دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

د. خەسرۆ ئەحمەد ڕەسول: گرێی كاری ڕۆنانێكی ئاڵۆزی هەیە

هێمن خەلیل – هه‌ولێر

د. خەسرۆ ئەحمەد ڕەسول ماستەرنامەكەی بە ناوونیشانی (بەركار لە زمانی كوردیدا بەپێی ڕێبازی فۆڕمی) یە. لەچاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری چاپكراوە و تێزی دكتۆراكەشی (ڕستە لە شێوەزاری خۆشناوەتیدا بەپێی تیۆری دەسەڵات و بەستنەوە) یە. لە 18 /11/2012 لە كۆلێژی ئادابی زانكۆی سۆران گفتوگۆكراوە و پلەی نایابی وەرگرتووە، لەئێستادا مامۆستایە لە ئامادەیی شەقڵاوەی كچان. تایبەت بە تێزی دكتۆراكەی دیدارێكمان لەگەڵیدا كرد.

لەسەرەتا لە( د.خەسرۆ )مان پرسی تیۆری (x-bar)، وەكو لقە تیۆرێكی تیۆری دەسەڵات و بەستنەوەی چۆمسكی چۆن باسی گرێ دەكات؟
لەوەڵامدا گوتی: “بەپێی تیۆری (x-bar)،كە لقەتیۆرێكی تیۆری دەسەڵات و بەستنەوەیە، گرێ دابەش دەبێت بۆ گرێی لێكسیكی و گرێی ئەركی. ڕستە لە چەند كەرەستەیەك پێكدێت، هەر كەرەستەیەكیش بتوانێت ببێتە جێكەوتەیەك و ئەركێكی سینتاكسی ببینێت، ئەوا گرێ یە. تیۆری دەسەڵات و بەستنەوە، یاساكانی تیۆری (x-bar) بۆ ڕۆنانی گرێ لە جیاتی یاساكانی گرێ پێكهێنان بەكاردێنێت، كە چۆمسكی لەساڵی 1957 لە كتێبی (ڕۆنانە سینتاكسییەكان) دا، خستیەڕوو، چونكە یاساكانی گرێ پێكهێنان چەند كەمو كوڕییەكی هەیە. تیۆری (x-bar)، كە مۆدێلێكی سینتاكسییە، یاسایەكی هەمە لایەنی بۆ هەموو گرێكان دادەنێت و گرێكانیش بە هەموو جۆرەكانییەوە، بە گرێی ناوكی (Endocentric) دادەنێت. واتە هەموو گرێیەك سەرەیەكی هەیە و سەرەكەش لەناو گرێكەدایە. گرێ بەلایەنی كەمەوە لە سەرەیەك، یان لە سەرەیەك و كەرەستەكانی تری پێكدێت. تیۆری (x-bar) تایبەتە بە ڕۆنانی پێكهاتەكان، چ ڕستەبێت، چ گرێ، چ یەكەی بچووكتر. ئەم تیۆرەش وەسفی پەیوەندییە ڕۆنانییەكانی نێوان یەكەكانی ڕستە دەكات. گرێش لەتیۆری (x-bar) دا، بۆ دوو جۆر دابەشدەبێت، كە بریتین لە گرێی لێكسیكی و گرێی ئەركی.”
