گەرمیان گلی – هه‌ولێر
نووسەر دڵزار حه‌سه‌ن، لەساڵی ١٩٧٥ لە هه‌ولێر لەدایک بووە، زیاد له ٣٠ ساڵه، له ڕۆژنامه و گۆڤار و میدیاكانی هه‌رێمدا، نوسین و لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی و كولتووری بڵاوكردۆته‌وه. بەشێک لە به‌رهه‌مه چاپكراوه‌كانی وەکو، وه‌سیه‌ته‌كانی هه‌ڵم، شیعر/ هاوبه‌ش، ئه‌لف، كۆمه‌ڵه شیعر/ هاوبه‌ش، به ته‌نیشت ژیانه‌وه – ده‌قی ئه‌ده‌بی، بۆرژان، ڕۆمان، ئه‌ستێره‌ی ژه‌نیار، نۆڤڵێت. لەگەڵ چەندین نووسینی تر. وەک خۆی لەو دیمانەیەیدا بۆ “ڕۆژنامەی هەولێر” دەڵێ: نووسه‌ری ئێمه له‌سه‌ر هه‌موو شتێك قسه ده‌كات له‌سه‌ر خۆی نه‌بێ.
دەکرێ باسێکی ئەزموونی خۆتمان لە بواری نوسین بۆ بکەی؟
ئه‌زموونی نوسینی من جیاوازترە له به‌شی زۆری ئه‌دیبان و نوسه‌رانی كورد. جیاوازییەكە لەوەدایە زۆربەی نوسەری كورد بە شیعر دەستیپێكردووە، بەڵام من سه‌ره‌تا به نواندن و شانۆ ده‌ستم پێكردووه، ئه‌وه‌یه جیاوازییه‌كه‌مان. هەڵبەت له ناوه‌ڕاستیی ساڵانی هه‌شتاكان له‌گه‌ڵ پۆلێك له هونه‌رمه‌ندانی گه‌نجی شاری هه‌ولێر كاری نواندنمان ده‌كرد ئه‌وه‌یان حه‌زێكی خۆم بووه، به‌ڵام له دوای ڕاپه‌ڕین ئیدی له ١٩٩٢ تا ئه‌مڕۆكه ئه‌زموونی نوسینم به چه‌ند وێستگه‌یه‌كه‌وه تێپەڕیوە. كاری ڕۆژنامه‌نوسی ئه‌و مه‌حه‌ته‌یه‌یە، كە به‌شی زۆری ژیانمی داگیركردبوو. زیاد له بیست ساڵێك له دونیای میدیاییدا كارمكردووه. هه‌رچه‌نده له‌گه‌ڵ ئه‌و پیشه‌یه‌شدا، له نوسینی ئه‌ده‌بیی و لێكۆڵینه‌وه و چالاكی كولتووری به‌رده‌وامیم هه‌بووه. زیاد له بیست ساڵیش له‌و بواره‌دا ئیشمكردووه و دونیایه‌ك هه‌وراز و نشێومان بینوه. ئه‌و به‌شه‌ی ژیانم ئه‌زموونی زۆری فێركردووم، ده‌توانم بڵێم هه‌م سوودی پێگه‌یاندووم هه‌میش زیان. زیانم لێكردووه، چونكه من زیاتر چاره‌ی ئه‌ده‌بم ویستووه نه‌ك كاری ڕۆژنامه‌گه‌ری. به‌هۆی میدیاوه ماوه‌یه‌كی زۆر له ئه‌ده‌ب دابڕام، مه‌به‌ستم ته‌نیا