یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

ڕانانێکی کورت بۆ ڕۆمانی “یاریی کۆتایی”هونەر کەریم

پرۆژەی بەعسیزم لە عێراق تەنها یەک دیوێکی سیاسی نەبوو، بەڵکو ڕیشەی لە هەموو سێکتەرە جۆراوجۆرەکانی وڵاتدا داکوتابوو و هیچ بوارێکی ژیان نەما بوو بەعس دەستی پێی نەگات. هەر لە سیاسەت و ئابووریەوە تا دەگاتە ئەدەب و هونەر و وەرزش. بۆیە بینینی بەعسیزم لە عێراق تەنها وەکو ماشینێکی سیاسی بینینێکی کەموکورتە.

لێرەدا ئەرکی ئەدەب ئەوەیە کە ئەو دیوەی دەسەڵاتە داپڵۆسێنەرەکانمان پیشان بدات، کە هەموان نایبینن، یان زۆر کەم هەستی پێ دەکەن. ئەرکی ئەدەب ڕووناکردنەوەی ئەو جێگایانەیە کە ڕووناکی بە زەحمەت دەیانگاتێ.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا کۆمەڵێک ڕۆمانم سەبارەت بە دەسەڵاتی بەعس و کارکردنی لەنێو کۆمەڵگەی عێراقی خوێندەوە، بەڵام نوێترین ڕۆمان لەمبارەیەوە کە سەرنجمی بۆ خۆی ڕاکێشا ڕۆمانی “یاریی کۆتایی” هونەر کەریم بوو، کە ماوەیەکی لەمەوبەر ناوەندی رۆشنبیریی ڕەهەند لە دوتوێی 204 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.
“هونەر کەریم” ڕۆماننووسێکی کوردە بە هەردوو زمانی عەرەبی و کوردی ڕۆمان دەنووسێت. بەر لەم ڕۆمانە یەک ڕۆمانی تری بە کوردی بڵاوکردووەتەوە، کە ڕۆمانی “پەپولەی کافکا”یە. هەر کاتی خۆی خوێندمەوە و گەلێک سەرنجی ڕاکێشام و لەوێوە ئیدی بووم بە خوێنەری ئەم ڕۆماننووسە نوێیە.
یاری کۆتایی، کارکردنە لەسەر پەیوەندی نێوان وەرزش و سیاسەت، چۆن لە دەسەڵاتێکی داپڵۆسێنەری وەکو بەعسدا سیاسەت ڕۆچووەتە نێو وەرزشەوە و لەوێوە چ لێکەوتێکی مەترسیداری بۆ سەر ژیانی وەرزشەوانان هەیە.
دانیال شاکەسی ڕۆمانەکە، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی عێراق-ـە، بەڵام کەس نازانێت بەڕەچەڵەک کوردە، لەکاتی کارەساتەکانی باکوری عێراقدا لەگەڵ ڕاپێچکارییەکانی بەعسدا لە بیابانەکانی باشووردا دۆزراوەتەوە، هەر لەوێ لە ماڵێکی غەریبە گەورە دەبێت و خولیای وەرزش و تۆپی پێ دەچێتە هزرییەوە تا بەو خولیایەوە دەبێت بە گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی عێراق. هەر لەو سەرەتایەوە خەون و هەوڵی دانیال ئەوە بوو ڕۆژێک ببێت بە گۆڵپارێزێکی بەناوبانگ و ناوی بچێتە نێو لیستی گۆڵپارێزە بەناوبانگەکانی جیهان، بەڵام بەخێکەرەکەی؛ (نایف) کە بە باوک بانگی دەکات هەر زوو لەوە ئاگاداری دەکاتەوە، لەم وڵاتەدا خەون بە شتی گەورە نەبینێت، ئەگینا ژیانی لەدەست دەدات. خەون بینین بەشتی گەورەوە پێدەچێت سەری بخوات. دوای ساڵانێکی زۆر لە وەرزشکردن و بەناوبانگبوونی دانیال ئەو قسانەش دیتە دێ کاتی لە یاری کوتاییدا نێوان عێراق وڵاتێکی تردا، دانیال پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە کوڕی سەرۆک وڵاتەوە پێدەگات، داوای شتێکی لێدەکات هەموو ژیانی دەخاتە مەترسییەوە ئەگەر داواکاریەکەی جێبەجێ نەکات. لێرەدا نامەوێ وردەکاری ڕۆمانەکە بخەمەڕوو، بەڵام دەمەوێت ئاماژە بۆ ئەوە بکەم، کە دانیال نموونەی مرۆڤێکی قوربانییە لە بواری وەرزش لە عێراقدا، کە چۆن فاشیزمی بەعس دەستی لە هیچ مرۆڤێکی ئەم وڵاتە نەدەپاراست، کە ژیانی خۆی و خێزانەکەی بخاتە مەترسییەوە تەنها لەپێناو خۆیدا. ڕۆمانەکە دەیسەلمێنێت فاشیزمی بەعس ئەستێرە داهێنەرەکانی خۆی خۆش ناوێت، بۆیە ئامادەیە ژیانیان لێ بسێنێتەوە و مەترسی بۆ کەسوکاریشان دروست بکات.
ئەم ڕۆمانە چیرۆکی دانیاڵی وەرزشەوانە، بەڵام وانەیەکە بۆ تێگەیشتن لە بەعسیزم و ئەو میکانیزمە دڕندەییانەی بەکاری دەهێنا بۆ کۆیلەکردنی ئەوانی دیکە، ئیدی لەهەر پلەوپایەکی کۆمەڵایەتیش بن بۆ ئەو کێشە نییە و ئەو پلە و پێگانە ناخوێنێتەوە.
نووسەر پێشتر سێ ڕۆمانی هەیە، وەک “پەپوولەی کافکا”، “فەنتازیای بەرێز گیلگامێش”. هەروها ڕۆمانی “چاوێک لەسەر ڕێ” براوەی خەڵاتی ئەدەبیە لە میسرە و پێشتر بە زمانی عەرەبی تەنها ڕۆمانی “پەپوولەی کافکا” بڵاوکردووەتەوە.