جووتێك گۆرەوی

هەوای ژنهێنان لە كەللەی دابووم. حەزمدەكرد باری دارایی بنەماڵەی هاوسەرم، لەخوار بنەماڵەی خۆمانەوە بێت، تابتوانم ژیانێكی باشتری بۆ دابین بكەم. دایكم كچێكی لەوجۆرەی بۆ لەبەرچاو گرتبووم. نازانم ئەو هەواڵە چۆن بەگوێی بەڕێوەبەرەكەم گەیشتبوو، بۆ نیوەڕۆ داوەتی كردم تا ئامۆژگاریم بكات.

بەڕێوەبەرەكەم ناوی (عاسم)ە، بەڵام كارمەندەكان پێی دەڵێن عاسم گۆرەوی.
لەكاتی دیاریكراودا گەیشتمە چێشتخانە. بەڕێوەبەر هەر كە دیتمی گوتی:
«چونكە گەنجێكی باش و ڕێكو پێكی دەمەوێ‌ ئامۆژگاریت بكەم، پاشان گوتی: نەكا لە كەللەتبداو ژیانێكی باشتر بۆ هاوسه‌ره‌كه‌ت پێكبێنی! ئەگەر بە قسەم نەكەی وەكو من بەدبەخت دەبی. هەر وەكو من بەدبەخت بووم و ئێستا پێم دەڵێن عاسم گۆرەوی!»
پرسیم : «جەنابی بەڕێوەبەر بۆچی بە عاسم گۆرەوی بانگت دەكەن؟»
وڵامی دایەوە: «چونكە بەدبەختیەكەم لە جووتە گۆرەویەكەوە دەستیپێكرد.»
پاشان چیرۆكی ژیانی خۆی بۆ باسكردم: «كاتێك ویستم ژنبێنم بەخۆمم گوت دەبێ‌ كچێكی وا بخوازم لە چینی خوارەوە بێ‌، كە لەگەڵ بوون و نەبوونم بسازێ و خواست و داوای زۆری نەبێ‌. هەر لەبەر ئەوە كچێكی بیست و یەك ساڵەم بە ناوی سەباحەتەوە هەڵبژارد. جیازی نەبوو. باوكی كارمەندێكی ئاسایی بوو. ڕووخسارێكی زۆر جوانی نەبوو، لە هەڵبژاردنە كەم خۆشحاڵ بووم. سەباحەت ژنی ژیان بوو. دەمگوت ئەمشەو بابچینە چێشتخانە؟ دەیگوت بۆچی پارەی خۆمان خەرج بكەین؟ دەمگوت سەباحەت گیان جلوبەرگت بۆ بكڕم؟ دەیگوت چما كەسایەتی مرۆڤ بە جلوبەرگەوەیە؟ تا ئەوەی بە زۆر جووتێك گۆرەوی جوانم بۆكڕی. دوو مانگ تێپەڕی بەڵام خێزانم گۆرەویە نوێیە كانی لەپێ نەكردبوو. ڕۆژێك لێم پرسی ئازیزم بۆچی گۆرەویە تازەكان لەپێ‌ ناكەی؟ بەشەرمەوە وه‌ڵامی دایەوە: ئاخر گۆرەویە كان لەگەڵ پێڵاوە كۆنەكانم نایەنەوە! بە زۆر بردمە دەرەوە و جووتێك پێڵاوم بۆگڕی.
بۆ بەیانی كە دەمانویست بچینە میوانی، دووبارە پێڵاو و گۆرەویەكانی نەگۆڕیبوون.
گوتم بۆچی پێڵاو و گۆرەویەكانت لە سندووق هاویشتوون و لە پێت نەكردوون؟ وه‌ڵامی دایەوە: ئاخر جلوبەرگەكانم، لەگەڵ پێڵاو و گۆرەویەكانم لێك نایەنەوە.
بەڵگەشی ئەوەبوو جلكەكان لەگەڵ بلووزە كۆنەكەی لێك نایەنەوە.
چووم دوو بلووزی جوانم بۆ كڕی. ئەوجار لە چكەی ویست ئەویشم كڕی. ئیدی هیچ كەمو كوڕی نەبوو، بەڵام ئەوە سەرەتای كار بوو.!
چونكە گۆرەویەكانی كۆن ببون و كراسەكەشی لە مۆد كەوتبوو. لە سەرەتاوە دەستمكردەوە بە كڕینی كەموكوڕیەكانی خانم! تا ئەوەی ڕۆژێك دیتم ناوچەوانی تێكنابوو. پرسیم چییە؟ گوتی قژم لەگەڵ جلكەكانم لێك نایەنەوە. بڕیاردرا هەفتەی جارێك بچێتە ئارایشگا.
پاش ماوەیەك دیتم سەباحەت خەم دایگرتووە، پێی گوتم: كەلوپەلی ماڵەوەمان كۆن بوون و لەگەڵ خۆمان نایەنەوە. گۆڕینی كەلوپەلی ماڵێ‌ ئاسان نەبوو، بەڵام لەبەر خاتری هاوسەری كەم تەڵەبم گۆڕیمن. قەنەفە و پەردە و مێزی نان خواردن, بەكورتی هەموو شتێكمان گۆڕین.
سەباحەت لە ماڵی بابی ڕادیۆشی نەدیبوو، بەڵام لە ماڵی من شەوانە سەیری تەلەڤزیۆنی دەكرد!
چەند ڕۆژ دواتر باسی كۆنی خانوو و پیس و پۆخڵی گەڕەك دەستپێكرد.
ئاپاڕتمانێكی جوانم لە یەكێك لە شەقامەكانی سەرووی شار گرت.
بەڵام ئەوجار كەلوپەلی ناوماڵ لەگەڵ ئاپاڕتمانە تازەكە، نەدەهاتنەوە!
دووبارە كەلوپەلەكانم گۆڕین. دوای دوو سێ‌ مانگ دیتم سەباحەت دووبارە ناوچەوانی تێكنایەوە، پرسیم بۆ نیگەرانی؟ وەكو هەموو جاران لە ڕووی نەدەهات قسەبكات، بەڵام بە جۆرێك تێیگەیاندم كە ئۆتۆمبێلی دەوێت! بە هەزار قەرزو قۆڵە ئۆتۆمبێلێكم بۆ خانم كڕی.
ئێستا ئیتر لەگەڵ ئەو كچەی، كە زەمانێك ژنی خەونەكانم بوو، نەدەكرا قسەبكەی! لە هەموو جوانان جوانتر بوو! كاری ببوە سینەماو مەلەوانگەو ئارایشگاو… كچێك كە لە ماڵی باوكی ئاویشیان نەبوو، لە ماڵی مندا ویسكی دەخواردەوە. دایم لەژێر لێوانەوە دەیگوت: بنیادەم دەبێ‌ هەموو شتەكانی لەگەڵ بێنەوە.
سەرەتا نەمدەزانی مەبەستی چییە، چونكە هیچ كەم و كوڕی نەبوو. خانوو، ژیان، ئۆتۆمبێل، كەلوپەل هەرچی دەیویست. بەڵام پاش ماوەیەك تێگەیشتم شتێك كە لە ژیانی سەباحەت خانمدا كۆنبووە و لەگەڵ باقی شتەكاندا نایەتەوە، منم!
ناچار بووم تەڵاقی بدەم. خانوو, ئۆتۆمبێل و كەلوپەل هەرچی هەمبوو لەگەڵ خۆی برد.
تەنیا شتێك كە بۆم مایەوە، هەمان نازناوی عاسم گۆرەوی بوو! جووتێك گۆرەوی بووە هۆی ئەوەی هەموو شتێك تێكبچێ‌. خۆزیا دەستم شكاباو گۆرەویم بۆ نەكڕیبا!
سه‌رچاوه‌:
كۆمه‌ڵه ‌چیرۆكی (مرد شرقی)

ھەواڵی زیاتر