ئارام كۆشكی – سلێمانی
نەجیب مەحفوز لە ڕیزی ئەو نووسەرانەیە، کە هەموو کتێبێکی بە عەشقەوە دەست بە خوێندنەوەی دەکەم و ناتوانم تا کۆتا لاپەڕەکانی دەستی لێ بەر بدەم. هەندێک نووسەر هەیە دوای 50 لاپەڕە هەندێک جاریش 100 لاپەڕە ئیدی ناتوانم لەگەلیان بەردەوام بم، بەڵام هەرگیز لەگەڵ ڕۆمانەکانی مەحفوزدا تووشی ئەوە نەبووم. هەر ئەمەشە گرەنتی ئەدەبیاتی ڕاستەقینە و سەرکەوتوو کە لەگەڵ خۆی دەتبات و زوو دەستت لێ بەرنادات. ئەدەبیاتی مەحموز ئەدەبیاتێکە لەنێو هەناوی کۆمەڵگەوە دێتە دەرەوە (ئەمە بەو مانایە نییە ئەدەبیاتی تر دوورە لە کۆمەڵگە) بەڵکو بەو مانایەی کە نزیکییەکی زۆری لە ڕۆحی خەڵکی ئاساییەوە هەیە و چیرۆکی مرۆڤە ئاساییە زوڵملێکراو و پەراوێزیی و تایبەتەکان دەگێڕێتەوە.
نزیکی ئەدەبیاتی مەحفوز لە ڕۆحی تاکی میسرییەوە و بەتایبەتیش خەڵکی قاهیرە، دەشێ سەرەتایەکی چاک بێت بۆ ناسینی مرۆڤی میسری و ئاشنابوونێکی ورد بە هەندێک لایەنی کۆمەڵایەتی و کولتووریی و مێژوویی ئەو وڵاتە. ئەدەبیات لای مەحفوز بۆ ڕتووشکردنی کۆمەڵگە نییە، بەڵکو پیشاندانەوەی وێنەیەکە، کە وێنە ڕاستەقینەکەیە، بەڵام ئەو وێنەیە لەسەر شانۆی ڕووداوەکان نییە، واتە وێنەیەکی ڕاستەقینەیە، بەڵام تاڕادەیەکی زۆر وێنەیەکی شاراوەیە و دەسەڵات و سیستمی سیاسی حەقیقەتەکەی دەشارنەوە. بەڵام مەحفوز بەیانی دەکات. خان خەلیلی، ڕۆمانێکی نووسەری میسری نەجیب مەحفوزە، کە مامۆستا حەمە کەریم عارف کردوویەتی بە کوردی و ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند لە دوتوێی 400 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. ڕۆمانەکە دەکەوێتە چوارچێوەی ڕەوتی ڕیالیستی لە ئەدەبدا، واتە چیرۆکەکە واقیعییە و خوێنەر هەست بە واقیعیبوونی ڕووداوەکان دەکات. ڕۆمانەکە باس لە ژیانی کاراکتەرێک بەناوی (ئەحمەد ئەفەندی) دەکات، کە بە ناچاری لە خوێندن دادەبڕێت و ئەمەش دوای ئەوەی باوکی لە کارەکەی دوور دەخرێتەوە و ڕووبەڕووی ژیانێکی سەخت و دژوار دەبێتەوە، ئیدی لێرەوە ژیانی ئەم کاراکتەرە لە گەڕەکی خان خەلیلی ئاراستەیەکی دیکە وەردەگرێت، کە پڕە لە خەم و ئازار و سەرکێشی. چیرۆکەکە لە سێپتەمبەری 1941 ەوە دەست پێ دەکات و خوێنەر بە ساڵانێکی پڕ چەرمەسەری کاراکتەرەکان ئاشنا دەبێت.
یەکێک لەو خاڵانەی گۆڕانکاریی جەوهەری لە ژیانی “ئەحمەد-کاراکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە”دا دەکەن ئاشنابوونیەتی بە کتێب. کتێب دەروازەیەکی نوێ لەبەردەم ژیانیدا دەکاتەوە و دوای ئاشنابوونی بە کتێب، دەرگای عەشقیش بەڕوویدا دەکرێتەوە. ئیدی لەوێوە ڕوانینێکی نوێ بۆ ئەحمەد دروست دەبێت لەو گەڕەکە نوێیەی تێیدا نیشتەجێیە و بە خان خەلیلی ناسراوە.
ئەحمەد لە جێگەیەکی ڕۆمانەکەدا دەگات بەو ڕاستییەی کە “کتێب مرۆڤ بۆ ئەو ژیانە ئامادە دەکات، کە ئارەزووی دەکات.” ئەحمەد دوای عاشقبوون و چەشتنی ئازاری عەشقێکی سەرشێتانە و دوای ئەو هەموو چەرمەسەریەی بەسەری دێت دەگات بەوەی برینی عەشق هەرگیز کۆتایی نایەت، چونکە برینی عەشقەکەی دڵی ئەم کاراکتەرە هەمیشەییە.
ڕۆمانەکانی مەحفوز ئەو تایبەتمەندیەیان هەیە، کە هەم لەگەڵ دڵ دەدوێن و هەم لەگەڵ عەقڵ. چیرۆکی ئەحمەد چیرۆکێکە تژی لە ژیانێک کە چەشنی “سابیر”ی نێو ڕۆمانی “ڕێگە”ی هەمان نووسەر گەڕان و بەردەوامییە لەو ژیانێک کە پڕە لە ڕووداوی چاوەڕواننەکراو.