نوسینی ئه‌ده‌بی نییه، بەڵكوو نیازم خوێندنه‌وه و چالاكییه ئه‌ده‌بیه‌كانه. له‌وه‌دا زیانێكی زۆرمكرد، به‌ڵام به‌دیوێكی دیكه‌وه ئه‌زموونی كاری میدیایی فره لایه‌نه. مرۆڤ ڕاده‌هێنێ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندی جیاواز، كاری ڕۆژنامه‌وانی بۆ نوسه‌ریش زۆر گرنگە، چونكه ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ی له‌ده‌ست میدیاكارێك دایه به ئاسانی ناكه‌وێته ده‌ست نوسه‌رێكه‌وه، به‌ڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاسانیش نییه ته‌وزیفكردنی ماتریاله‌كانی ڕاگه‌یاندن له‌ناو ده‌قی دیكه‌دا. میدیاكار به چاوێكی دیكه‌وه سه‌یری ڕووداوه‌كان ده‌كات، به‌ڵام ئه‌دیب و شاعیر و رۆماننووس، فۆرمێكی دیكه ده‌داته رووداوه‌كان. لای میدیاكار خه‌یاڵ بوونی نییه، ئه‌و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كه‌یسدا ده‌كات وه‌كخۆی دەیگوازێتەوە، ناتوانێ خه‌یاڵ بكات مه‌گه‌ر له‌و ڕاپۆرت و ڕێپۆرتاژانه نه‌بێ، كه پێویستیان به هه‌ندێك گێڕانه‌وه‌ی هونه‌ریانه هه‌یه. ئه‌ویش ناتواندرێ لە چوارچێوه‌ی ئیتیكی ڕۆژنامه‌نوانی ده‌ربچێ، بۆیه بۆ من ئاسان نه‌بوو هه‌م ڕۆژنامه‌نوس بم و هه‌میش ئه‌دیب. خۆم زیاتر له‌گه‌ڵ خه‌یاڵ و بیركردنه‌وه و جه‌ده‌له فكریه‌كان ڕاهاتبووم، نه‌ك گواستنه‌ی هه‌واڵێك یان به‌دواداچونی كه‌یسی سیاسی. ڕه‌نگه له‌وه‌شدا ئه‌زموونی باشیشم هه‌بووبێت، كاره‌كانی ڕابردووم، كه له میدیاكاندا بڵاوكراونه‌ته‌وه شایه‌دی ئه‌وه‌م بۆ ده‌ده‌ن چه‌ند سه‌ركه‌وتوو بوویمه، به‌س هیچ كاتێك چاره‌ییم نه‌ویستووه. به ده‌ست منبووایه هه‌ر له‌سه‌رتاوه كاری ڕاگه‌یاندنم نه‌ده‌كرد. كورد گوته‌نی توشبووم، ناشزانم چۆن توشبوویمه، به‌س ئه‌وه‌نده‌ی ده‌زانم چاڵی ڕاگه‌یاندن و میدیایی زۆر تاریك و قووڵه. برینی ئه‌ستوور، له‌سه‌ر جه‌سته‌ی نوسینەكانت جێده‌هێلێ. ئه‌وه به كورتی ئه‌زموونی من بووه، لە دونیای نوسیندا.
