دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

ئایا “ڕوانگە” ناوی زل و دێی وێران بوو!

ئارام کۆشکی

مانگی پێشوو نامیلکەیەکی 60 لاپەرەییم سەبارەت بە گرووپی ڕوانگە بینی بەناونیشانی “ڕوانگە؛ ناوی زل و دێی وێران” لە نووسینی “عەبدوڵڵا عەباس” هەر لە ناونیشانی کتێبەکەوە کەوتمە گومان لەوەی ئەم نووسەرە ڕەخنەیەکی مەوزووعی گرتبێت. بەو پێیەی ئەوەندەی من ئاگادار بم و بەرهەمی نووسەرانی گرووپی “ڕوانگە”م خوێندبێتەوە کارەکانی ئەم گرووپە گەورەترە لە ناوی گرووپەکە. ئەگەر بەتەنها سەرنج بخەینە سەر بەرهەمانی نووسەر و شاعیرێکی وەکو شێرکۆ بێکەس دەبینین، کە ڕوانگە چ ناوێکی بچووکترە لە ناوی ئەم شاعیرە.

سەرەتا دەبێت بڵێم ئەم کتێبۆکەیە کە هەست دەکرێت لە ساڵی حەفتاکاندا چاپ کراوە، چونکە تژییە لە هەڵەی ڕێنووس و هەڵەی تایپ، کە هەر لە بەرگی کتێبەکەوە دەست پێ دەکات تا بە ناوەرۆکی پڕ سەیروسەمەرەی کتێبەکە دەگات. کاتێک خوێنەر بەر کتێبێکی لەم چەشنە دەکەوێت بۆی دەردەکەوێت، کە نووسەرەکەى چەندە بە هەست نەکردن بە بەرپرسیارێتییەوە دەستی داوەتە کتێب چاپکردن و لەبری ئەوەی کتێبێکی گرنگ و سەنگین پێشکەشی کتێبخانەی کوردی بکات، کەچی دێت و کتێبێک پڕ لە هەڵە و هەڵچوون و خۆزگەی بەدی نەهاتوو پێشکەشی کتێبخانەی کوردی دەکات.
کتێبەکە لە بنەڕەتدا وەڵامی وتارێکی کاک “سدیق سەعید ڕەواندزی”یە لەگەڵ وتار و چەند نامەیەک و نووسەر پێیوایە کە کاک سدیق لەو نووسینەی کە وەڵامی عەبدوڵڵا عەباس (نووسەری ئەم کتێبە)ی داوەتەوە بەهەڵەدا چووە. بێگومان من نامەوێت باس لە بۆچوونەکانی کاک سدیق بکەم. بەڵام ئەوەی بەلامەوە جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردن بوو قسەکانی کاک عەبدوڵڵا و لە کۆی قسەکانیدا هەستم بەوە کرد، کە خۆزگەیەکی بەدی نەهاتووی هەبووە و ئەم وەڵامە و کۆی کتێبەکەش لەپێناو ئەو خۆزگەیەدایە، کە ئەویش ئەوەیە وەختی خۆی بڕیار بووە ناوی کاک عەبدوڵڵا عەباس لەسەر بەیانی ڕوانگە بێت و بەشێک لە نووسەرانی ڕوانگە ئەو بەڵێنەیان بە کاک عەبدوڵڵا داوە، وەک خۆیشی دەڵێ خاوەنی بیرۆکەی بەیانێکی لەو شێوەیە بووە بۆ ئەدەبی کورد، بەڵام دواتر کە بەیانەکە دەرچووە سەیر دەکات ناوی ئەوی لەسەر نییە، ئیتر لەوێوە دەکەوێتە تانەدان لە گرووپی ڕوانگە و تا بە ئەمڕۆ دەگات هەر لە هەوڵی جۆرێک لە تۆڵەکردنەوە و تانەداندا بووە لەو گرووپە و ئیدی تا گەیشتووە بەوەی بە “ناوی زل و دێی وێران” ناویان بەرێت.
هەمیشە ڕێزێکی زۆرم بۆ نووسین و بەرهەمی نووسەران هەبووە، ئەمەشم چەندجاری دیکە دووبارە کردووەتەوە، بەڵام کاتێک نووسینی لەم شێوەیە دەبینم ناتوانم ڕەخنەی نەکەم، چونکە لە بنەڕەتەوە هیچ مەرجێکی نووسینی تێدا نییە. نووسەر کتێبۆکەکەی بە پاکانەنامەیەکی مامۆستا “لەتیف هەڵمەت” و “سەربەست باوەڕنی” دەست پێ دەکات کە گوایە ئەم ئاگادارترین کەسە لە چۆنێتی بڵاوکردنەوە و ڕسکانی ڕوانگە. منیش گومانم لەوە نییە کە کاک عەبدوڵڵا گەلێک ئاگادارە، ئاخر ئەو ساڵانێکی زۆر لە رۆژنامەی هاوکاری کاربەدەست بووە و بڵاوکردنەوە و نەکردنەوەی هەموو بەرهەمێک بە فیلتەری ئەمدا تێپەڕیوە، کە ئەمەش کاری ڕۆتینی هەموو ڕۆژنامەوانێکە.
