دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

تەواری ئاسۆپەیام و ئەرکی شیعر

تەواری ئاسۆ دیوانه‌ شیعرێكی شاعیر كاوه‌ شێخ سه‌لامه‌، كه‌ له‌ ساڵی 2018 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، بریتیە لە ژمارەیەک هۆنراوە ، فرە ڕەهەندە، ئەرکی شیعر تێیدا جیاوازە، پەیامیش تێیدا بەهەمان ڕێبازە.

شاعیر ئاستی ڕۆشنبیری کراوەیە بەپێی ناوەرۆک و شێوازی شیعر نووسینی سەردەم، بازنەکانی قوتابخانە ئەدەبیەکان سەلماندوویەتی کە ڕوو لەهەڵکشانە، هەرچەندە لەهەڵگرتنی ئایدۆلۆژیادا سەر بە تیۆری نەتەوەیی پێشکەوتنخوازە، وەک هەڵسوکەوتی لەگەڵ کەرتی مرۆڤە ڕەنجدەر و کرێکاری دەست و بازووە پیرۆزەکانە، لەناوئەم جەنجاڵیەدا مۆمی شیعری داگیرساندووە، وەنەوز بە وشە دەدات لەپێناو مێژووی نوێی ئەدەبدا، بۆیە منیش حەزمکرد ئەم وتارە بەسەرکردنەوەیەی بۆ بکەم.
چونکە پێنووسە پاکەکان بەدەستنوێژی خۆشەویستی زمان و خاک و کلتوور هەمیشە بەردی بناغەی ئەدەبی ڕاستەقینەن ئەگەر بە چاوی زانستی لێیان ورد ببینەوە.
پارساڵ بەندە لە کۆڕێکدا قسەم لەسەر ئەم بەرهەمە، ئەم پێنووسە پڕ لە میهرە لە هۆڵی خاک لە شاری سلێمانی کرد، جەنجاڵیی هۆڵەکە بەرنامە سازەکە زانستیی ڕوو لەنەمریی بوو، ئێستا بەم مەلۆتکە نووسینە بەرهەمەکە بەپێنووسی شیکاری دەسپێرم بەهیوای ئەوەی لایەنە ڕیالیزم و ئەرێنیەکان بدرەوشێنەوە و لایەنە کەم و کورتیەکانیش بکەونە سەر خوانی چارەسەر.
هەنگاوی یەکەم ئەدەب بەشێکی ژیانە بۆ ئەوانەی بەبەرنامە دەخوێننەوە، لە قوتابخانە ئەدەبیەکان شارەزان و جووڵەی مێژوویی نووسین ئاگادارن و بێدارن لە گۆڕانکاریەکان.

شانۆی ژیان

وەک ناونیشانێکی سادە خۆی دەنوێنێت، بەڵام هۆنینەوەی بیر و سەراسیمەی وێنەکان جوان نەخشاون، شێوازی خود وەک بەکاربردنی زمان لەشوێنی پێویست ئەرکی داندراون، پەیام وەک سەروو هەڵکشاوە، واتا لە قاڵبی عەقڵی شیعریی بەجێنەماوە، خوێنەر ڕەنگە گەر ورد بیخوێنێتەوە لەودیو وێنە زەینیەکانەوە بۆ هەندێکیان بەسانایی حەپەساوە.
هەموو شەوێک
بەدیار پەردەی
شانۆیەکی دووبارەوە دادەنیشم
نە تامەزرۆم
گوێ لە دەنگی خیانەتی ئەکتەرەکان
بگرمەوە
نە لەترسی خەونە زڕو تاڵەکانم
بنوومەوە
لێرە وشە ڕێکخستن نییە، وچانی پێنووس نییە، بەڵکو خوێندنەوەی خودێکە بۆ مێژووی سەردەمی مرۆڤەکان، وەک پاڵەوانی ڕاستەقینە نین، دڵسۆز نین، وەک ستەمکارێک و ستەم دیدەن.
هەر پەنجەیە و
حەسرەت کورتیان ئەکاتەوە
هەر بەستەیە و
دڵی عاشق ئەهەژێنێ
هەر مرۆڤە و ئازیزەکەی ئەڕەنجێنێ ل ٤١
شاعیر خاوەنی خودێکی خەمبار و دابڕاوی دەروونییە، پەردەی لەسەر یەک لایەنی پەیامەکەی لابردووە، ئەویش پەیوەندییە سۆزداریەکەیە، کە سەرئەنجام، داری ئاوات زڕ دەردەچێت، بەری پێک گەیشتن ناگرێت، تەنیا هەڵکردنەوەی گڵۆڵەی مێژوویی خەمی ئازیزانە.
شاعیر لەحیوارە شیعریەکانیدا ڕووبەڕووی هەڵوێستی زۆر ڕەق دەبێتەوە، بەکەمترین شت ڕازیە بەو مەرجەی، تکا، وردو خاش بوونەکەی لە ئامێز بگرێت و ئەیکات.
تکا
تکات لێدەکەم بەس بمشکێنە
ئەگەر ڕاهاتووی هەر شت بشکێنی
وەرە تینوێتی دڵم بشکێنە ل 19
ڕووی دەروونناس چەند جوانە، تابلۆی داواکە چەند دژە باوە،
ئەم بیرۆکەیە تەنیا لە هۆشمەندی تاکێکەوە دێت کە هەمیشە زمان پژاوی و لێبووردەیی لێ دەتکێ، ڕەشەبای تۆڵە بۆ ساتەوەختێکیش بوواری بیرکردنەوەی پێ نەداوە.
لەو کۆپلەیەکدا چەشەی ئیروتیک وەک ڕەوانبێژی لەدەلاقەی لێکچوونە دووشەکان سەرەتاتکێیانە، پەڕەمووچی داوە لێوەکانی تەڕن، بەو سووکە داوایە، داواکاریەکە لەدۆخێکدایە، بزەی سەرلێو بۆداوا لە نووشتانەوەدایە.
لێوت بێنە ماچی لوتکە
هەرشایانی لێوی تۆیە
سیحری گەردوون دەربکەوێت
لە ماچێکی دەماودەما
کەوانی وشە تیرەکەی داوای لە گەردنی نزیک بەستووە، تەنیا ئەوە ماوە گۆشەی بینینی نێچیر، ڕووناکیی وەبەر بکەوێ، هێنانی لێو ستەمە لەسات چاو بەچاوەوە، دەست بەرەو لەرزین ئەی چاو لە ئاستی نووقاندنی سەرەتاو زمان نزیکە گۆکردنە، لەبەخێرهاتنی لێو لەسەر لێودا، ئەوکات جەستە هێندە پەژمووردە دەچەمێتەوە، ڕەشەبای نەرێنی داوا دەبێتە مژدەی ئەرێنی، شەک بەرانی بەخت لەبەردەم حەزدا بەچەقۆی تەسلیمبوون سەردەبڕێت.
جەستە لای شاعیر لەرزۆکی پێوەدیار نییە، لەوەسفی باڵای ئەودا، ڕەوانبێژی پشکی شێری بەرکەوتووە، داواکان وەک هەنار و قۆخ پێش وەرزی گەیشتن لەناخی وشە شیعریەکان بەئاکامی ویست پێگەیوون.
هەموو ڕۆژێک
بەباڵاتدا هەڵدەگەڕێم
بە گۆناتا دێمە خوارێ
بەری قۆخ و هەرمێ و هەنار
بەداری فیردەوسی تۆ وە
تام دەکەم و
لەکانیاوی لێوەکانت ئەخۆمەوە
من کوا ونم
ئەگەر لەبەهەشتدا ونبووم
بۆ بێمەوە
لەوە دەچێت یار دەری نەبێت، ئەندێشەی ساتەوەخت نەبێت، بەڵکو ژیانی ڕۆژانە خۆی کردبێتە دەست لەملانی شیعر، ڕەنگە بەرامبەریش خوانی ڕازیبوونی ئەو دەمەتەقێ شیعریەی لەبەردەم شاعیر دانابێت، ئەگەر بۆ یەکجاریش بووبێت، بەشیعرەکەدا دیارە وەرزیش هاوینە، باخی هەرمێ و هەنار وەک دۆخی شاعیر لەکرانەوەدایە، چاوی بەپانتایی باخچەی سنگی نەترووکاندووە، ئەم هۆنراوایە دەستنوێژی شیعر دەشکێنێت.
ئەم شێخزادەیە وێنەکانی تەڕ و پڕن، لە ساتەوەختێکدا باڵنده‌ی ئەندێشەی بەرزدەفڕن، بەڵام لەچاو ترووکانێکدا خۆی تەنیا دەبینێتەوە، وەک هەر شاعیرێکی خود دابڕان.
شاعیر توانیوویەتی جۆرێک لە سوریالیەت وەک ئاگایی بێ ئاگایی شیعر لە دەراوی بازنەی مەعریفەت بەیەک موتووربە بکات، سوریالیەت سەرچاوەکەی فرۆیدیزم هەستی ئاگا و نەستی بێئاگایە، بابزانین چۆن ئەم قوتابخانەی ئەدەبی لە دوو شیعردا بەسەرکردووەتەوە.
دۆزەخی سەربەخۆیی
تابەردەوام لەزارتەوە
هەناسەی قووڵتر هەڵمژم
پشووسواریم دێتە خوارێ و
دەبمە خۆیی
خۆی لەخۆیدا دۆزەخ نەستە ، ئەوپەڕی ڕەشبینیشە، بەڵام هەتا هەڵمژین هەستە و سنووری تەیمانی ئەندێشەی سوریالیزمە، بابزانین چۆن کۆپلەکە تەواو دەکات ، ئێمەش بەم دەرفەتە کۆتایی بەلارولەنجەی پێنووس بەم بەشە کاسەی یادی ئەم کوڕە شێخە دەزرینگێنین.
دەم لانەدەی
نەمخنکێنی ، نەمڕەنجێنی
بۆنی پرچت
ڕۆحم پڕ دەکات لەتاسە و
تامەزرۆیی
پڕ بەپڕی شێواز ئەندێشە باڵای بەرزە، وێنەکان سەرتەرزن