لەپرسیارێكی تر لەو مامۆستایەمان پرسی سەرە چ ڕۆڵێك لە گرێی لێكسیكی دەبینێت و جۆرەكانی گرێی لێكسیكی چین؟
لەوەڵامدا دەڵێ: “جۆرەكانی سەرە لە گرێی لێكسیكیدا پەیوندییان بە پۆلی وشەكانەوە هەیە. بەم پێیە تیۆری (x-bar) چەند جۆرێك لە گرێی لێكسیكی دیاریدەكات، كە بریتین لە (گرێی ناوی، گرێی كاری، گرێی ئاوەڵناوی و گرێی پێشناوی). وەكو یاسایەكی گشتی بەرامبەر هەموو گرێ لێكسیكیەكان دەشێت هێمای (x´´/xp) دابنرێت و بەڵام (x´) ئەو پێكهاتەیە، كە لەسەرە و تەواوكەر پێكدێت. هێمای (x) بۆ سەرە دادەنرێت و سەرەش دانەیەكی فەرهەنگییە. هەر یەك لەم گرێیانە سەرەیەكی هەیە، كە سەرەی (NP)،(N)ە و سەرەی (VP)، (V) یە و سەرەی (AP)، (A) یەو سەرەی (PP)، (P) یە. كەواتە سەرەی گرێ لێكسیكییەكان بۆ كاتیگۆریەكانیان دەگەڕێتەوە. سەرەش چەند تایبەتمەندییەكی هەیە، كە هەڵگری زانیاری واتایی و سینتاكسییە و جۆری گرێكە و ئەو كەرەستانەی كە شوێنی دەكەون دیاریدەكات. واتە سەرە وا دەكات، كە چ جۆرە كەرەستەیەك شوێنی بكەوێت. دەشێت سەرە لێكسیكیەكانیش بە پێی سیمای (+ كار) و (- ناو) بەم شێوەیەی خوارەوە دیاریبكرێن:
گرێ سیما
ناو +ن-ك
كار +ك -ن
ئاوەڵناو +ناو + ك
پێشناو -ن -ك
سەرەی گرێ لێكسیكییەكان سەر بە بەشەكانی ئاخاوتنن و جۆرێكن لە پۆلەكراوەكان، چونكە پەیوەستن بە دانەكانی فەرهەنگەوە و پەیوەندییان بە دەروازەی فەرهەنگییەوە هەیە و واتاداران.”
دەربارەی تیۆری (x-bar)، گرێی ناوی (Noun phrase/NP/N´´) چۆن چۆنییە؟ دكتۆر خەسرۆ ڕای وایە: “لە تیۆری (x-bar) دا، كاتیگۆری ناو، گرێی ناوی پێكدێنێت و ناو (N) سەرەی گرێی ناوی (NP) یە. بە واتایەكی تر (N)، كە سەرەیە، هێمایە بۆ ناو، یان ناوئاسا و هێمای (N´) یش سەرە و تەواوكەر لەخۆدەگرێت. (NP) یش مەزنترین جێكەوتەیە.
بەم پێیە، (NP) ڕاستەوخۆ بەسەر (Spec) دا، زاڵە و هەر یەك لەسەرە (N) و تەواوكەریش، دەبنە خوشكی یەكتر و كچی (´N). هەریەكە لە (Spec) و (N´) یش دەبنە خوشكی یەكتر. بە واتایەكی تر،(NP)، (Spec) و (´N) دەگرێتەخۆ و (´N) یش، سەرە (N) و تەواوكەر دەگرێتەخۆ. گرێی ناویش لە ڕووی ڕۆنانەوە، بۆ دوو جۆر دابەش دەبێت.
1-گرێی ناویی ناوك.
2-گرێی ناویی فراوانكراو.
لەوەڵامی گرێی ناویی ناوك ئەو مامۆستایە گوتی: “گرێی ناویی ناوك ئەو گرێیەیە، كە سەرەكەی فراوان نەكرابێت و تەنیا لە سەرەی گرێی ناوی پێكهاتبێت. سادەترین گرێی ناویش لە ناوێك، یان ناو ئاسایەك پێكدێت. واتە سەرەی گرێی ناویی ناوك، گرێیەكی ناوییە.”