لە ڕوانگەی تۆوە، نوسەڕی ڕاستەقینە کێیە؟
شتێك نییه به‌ناوی نوسه‌ری ڕاسته‌قینه و نا ڕاسته‌قینه، ئه‌وه‌ی هه‌یه ته‌جروبه‌ی نوسین و مامه‌ڵه‌كردنه له‌گه‌ڵ ده‌قدا. ئه‌وانه‌ی بوونه‌ته ناو ئه‌و نوسه‌رانه‌ن، كه توانیویانه به‌و جۆره بنوسن كه خه‌ڵك ده‌یه‌وێ، به‌و مانایه‌ی خوێنه‌ر قبووڵیكردوون. لێره‌دا خوێنه‌ر و ناوه‌نده مه‌عریفی و زانسیتییه‌كان بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی نوسه‌ر ده‌دا، نه‌ك میزاجی من و ئه‌وانی دیكه. نوسه‌ری جددی له‌سه‌ر ئه‌و ئایدیا و ماتریالانه كار ده‌كا، كه به‌شی زۆری ژیانی ئه‌وه‌ی داگیركردووه. ناكرێ نوسه‌ربیت و نه‌زانی بۆ ده‌نوسی؟ ڕه‌نگه ئه‌و پرسیاره له‌به‌شی زۆری نوسه‌ران بكرێ، كه بۆ ده‌نوسی؟! گەر نه‌یتوانی به ئاسانی وه‌ڵام بداته‌وه یان وه‌ڵامێكی باش و یه‌قینت بۆ دروست نه‌كا، كەواتە نازانێ بۆ دەنوسێت. به‌هه‌رحاڵ نوسه‌ری باش یان نوسه‌ری جددی ئه‌وانه‌ن، كه ده‌خوێندرێنه‌وه، به كورتی ئه‌گه‌ر ئه‌و چه‌مكه‌ی به‌ڕێزتان به‌كارتان هێناوه نوسه‌ری ڕاسته‌قینه كێیه؟ من ده‌ڵێم ئه‌وانه‌ن، كه ده‌خوێندرێنه‌وه. ئاخر به منیشه‌وه ئه‌گه‌ر كه‌س تۆی نه‌خوێنده‌وه و نه‌خوێندرایه‌وه، ئه‌رێ پێم ناڵێیی بۆ نوسه‌ری!. گرنگی نوسه‌ربوون له‌وه‌دایه ئه‌و شته بڵێیی كه خه‌ڵك نه‌یتوانیوه بیڵێ یان نازانێ بیڵێ، یاخود توانای گوتنی نییه. كه‌م نوسه‌ر هه‌یه جورئه‌تی ئه‌وه بكات خۆی بێت، ئه‌وانه‌ی خۆیانن نوسه‌ری باشن. نوسه‌ری ئێمه له‌سه‌ر هه‌موو شتێك قسه ده‌كات له‌سه‌ر خۆی نه‌بێ، یاداشت ده‌نوسێ و ڕۆمان ده‌نوسێ و ده‌قی ئه‌ده‌بی ده‌نووسێ، به‌س باسی خۆی ناكا. ناوی داروبه‌رد دهێنێ، به‌ڵام ئازایی ئه‌وه‌ی تێدانییه ژیانی خۆی بنوسێته‌وه.
خاوەنی چەند کتێبیت؟ تایبەتمەندترین کتێبت کامەیە؟
زۆر به دره‌نگ كتێبم بڵاوكرده‌وه، نزیكه‌ی ٣٠ ساڵه ده‌نوسم له ٢٠١٩ كتێبم بڵاوكردووەته‌وه. ڕه‌نگه ئه‌وه پێوه‌ندی به زۆر شته‌وه هه‌بێ. نوسینێكی زۆرم له گۆڤار و ڕۆژنامه‌كان بلاوكراوه‌ته‌وه، لێكۆڵینه‌وه و ڕاپۆرت و ڕێپۆرتاژی ڕۆژنامه‌وانیم گه‌لێك زۆرە، هیچیانم نه‌كردووه به كتێب ته‌نیا وتارەكانم نه‌بێ. له ٢٠٢٢ به‌ناوی ( ڕاست و چه‌پ ) به‌شێك له‌و نوسینانه‌م له دوو تۆیی كتێبه‌كی قه‌باره گه‌وره بڵاوكرایه‌وه، ئه‌وانی دیكه‌ش زیاتر ئه‌ده‌بین. خاوه‌نی دوانزە كتێبم و زیاتر بابه‌تی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ن، له ڕاستیدا من حه‌زێكی زۆرم بۆ ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه هه‌یه، به‌ڵام هه‌ست ناكه‌م له‌و بواره‌دا سه‌ركه‌وتوو بوویمه، هه‌رچه‌نده بۆ گێڕانه‌وه شێوازی تایبه‌ت به خۆم هه‌یه، كه لای خوێنه‌ر و ڕه‌خنه‌گران به ئاسانی قبووڵكراو نییه.
