فڕینی دوور، شیعر و گێڕانەوەی ناسری حیسامی

نووسینی: شێرکۆ هەژار

مەستی مەستم ساقیا دەستم بگر، ئەوە منم لە ئێوارەی ئەمڕۆوە تێیدام، کە لاپەڕە بە لاپەڕەی فڕینی دووری کاک ناسری حیسامی دەخۆمەوە و پێی مەست و مەستتر دەبم.
دەبێت لەپێشدا ددان بەوەدا بنێم، کە من چەندە پێش دیتنی ئەو بەرز فڕینەی کاک ناسر پێـم وابوو دەمناسی، دەمزانی چەندە بەتوانا بوو، بەڵام دوای خوێندنەوەی ئەم کتێبەی هەست دەکەم کە ئەوە جاری یەکەمە من پەی بە توانای ئەو نووسەر و شاعیرە بەتوانایە دەبەم و، بەو رادەیە هەست بە ناسکی و دەوڵەمەندیی هەستی دەکەم .
هەرچەندە رەنگە وا باشتر بێت مرۆڤ ئەوەندەی بۆی دەکرێت خۆی لە بەراوردان لابدات، بەڵام بە خۆم نییە وا هەست دەکەم ئەو یەکەم پێنج- شەش لاپەڕەیەی کە کاک ناسر بەشێک لە ژیانی خۆی پێ دەگێڕێتەوە، ئەگەر لە هەموو پێشەکییەکەی ” لەکوێوە بۆ کوێ”ی هێمن جوانتر نەبێت، کەمتر نییە . خۆ کە بێتە سەر گێڕانەوەی ژیانی لەگەڵ دێهاتییانی زێدیدا، ئەوا بێ هیچ سێ‌و دوو لێکردن زۆر لە گێڕانەوەی هێمن بەهێزترە. ئەوە هەر گێڕانەوە نییە، نا، هەر دیسان ژیانەوەیە و، بە هێزی قەڵەمی خۆی منی خوێنەریش لەگەڵ خۆیدا دەباتە زێدەکەی، لای ئەو دێهاتییانە و وام لێ‌دەکات لەگەڵیاندا بژیم، گوێم لە دەنگی لێدانی دڵیان بێت، هەست بە هەناسەدانیان بکەم و، قوول، زۆر قووڵ بچمە ناو دڵیانەوە، هەر وەک منیش هەموو ئەو ساڵانە لەگەڵیدا لە زێدیدا بووبم و وەکو خۆی ئەوانەم وەها ناسیبن و، پەیتا- پەیتا لەگەڵ خوێندنەوەی هەر دێڕێکیدا بڵێم: ئەڕێ‌وەڵڵاهی وابوو، ئای چەند جوان هەستت پێ کردووە .. چەند باش سەید ئەحمەد و شاڵەکەیت لەبیرماوە، ئای ئای خۆ ئاگات لێبوو چۆن دەچوون داوای تیتۆڵەیەکی شاڵەکەیان لێ‌دەکرد. کە دواتر دەچێتەوە دێ و دەچێتە سەر گۆڕی سەید ئەحمەد، بەتەواوی وا دەزانم لەگەڵیدام :
“گڵکۆی سەید ئەحمەدیان نیشان دام، بە دارێکی باریکی وشکەوە، کە هەر بە قەد گۆچانەکەی خۆی دەبوو و، لە لای ژوورووی قەبرەکە لە زەوییان چەقاندبوو، پەڕۆیەکی سەوزی کاڵەوەبوو بە دەم بایەکی ئارامەوە دەشەکاوە. دوو بەردی درێژکۆڵەی نێو مەزراکەیان هێنابوو بۆیان کردبووە کێل. گیای ئەو ناوە وشک ببوون. لەگەڵ هەموو هەنگاوێک، بۆنی نەعنە و شێستپەڕ تێکەڵ خاکەکە دەبوو.”
خەڵک باسی وێنەی سێ‌بوعدی دەکەن، دە من دێر بە دێڕی ئەو کتێبە بە ” پێنج حەواسی”
دەخوێنمەوە و پێی مەست دەبم .
