کاروان محه‌مه‌د و یاسین ئه‌حمه‌د
کلاودیوس جه‌یمس ڕیچ، گه‌ڕیده و ڕۆژهه‌ڵاتناس، زانایه‌کی شوێنه‌وارناسی ئینگلیزی بوو، له ماوه‌ی ساڵانی (1808 – 1821) وه‌ك باڵیۆزی به‌ریتانیا له عێراق کاری کردووه، هه‌روه‌ها نوێنه‌ری کۆمپانیای هیندی ڕۆژهه‌ڵاتی بوو له به‌غدا، له ساڵی (1821) له‌گه‌ڵ مونشی به‌غدادی که سکرتێری خۆی بوو گه‌شتێکیان کرد بۆ کوردستان؛ ڕیچ ورده‌کارییه‌کانی گه‌شته‌که‌ی تۆمار ده‌کرد، به‌ڵام فریا نه‌که‌وت بڵاویان بکاته‌وه چونکه ساڵی (1821) له شاری شیرازی ئێران‌دا که به گه‌شتێک سه‌ردانی ئەوێی کردبوو به‌هۆی نه‌خۆشی کۆلێراوه له ته‌مه‌نی (34) ساڵاندا گیانی له‌ده‌ست دا؛ خێزانه‌که‌ی له ساڵی (1836) تۆماری گه‌شته‌که‌ی ڕیچی به ناوی گه‌شتنامه‌ی ڕیچ بڵاو کرده‌وه، وه‌رگێڕی توانا (محه‌مه‌د حه‌مه‌باقی) ئه‌م کتێبه‌ی له زمانی عه‌ره‌بییه‌وه وهرگێڕاوەتەوه سەر زمانی کوردی و به ناوی (گه‌شتی ڕیچ بۆ کوردستان 1820) بڵاوی کردۆته‌وه.
ڕیچ له‌گه‌ڵ هاوه‌ڵه‌کانی ساڵی (1821) گه‌شتێك ده‌کات بۆ شاری سلێمانی، له چه‌مچه‌ماڵه‌وه به دۆڵی بازیاندا گه‌شته‌که‌ی ئه‌نجامده‌دات و له هه‌مان شوێنه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، له ڕۆژی (5)ی ئایاردا ده‌گاته ده‌ربه‌ندی بازیان و شه‌وێک له بازیان ده‌مێنێته‌وه و له (6)ی ئایاردا دۆڵی بازیان جێده‌هێڵێت به‌ره‌و ناوشاری سلێمانی، که له سلێمانی ده‌گه‌ڕێته‌وه له ڕۆژی (22)ی ئۆکتۆبه‌ردا دێته‌وه دۆڵی بازیان و شه‌وێك له بازیان ده‌مێنێته‌وه و له ڕۆژی (23)ی ئۆکتۆبه‌ردا بازیان جێده‌هێڵێت.
ڕیچ له‌م گه‌شته‌یدا زۆر به وردی سات به سات و ڕۆژ به ڕۆژ ڕوداوه‌کان تۆمار ده‌کات، باسی سه‌رجه‌م ئه‌و گوند و شوێنانه ده‌کات که پێیدا تێپه‌ڕیوه، باسی شاخ و ده‌شت و دۆڵ و چه‌م و ته‌پۆڵکه‌کان ده‌کات، پله‌ی گه‌رمی و دۆخی که‌ش و هه‌وای نووسیوه، لایه‌نی جوگرافی و مێژووی ناوچه‌که و شوێنه‌واره‌کان و ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و بارودۆخی ئابووری و ئاستی ڕۆشنبیری و دۆخی ئاسایش و خزمه‌تگوزاری و ته‌نانه‌ت ژیانی ئاژه‌ڵانی کێویشی باسکردووه.
ده‌ربه‌ندی بازیان
ڕیچ ده‌ڵێت (له نۆی پێش نیوه‌ڕۆدا گه‌یشتینه گه‌رووی ده‌ربه‌ند)، له‌و کاته‌دا بازیان له‌ژێر فه‌رمانڕه‌وایی میرنشینی بابان‌دا بووه و له ده‌ربه‌ندی بازیان فه‌رمانگه‌ی باج هه‌بووه و پاسه‌وانی لێبووه و هه‌ر بارێك تێپه‌ڕبووبێت باجیان لێ وه‌رگرتووه، ڕیچ باسی ژماره‌یه‌ك له‌و ڕوداو و کاره‌ساتانه ده‌کات که له ده‌ربه‌ندی بازیاندا ڕویانداوه به‌تایبه‌تی له‌سه‌رده‌می ئه‌وڕه‌حمان پاشای بابان‌دا.
گونده ئاوه‌دانه‌کانی دۆڵی بازیان
به‌پێی تۆماره‌کانی ڕیچ بێت چه‌ندین گوند له‌و سه‌رده‌مدا له دۆڵی بازیان ئاوه‌دان بوون و خه‌ڵکیان لێ ژیاوه و ژیانی ئاسایی خۆیان گوزه‌راندووه و زیاتر خه‌ریکی کشتوکاڵی مه‌ره‌زه و لۆکه و کونجی و توتن بوون، ڕیچ له‌گه‌ڵ هاوه‌ڵه‌کانی له‌کاتی ڕۆیشتن و گه‌ڕانه‌وه‌شیاندا له گوندی ده‌رگه‌زێن ماونه‌ته‌وه و هه‌واریان هه‌ڵداوه، له‌و سه‌رده‌مه‌دا ده‌رگه‌زێن یه‌ك گوند بووه و خه‌ڵکێکی زۆری لێ ژیاوه و خه‌ریکی کۆکردنه‌وه‌ی لۆکه بوون.
