شۆڕش غەفووری – ههولێر
حەوفتا و پێنجەمین پێشانگای نێونەتەوەیی كتێبی فڕانكفۆرت، ڕۆژی سێشەممە 17ی ئۆكتۆبەر كرایەوە. ئەم پێشانگەیە سەرەتا بۆ سەردانكەرە بازرگانەكان بوو كە زیاتر لە 4200 خاوەن ژوور لە 95 وڵاتی دونیاوە بەشداری پێشانگەكەیان كرد.
حەفتا و پێنجەمین پێشانگای نێونەتەوەیی كتێبی فڕانكفۆرت، عەسری سێشەممە 17ی ئۆكتۆبەر كرایەوە و ڕێكەوتی 22ی ئۆكتۆبەر و بە پێدانی خەڵاتی ئاشتیی چاپەران و كتێبفرۆشە ئەڵمانییەكان بە سەلمان ڕوشدی كۆتایی بە كارەكانی خۆی هێنا.
ئۆلاف شۆلتس ڕاوێژكاری باڵای ئەڵمان، بە هۆی هاوكاتی ئەم مەراسیمە لەگەڵ سەفەری لەناكاوی بