سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

لە رۆمانی “سڕبوونی ڕەنگ”ی فەرهاد مستەفا

ڕۆمانی (سڕبوونی ڕەنگ) ناونیشانی رۆمانێکی نوێی فەرهاد مستەفایە و لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیری ڕەهەندەوە لە دوتوێی 364 لاپەڕەدا چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ئەگەرچی لە ڕۆمانەکەدا زیندان، فەزای گشتی دەقەکەی پێکهێناوە. بەڵام بە چیرۆکی ئەو دیلە عێراقیانە ئاشنا دەبین، کە بە بێسەروشوێنەکانی جەنگ لە قەڵەم دراون.

وەک لە زاری کارەکتەرێکی تێکستەکەوە هاتووە: “جەنگ نەهەنگێکی کوێرە، هەموو شتێک هەڵدەلوشێت، جیاوازی لەنێوان ڕەگەز و تەمەندا ناکات.”
دلاوەری شاکەسی ڕۆمانەکە، هونەرمەندێکی شێوەکاری کوردە و جەنگ ڕاپێچی دەکات و بۆ یەکەمجار لە تەمەنیدا دەکەوێتە ناو زیندانەوە. بەڵام زیندانیکردنەکەی ١٨ ساڵ دەخایەنێت. خوێنەر لە ڕێگەی چیرۆکی ئەم نیگارکێشە دیلەوە چیرۆکی ئەو مرۆڤانە دەخوێنێتەوە کە لە مرۆڤبوون داشۆراون، بە چیرۆکگەلێک ئاشنا دەبێت کە پێمان دەڵێت: “مرۆڤ لە پێناوی مانەوەی خۆیدا دەبێتە دڕندە و ئامادەیە براکەی خۆی بخوات.”
ئەو دیوەی کە لەم ڕۆمانەدا گەلێک سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە ڕۆمانەکە بە وردی ڕۆچۆتە ناو پانتایی هونەرەوە و کاریگەری و سیحری هونەرمان بۆ شی دەکاتەوە. نووسەر پێمان دەڵێت: هونەر و کاریگەری هونەر لەناو زیندانیشدا بەهاکانی خۆی ون ناکات، هونەرمەندی ڕاستەقینە دەتوانێت لە تاریکترین ڕووبەردا، ڕووناکی بدۆزێتەوە. هونەر دەتوانێت ناکۆکەکان و دوژمنەکانیش بەیەکەوە کۆبکاتەوە. وەک لە ڕۆمانەکەدا هاتووە: دەشێت مرۆڤەکان بکەونە سەرچۆک، بەڵام ئەستەم نییە دەرچەیەک بدۆزرێتەوە کە بەهاکانی بدرەوشێتەوە.
ڕۆمانەکە گەشتێکی درێژە لە ڕۆحی هونەرمەندێکەوە بە ڕۆحی دەیان زیندانی کە خۆشیان نازانن چۆن لە جەنگەوە گلاون و بە چ هۆکارێک ساڵانێکی زۆر زیندانی دەکرێن و تاوانەکەیان چییە؟ جگە لەوەی کە بەزۆر براون بۆ جەنگ. رۆمانەکە مانیفێستێکی درێژە بۆ نەفرەتکردن لە جەنگ، بێگومان هەموو جەنگێک، بەڵام بەتایبەت ئەو جەنگانەی بەسەر مرۆڤەکاندا دەسەپێنرێن و ناچارانە دەکرێنە سووتەمەنی ئەو جەنگە.
سەبارەت بەم ڕۆمانە مامۆستا عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی نووسەر و ڕەخنەگر دەڵێت: تەوەری سەرەکی ئەم ڕۆمانە جەنگ و ژیانی ناو بەندیخانەیە، بەڵام چ جەنگێک و چ بەندیخانەیەک؟ جەنگ لە ئەدەبی جیهاندا بە دوو جۆر ڕەنگی داوەتەوە. ئەدەبێکیان لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمی دڕندەدا نووسراوە و ستایشی جەنگی کردووە و سەربازی وەک ئامێرێک سەیرکردووە. جۆرەکەی تریان جەنگ و ناهەمواری و تاڵاو و دەرهاویشتەکانی، ڕیسوا دەکات.
لە جێگەیەکی دیکەدا دەڵێت: “ئەم ڕۆمانەی فەرهاد مستەفا سەر بە جۆری دووەمە. ئەدەبی داماڵین و ڕیسواکردنە. ڕیسواکردنی جەنگ و ئەوانەیشە کە ئاگرەکەی هەڵدەگیرسێنن. ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانە لە بەندیخانە سەربازییەکانی ئێراندا ڕوودەدات، کە هەزارەها سەربازی عێراقیی تێدایە و هیچ ئومێدێکیان بەوە نەماوە ڕۆژێک شەڕ کۆتایی بێت و بگەڕێنەوە.”
دواتر مامۆستا عەبدوڵڵا ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە (سڕبوونی ڕەنگ) ڕۆمانێکە، گێڕانەوە تێیدا تێکەڵاوی هونەری شێوەکاری بووە. دلاوەر کە کەسی سەرەکی ڕۆمانەکەیە، هونەرمەندێکی شێوەکارە و هەستێکی ئینسانیی باڵای هەیە. ئەوە سیحری هونەرە لەو شوێنە داخراوەدا دژ و ڕەنگ و ڕەگەز دەخاتە لاوە و بەندیوان و بەندکراو لێکتر نزیک دەکاتەوە و دەیانکات بە دۆستی یەکدی.
بەر لەم ڕۆمانە نووسەر خاوەنی چەند کۆمەڵە چیرۆکێکە و یەک رۆمانی دیکەی بەناونیشانی “سپیکردنەوەی خوێن” چاپ و بڵاوکردووەتەوە.