دوای جێهێشتنی ده‌رگه‌زێن له چه‌مێك په‌ڕیونه‌ته‌وه و گه‌یشتونه‌ته گوندی کانی شه‌یتان که ڕیچ ده‌ڵێت به‌م شوێنه‌یان ده‌وت (دۆڵی شه‌یتان)، پاشان باسی گوندی لازیان ده‌کات و ده‌ڵێت مه‌ڵبه‌ندی ناوچه‌که‌یه، پێده‌چێت له‌و سه‌رده‌مه‌دا لازیان گوندێکی گه‌وره بووبێت و ناوه‌ندی کارگێڕی بازیان بووبێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌وردی نازانرێت سیستمی کارگێڕی میرنشینی بابان چۆن بووه، بۆیه نازانین بازیان چی پله‌یه‌کی کارگێڕی هه‌بووه، به‌ڵام به‌پێی وته‌کانی ڕیچ بێت بازیان سنوورێکی دیاریکراوی هه‌بووه و فه‌رمانڕه‌وای خۆی هه‌بووه هه‌روه‌ك ده‌ڵێت (ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌ت یان لیوای بازیان له دۆڵێکه‌وه یان له چه‌مێکی بچکۆله‌وه ده‌ستپێده‌کات پێی ده‌ڵێن شیوه‌سوور که نیوکاتژمێر له خۆرئاوای گه‌روی ده‌ربه‌نده‌وه دووره، تا ئه‌و لوتکانه بڕ ده‌کات که‌لای باکوری خۆرهه‌ڵاتی ئێمه‌وه‌ن له‌ژێر پیره‌مه‌گروندا ئیتر له‌وێوه ده‌سه‌ڵاتی سوورداش ده‌ست پێده‌کات)، پاشان ده‌گه‌نه ته‌یناڵ، که ڕیچ ده‌ڵێت گوندی (تای ناڵ) ئه‌مه‌ش پێش بوونی ته‌یناڵ بووه به ناوه‌ندی کارگێڕی بازیان.
شوێنه‌واره‌کانی بازیان
ڕیچ باسی چه‌ند شوێنه‌وارێك ده‌کات که له دۆڵی بازیاندا بینیونی، سه‌ره‌تا باسی قه‌ڵای بازیان ده‌کات که ده‌که‌وێته پشتی ده‌ربه‌ند و ده‌ڵێت ( خانێکی بچووك هه‌یه، ڕاسته‌وخۆ لهبهرامبهریشیدا که‌لاوه‌یه‌کی بچووکی چوارگۆشه یان سه‌کۆیه‌ك هه‌یه له‌گه‌ڵ هه‌ندێ بیره ئاو) دواتر باسی دوو که‌لاوه ده‌کات به ناوی (شه‌یتان بازاڕ) و (گه‌وره قه‌ڵا) و ده‌ڵێت گومانیان تێدا نییه که هه‌ردووکیان ساسانین، ئه‌م دوو شوێنه‌واره له نزیك گوندی کانی شه‌یتانن که به‌داخه‌وه تا ئێستا کنه‌وپشکنینی ته‌واوه‌تییان بۆ نه‌کراوه، هه‌روه‌ها باسی گردی گۆپاڵه ده‌کات که گردێکی توورهکهڕێژه و ئه‌و به کۆبارا ناوی هێناوه و ده‌ڵێت (کتومت له گرده‌که‌ی چه‌مچه‌ماڵ ده‌چوو).
تورکمانه‌کانی ده‌رگه‌زێن
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه ڕیچ ده‌ڵێت دانیشتوانی گوندی ده‌رگه‌زێن له بنه‌چه‌دا تورکمانن و به زمانی خۆیان ده‌دوێن و زۆر به ئاشکراش ڕوخساریان له گوندنشینه کورده‌کانیان جیا ده‌کاته‌وه، هه‌رچه‌نده له هیچ سه‌رچاوه‌یه‌کی دیکه‌دا باسی تورکمان نه‌کراوه که له بازیاندا ژیابێتن و، (مێجه‌رسۆن) که له ساڵی (1907)دا هاتۆته ده‌رگه‌زێن و ده‌ڵێت ئێستا هیچ تورکمانێك له‌وه‌ی ڕیچ باسی ده‌کات له‌م ناوچه‌یه‌دا نین، به‌ڵام ئه‌مه‌ی ڕیچ باسی ده‌کات جێگه‌ی هه‌ڵوێسته له‌سه‌رکردنه و پێویستی به توێژینه‌وه‌ی زیاتره تاکو بزانرێت ئه‌و تورکمانانه که‌ی له بازیان ژیاون و له کوێوه هاتون و که‌ی ناوچه‌که‌یان جێ هێشتووه بۆ کوێ ڕۆیشتوون.
- سوود وەرگیراوە له کتێبی بازیان مێژوو و گه‌شه‌سه‌ندنی.