فەرهاد شاكەلی ـ بەشی دووەم و كۆتایی
“د. فەرهاد شاكەلی” شاعیر، نووسەر، زمانناس و لێكۆڵەری ئەدەبیاتی كوردی، لە دیمانەیەكی تایبەت بۆ “داكار” كە وەرزنامەیەكی ئەدەبی، هونەری، فەرهەنگییە، گفتوگۆی لەسەر پرسی زمانی کوردی لە ئێستە و داهاتووی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا كردووە.
پرسیار: پێش ئەوەی باسی دواڕۆژی زمانی کوردی لە ئێراندا بهێنمە ئاراوە، ئاستەنگ و گرفتەکانی ئەم زمانەی ئێستە کە زۆر کەس بە زمانی ستانداردی کوردی دەزانن چین؟ مەبەستمە بپرسم بەپێی ئەزموونی ئێوە لە باشووری کوردستان، داخوا فرەزاراوەیی، دەرس وتنەوە بە چەند زاراوە لە قوتابخانەکان، هەروەها چاپ و بڵاوبوونەوەی بەرهەم بە هەورامی و کورمانجیی ژووروو، ئەردەڵانی، کەلهۆڕی و. ئاستەنگە لە بەردەم جێگیربوونی زمانی ستاندارد، یا نە؟
شاکەلی: ئەزموونی خوێندن و فێرکردن لە کوردستانی باشووردا ئەزموونێکی سەرکەوتوو نییە و هیی ئەوە نییە شانازیی پێوە بکەین، بەڵام کە بیر لە ڕێژیمە داگیرکار و ڕەگەزپەرست و فاشیستەکانی عیراق دەکەینەوە، ناچارین بڵێین: سوپاس بۆ خوا، هەرچۆنێک بێت ئەمە باشترە. سی ساڵە دەستەڵاتێکی کوردی هەموو بوارەکانی ژیانی خەڵکی باشوور دەبا بە ڕێوە. ئەو دەستەڵاتە دەیتوانی ئەزموونێکی وەها پێشکەش بکات، کە نەک تەنیا بۆ گەلی باشوور نموونەیی بێت، بەڵکە ببێتە جێی سەرنج و ستایشی هەموو گەلانی ڕزگاریخواز، بەڵام ئەمەیان نەکردووە. بەشێکی زۆری دەستگا و دامەزراوە فەرهەنگی و پەروەردەییەکانی کوردستان بە شێوەیەکی مافیائاسا دەبرێن بە ڕێوە. بەرپرسان و دەستەڵاتداران ئامادە نین گوێ لە ڕەخنە و ئامۆژگاری و پێشنیازی کەسانی لێزان و شارەزا و دڵسۆز بگرن.
لە ئەنجامی شەڕ و وێرانکاری و داگیرکاریی دوژمنانی کورددا، سەدان هەزار کورد ئاوارە بوون و لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهاندا گیرسانەوە. بەشێک لە لاوان و منداڵانی ئەمانە لە ئەورۆپا و لە وڵاتانی پێشکەوتووی دنیا خوێندوویانە و خۆیان پێ گەیاندووە. لەناو ئەمانەدا سەدان کادری شارەزا و لێزان پەیدا بوونە، کە سوودیان لە فەرهەنگی وڵاتانی دیکە وەرگرتووە و دەتوانن بیری تازە و ئەزموونی گرنگ و زانیاریی بەسوود بهێنن بۆ کوردستان و پیادەی بکەن و لەگەڵ هەلومەرجی کوردستاندا بیگونجێنن. بەڵام دەستەڵاتدارانی کوردستان نەیانتوانیوە، یا نەیانویستووە، سوودیان لێ وەربگرن.
لە سیستەمی پەروەردەی کوردستاندا دەبوو زمانی سەرەکیی خوێندن و لێکۆڵینەوە، زمانی ستانداردی کوردیی ناوەندی بێت. بەڵام دەبوو ڕەچاوی ئەو ناوچانە و ئەو بەشانەی نەتەوەکە بکرێت، کە لە ماڵی خۆیاندا بە زاراوایەکی/ دیالێکتێکی دیکە قسە دەکەن. بۆ ئەمەیش دەکرا و دەکرێت بە ئاسانی میکانیزمێکی زانستی و گونجاو بخرێتە کار بۆ ئەوەی ئەو منداڵانە لە فەرهەنگ و پاشخانی ناوچەی خۆیان دانەبڕێن و هەر نەبێ سەرەتاکانی زاراوەی خۆیان فێر ببن، لەپاڵ زمانە ستاندارد و ڕەسمییەکەدا.
فرەزاراوەیی لە سیستەمی خوێندندا هەڵەیەکی یەکجار گەورەیە، بەڵام ڕێگەگرتن لە زاراوەکانی دیکەی زمانی کوردییش دیسان هەڵەیە. وەک پێشتریش وتم، دەکرێ بۆ چارەسەری ئەم دیاردەیە میکانیزمێکی زانستی بدۆزرێتەوە و پیادە بکرێت. دەبێ هاوکاتیش ئەوە جەخت بکەینەوە کە ئەمڕۆ هیچ زاراوەیەکی کوردی، هیچ دیالێکتێکی زمانی کوردی ناتوانێت جێگەی زمانی ستانداردی کوردی، واتە کوردیی ناوەندی، بگرێتەوە. تەنیا کوردیی ناوەندییە کە بتوانێت ببێتە کۆگا و گەنجینەی هەمو زانست و زانیاری و ئاگاداری و هۆشیارییەکی ئاوەزکارانە بۆ گەلی کورد لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
نووسین و بڵاوکردنەوە بە زاراوەکانی دیکەی زمانی کوردی کێشەیەک نییە. ئەگەر شاعیرێک یا چیرۆکنووسێک پێی خۆشە بە زاراوەکەی خۆی شیعر و چیرۆک بنووسێت، ئازادە و دەبێ ئەو مافەی هەبێت. ڕەنگە چارەسەرێکی باش ئەوە بێت، لەو ناوچانەی کە زۆربەی دانیشتووان بە زاراوەیەکی تایبەتی خۆیان دەدوێن، ڕۆژنامە و ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی لۆکال [ناوچەیی، محلی] هەبن، بۆ ئەوەی ببنە سەکۆی دەربڕین و داهێنان بۆ فەرهەنگی ئەو ناوچەیە.
کوردیی ناوەندی وەک زمانێکی ستاندارد، لەوەیە هەندێک کێشەی بچووکی لە ڕووی ڕێنووسەوە هەبێت، یا زاراوە و تێرمینۆڵۆگیی زانستە جیاوازەکان هێشتا جێگر نەبووبن، بەڵام چارەسەرکردنی ئەمانە ئاسانە و هیچ ئاستەنگێک لە بەردەم بەکارهێنانی زمانەکەدا وەک زمانێکی ستاندارد دروست ناکەن.
پرسیار: هەروەک دەزانن ساڵانێکی زۆرە، نووسراو و کتێب و گۆڤاری کوردی بە پیتی لاتینی بڵاو دەکرێنەوە، بۆچوونێک هەیە کە نووسینی کوردی بە لاتینی، لەکۆمەڵگای جیهانی نزیکمان دەکاتەوە، ئەگەر ئەم بۆچوونە ڕاست بێ، ئەی تا چەند لە مێژووی کلتووری و مانایی زمانەکەمان دوورمان دەکاتەوە؟
شاکەلی: من لە کتێبێکمدا [زمانی کوردی لە ئاستانەی سەردەمێکی تازەدا، چاپی دووەم، دەستگای ئاراس، ٢٠١١] بە درێژا لەم بابەتە کۆڵیومەتەوە و لە زۆر لایەنەوە لێی نزیک کەوتوومەتەوە. لێرەدا ناکرێ بەو دوورودرێژییە وەڵام بدەمەوە.
