بۆچی بەشێكی ئافرەتان لە كاتی دووگیانیاندا تووشی مایەسیری دەبن؟

ماكوان عێزەت – هه‌ولێر

مایەسیری نەخۆشییەکە کە لە ئافرەتاندا باوترە وەک لە پیاوان، گرفتێكی ترسناك و كوشندە نییە، بەڵام بێزاركەرە و بە ئازارە. بەشێكی ئافرەتان لە ماوەی دووكیانیاندا تووشی حاڵەتی نەخۆشی مایەسیری دەبن، ئەمەش بەهۆی ئەوەی كە دووگیانی دەبێتە ھۆی زیاد کردنی پەستانی ناو حەوز و سک.

مایەیسیری لەماوەی دووگیانیدا
دکتۆرە ئەوین بایز پسپۆڕ لە نەخۆشیەکانی مەمک، غودەی دەرەقی، مایەسیری، کۆئەندامی هەرس و جگەر ڕوونیدەكاتەوە كە مایەسیری بریتییە لە هەڵئاوسانی موولولەکانی خوێن لە دەوری کۆم، ئەکرێ لە ناوەوەی کۆم بێت و نەبینرێت یاخود لە دەرەوەی کۆم بێت.
هەر بۆیە مایەسیری حاڵەتێکی باوە لە سکپڕیدا، لە ٤ ئافرەتی دووگیان یەکێکیان تووشی مایەسیری دەبێت.
دکتۆرە ئەوین بایز لە بارەی هۆكاری مایەسیری لەکاتی دووگیانیدا ئاماژە بەوەدەكات كە ئافرەتانی دووگیان لە ماوەی دووگیانیدا ئەگەری توشبوونیان بە مایەسیری زیاترە، ئەمەش بە هۆی زیادبوونی پەستان لەسەر خوێنهێنەرەکانی حەوز و کۆم بەهۆی گەورەبوونی منداڵدان و گەشەکردنی کۆرپە، وە بەهۆی زیادبوونی هاتووچۆی خوێن بە دەمارەخوێنەکاندا. هەروەها فشار کردن لەکاتی تەوالێتدا بەهۆی قەبزییەوە كە ئەمەش ئەگەری توشبوون بە مایەسیری زیاددەکات.

كەی مەترسی زیاتر هەیە لە ئافرەتان كە توشی مایەسیری ببن؟
دکتۆرە ئەوین بایز : خانمانی دووگیان لەماوەی سێیەکی دووەم و سێیەمی دووگیانی ئەگەری توشبوونیان بە مایەسیری زیاتر دەبێت بەهۆی زیاتر گەورەبوونی منداڵدان و گۆڕانی هۆرمۆنەکان.
كەسی توشبوو دەتواندرێت چارەسەر بكرێت یانیش چارەسەری چییە؟
دکتۆرە ئەوین بایز : بە چەند ڕێگەیەك دەتواندرێت بەرەنگاری ببێتەوە:
1-گۆڕینی شێوازی ژیان: خواردنی خۆراکی دەوڵەمەند بە ڕیشاڵ وەکو سەوزە و میوەکان و زۆر خواردنەوەی ئاو دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی قەبزی و بەمەش فشار نەکردن لە کاتی توالێتدا.
2- مایەسیری گیر بووی دەرەکی دەتوانرێت چارەسەر بکرێت بە دانانی پاکی بەستو لەسەر شوێنەکە بۆ کەمکردنەوەی ئازار و ئاوسان. هەروەها حەمامێکی گەرم لەوانەیە یارمەتی کەم کردنەوەی ئازار بدات.
3-بەکارهێنانی دەرمانی نەرمکەرەوەی پیسایی کە یارمەتی جوڵەی ڕیخۆڵە دەدات و قەبزی کەمدەکاتەوە.
4-دەرمانی ئازار و کرێمی تایبەت بە مایەسیری بۆ کەمکردنەوەی ئازار، خوران، هەوکردن و ئاوسان.
ئەگەر حاڵەتەکە باشتر نەبوو ڕەنگە پێویست بە نەشتەرگەری بکات پاش منداڵبوون.
دکتۆرە ئەوین بایز ئامۆژگاری ئافرەتان دەكات و بە پێویستی دەزانێت لەکاتی توشبوون بە مایەسیری یاخود بوونی خوێن لەگەڵ پیسایی سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت.