کتێبی “ڕێگای دژواری سەربەخۆیی لەبیرەوەریەکانی تەیمەز ئارەب” دا، لە نووسین و ئامادەكردنی “سیامەند سێلكی”ـە و دەستەی ئینسکلوپێدیا پارتی دیموکراتی کوردستان ئەرکی لەچاپ دانی کتێبەکەیان هەلگرتووە.
كتێبی ” ڕێگای دژواری سەربەخۆیی لەبیرەوەریەکانی تەیمەز ئارەب دا” بیرەوەریەکانی هەڤاڵی بارزانی نەمر”تەیمەز ئارەب” لەخۆ دەگرێت، کومەلێک زانیاری گرنگ و نەبیستراوی لەبارەی قوناغە جیاوازەکانی خەبات و تێکوشانی نەتەوەییمان و بەتایبەتیش ڕۆلی بارزانی نەمرو هەڤالەکانی لەبەرگری کردن لەکوماری کوردستان و دوا دیداری بارزانی و قازی و دوا دیداری نێوان بارزانی نەمرو چوار ئەفسەرەکەی لێژنەی ئازادی و ژیان و گوزەرانی بارزانییەکان لەسوڤیەت و زۆر پرسی گرنگی دیکەی تێدایە . لەکوکردنەوەو نووسینەوەی بیرەوەریەکانی “تەیمەز”ـدا هەوڵدراوە بەوپەڕی ڕاستگۆیی و ئەمانەتەوە ڕووداوەکان بخرێتە پێش چاوی خوێنەرانی هێژا.
“تەیمەز ئارەب سێلكی” لە ساڵی 1924 ـدا لە گوندی سێلكی دەڤەری بارزان لە دایكبووە و لە ساڵی 1943 پەیوەندی بە شۆڕشی دووەمی بارزانەوە كردووە و هەوروەها لە ساڵی 1945 لەشەڕی پێرس برینداربووە و. لەساڵی 1945 لەگەڵ بارزانی نەمر چووتە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و لە ساڵی 1946 لەبەرەی سەقزو لە كاتی بەرگریكردن لە كۆماری كوردستان برینداربووە. “تەیمەز ئارەب” بەشداری كردووە لە ڕێڕەوە مێژوویەكەی ئاراس و لە ساڵی 1958ـدا گەڕاوەتەوە كوردستان. لەساڵی 1961 وەكو فەرماندەیەك بەشداری بەشداری لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا كردووە و لەشەڕی مەتینا برینداربووە. هەروەها لە ساڵی 1975 ئاوارەی ئێران بووە. لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی گوڵانـدا دیسان وەكو فەرماندەیەك بەشداری كارای هەبوو، لەدوای ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستان لە ساڵی 1991 گەڕاوەتەوە كوردستان و لە كۆنگرەی دوازدەی پارتییدا لە لایەن سەرۆك بارزانییەوە میدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشرا و لە 5/8/2014 ـدا كۆچی دوایی كرد و بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە كورد و كوردستان كرد.
لەدەستپێكی كتێبەكەدا، نووسەر ئاماژەی بەوەداوە، مام تەیمەز لەگەڵ گێڕانەوەی هەر بەسەرهات و حیكایەتێكدا جاربەجار ناخێكی قووڵ و پڕ لە ئازاری هەڵدەكێشا و دەیگووت: ” خیانەت ماڵی كوردی وێران كردووە، ئەگەر خیانەت نەبوایە ئەو هەموو كارەسات و ماڵوێرانییە ڕووی مەدەدا و لەمێژبوو كورد ببووە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستان، بەڵام هەر كاتێك دەرفەتێك بۆ كورد ڕەخسابێ دوژمن بەهاوكاری كوردی خائین و وڵاتفرۆش دەرفەتەكەی لەبار بردووە و ڕیسەكەی لێ كردووینەتەوە بە خوری”.
دیسان لە كۆتایی هەر گێڕانەوەیەكدا بە حەسرەتەوە دەیگوت:” ئەم ڕیچبازە ئەمانەتێكە كە ئەوانەی پێش ڕادەستی ئێمەیان كردووە، ئێمەش تا ئێرە هێناومانە و ڕادەستی ئێوەمانانی دەكەین، تكایە بۆ ئەوەی ئەو ئەمانەتە وەكو خۆی بپارێزن و ئەو هەموو خوێن و ماندوبوونەش بەفیڕو نەڕوات”.
لەبەشێكی دیكەدا، نووسەر “سیامەند سێلكی” باسی لەوە كردووە، كە بێگومان كۆكردنەوە و نووسینەوەی بیرەوەرییەكانی خەباتگێڕ و تێكۆشەرێكی وەكو مام تەیمەز كە بەدرێژایی حەفتا ساڵ بێ دابڕان و ماندوونەناسانە لەژێر ڕابەرایەتی باوكی ڕۆحی نەتەوەیی كورد “بارزانی نەمر” خەباتی بۆ ڕزگاری و سەربەخۆیی كوردستان كردووە، كارێكی ئاسان نەبوو، بەڵام لەسۆنگەی خەمخۆریمان بۆ مێژووی پڕ لەسەروەری ڕێبازی بارزانی نەمر و ئاشناكردنی نەوەی نوێ و داهاتووی گەلەكەمان بەو مێژووە بەهاوكاری كاك بەهجەت تەیمەز دەستمان بەو ئەركە پیرۆزە كرد و هەوڵماندا بە ئەمانەتەوە بیرەوەرییەكانی بنووسینەوە و لەدوو توێی كتێبێكدا بەناوی “ڕێگای دژواری سەربەخۆیی لە بیرەوەرییەكانی تەیمەز ئارەب دا” بەچاپ بگەیەنین و بیەینە بەردەستی خوێنەرانی كورد و بەم كارە هیوادارین توانیبێتمان كەلێنێكی بچووك لە كتێبخانەی كوردیدا پڕ بكەینەوە و كتێبەكە ببێتە سەرچاوەیەكی پڕ لە زانیاری بۆ نەوەی ئێستا و داهاتوو.