داهێنانی ئەلفوبێی کوردی بە حەرفی لاتینی/تورکی، گەورەترین و دزێوترین تاوان بوو بەرانبەر نەتەوەی کورد و زمان و فەرهەنگ و مێژووەکەی کرا. دەزانم، بەشێکی زۆری ڕووناکبیرانی کورد تا ئێستایش لە مەترسی و لە خەتەر و ترکزەی ئەم دیاردەیە تێنەگەیشتوون، ئەمەیش کاتی دەوێت. کورد لە مێژووی خۆیدا دوو جار تووشی دابەشبوون و پارچەپارچەبوونی وڵاتەکەی هاتووە. جاری یەکەم لە ئەنجامی شەڕی چاڵدیراندا (ساڵی ١٥١٤)، جاری دووەمیش لە ئەنجامی پەیماننامەی سایکس-پیکۆدا (دوای شەڕی یەکەمی گێتیگر)، بەڵام پەیدابوونی ئەو ئەلفوبێیە زۆر زۆر خەتەرناکتر و مەترسیدارترە لەو دوو دابەشبوونەی پێشوو. دوژمنانی کورد و داگیرکارانی کوردستان سەد ساڵ هەوڵیان بدایە، هەرگیز نەیاندەتوانی ئاوەها کورد بکەن بە دوو لەتەوە و زمانەکەی بەو دەردە ببەن، وەک ئەلفوبێی لاتینی کردی.
ئەو بیانووانەی گوایە ئەلفوبێی لاتینی لە جیهانی پێشکەوتوو نزیکمان دەخاتەوە، بێنرخ و بێبناغە و هیچ و پووچن. ئەوە قسەی کەسانی نەخوێندەوار و نائاگایە. بەشێکی زۆری دنیای پێشکەوتوو، لە ڕووی زانست و تەکنیکەوە، ئەو گەلانەن کە ئەلفوبێی خۆیان هەیە و ئامادەیش نین بیگۆڕن. گەلانی چین، هندستان، ڕووسیا، یۆنان، عەرەب، فارس، جوولەکە، ئویگور، پاکستان، بەنگڵادێش، ئەرمەنی، ئاشووری، یۆنان، کۆریا و جاپان هیچ یەکێکیان ئەلفوبێی هەزارساڵەی خۆی نەگۆڕیوە و ناگۆڕێت. چین و هندستان و کۆریا و ئیسرائیل و جاپان لە ڕووی زانست و تەکنیکەوە شان لە شانی ئەورۆپا و ئەمەریکا دەدەن و لە هەندێک ڕووەوە لەوانیش پیشکەوتووترن.
ئەوجا با پێچەوانەی ئەمەیش باس بکەین. من تا ڕادەیەک ئاگاداری دوو زمانم کە ئەلفوبێیان گۆڕیوە و ئێستا لاتینی بە کار دەبەن. یەکەمیان زمانی سواحیلییە، لە تانزانیا، کینیا، ئوگاندا و مۆزامبیک و هەندێک ناوچەی کەناری ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا قسەی پێ دەکرێت. ئەوانەی کە سواحیلی زمانی یەکەمیانە نزیکەی بیست میلیۆن کەسن، بەڵام ئەوانەی کە دووزمانەن، واتە بە سواحیلی و زمانێکی دیکە قسە دەکەن، هەشتا میلیۆنن. زمانی دووەمیش کە سۆمالییە، بە پلەی یەکەم لە سۆمالیا قسەی پێ دەکرێت، بەڵام هەروەهایش لە ئەسیوپیا و کێنیا و جیبۆتییش، بە هەموویانەوە نزیکەی بیستویەک میلیۆن کەس قسەی پێ دەکەن. ئەوجا پرسیارەکە ئەمەیە: گۆڕینی ئەلفوبێ چیی بۆ ئەم دوو نەتەوەیە کرد؟ ئایا بوون بە وڵاتی پێشکەوتوو لە ڕووی تەکنەلۆگی و زانستەوە؟ ئەی لە سێبەری ئەلفوبێی لاتینیدا ژیانیان خۆشتر و باشتر بووە و لە ڕووی فەرهەنگ و شارستانەتییەوە لە جاران پێشکەوتووترن؟ ئایا بە هۆی ئەلفوبێی لاتینییەوە بوون بە خاوەنی ئەدەبێکی بەرز و پێشکەوتوو؟ من کەسانی ڕووناکبیر و ئەکادیمیی هەردوو لایان دەناسم. خۆیان دەڵێن هەموو ڕابوردووی شارستانی و ئەدەبیمان لە ناو چوو. نەوەی ئەمڕۆ نە ئەدەب و نووسینی کلاسیکیمان دەناسن و نە توانیومانە بیپارێزین. ئەو گەل و ناوچانەی سەر بە زمانانی سواحیلی و سۆمالین، لە گەل و ناوچە هەرە بەدبەخت و هەژار و دواکەوتووەکانی جیهانن.
