پۆڵا بەرزنجی:ئافرەت ڕۆڵی بەرچاوی هەیە لە خەیاڵ و ئەندێشەم

شاعیر پۆڵا بەرزنجی، یەکێکە لە شاعیرە گەنجەکان، ههمیشە بە شیعرەکانی وەسفی سرووشت و عەشق و ئافرەت دەکات، شیعرەکانی ڕەنگدانەوەی باشیان هەیە لەناو خەڵکدا. وەک خۆی لەو دیمانەیەیدا بۆ “ڕۆژنامەی هەولێر” دەڵێ: ڕۆڵی بەرچاوی هەیە لە خەیاڵ و ئەندێشەم.

سەرەتای شعر نووسینت بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟
سەرەتای شیعر نووسینم و دەستپێکردنم بە پارچە پەخشان بوو، دواتر لە شیعری کێش و سەروا خۆم دۆزیەوە پاش ئەوەی فێری شێوازەکەی بووم، وە بۆ ئەو ساڵانە دەگەڕێتەوە کە لە زانکۆ دەم خوێند لە ٢٠١٤ بەملاوە، بەڵام بۆ ماوەیەک دابڕاوم هەرچەند جاری وا هەبووە لەو ماوەیەش شیعرێک بەخەیاڵم هاتبێ نووسیومە بەڵام زۆر کەم، دواتر لە ٢٠١٩ وە نووسینەکانم گەشەی سەند و زیاتر ئاوێتەی هۆنینەوە بووم و تێکەڵاویم بە جۆرێکی ئاوایە بێ شیعر هەڵناکەم و تا ئێستایش کە بەردەوامم تێیدا.

بۆچی دەنووسیت؟
بۆ ئەو جوانیانەی لە خودی مرۆڤەکان و سروشت کە زۆرجار پێکیان گرێ دەدەمەوە، هەروا بۆ دڵ دانەوەی خۆم کاتێک لە تەنیایی دەتوانم گفتوگۆیەکی راستەوانە لەگەڵ هزر و ناخم دا ئەنجام بدەم، شیعرەکانم زیاتر گوزارشت لە ناخی مرۆڤەکان دەکات دورە لە وەهم، واقعی ئەو ژینگەیە پیشان دەدات کە تێدا چاوم بە دونیادا هەڵێناوە و پەیوەست بوون بە کولتوور و داب و نەریتی کۆمەڵگاوە، بۆ ئەو لایەنەی تێکەڵاوی ئەوینداریەکی پاک بوونە تا بە ئاواتی خۆیان بگەن.

بەکێ دەگوترێت شاعیری باش؟
شاعیری باش ئەو کەسەیە کە بتوانێ فێربێت لە هەموو جۆر و شێوازەکانی شیعر، توانای هەبێ بنوسێ و پێدا چوونەوە بە خۆی بکات و هەروا لەگەڵ نووسینی سەردەم بێتەوە لە گۆڕانکاریەکان دانەبڕێت، چونکە لەم سەردەمەی ئێستا بەو جۆرە نەبیت کە خەڵک چێژی لێ دەبینن دەوەستێت و کەم کاریگەری دەبێت، وە بۆ ئەوەی کاریگەری خۆی درووست بکات بە بەردەوامی و نووسینەکانی جێگای خۆیان بکەنەوە، پێویستە ڕاستەقینەیی هەبێت لە هۆنینەوەی.

شعرەکانت زیاتر هەڵگری چی پەیامێکە؟
پەیامی شیعری من زیاتر پێکگەیشتنی ئەو ئاراستە جیاوازانەیە کە دڵیان بە یەکتر خۆشە، بەڵام بەهۆی جیاوازیەوە لە هەندێک دید و تێروانین ناگەن بە یەکتر و زۆرجار دورکەوتنەوە لە یەکتر رودەدات و کەم جار دەگەن بەیەکتر، بۆیە وەک شیعر دەیدەم بە گوێی خەڵک و هەرچەند رێگاکان دووربن دەکرێ ببڕدرێ یان ڕێگای نوێ بدۆزیتەوە بۆ گەیشتن بە ئامانج.

