارەی ئەزموونی شاعیرانی کوردەوە دەنووسم وردتر بۆچوونەکانم دابڕێژم. ئەزموونی شیعریی و ئەدەبی گەلێک شاعیر و نووسەری کورد و بیانیم خوێندووەتەوە، گەلێک لێیان سوودمەند بووم، ئەو دیدگا شیعرییەی هەمە بەشێکی زۆری بۆ خوێندنەوەی ئەزموونی ئەوان دەگەڕێتەوە.

خوێندنەوەی ئەزموونی نووسەران، چەندە بۆ نووسەر و لێکۆڵەر گرنگ بێت، دوو هێندە بۆ خودی شاعیران و نووسەران گرنگە. بەڵام ئایا شاعیر و نووسەری کورد ئاگاداری ئەزموونی نووسەرانی دیکەیە؟ ئەگەر ئاگادارییەتی ئەی بۆچی لە کۆڵەوارییەکی فیکرییدا دەسووڕێتەوە؟
بێگومان کاتی لێپێچینەوەم نییە لە هیچ کەسێک و ئەو مافەش بەخۆم نادەم. بەڵام ئەم قسانەم لە خەمخۆرییەوەیە، دەنا من گەشتی خۆم لەگەڵ کتێب و نووسەراندا دەکەم و بەردەوامم لە کنەوپشکنین لەتێکستەکانیاندا و ئاسوودەیی ڕۆحی خۆم دەستەبەردەکەم، کارم بە ئەوانی دیکەوە نییە. ئەگەر ناوە ناوەش ڕەخنەیەک بنووسم، دیسان لە خەمخۆرییەوەیە، خەمخۆرییەک زۆرجار ناتوانم بێدەنگ بم. دەنا من گەشتی خۆم لەگەڵ تێکستە داهێنەرەکاندا بەردەوامە و بەوە دەژیم و هەناسەیەک پاک لەم دونیا لێڵەدا دەدەم.
تاراوگە و شانشین، یەکێکە لەو کتێبانەی کە بەشێکی تەرخانە بۆ گیڕانەوەی ئەزموونی شیعریی یەکێک لە شاعیرە گرنگ و کاریگەرەکان کە ئەویش عەبدولوەهاب بەیاتی-یە. هاوکات ئەم کتیبە چوار کۆمەڵە شیعریی شاعیریشی لە خۆگرتووە و بۆیە قەبارەکەی بووە بە (288) لاپەڕە، کە ئەدیب نادر کردوویەتی بە کوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.
ئەم کتێبە 116 لاپەڕەی تەرخانە بۆ ئەزموونی شیعریی بەیاتی، شاعیرێک کە لەم ئەزموونەوە سەیری دەکەیت وشیارییەکی زۆری شیعریی هەبووە. وشیارییەک، کە ڕەنگدانەوەی لە بەرهەمەکانیدا دەبینرێت. ئەو بەو ڕستە سەرنجڕاکێشە دەست پێ دەکات، کە نایەوێت پێناسەی شیعر بکات. بێگومان هەر شاعیرێک پێناسەی شیعری کرد ئەوە لە هەوڵی لە قاڵبدانی شیعردایە. واتە ناکرێت یەکجۆر پێناسە بەسەر شیعردا بسەپێنین، بەڵکو شیعر ژانری فرەپێناسەکانە. بۆیە ناکرێت شاعیرێک یەک پێناسەی کۆنکرێتی پێشکەش بکات و بڵێ من بڕوام بەم پێناسەیە هەیە. خوێنەر لە ئەزموونی بەیاتییەوە بەر ئەوە دەکەوێت شیعر چ پێگەیەکی هەبووە لای بەیاتی و ئەم شاعیرە چۆن لە شیعری ڕوانیوە. شیعر بۆ ئەو وەسیلەیەک نەبووە بۆ شاعیربوون، بەڵکو ئەم شاعیرە لەگەڵ وشەی شیعرەکاندا سووتاوە، شیعر لای بەیاتی وەسیلەی خۆدۆزینەوە بووە.
بەیاتی دەیەوێت نوێنەری ئەو ڕۆحە گەردوونگەرایە بێت، کە شیعر داوای دەکات و لەم ئەزموونەیدا بانگەشەی ئەوە دەکات. بۆیە لە جێگەیەکدا بە ڕوونی ئەوە دەخاتەڕوو شاعیر تەنها پەیوەستی یەک جێگە و شۆڕشی یەک شوێن نییە، بەڵکو ئەو بڵێسەی هەموو شۆڕشێک لە شیعرەکانیدا دەتوێنێتەوە. هەمیشە شاعیرە داهێنەرەکان دووربوون لە ڕۆحیەتی لۆکاڵی و بە چاوێکی گەردوونگەراییەوە سەیری ژیان و بوونیان کردووە و ئەمەش خەسڵەتی شاعیرانەی هەموو سەردەمێکە.
ئەوەی وا دەکات بەیاتی گرنگ بێت تەنها ڕیزکردنی ئەم قسانە نییە بە شێوەیەکی تیۆریی، بەڵکو پراکتیکردنیەتی لەنێو دەقەکانیدا. کێشەی بەشێکی شیعریی کوردی ئەوەیە، کە شاعیرەکە قسەی تیۆریی گەلێک جوان و سەرنجڕاکێش دەکات، بەڵام توانای تەوزیفکردنی ئەو قسە تیۆرییانەی نییە لەنێو شیعرەکانیدا. کەمن ئەو شاعیرانەی کە مانیفێست و شیعرەکانیان پێ بەپێی یەکتریی دەڕۆن. هاوکات زۆرن ئەو شاعیرە کوردانەی هیچ ئاگادارییەکی تیۆرییان سەبارەت بە شیعر نییە، بۆیە لەنێو بازنەیەکی داخراودا دەسوڕێنەوە و ئەزموونە شیعرییەکەیان هیچ گەشەیەک ناکات.
ئەمە لێرەدا خرایەڕوو تەنها ڕانانێکی کورت بوو بۆ بەشی ئەزموونی شیعریی بەیاتی و باسم لە چوار کۆمەڵە شیعرەکە نەکردووە کە لەم کتێبەدا کۆکراونەتەوە و چاپ و بڵاوکراونەتەوە. دەستخۆشی بۆ “ئەدیب نادر”ی نوسەر و وەرگێڕ و دەزگای سەردەم و ئەم بەرهەمە ناوازەیە.

ھەواڵی زیاتر