لەپرسیارێكی تر لە( د. خەسرۆ)مان پرسی گرێی ناوی چۆن فراواندەكرێت؟ لەوەڵامدا ئاماژەی دا: “دەتوانرێت گرێی ناوی لەناوەوە و لەدەرەوە و لە هەر دوو لاوە فراوانبكرێت. دەشێت گرێی ناوی لە ناوەوە بەهۆی ئاڕتیكلی ناسراوی، نەناسراوی، كۆ، ناسراوی و كۆ پێكەوە، و خاوەنیەتی فراوانبكرێت. هەریەك لەمانەش دەكەونە دواوەی (N) ەوە. مەبەست لە گرێی ناویی فراوانكراو لە دەرەوەش، فراوانكردنی گرێ ناوییە لە پێشەوە بە هۆی (Specifier) ەكان و لە دواوەش بەهۆی دیارخەرەكانەوە (Modifier). واتە دەشێت ڕۆنانی دەرەوەی گرێی ناوی لە لای چەپ، لە لای ڕاست، یان لە هەر دوو لا، لە چەپ و ڕاست فراوانبكرێت.”
تایبەت بە گرێی ناوی لەپێشەوە چۆن بەهۆی سپێسیفایەڕەكانەوە فراواندەكرێت؟
د.خەسرۆ ڕای وایە: “بوونی سپێسیفایەر لە گرێدا، یاسایەكی گشتیی زمانەكانە، بەڵام شوێنی هاتنی سپێسیفایەر لە گرێدا، پەیوەستە بە تایبەتمەندیی زمانەكانەوە، كە ئایا سپێسیفایەر لە لای ڕاستی سەرەوە دێت، یان لەلای چەپیەوە. بە پێی نووسینی ئەلفبێی ئارامی و عەرەبییەوە، سپێسیفایەر دەكەوێتە لای ڕاستی سەرەوە. سپێسیفایەرەكانی زمانی كوردی لە گرێی ناویدا بریتین لە تاكبەندەكان، وشەی نیشانە، ڕادە و وشەی پرس.”
سەبارەت بە گرێی كاری،گرێی كاری (VP/Verb phrase) چییە و تیۆری (x-bar) چۆن ڕەفتاری لەگەڵ دەكات؟ ئەو مامۆستایە دەڵێ: “گرێی كاری، ئەو گرێیەیە، كە بوونی لە ڕستەدا بەخورتییە، چونكە كەرەستەیەكی سەرەكیی ڕستەیە و بە بێ ئەو ڕستە ڕۆنانرێت. سادەترین گرێی كاری لە كار و ئەو كەرەستانە پێكدێت، كە پێوەی پەیوەستن. گرێی كاری ڕۆنانێكی ئاڵۆزی هەیە. لە گرێی كاریدا، كار سەرەیە، كە لە مۆڕفیمەكانی ڕەگی كار و كات و ڕێككەوتن (مۆڕفیمی كەس) پێكدێت. لە كاریشدا، مۆڕفیمی ڕەگ، مۆڕفیمێكی سەرەكییە، بەواتایەكی تر ڕەگی كار هەڵگری واتای ڕەسەنی كارە.
دەشێت لە چوارچێوەی یاسای گشتی گرێكاندا، یاسایەكی گشتی بۆ شوێنی كار لە گرێی كاریدا دابنرێت. هەروەكو لەم هێڵكارییەی خوارەوەدا ڕووندەكرێتەوە:
ئەم هێڵكارییەی سەرەوە، گرێی كاری لە زمانەكانی مرۆڤ لە جیهاندا دەردەخات، كە شوێنی هەردوو بۆشاییەكانی یەكەم، شوێنی سپێسیفایەرە و بە پێی تایبەتمەندیی زمانەكان، یان لەلای چەپ، یان لەلای ڕاست دێت و شوێنی هەردوو بۆشاییەكانی دووەمیش، شوێنی تەواوكەرەكان، یان سەربارەكانە، كە بە پێی تایبەتمەندیی زمانەكان، یان لەلای چەپ، یان لەلای ڕاست دێن. (VP) لە سپێسیفایەر و (V´) پێكدێت . (V´) یش لەسەرە، كە (V) یە لەگەلأ تەواوكەر پێكدێت. ئەگەر سەرباریش هەبێت، ئەوا (´V)، كە ئاستی ناوەندە، دووبارە دەبێتەوە. سەرباریش، یان (PP) یە، یان (Advp)ە.
