فێستیڤاڵی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەولێر بەڕێوەدەچێت

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

بڕیارە ئەمڕۆ ١٣ی نۆڤەمبەر، پەیمانگای هونەرەجوانەکان، فێستیڤاڵی خۆی لە بەشەکانی میوزیک و شانۆ و شێوەکاری بەڕێوەبچێت. فێستیڤاڵەکە بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، ئەمڕۆ ١٣ ی مانگ کاتژمێر ١٠ ی بەیانی لە گەلەری زانکۆی جیهان، بە کردنەوەی پێشانگای شێوەکاریی دەستپێدەکات و تاوەکو ١٥ ئەم مانگە بەردەوام دەبێت. رۆژی ١٤ی مانگ لە هۆڵی رۆشنبیری هەولێر، بەشی موزیکی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەولێر کاتژمێر ١١ پێش نیوەڕۆ، چالاکییەکانی بەڕێوەدەبات، ١٥ ی مانگ و کۆتا ڕۆژی فێستیڤاڵ لە هۆڵی فەرهاد شەریف لەنێو پەیمانگا، بەشی شانۆ کاتژمێر ١١ پێش نیوەڕۆ، نمایشە شانۆییەکانی لە دوا ڕۆژی فێستیڤاڵەکە پێشکەش دەکات.

زیرەک حمەدامین، بەڕێوەبەری پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەولێر، دەربارەی سازدانی فێستیڤاڵەکە بە ڕۆژنامەی “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: پەیمانگای هونەرەجوانەکان لەساڵی ١٩٩٢ لە هەولێر درووستکراوە، لەهەموو ساڵەکان فێستیڤاڵ بەردەوام بووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٣ تا ئێستا فێستیڤاڵ بەڕێوەنەچووە ئەویش بەهۆی هاتنی داعش و ئەو باروودۆخەی کە بەسەر کودستاندا هاتووە بۆیە چالاکییەکان وەستابوون، بۆیە دوای ١٠ ساڵ، ئەمساڵ یەکەم ساڵی سازدانی فێستیڤاڵی پەیمانگای هونەرەجوانەکانە، هەموو ئەو چالاکییانەی ئەنجام دەدرێت لە شێوەکاری و میوزیک و شانۆ، هەر هەمووی چالاکی زۆر باشن.