خۆشبەختانە تەنیا بەشێکی کەمی زمانی کوردی بە ئەلفوبێی لاتینی دەنووسرێت. لە کوردستانی باکوور ئەوانەی بە کوردی (بە ئەلفوبێی لاتینی) دەخوێننەوە و دەنووسن ناگاتە ٥٪ی کوردی ئەو بەشە. خەڵکەکەی دیکە بە تورکی دەخوێننەوە و دەنووسن. زۆر ئاگاداری کوردی ڕۆژاوا نیم، نازانم خوێندەواری، بە کوردی، لە چ ئاستێکدایە و چۆنە؟ بەڵام دەزانم هەڵەیەکی یەکجار گەورەیان کرد کە ئەلفوبێی لاتینییان هەڵبژارد. لایەنێکی دڵخۆشکەر لەم ڕووەوە ئەوەیە کە بەشێکی گرنگ و پێشکەوتووی دیالێکتی کوردیی باکوور (کرمانجی) بەشەدیالێکتی بادینی یا بادینانییە کە هەر بە ئەلفوبێی کوردی دەنووسن و ئەو ئەدەبەیش بەرهەمی دەهێنن لە بەرهەمی نووسەرانی کوردی باکوور فراوانتر و پێشکەوتووترە.
مایەی پێکەنینە، هاوکاتیش جێگەی داخە، کە کوردی باکوور بە هۆی ٣٢-٣٣ حەرفەوە خۆیان لە خوێندنەوەی هەموو ئەدەبی کلاسیکی کوردی، چ کرمانجی بێت یا زاراواکانی دیکە، بێبەش کرد، خۆیان لە خوێندنەوەی ئەدەبی تازەی ئەمڕۆی کوردی، بە زاراواکانی کوردی، هەروەهایش لە بەشێکی کرمانجی کە بادینانییە، بێبەش کرد. تەنیا و تەنیا ئەو ئەدەبە دەخوێننەوە کە نووسەرانی ئەمڕۆی کوردی باکوور (تا ڕادەیەکیش کوردی ڕۆژاوا) دەینووسن، کە ئەویش ئەدەبێکی پێشکەوتوو نییە و بە هیچ جۆرێک لەگەڵ ئەدەبی کوردیی کوردستانی باشوور و ڕۆژهەڵاتدا بەراورد ناکرێت.
ئەمڕۆ نووسەر و ڕووناکبیر و خوێنەواری کوردی باکوور، ئەگەر تەنیا بە ئەلفوبێی لاتینی بخوێنێتەوە و شارەزای ئەلفوبێی کوردی نەبێت، ناتوانێ بەرهەمێکی ئەدەبی کلاسیکی کوردی بخوێنێتەوە یا تێبگات. ئەگەر بڵێت بە ئەلفوبێی لاتینی دەیخوێنێتەوە و تێی دەگات، واتە بە هۆی گۆڕینی تێکستەکان لە تیپی کوردییەوە بۆ تیپی لاتینی کلاسیک دەخوێنێتەوە، بێگومان ڕاستگۆ نییە. ئەگەر بڵێت لە مەم و زینی خانی یا شیعرەکانی جەزیری و فەقێی تەیران گەیشتووە ڕاست ناکات، چونکە ئەو ئەلفوبێیە لە ڕووی فۆنۆڵۆگییەوە حەوت فۆنێمی گرنگی زمانیی کوردیی ناتەواوە و لە ئەلفوبێی لاتینیدا نیشانەیان بۆ دانەنراوە. کەواتە تێکستێک بخوێنیتەوە کە حەوت دەنگ، حەوت فۆنێمی لێ دەرکرابێت چۆن دەخوێنرێتەوە؟ بەو تێکستە ناکرێ بگوترێ کوردی.