بۆ نوسین، ئەزموونی زۆر یان خوێندنەوەی زۆر؟
ئه‌زموون ته‌جروبه‌ی خۆته، له‌گه‌ڵ ماتریاله‌كانی ده‌ورووبه‌ردا. ئه‌وه‌ی خۆت ده‌یبینی و ده‌یبیستی، بۆ نموونه گه‌شتێك بۆ وڵاتێك و ناوچه‌یه‌ك ده‌كه‌ی، یاخود هه‌میش له‌ناو خه‌ڵك دێیت و ده‌چی یان هه‌وراز و نشێوی ژیان و خۆشیی و ناوخۆشییه‌كانی، ئه‌وانه ئه‌زموونی تاكه‌كه‌سین و بۆ نوسه‌ر ده‌وڵه‌منترین و سه‌نگینترین پاشخانه، به‌ڵام خویندنه‌وه شاره‌زابوونه به ئه‌زموونی ئه‌وه‌ی دیكه، ئه‌وی دیكه‌ش میلله‌ت و كه‌سانێكن نامۆن به ژیانی ئێمەوە. كاتیك ئه‌ده‌بی ئه‌مریكای لاتین ده‌خوێنیته‌وه، هه‌ڵبه‌ته له‌وه ده‌گه‌ی ژیان له‌وێ چەند سەخت بووە چۆن بیرده‌كەنەوە. به‌هه‌مان شێوه ئه‌ده‌بی ئه‌فریقایی و ئاسیاییش، بۆیه خوێندنه‌وه جیاوازییه‌كانت بۆ ده‌رده‌خات، كولتووری جودا جودات پێده‌ناسینێ. له خوێندنه‌وه‌دا به‌ری یه‌ك دونیا جیهانی جیاواز ده‌كه‌وی، شاره‌زایی ئیدیۆم و ترادیسۆن و كه‌ڵچه‌ره‌كه‌یان ده‌بی، ئه‌وه به‌س كتێبە توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه پێت ببه‌خشێ، چونكه هیچ كه‌سێك توانای ئه‌و هه‌موو گه‌ڕانه‌ی نییه به جیهاندا. موومكین نییه بتواندرێ، به‌ڵام كتێب و خوێندنه‌وه ئه‌وانی دیكه‌ت پێده‌ناسینێ.
پێت وایە، ڕەخنەی باش نوسەری باش دروست دەکات؟
ئه‌وه یه‌كێكه له‌و پرسیارانەی، كه زۆر حه‌زم لێیه‌تی. پێش ئه‌وه‌ی وه‌ڵامت بده‌مه‌وه پێویسته بپرسین ڕه‌خنه چییه، ڕه‌خنه‌گر كێیه؟ لە زمانی کوردی‌دا، وشەی ڕەخنە بەرانبەر وشەی (نقد)ی عەرەبی بەکاردەهێنرێت، هەردوو وشەکەش لەبواری ئەدەبیدا بۆ یەک واتا و مەبەست بەکاردەهێنرێن و هەڵگری چەمکێکی دیاریی کراون. ڕەخنەی ئەدەبیش لەپاڵ مێژووی ئەدەب و تیۆری ئەدەبدا دەبنە سێ لقی لێکۆڵینەوەی ئەدەبی، واتە ڕەخنەی ئەدەبی لقێکی لێکۆڵینەوەی ئەدەبییە و بایەخ بە لێکۆڵینەوەی بەرهەمی ئەدەبی دەدات. ئەرکی ڕەخنەش شیکردنەوە و ڕاڤەکردن و هەڵسەنگاندنی دەقی ئەدەبییە، یان دیاریکردنی بەهای دەقی ئەدەبییە. واتە ڕەخنەی ئەدەبی لەو بنەما هونەریی و بیریانە دەکۆڵیتەوە، کە دەقی ئەدەبییان لێ بنیات دەنرێت و بەشێوەیەکی زانستییانە بەهای ئەو بنەمایانە دیاریی دەکا، بەمەش ڕادە و ئاستی گرنگیی و بایەخی