گۆڤارێک بۆ پەرەپێدانی فیکری “فرەیی”

نووسینەوەی مێژوو تەنها ئەرکی مێژوونووسان نییە، بەڵکو زۆرجار نووسەران و ڕۆژنامەنووسان و هزرمەندانی قۆناغێک دەتوانن ڕۆڵیان لە نووسینەوەی مێژوو و ئاراستەکردنی ئەو مێژووەدا هەبێت. زۆرجار بۆ ئەوەی ئاگاداری قۆناغێکی ژیانی ڕۆشنبیریی و کولتووری بین ناچارین بگەڕێینەوە بۆ لاپەڕەی ئەو ڕۆژنامە و گۆڤارانەی لەو قۆناغەدا بڵاوکراونەتەوە و زۆرجاریش مێژوونووسانیش دەگەڕێنەوە بۆ ئەو سەرچاوانە و وەکو سەرچاوەی باوەڕمەند سوودی لێ دەبینن. بۆیە بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامە، یان گۆڤار، تەنها ئەرکێکی میدیایی نییە، بەڵکو ئەرکێکی مێژوویی و کولتوورییە و جۆرێک بە بەڵگەمەندکردنی قۆناغ و سات و ڕووداوگەلێکە، کە ڕەنگە لە جێگەی دیکە ئەرشیف نەکرابێت.

کاتێک دەمانەوێت لە ئەدەب و ڕۆشنبیریی نیوەی یەکەمی سەدەی بیست ئاگادار بین، ناچارین بگەڕێینەوە بۆ گۆڤاری “گەلاویژ” و ڕەنگە لەو گۆڤارە سەنگینتر و متمانەدارترمان دەست نەکەوێت بۆ ئەوەی ئەو قۆناغەی پێ بخوێنینەوە. کاتێکیش دەمانەوێت لە هەنگاوەکانی بزووتنەوەی ڕوانگە ئاگادار بین، بەهەمان شێوە گەڕانەوە بۆ بڵاوکراوەکەیان کە تەنها سێ ژمارەی لێ بڵاوکرایەوە دەمانگەیەنێت بە هەندێک ڕاستی مێژووی و ڕۆشنبیریی و ئەدەبی. کەواتە بڵاوکردنەوەی هەر ڕۆژنامە و گۆڤارێک گەورەترە لەو دیدگایەی کە پێی وایە تەنها ئەرکێکی میدیاییە و ئەو ئەو قۆناغەی تێیدا بڵاو دەکرێتەوە. نەخێر؛ میدیاکاران و نووسەران و هزرمەندان هەمیشە بە بەرهەم و داهێنان و وەرگێڕانەکانیان مێژوو دەنووسنەوە، لێرەوەیە هەر قۆناغێک ڕۆژنامە و گۆڤاری تێدا نەبێت، مێژوو تێیدا دەوەستێت و جوڵە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکانیش (لێرەدا پێداگریمان لەسەر جوڵەی ئەدەبی و ڕۆشنبیرییە) دەوەستێت. بۆیە هەر ڕۆژنامە و گۆڤارێک هەڵگری کۆمەڵێک خەون و سیما و جوڵەی ئەو قۆناغەیە کە دەتوانرێت لە پاشەڕۆژدا قۆناغەکەی پێ بخوێنرێتەوە.
سەرەتای ئەم مانگە لە شاری سلێمانی یەکەم ژمارەی گۆڤاری “فرە”، کە گۆڤارێکی تیۆری هزرییە، چاپ و بڵاوکرایەوە. ئەم گۆڤارە لە نیگای یەکەمەوە بۆ یەکەم ژمارەی ئەوە دەردەکەوێت کە دەشێ دەنگێکی نوێ بێت لەم سەردەمی بێدەنگییە کوشندەیەی نووسەران و ڕۆشنبیرانی کوردی تێکەوتووە. بێدەنگییەک، کە هەست بە متبوونێک دەکرێت لە بزاڤی ئەدەبی و فیکریی و ڕۆشنبیرییدا، بۆیە زەروورەتی ئەم گۆڤارە ئەوەیە، کە بتوانێت جوڵەیەکی نوێی مەعریفی دروست بکات و کۆمەڵێک دەنگ و خامەی نوێی ڕۆشنبیریی لەم قۆناغەدا بە خەون و دیدگای نوێوە بناسێنێت و خەون و داهێنانەکانیان بڵاوبکاتەوە و دەنگی نوێش دروست بکات.
یەکێک لە خاڵەگرنگەکانی ئەم گۆڤارە ئەوەیە کە دروشمی “بوون فرەییە”ی هەڵگرتووە. فرەییبوون لەم سەردەمەدا ڕەنگە ئەو چەمکە بێت، کە هەموان پێویستە بڕوای پێ بهێنن. ئایدیای یەک ئایین و یەک ئایدۆلۆژیا و یەک دەوڵەت و یەک زمان و هەموو یەکەکانی دیکە بەرەو کاڵبوونەوە دەچن. ئەوەی لەم سەردەمەدا دەدرەوشێتەوە فرەییبوونە و ئەمەش دروشمی سەرەکی ئەم گۆڤارەیە، کە من وەکو خوێنەرێک گەلێک دڵخۆشم بەم دروشمە و بەهیوام تەنها لە چوارچێوەی دروشمدا نەمێنێتەوە و بەشێک لەو واقیعە متبوو و بێدەنگە بجوڵێنێت و دیدگای فرەییبوون لە پانتایی جۆراوجۆردا بڵاوبکاتەوە.
نامەوێت تەنها لە یەکەم ژمارەوە حوکمی ئەوە بدەم کە پڕۆژەکە بەرەو کوێ دەڕوات، بەڵام بەوەدا کە ئەم ستافە کە بەشێکن لە نووسەران و وەرگێڕەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان دەشێ بپەڕنەوە فرەییبوونێک بۆ هەر چوارپارچەی بەزۆر کەرتکراوی کوردستان و فرەییەکی مەعریفی و کولتووریی لەسەر ڕووپەڕی لاپەڕەکانی ئەم گۆڤارە دروست بکرێت. لێرەوە پێشنیاری خوێندنەوەی ژمارەی یەکەمی ئەم گۆڤارە بۆ شەیدایانی مێژوو و هزری کورد دەکەم.