لە بەشی یەکەمی وتارەکەیدا بەناوی “حەقیقەت بێ ئارایش” دەڵێت: کە “ژمارەی ئەوانە کەم نین لە دەرگای ئێمەیان دا و (ناوبانگمان) بۆ دروستکردن”. سەرەتا دەمەوێت تەنها لەسەر ئەم ڕستەیە هەڵوەستە بکەم، ئایا کەسێک خۆی نووسەر نەبێت دەتوانێ کەسێکی دیکە بیکات بە نووسەر و ناوبانگی بۆ پەیدا بکات؟ لەوانەیە گرووپێک، یان حزبێک بتوانن ناوبانگێکی کاتی بۆ نووسەر و شاعیرێک دەستەبەر بکەن، بەڵام ئەو ناوبانگانە هەمیشەیی نین، یان هەندێک نووسەر تا خۆی لە ژیاندایە ناوبانگی هەیە (ئەویش بەهۆی پلە و پێگەی ئیداریی) ئیدی دوایی دەکوژێتەوە. ئایا کاک عەبدوڵڵا لەمە مەبەستی چییە؟ ئەو ناوبانگی بۆ کێ دروست کردووە و کێن ئەوانەی ئەم ناوبانگی بۆ دروست کردوون و دواتر هیچ نەبوون؟ بێگومان ئەگەر مەبەستی برادەرانی ڕوانگە بێت، ئەوا من گەواهی ئەوە دەدەم کە پەراوێزترینیان ناوبانگ و بەرهەمی لەم نووسەرە گرنگترە و ئەمەش پەیوەندی بەوەوە نییە کە ئەم ناوبانگی بۆ دروست کردوون، بەڵکو ئەوە نووسین و داهێنانی ئەوانە کە کردوونییەتە خاوەنی ناوبانگ.
ئێستا کاتی ئەوەیە بپرسین کاک عەبدوڵڵا بۆچی بەمشێوەیە لە هەوڵی بچووکردنەوەی ناوی نووسەرانی گرووپی ڕوانگەدایە؟ بێگومان بە خوێندنەوەی ئەم کتیبێکۆیە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە بەدەر لەوەی نووسەر لە گرووپەکەدا جێی نەبۆتەوە (ئیدی بە هەر هۆکارێک بێت)، هاوکات نەیتوانیوە هیچ شتێکی ئەوتۆ پێشکەشی ئەدەبی نەتەوەکەشی بکات. ئەو ناوەشی کە لەنێو ئەدەب و ڕۆشنبیریی کوردیدا هەیە هیچ نووسین و بەرهەمەکانی نییە، بەڵکو هی ئەو پێگەیە کە ساڵانێکی زۆر لە سەردەمی بەعسدا خاوەنی بووە ئەویش سەرنووسەری ڕۆژنامەی هاوکاری بووە. بێگومان پێگەی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی بە سەنگی قەڵەم و هێزی داهێنان بەدەست دێت، نەک بە پێگەی ئیداریی لە جێگەیەکدا، بەڵام دیارە کاک عەبدوڵڵا ئەوەی لێتێکچووە، بۆیە ئەو قسەیەی کە بۆ خۆی دروستە مەبەستم (ناوی زل و دێی وێران)ـە بۆ برادەرانی گرووپی ڕوانگە دروست نییە، بەڵکو تەنها بۆ خۆی دروستە، چونکە بەپێی پرۆفایلەکەی بێت خاوەنی نزیکەی 50 بەرهەمی ئەدەبییە بە کوردی و عەرەبی، بەڵام ئایا سەنگ و پێگەی ئەم بەرهەمانە لە کوێی ئەدەبی کوردیدان؟ و سەنگ و پێگەی بەرهەمی نووسەرانی ڕوانگەش لە کوێدان؟
بێگومان ئەم دووە گرووپی ڕوانگە و مامۆستا عەبدوڵڵا قابیلی بەراوردکردن نین، هەربۆیە خوێنەر هەر زوو بۆی دەردەکەوێت کە کێ خاوەنی ناوی زلە و دێی کێیش وێرانە. دەکرێ ئەوەش بپرسین ئەگەر (وەک کاک عەبدوڵڵا خۆی دەڵێت) لەگەڵ جەلالی میرزا کەریم بە کاریگەربوون بە گرووپی (شیعر 69) ویستوویانە بەیانێکی نوێگەرانە بۆ شیعریی کوردی دەربکەن و دواتر برادەرانی (خاوەنی ئێستای ڕوانگە) دەستیان بەسەردا گرتووە، ئەی بۆچی لە دەرەوەی ڕوانگە هەوڵە نوێگەرییەکانی بەدەر نەخست؟ بۆچی نەیتوانی پیگەی خۆی لە نێو شیعریی کوردیدا بچەسپێنێت؟ بۆچی داهێنانەکانی لە دەرەوەی ئەو گرووپە سەر پێ نەخست؟ بێگومان ئەم پرسیارانە و دەیان پرسیاری دیکەش دەکرێت ئاراستەی عەبدوڵڵا عەباس بکرێت کە من نامەوێ لیستی پرسیارەکان درێژ بکرێتەوە. بەڵام پێموایە هەمیشە داهێنەران لەنێو گرووپدا ون دەبن. ئەوەی داهێنەری ڕاستەقینە بێت لە دەرەوەی گرووپ دەتوانێت پێگە و سەنگی خۆی بچەسپێنێت. دەتوانم لێرەدا نموونەی شاعیرێکی داهێنەری وەکو سەباح ڕەنجدەر بهێنمەوە، کە خاوەنی دەنگ و قورسایی خۆیەتی لە شیعری کوردیدا، بەڵام ئەم شاعیرە لەنێو هیچ گرووپێکدا نەبووە و داهێنان و نووسینەکانی خۆی بە تاقانە و هەر بەتاقانەیی کردووە. ئەی بۆچی عەبدوڵڵا عەباس ئەوەی پێ نەکرا؟ بۆ شیوەن بۆ ئەوە دەکات کە لە نێو گرووپی ڕوانگەدا وەدەر نراوە؟ ئەی بۆ لە دەرەوەی گرووپەکە نەیتوانی ئەوەی دەیویست نوێگەر بێت لەنێو گرووپەکە لە دەرەوەیدا بیکات؟
بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارانە سەخت نییە، ئەویش ئەوەیە کە عەبدوڵڵا عەباس، جگە لە ڕۆژنامەنووسێکی ئەدەبی هیچی ئەوتۆ لە هەگبەکەیدا نەبووە. ئەوەشی گوایە شیعری نووسیوە هیچ تێپەڕاندن و نوێگەرییەکی لە شیعردا نەکردووە و بۆیە پێگەی شیعریی لاوازە، بەڵام پێگەی رۆژنامەنووسی وەکو خزمەتکارێکی ڕۆژنامەوانی سەردەمی بەعس پێگەیەکی شایستەی هەیە و هەر لێرەشەوە پیرۆزبایی ئەو پێگەیەی لێ دەکەم.
لێرەدا دەمەوێت کەمێک بچمە سەر ئەو وەڵامەی بۆ کاک سدیق سەعیدی نووسیوە، ئەوەی عەبدوڵڵا عەباس وەکو تۆمەت ئاراستەی سیدیق سەعید ڕەواندوزی دەکات ئەوەیە کە ئەو ئاگاداری مێژووی ئەدەبی نییە و نازانێت ڕوانگە چۆن ڕسکاوە؟ بێگومان دەشێ هەمان قسە بەرامبەر منیش بکات، بەڵام ئەوە بۆچوونێکی دروست نییە، راستی من و دڵنیاشم کاک سەعیدیش مامەڵە لەگەڵ مێژوو ناکەین، مامەڵە لەگەڵ ئێستا و ئایندە دەکەین، ئەوەی لەوێدا ڕوویداوە کێشەی ئێمە نییە، بەڵکو ئەوەی کێشەیە بۆ ئێمە ئەوەیە کەسێک لەو مێژووەوە بە دەستی بەتاڵ هاتووە و پێیوایە جانتایەک داهێنانی پێیە؟ یان بە جانتایەک دەفتەری سپییەوە هاتووە و دەیەوێت بە کتێب بە ئێمەی بفرۆشێت. بێگومان چاو و گوێی ئەوەمان هەیە کە دەفتەری سپی لە کتێب جیا بکەینەوە و بزانین هەگبەی ئەوانەی لە 50 ساڵی ڕابردووەوە بە ئێستا گەیشتوون چیان تێدایە؟
هەرگیز نامەوێت بەرهەمی نووسەرانی دیکە نادیدە بگرم، بەڵام هەرگیز ئەوەش قەبوڵ ناکەم لاپەڕەی سپیم بە ناوی دەقەوە پێ بفرۆشرێت. وشەی ڕیزکراوم بەناوی شیعرەوە پێ بدرێت. نوکتە و حیکایەتی ئاساییم بەناوی چیرۆکی هونەرییەوە پێ بدرێت. ئەم نەوەیەی ئێستا ڕاستە لەو زەمەنە نەژیاوە، بەڵام هەم ئاگاداری ئەو زەمەنەیە و هەم ئەوانەش دەبینێ کە بە دەستی بەتاڵەوە هاتوون و دەیانەوێت وەکو داهێنەر ئەژمار بکرێن.