سەبارەت بە زمانی كوردی، كە نووسینەكەی لە ڕاستەوە بۆ چەپە، ئەوا سپێسیفایەری (VP) لە لای ڕاستە و كاریش، كە سەرەیە دەكەوێتە كۆتایی و ئەگەر كاریش تێپەڕ بێت، ئەوا داوای تەواوكەر دەكات، بەم شێوەیە:
بۆ ئەوەی تیۆری (x-bar) هەموو زانیاریی ڕۆنانیی گرێكان بگرێتەخۆ، وا دەخوازێت كەوا ئاستی گرێ (xp)، (x´) و (x)، كە نوێنەرایەتی كاتیگۆرییەكان دەكەن، گشت زانیارییە ڕۆنانیەكانی گرێ لەخۆبگرن. بۆیە نابێت هێڵكاری لە تیۆری (x-bar) دا، بە شێوەی فلاتبێت، بەڵكو دەبێت لقەكان بەشێوەی دوانەیی (Binary) بن.”
لە (د.خەسرۆ) مان پرسی گرێی ئەركی چییە و جۆرەكانی چین؟ لەوەڵامدا گوتی: “سەرەتا تەنیا باسی كەتیگۆرە لێكسیكییەكان دەكرا، بەڵام دواتر لەلایەن عەبدولقادر فاسی فەهری (1980) لە كتێبی (Some complement phenomena in Arabic،the complementizer phrase Hypothesis and the Non-Accessibity Condition، Analyss The´orie) و چۆمسكی (1986) لە كتێبی (Barriers) و ئەبنێی (1987) لە نامەی دكتۆراكەی (The English Noun phrase in Its Sentential Aspect) و هی تر گریمانەی ئەوەیان كرد، كە تیۆری (x-bar)، كاتیگۆرە نالێكسییەكانیش بگرێتەوە. گرێ ئەركییەكان، ئەو گرێیانەن، كە سەرەكانیان، ناو، كار، ئاوەڵناو، یان پێشناو نییە، بەڵكو سەرەی ئەو گرێیانە چەند ڕەگەزێكن، كە ناوەڕۆكێكی لێكسیكییان نییە، بەڵكو گیرەكن (affixes) و خاوەن ئەركی سینتاكسین. بەواتایەكی تر سەرەی گرێ ئەركییەكان كەرەستەی ئەركین، چونكە هەر فۆڕماتیڤێكی سینتاكسی لە زمانێكی دیاریكراودا، ئەگەر لەگەلأ كاتیگۆرە ئەركییەكان هاوشان بێت، لەڕووی سینتاكسییەوە سەرەی جێكەوتەیەكی مەزنە. بەم پێیە (D ) سەرەی (DP ) یە و (Num) سەرەی (Nump) یە و (I) سەرەی( IP) یە و (C) سەرەی( CP ) یە و (Co) سەرەی (CoP) یە و …هتد. كەواتە مۆڕفیمەكانی ناسراوی، نەناسراوی، خاوەنیەتی، خستنەپاڵ، كات، ڕێككەوتن، كۆ، ئەسپێكت، گەیەنەر، لێكدەر…هتد سەرەی گرێی ئەركین.”
هەروەها گرێی دیاریكەر (DP/ Determiner phrase) چییە؟ د. خەسرۆ دەڵێ: ” لە سەرەتادا ئەو توێژینەوانەی بە ( x-bar ) دەكران، ئەو گرێیەی كە سەرەكەی ناو بوایە، ئەوا بەگرێی ناوی (NP) شیكاردەكرا، بەڵام دواتر لە (x-bar) دا، ئەم گرێیە وەكو (DP) سەیریكراوە.
گرێی دیاریكەر ئەو گرێیەیە، كە سەرەكەی دیاریكەرێكە، وەكو ئاڕتیكلەكانی ناسراوی، نەناسراوی، كۆ، خستنەپالأ…هتد. بەم پێیە دیاریكەرەكان، كە بە (D) هێمای بۆ دەكرێت، دەبنە سەرەی گرێكە و (NP) یش لەگرێی (DP) دا دەبێتە تەواوكەری سەرە.”