ئەو خوێنەرە کوردەی تەنیا بە ئەلفوبێی لاتینی دەخوێنێتەوە هیچ پێوەندییەکی لەگەڵ ڕابوردووی زمان و ئەدەبی کوردیدا نییە و نەماوە. نەک هەر ڕابوردوو، بەڵکە هیچ پێوەندییەکی بە زمان و ئەدەبی ئەمڕۆی کوردی و تەنانەت بەشێکی گرنگی دیالێکتی باکوور (کرمانجی)یشەوە، کە بادینانییە، نییە و نەماوە. ئەو تەنیا و تەنیا ئاگاداری ئەو زمان و فەرهەنگەیە کە نووسەرانی ئەمڕۆی کوردی باکوور و ڕۆژاوا دەینووسن.
زۆری و کەمیی ژمارەی ئاخێوەر یا دانیشتووان لە بواری زمان و ئەدەب و خوێندنەوەدا هیچ مەعنایەک و هیچ نرخێکی نییە. ئەگەر ژمارەی کوردی باکوور، وەک دەڵێن، بیست میلیۆن بێت و ئەگەر ئەم بیست میلیۆنە هەر هەموویشیان خوێنەوار بن، دڵنیا بە نۆزدە میلیۆن و نیویان [١٩٥٠٠٠٠٠] بە تورکی دەخوێننەوە و ناتوانن کوردی بخوێننەوە. بەڵام لە کوردستانی باشوور و بە ڕادەیەکی کەمتریش کوردستانی ڕۆژهەڵات، بەشی هەرە زۆری کەسانی خوێندەوار، لەپاڵ زمانی دیکەدا، بە کوردی دەخوێننەوە.
لە هەلومەرجی فەرهەنگیی کوردستانی باکووردا، تەنیا یەک دەلاقەی گەش و ڕووناک دەبینم، ئەویش ئەو خوێندەوار و ڕووناکبیرانەن کە بە هۆی خوێندنی دینییەوە لە مزگەوتدا، دەتوانن هەموو جۆرە کوردییەک بخوێننەوە. ئەمانە شارەزای ئەدەبی کلاسیکی کوردین و ئەو ئەدەبەی ئەمڕۆ لە کوردستانی باشوور و ڕۆژهەڵات دەنووسرێت، ئەویش دەخوێننەوە.
پرسیار: نزیک بە دوو دەیەس ڕێکخراوگەلی فەرهەنگیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە بواری فێرکردنی زمانی کوردیدا چالاکییەکی بەرچاویان هەیە، پێ دەچێ هەر ناوەند و ڕێکخراوێک بۆ ئەم مەبەستە، شێواز و سەرچاوەی جۆراوجۆر بە کار بهێنن، بە بۆچوونی ئێوە، ئاکامی نەبوونی یەک سەرچاوە و شێوازی فێرکردن چییە و چ ڕێگاچارەیەک دەبێ ڕەچاو بکرێت؟
شاکەلی: من نازانم زمان و ناوەڕۆک و شێوەی کاری ئەو ڕێکخراوانە چۆنن و چین، بەڵام دیارە فرەشیوازی و فرەسەرچاوەیی ئەنجامێکی باشی نابێت. دەبوو ئەو ڕێکخراوانە هەر نەبێ لەسەر ئەوە ڕێک بن کە کوردیی ناوەندی وەک زمانێکی ستاندارد بکەنە بنەمای کارەکانیان، هەروەهایش لە ڕووی ڕێنووسەوە تا بکرێت، جیاوازییەکانی کەم بکەنەوە و بەرەو ئەوە بچن شێوەیەکی یەکگرتوو بە کار ببەن. لایەنەکانی دیکە مەترسییەک دروست ناکەن ئەگەر بە شێوەیەکی زانستی و مرۆڤدۆستانە داڕێژرابن. دیارە چاکتریشە بە هیچ جۆرێک خۆیان نەبەستنەوە بە سیاسەتی حیزب و گرۆ و ڕێکخراوە سیاسییەکانەوە. هێندەی بتوانن تەنیا گیانی کوردایەتی و نیشتمانپەروەری و مرۆڤدۆستی بڵاو بکەنەوە.