یا دەروێش حەمەد، حەمە باڵشکاو، کە تەمەنی لە هەشتا نزیک ببووەوە . چۆن هەر زستانە ” یاسین”یان لەسەردەخوێند و، دەیگوت تازە چاوم بە بەهار ناکەوێتەوە .
لەکۆتاییدا: ” لەوێ نەمابووم، نازانم سەرەنجام کامە زستان ئیدی بەهاری نەدیتەوە .”
یا کاک رەسووڵ و خاڵە مینە، چۆن کاک رەسووڵ :” لە ماڵێ و لە نێودێ هەر لەسەر یەک هەوا بوو .زستانان هاتوچۆی مزگەوتی دەکرد و نوێژیشی دەکرد، بەڵام هەر ئەوەندە بوو نوێژەکەی دەکرد، ئیدی وەک پیاوانی هاوتەمەنی خۆی ورتەی دوعا و ئایەتەلکورسیی لێ نەدەبیسترا و فووی لە دەوروبەر نەدەکرد، پاڕانەوەشی زۆر نەبوو .. ” تا : ” ئێستا ئەو مەزرایانەی ئەو تییاندا لە بەر باران زەویی کێڵا و لەبەرهەتاو دروێنەی کرد، ئەو کانیانەی ئەو چووە سەریان و تۆزی سەر خەرمانی لە تەوێڵ و لاملی داشۆری، هیچیان دەنگی هەنگاوە ئارامەکانی نابیستن “.
لەوانەوە بۆ قۆناغی دواتر: دوا دیمەنی دوا لەحزەی ژیانی پێشمەرگە بریندارەکەی باکوور کە هەر زەردەی لەسەر لێو بوو لە دواییدا، هەر وەک شیعرێک لە کاتی چا خواردنەوەیەک وێنەیەکی رەوشتی بەرز و جوانی لاوێکی شوانی دە- دوازدە ساڵانە بکێشێت : ” چایەکەی بە تەمابوو بۆ من دەم بکا و لە هەرمێکانی یەکیانی دا بە من. نازانم ئەوە چ هەستێکە کە خەڵکی ئەم وڵاتە وا لێ دەکا ؟ بزەیەک، دەرگای ماڵە گەرم و رووناکەکەی دەروونیت لێ دەکاتەوە .. ” تا ” ئێستا ئەوە دەنگی دێ و گۆرانی دەڵێ. لێرە، لە نێوان ئەم دوو ڕیزە شاخەدا تاوی لێ هەڵدێ و، ڕۆژی لێ ئاوا دەبێ و، بەفری لێ دەبارێ و، گەزیزە سەری لێ وەدەر دەنێ و، گەنم و جۆ پێدەگەن و، هەرمێ ‌پاییزە پێدەگەن و لەگەڵ ئەوانە گەورە دەبێ. شان بۆ دروێنە دادەدا و، پشت بۆ کۆڵە ئارد دەچەمێنێتەوە، لەو لووتکانەوە بارەدار بۆ سووتەمەنیی زستان دێنێتەخوارو، سەرەنجام لە نێو ئەم شاخانە پیر دەبێ. ئەوانە دەنووسم کە پێت بڵێم ئێمە لێرە گەورە دەبین، لەم وڵاتە کە خاکەکەی وەک چۆن ترێ ‌ڕەشکە و هەرمێ کێویلە دێنێ، ئاواش خۆشەویستی دێنێ، ساڵێک زۆر و ساڵێک کەم، ڕەنگە وشک و رەنگە پڕئاو، بەڵام هەمیشە شیرین “.