بۆچوونت لەبارەی گرێی گەردانی (I´´/IP/lnflectional phrase) چۆنە؟ ئاماژەی دا: “گرێی گەردانی گرێیەكی ئەركییە و یاسای گشتیی گرێی لە تیۆری (x-bar) دا، بەسەر جێبەجێدەبێت. سەرەی گرێكە مۆڕفیمی ڕێككەوتن و كاتە، كە بە (INFL) هێمای بۆ دەكرێت. گرێی گەردانی / IP ڕستەیە. بەواتایەكی تر ڕستە، گرێیەكی ئەركییە. (IP) جێكەوتەی مەزنە و لە (I´) و (I) پێكدێت. (I´) جێكەوتەی ناوەندە و (I)، كە سەرەیە، جێكەوتەی نزمە. سپێسیفایەری (IP) بریتییە لە (NP) ی بكەر، هەروەها تەواوكەری (IP) یش بریتییە لە (VP) و تەواوكەرەكەشی بەخورتییە. واتە دەبێت بوونی هەبێت و نەبوونی دەبێتە هۆی دروستبوونی ڕستەی ناڕێزمانی.”
د. خەسرۆ سەبارەت بە (x-bar) گرێی ڕێككەوتن (AGR´´/AGRP/Agreement phrase)/ گرێی ڕێككەوتنی بكەری (AGRsP/Agreement Subject phrase) چییە؟ ڕای وایە: “گرێی ڕێككەوتن كە بە (AGRsP /AGRP) یان (AGR´´) هێمای بۆ دەكرێت، گرێیەكی ئەركییە و جێكەوتەی مەزنە و سپێسیفایەرەكەی گرێی ناویی بكەرە و تەواوكەرەكەی دەشێت (TP) بێت و سەرەكەشی مۆڕفیمی ڕێككەوتنە. واتە (AGRP) جێكەوتەی مەزنە و (AGR´) جێكەوتەی ناوەندە و (AGR) یش جێكەوتەی نزمە.گرێی ڕێككەوتن، ڕێككەوتنی نێوان بكەر و كار پیشاندەدات.
شوێنی جێكەوتەكان لەم هێڵكارییەی خوارەوەدا، ڕووندەكرێتەوە:
تایبەت بە تیۆری (x-bar) چۆن سەیری گرێی كات (T´´/TP/Tens phrase) دەكات؟ ئەم مامۆستایە دەڵێ: “گرێی كات، كە بە (T´´/TP) هێمای بۆ دەكرێت، جێكەوتەی مەزنە و سەرەكەی مۆڕفیمی كاتە و سپێسیفایەرەكەی گرێی ناویی بكەرە و دەشێت تەواوكەرەكەی (VP) بێت.
واتە (TP) جێكەوتەی مەزنە و (T´) جێكەوتەی ناوەندە و (T) جێكەوتەی نزمە.”سەبارەت بە تیۆری ( x-bar ) لە ڕستەی لێكدراودا چۆن ڕەفتار لەگەڵ گرێی ( CO´´/CoP/Conjunction Phrase) دەكات؟ د. خەسرۆ دەڵێ: “گرێی لێكدەر گرێیەكە، كە دوو كەرەستە پێكەوە لێكدەدات، جا ئەو كەرەستانە، گرێی ناوی (NP)، گرێی كاری (VP)، گرێی گەردانی (IP)، یان.. هتد بن. یەكێك لەو هەوڵانەی بۆ گونجاندنی گرێی لێكدەر دراوە، بریتییە لەوەی كە مۆڕفیمی لێكدەر دەبێتە سەرەی گرێی لێكدەر و یەكەم كەرەستە دەبێتە سپێسیفایەر و دووەم كەرەستەش دەبێتە تەواوكەر. بە گرێكەش دەوترێت گرێی لێكدەر، كە بە (CO´´/CoP) هێمای بۆ دەكرێت.”