ئافرەت لەناو شیعرەکانی تۆدا چی ڕۆڵێکی هەیە؟
ئافرەت پێناسەی شیعرەکانمە بەگشتی ڕوخسارە جوانەکەی، جوانی روخساری شیعرەکانمە سوڵحی جەستە و دڵ بە ئافرەت دەکرێ، ڕۆڵی بەرچاوی هەیە لە خەیاڵ و ئەندێشەم، زۆرجار وەک داگیرکەروایە. بۆیە بۆ ئافرەت دەڵێم: دەربەدەربم شوێنم نەبێ، ژینم لە تۆ ببێ خاڵی، ئۆقرە ناگرم گەر شەوانم، بمێنن هەر بە جەنجاڵی، بۆ عەوداڵیت بگرم تاڵی، تۆم بۆ هەتا نێتە پاڵی، ئەو کاتە دەحەسێمەوە، سینەت بۆ دەستم ببێت ماڵی، دەمێنم و دەیسەلمينم، لە پاکی ئەندازەم نابێ، ئەگەر هاتوو بۆ داهاتوو، ناوت لەگەڵ ناوم دابێ، بانگ کردنم تەنها تۆبیت، لەبونی تۆ هەرگیز نابێ دەم بۆ ناوێـــکی تر ڕابێ.

جوانترین شعری تۆ کامەیە کە شانازی پێوە بکەیت؟
شیعرەکانی خۆم لەلا جوانە و زۆر لە لام خۆشەویستە، چەند شیعرێکم هەیە هەمیشە کاریگەرن بەسەرمەوە بۆ نموونە ئەم بەرهەمە شیعریانەم و چەندانی تریش وەکو، ژیلەمۆی عەشق و چاوەکەم و لە غەیری تۆ و بەهەشتێکە و دونیای منی و تۆ و هەولێر و دە مەیلت بێ.

فەلسەفەی تۆ چییە لە ڕووی شعر نووسینەوە؟
فەلسەفەی و تێڕوانینم بۆ شیعر گەیاندنی پەیامێکە کە ڕوە ڕاستەقینەی کەسەکانە زۆر دەکرێ دەرد بێ، بەڵام تۆ بە دەرمانی دەزانی کاتێک لەلات خۆشەویستە، بەڵام کە لێی دور دەکەویتەوە لە دورەوە سەیری دەکەی تێدەگەی چ جۆرە کەسێک بووە، وە بە پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە.

وەک شاعیرێک، وەسفێکی سرووشت بکە؟
بە کورتی بۆ سروشت دەڵێم؛ سروشت ئەو جوانییەیە کە خودا بە مرۆڤەکانی بەخشیوە تا ئاشنای بن و لێوەی تێبگەن. لەگەڵ گۆڕانکاریەکان چی ڕودەدات لە هەموو کاتێکدا جوانی دەبەخشێ کاتێک بینای چاوەکان بۆی دەکرێتەوە، بەراوردێکی بچکۆلانەی بە خودیان بکەن لەگەڵ گۆرانکاریەکانی سروشت. کاتێک دەڵێم: لەگەڵ پایز چوو وا ڕەنگی زەردم، زستانی تۆ بــوو ڕایماڵی دەردم، بێ گوڵ بەهارم چۆن تێپەردەبێ، هاوین لام نەبیت پەیکەرو بەردم. تۆ دونیامی چۆن بتوانم، بەبێ تۆیی ساتێ هەڵکەم، ئاخر گیانم بۆ من ناکرێ، تۆ بە ئاسان وەلای دڵکەم، لێگەڕێ تەمەنی ماوم، با چەترێ بێ بەسەرتەوە
ئەو وشانەی پڕ جوانی بێ، وەک ڕۆح دەیکەم بە بەرتەوە، کە بیرت لێ دەکەمەوە، دەبێ بە تۆ هەرچی یادە، وەکو سڕکەر دێیتە جەستە، هیچ بۆ خۆمم نابێ وادە، تۆ ژیانمی هەموو ساتێ، بۆ هەناسەت دەخولێمەوە، گەر نەمامی باڵات نەبێ،
ڕەنگە بمرم نەژێمەوە.

ھەواڵی زیاتر