پرسیار: کۆمەڵگای ئێران بەرەو گۆڕانکارییەکی چاوەڕوانکراو دەچێ و دەبێتە هۆی هاتنەکایەی سیستەمێکی نوێی سیاسی و ئیداری لەو وڵاتەدا و کوردستانیش ئەم گۆڕانکارییە بە خۆیەوە دەبینێ، بە گشتی و بە پێی ئەزموون و خوێندنەوەتان لە بارودۆخی تا ڕادەیەکی زۆر هاوشێوەی ئێران و عێراق و باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئاسۆی زمانی کوردی لە چواچێوەی ئێرانا، چۆن دەبینن؟
شاکەلی: پرسیارەکەتان لەسەر بڕوا و بیرکردنەوەیەک دامەزراوە کە من بە جۆرێکی دیکە دەیبینم و ناچارم هەر پێشەکی بە دوو پرسیار هەڵیبسەنگێنم. یەکەم کێ دەڵێ ئێران بەرەو گۆڕانکاری دەچێت؟ دووەمیش چۆن دەتوانن باوەڕ بکەن کە سیستەمێکی نوێی سیاسی و ئیداری لە ئێراندا پاشەڕۆژێکی لە ئەمڕۆ باشتر، بۆ کورد، بەرهەم دەهێنێت؟
گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ پێشەکی بزانێت چیی دەوێت و لە چوارچێوەی سیستەمە سیاسییەکاندا داوای چی دەکات. من لێرەدا لە پلەی یەکەمدا مەبەستم مافە فەرهەنگی و زمانەوانییەکانە، ئەگەرنا مافە سیاسی و ئابووری و کارگێڕییەکان نە کاری منن و نە لێیان دەزانم.
کورد دەبێ زۆر ڕاشکاوانە و زۆر بە توندی دەست بە مافە فەرهەنگییەکانی خۆیەوە بگرێت، زمانی کوردی وەک زمانێکی سەربەخۆ و ستاندارد تەماشا بکرێت و بە کار ببرێت، لە سیستەمی پەروەردە و خوێندن و لە سیستەمی کارگێڕیدا میکانیزمێکی وەهای بۆ دابین بکرێت کە ڕابوردوو، ئێستا و داهاتووی فەرهەنگ و زمان و شارستانەتیی کورد پارێزراو بێت، گەشە بکات و پێش بکەوێت. بوارێکی دیکەی گرنگ کە دەبێ بیری لێ بکرێتەوە، هاوکاری و هاوئاهەنگییە لەگەڵ دەستگا فەرهەنگی و پەروەردەیی و زمانەوانی و ئەکادێمییەکانی کوردستانی باشوور و تا ڕادەیەکیش بەشەکانی دیکەی کوردستان، بە ئامانجی ئەوەی سوود لە لایەنە جوان و ڕووناک و ڕەنگین و باشەکانی ئەو ئەزموونە وەربگرن و خۆ لە لایەنە تاریک و دزێوەکان بپارێزن و ببوێرن.
پرسیار: بە پێی ئەزموونتان، چ تاڵ و چ شیرین، لە بارودۆخی ئێستای زمانی کوردی لە باشووری کوردستان، دەسەڵاتی سیاسی تا چەند دەتوانێ لە برەودانی زمانی کوردیدا، کاریگەر بێت؟ مەبەستم ئەوەیە کە لە داهاتووی ئێراندا، بەرانبەر بە دوو دەسەڵات دەبینەوە، یەکەمیان دەسەڵاتی ناوەندی، ئەوی تریان دەسەڵاتی کوردی لە چوارچێوەی جوغرافیای سیاسیی ئێراندا. لێرەوە دێمە سەر ئەم بەشەی تری پرسیارەکە:
سیاسەتی زمانیی کورد بەرانبەر بە گەشەپێدانی خۆی و پێوەندییەکانی لەگەڵ زمانی فارسی کە پێ دەچێ وەکوو زمانی سەرانسەری ئێران بۆ پێوەندیی هەموو نەتەوەکانی ناو ئەم جوغرافیایە بناسرێ، چۆن دەبێ و ئەرکی ڕێکخراوە سیاسی و حزبی و مەدەنییەکان تا چەند لە بە ڕەسمی ناساندی زمانی ئێمە، وەکوو زمانێکی سەربەخۆ، بۆ کاروباری پەروەدەکردن لە مەدرەسە و زانستگا و سیستەمی حکوومەتی و ئیدارەکاندا؟
شاکەلی: ئەزموونی کوردستانی باشوور ئەوەی بە ڕوونی پێشان داوین کە ڕێکخراوە حیزبی و سیاسییەکان لە سیاسەتی فەرهەنگی و زمانەوانی و پەروەردەیی و ڕاگەیاندن ناگەن و نازانن، ئەو دەستەڵاتە سیاسییەیش کە بەرهەم و چکاو [فارسی: چکیدە، عەرەبی: عصارە، ئینگلیزی:Juice، Sap ]ی بیر و فەلسەفەی ئەوانە لە سیاسەتی زمانەوانی و فەرهەنگی و پەروەردەییدا تا ڕادەیەکی زۆر شکستی هێناوە.
