پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

كتێبی”میراتی من؛ بیرەوەرییەكانی كازم شانەدەریی هەڤاڵی بارزانی نەمر” بڵاوکرایەوە

حسین علی زینوەیی – هه‌ولێر

كتێبی”میراتی من؛ بیرەوەرییەكانی كازم شانەدەری هەڤاڵی بارزانی نەمر” ناونیشانی نوێترین كتێبی نووسەر “د.حەبیب مستەفا ئیبراهیم”ـە و لە لایەن كۆمەڵگەی فەرهەنگی ئەحمەدی خانی چاپ و بڵاوکرایەوە.

كتێبەكە لە ڕێگەی بیرەوەری كازم شانەدەری، دەیەوێت تیشک بخاتە سەر یادەوەری نێوان ساڵانی ١٩45 بۆ ١٩59 دا. ئەبوبەكر ساڵح ئیسماعیل لە پەیڤی ئەم كتێبەدا ئاماژەی بەوەكردووە: “كازم شانەدەری بەڕادەیەك بە وردی چووەتە ناو ڕووداوەكان، كە مرۆڤ هەست دەكات كتێبی “میراتی من” تەنیا گێڕانەوەی مێژوو نییە، بەڵكو ئەم بیرەوەرییانە خودی مێژوون”.
نووسەر بەم بڕگەیەی دەیەوێت سەرنجی خوێنەر بۆ خوێندنەوە و یادەوەرییەكانی كازم شانەدەری ڕابکێشێت: “كازم شانەدەری، بێجگە لەوەی كە پێشمەرگە بووە، نووسەر و نیگاركێش و شاعیریش بووە و خاوەنی چەندین بەرهەمە كە تێیاندا باس لە كولتوور و مێژووی خەباتی گەلی كوردستان و ژیانی پەنابەری لە سۆڤییەتدا دەكات.
لە كتێبی “میراتی من” كاتێك نووسەر لەبارەی بارزانی نەمر پرسیار لە كازم شانەدەری دەكات، بەم شێوەیە وەڵامی داوەتەوە و دەڵێت: ” مەلامستەفا بارزانی” مرۆڤێكی كۆڵنەدەر و خاوەن ڕەوشتێكی باڵا و مرۆڤێكی ئایینپەروەر بوو و لەم ڕوانگەیەشەوە بیری لە نیشتیمانپەروەری كردووتەوە، ڕێبەرێكی دڵسۆز بووە بۆ گەلەكەی كە ئامادە بووە ژیانی خۆی فیدای هەڤاڵانی بكات و، لەبەرانبەر دوژمندا مرۆڤێكی ڕەوشتبەرز و مەردانە بوو. بارزانی نەمر، فەرماندەیەكی خاوەن بیری ڕێكخستنی لەشكر و بەڕێوەبەرێكی بێ وێنە بووە لەمەیدانی جەنگدا، ئەو خودان شارەزایی هەبوو لە بواری ئایین و بواری شیعر و ئەدەبی كوردیدا، بێجگە لە زمانی كوردی زمانەكانی عەرەبی و فارسیی بە تەواوی زانیوە. بارزانی نەمر، لە ژیانی پەنابەری لە سۆڤییەت توانی شارەزاییەكی باڵا بە دەستبخات لە زمانی ڕووسی و خوێندنی زانستی سیاسەت، ئەم حەزەی بۆ خوێندەواری و بیركردنەوە بۆ دواڕۆژی گەلەكەی، هۆكار بووە كە داوا لە دەسەڵاتدارانی سۆڤییەت بكات بۆ فەراهەمكردنی دەرفەتی خوێندن بۆ هەڤاڵانی، هەر لەبەر ئەوەش زیاتر لە سێسەد كەس لە هەڤاڵانی لە سۆڤیەت دەرفەتی خوێندنیان پێدەدرێت.
هەر لەم كتێبەدا چەندین بەسەرهات وەكو بیرەوەری باسكراوە وەك” ڕۆژانی سەخت و وێستگەی گادەر و ژیانی غەریبی و ڕاگواستن و چەندین بەسەرهاتی دیكە و لەگەڵ چەندین وێنەی مێژووی لەخۆ گۆتووە”.