دەق، بۆ خوێنەرو داهێنەریش دەستنیشان دەکات. بەو پێیە دەڵێین دەبێ ڕەخنەگر لێکۆڵەرەوەیەکی ئەدەبیی و شارەزابێت و زانیاریی تەواوی دەربارەی مێژووی ئەدەب و تیۆری ئەدەبی میللەتەکەی و میللەتانی تر هەبێت و سەرباری ئەوەش، کە چێژلێوەرگرێکی ئەدەبیشە دەبێ زانیاریی لە بوارە جیاجیاکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و ڕۆشنبیرییدا هەبێت و شارەزاییەکی گشتیشی لە زانستە مرۆییەکاندا هەبێێ. به‌و پێیه ئه‌گه‌ر ئه‌و دوو كاره‌كته‌رمان ناسی، ئیدی له‌وه ده‌گه‌ین ڕه‌خنه چ له بەرهەمی نوسه‌ر ده‌كا. بیرتان نەچێ ئاوێنه‌ی نوسه‌ر ڕه‌خنه‌گره، لێره‌دا خوێنه‌ر و ڕه‌خنه‌گر لێك جیاده‌كه‌ینه‌وه، چونكه هه‌موو ڕه‌خنه‌گرێك خوێنه‌رێكی جددییه، به‌ڵام هه‌موو خوێنه‌رێك ڕه‌خنه‌گر نییه. باشە بۆ ئه‌و دوو چه‌مكه لێك جیاده‌كه‌ینه‌وه و به‌س له‌سه‌ر چه‌مكی ره‌خنه‌گر ده‌وه‌ستین؟ بابزانیین ڕه‌خنه چییه؟ به‌شێك له نوسه‌رانی ئێمه واتێگه‌یشتوون ڕه‌خنه‌گر شێوه‌یه‌كی پۆلیسی هەیە یان له شێوه‌ی مامۆستایه و كاتێك ده‌قه‌كه‌ی تۆی بینی چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ی لێده‌كه‌ی، كه بزانین چه‌ندت ده‌داتێ. به‌و مانایەی وه‌ك نمره‌ی قوتابخانه چه‌ندت له ده‌ی ده‌داتێ، له كاتێكدا ئه‌وه هیچ پێوه‌ندییه‌كی به ڕه‌خنه‌وه نییه. ئه‌و نوسه‌رانەی نمره‌ی باش ده‌هێنن ئیدی خۆیان لێده‌گۆڕێ و په‌لاماری ئه‌وانی دیكه ده‌ده‌ن و خۆی لێده‌بێته داهێنه‌ر، چونكه ناوه‌نده ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیرییه‌كان و ڕه‌خنه‌گره نمره به‌خشه‌كان ده له‌سه‌ر ده‌یان داوه‌ته ئه‌و نوسه‌رە، بۆیه خۆی له‌سه‌رووی هه‌موویان ده‌بینێت. ئه‌وه‌یان نه‌ك هه‌ر ڕه‌خنه نییه، به‌ڵكوو ئه‌تكردنی نوسه‌ر و ده‌ق و دونیای ڕه‌خنه‌شه.
پڕۆژەی نوێت چی دەبێت؟
وه‌ڵام: پرۆژه‌ی نوێم دوو كتیبی تایبه‌ته به (مه‌لای گه‌وره‌ی كۆیه و دكتۆر مسته‌فا زه‌ڵمی). به‌راوردكاریم كردووه له نیوانیان، سه‌باره‌ت به چه‌مكی ڕیفۆرم و نوێگه‌ری. پرۆژه‌ی دووه‌مم ئیشكردنه له‌سه‌ر دوو شاعیری مه‌زنی ناوچه‌ی گۆران (مه‌وله‌ویی و بیسارانی). ئه‌وه‌ش كاریكی به‌راوردكارییه، له‌باره‌ی جیاوازی چه‌مكی عیشق لای هه‌ردوو شاعیر.