کە ئەمەمان لا ڕوون بێت، دیارە ئەوەیش تێدەگەین کە دەستەڵات نەخشی سەرەکی دەبینێت، چ بۆ ڕووخاندن و شێواندنی فەرهەنگ و زمان و چ بۆ پێشخستن و گەشەپێکردن و بووژاندنەوەیان. بەڵام لە هەلومەرجێکی وەهادا دەبێ ڕووناکبیر و نووسەر و هونەرمەندانی کوردستانی ڕۆژهەڵات گوشارێکی تەواو بخەنە سەر هێز و گرۆ و ڕێکخراوە سیاسییەکان و ناچاریان بکەن گوێ لە ڕووناکبیر و شارەزایان بگرن و کاروباری فەرهەنگی و پەروەردە بەوان بسپێرن، نەک بە سیاسەتمەدار یا ئەندامێکی نەزان و نەخوێندەواری ڕێکخراوی سیاسی. مەبەستم ئەوە نییە بە شیر و تیرەوە بەرانبەر بە یەکدی ڕاوەستێن، بەڵکە دەبێ ئەوە ڕوون بێت کە پێویستە ڕووناکبیر و زمانەوان و نووسەر و پەروەردەکار و هونەرمەند و ئەکادێمی سیاسەتی فەرهەنگی دابڕێژن، بەڵام دەستەڵاتی سیاسی جێبەجێی بکات. دەزانم ئەمە خەونێکی یەکجار ڕەنگدارە کە بەدیهاتنی هێندەیش ئاسان نییە، بەڵام ئێستا کە کەسانی خوێندەوار و ڕووناکبیری ڕۆژهەڵات ئەزموونی باشووریان لە بەرچاوە، دەبێ سەرسەختانە بۆ ئەوە تێبکۆشن کە نەخشی تەواویان پێ بدرێت، سا ئیتر سەر بە سیاسەت ببن یا نەبن. ئەمە، باش دەزانم، بە هیچ جۆرێک ئاسان نییە.
من کە ئێستا ئەمە دەنووسم، دڵنیا بە لەو لایەنەیش بێئاگا نیم کە ڕووناکبیران گرۆ یا توێژێکی هێندە هاوبیر و هاوهەڵوێست نین. ئەزموونی باشوور ئەوەیشی ئاشکرا کرد کە لەناو ئەوانەدا کە پێیان دەگوترێ ڕووناکبیران، دەیان خوێڕی و بوودەڵە و خۆفرۆشیش هەن. کەسانی وا هەن لەپێناوی پارە و پلە و پایە و ناودا ئامادەن ببنە غوڵام و خزمەتکاری ئەم سەرکردە و ئەو سیاسەتمەدار.
بۆ نەتەوەیەکی ژێردەستە و مافخوراوی وەک کورد، دەیان و سەدان ئەزموون هەن، چ لە مێژوودا و چ لە دنیای سیاسەت و دەوڵەتداریی ئەمڕۆدا، بۆ ئەوەی سوودیان لێ ببینرێت و بکرێنە نموونە، بەڵام هەبوونی ئەو ئەزموونانە لایەکی بابەتەکەیە، لایەکەی دیکە ئەوەیە ئایا کورد دەتوانێت سوود لە ئەزموونان وەربگرێت؟