کاک ناسر، وا لە خۆشەویستیی زێدی خۆی و خەڵکەکەیدا تواوەتەوە، سنوورێکی لە نێوان باسی ساڵ و شوێنی لەدایکبوونی خۆی و ژیانی منداڵی و ئەو هەمووە خەڵکەی دەوروبەریدا لا نییە، هەمووی بەسەریەکەوەیە. لە باسی دیتنەوەی باوکی لەدوای ئەوەندە ساڵان و، باسی منداڵانی دێ و، ئەوجا ئەوە کە ئێستا لە سوێد دەژی، لەوێوە، لە هەمان لاپەڕەدا دەچێتە سەر باسی ریحانەی بەر پشتێنی مام حەمە کەریم، هەمووی هەر دەبێتە یەک گێڕانەوە و بە یەکسانی،
باسی ژیانی تایبەتیی خۆی و کەسوکاری چارەگێکی گێڕاوەنەکەشی ناگرێت، هەر وەک بڵێت سێ‌چارەگی من ئەو خەڵکەی زێدەکەمن ئەوە خۆشەویستییە بۆ خۆشەویستی. لە جیاتی ویستن بۆ خۆی کە چیی وەدەست‌بهێنێت، لەگەلدا دەژیت، تێیدا دەژیت، هیچی ناوێت، هەر دەیەوێت باسی هەموو خۆی بکات کە ئەو تێدا هەر یەکێکە لە زۆران، سێ‌چارەگی هەمووی خۆی بریتین لەو خەڵکە. من کە لە ئاست “خۆ- ویستی”ی نووسەران و بەتایبەتی زۆربەی شاعیران زۆر بەدبینم، ئەو رەوشتە بەرزەی کاک ناسر کە لێرەدا دەبینم، زۆر سەرنجم رادەکێشێت .
گێڕانەوەکەی، هەم بە رەنگی کێشانی تابلۆی هونەرمەند، تەبیعەت دەکێشیت، بە مرۆڤەکانیشەوە، هەم بە قووڵبوونەوەی سایکۆلۆجی دەچێتە دەروونی مرۆڤەکانەوە و، لەگەڵ وێنەکانی دەرەوەیاندا تۆمار دەکات. زۆر پاراگرافی دەکرێت سەربەخۆ لێ هەڵگیرێتەوە و لە شوێنانی جیاوازدا بڵاوببێتەوە و، بە خەتی خەتخۆشان بە پۆستەر بنووسرێن و، بخرێنە کتێبەکانی خوێندنی خوێندگەکان .من کە ئەم ئێوارەیە ئەم کتێبەم بەدەست‌گەیشت، دەست‌بەجێ خوێندمەوە و، خۆم پێ نەگیرا، گوتم دەبێت دەست‌بەجێ هێندێک لەوەی ئێستا بە بیرمدا دێت بنووسم، رەنگە دواتر ببینم کە کتێبەکە باسی زۆر پتر هەڵدەگرێت، حەتمەن یەک بە یەکی شیعرەکانیش بە هەمان شێوە زۆر جێگەی سەرنج و باسکردنن .
بۆ شیعرەکان، دیسان باسی بەراوردەکەم بە بیردا دێتەوە، من پێش دیتنی ئەم کتێبەش ئەو پرسیارەم بەبیردا دەهات :دەبێت کاک ناسر یا کاک هێدی، کامیان شاعیرتر بن .
ئێستاش هەر ئەو پرسیارە لە خۆم دەکەم و، پێم وایە شیعر دەزانێت. رەنگە هێندێک شیعری کاک ناسر هەبن کە ئاستیان لەسەرووی توانای کاک ” هێدی”یەوە بێت و، رەنگە پێچەوانەکەشی بۆ هێندێک شیعر راست بێت . من لێرەشدا هەلم بۆ رەخسا کە چەند وشەی کوردی لە کوردیزانێک فێر ببم : قەرە، باڕن، نوسەنەکە، سواڵەگرتن، کەمە(ی گۆچان) . ئەو وشانەم نەدەزانین و مانایانم لە “هەنبانەبۆرینە” دەرهێنان، بۆ وشەیەکی تریش گەڕام : چاوزەقە، کە دەبێت جۆرێک دڕک وداڵ بێت، کە لە هەنبانەبۆرینەدا نەبوو.
لە کۆتاییدا : پیرۆزبایی دەرچوونی ئەم کتێبە لە کاک ناسری هێژا، لە خۆم، لە خوێندەواریی کورد و لە جوانیی ئەدەبیات دەکەم . کە بەرهەمی کاک ناسر ببینین مەگەر هەر زۆر وە تەماح بکەوین و هەمیشە چاومان لە رێی بەرهەمی پتری بێت . کاک ناسرمان، ئەو سامانە نەتەوایەتییەمان، هەر سەرکەوتوو و سەرفراز بێت .

ھەواڵی زیاتر