کتێبێکی شیعریی نوێی (نەزەند بەگیخانی)

وەشانی نوسیار لە وەرزی نوێی کتێبەکانیدا کۆمەڵە شیعری (ڕۆژێک دادێ تۆ دەبیتە شۆڕەبی) لە نووسینی نووسەر و شاعیر( نەزەند بەگیخانی)چاپ و بڵاودەکاتەوەو

ئەم کتێبە لە دوو توێی ١٧٠ لاپەڕەدا کۆمەڵە شیعرێک دەگرێتە خۆی کە لە رووی فۆرم و ناوەڕۆکەوە ئەزموونێکی نوێی شاعیری بە ئەزموون( نەزەند بەگیخانی)-یە کە براوەی خەڵاتی شیعریی فێمینی فڕەنسییە (ساڵی ٢٠١٢).
کتێبەکە لە هەشت بەش پێکهاتووە کە وەک هەشت چڵەبی شۆڕبۆتەوە و بە کۆمەڵێ مۆتیڤ و هێڵکاریی هونەرمەندان قەرەنی جەمیل و رێبوار سەعید وێنەڕێژکراوە. بەشەکان بریتین لە:( عیشق، لێکترازان، سروودی سروودەکان، پێگەییشتن، من ئەویترە، جەنگەکان درێژن، مەرگ، تاک-بوون لە کۆ)-دا.
پارچە شیعرێک لە کتێبەکەکە:
رۆژێک دادێ
تۆ دەبیتە شۆڕەبی
لە کەنارەکانی من دەڕوێی
چڵی ئارەزووت شۆڕ دەبێتەوە ناو ئاوی شینی من
بەناو چۆڵاییەکانی جەستەی نیشتماندا دەڕژێین
دەبینە دەریا و
شەپۆڵ دەدەین
سەما دەکەن یاران
لەسەر پلاژی شیناییمان
نەزەند بەگیخانی: نووسەر و شاعیر، مامۆستای زانکۆ و هەڵگری خەڵاتی ئەکادیمیی ڤینسنت رایت-ە لە زانکۆی سیانسپۆی پاریس. لە ١٩٨٧ ەوە لە مەنفا دەژی و خوێندنی باڵای لە زانکۆی سۆربۆن-ی فڕەنسی تەواو کردووە و دواتر بۆ ماوەی ١٥ ساڵ لە زانکۆی بریستلی بریتانی کاری کردووە. بەگیخانی جگە لە کوردی، بە ئینگلیزی و فڕەنسیش دەنووسێ. بە کوردی شەش دیوانی شیعری و بە ئینگلیزی و فڕەنسی سێ دیوانی هەیە. شیعرەکانی بۆ دەیان زمانی زیندوو وەرگێڕدراون و لە ساڵی ٢٠١٢ دیوانی ‘دوێنێی

سبەینێ” خەڵاتی فێمینی شیعری فڕەنسی بەناوی “سیمۆن لاندری” وەرگرتووە. ئەو دیوانە دوای نەمانی لە بازاڕ لە ساڵی ٢٠٢٢ لە لایەن کۆمەڵەی شاعیرانی فڕەنسی-یەوە دووبارە چاپ کراوەتەوە. بەگیخانی سەرپەرشتیاری بەشی “نەتەوە و کولتور و ئەدەبییاتی رۆژهەڵات”-ە لە دەزگای چاپ و پەخشی هارماتان لە فڕەنسا.بواری ڕۆژنامەگەریی کولتوورییدا کاری کردووە و لە چەندین ڕۆژنامە و گۆڤار و پێگەدا نووسینەکانی بڵاوکردوونەتەوە.

ھەواڵی زیاتر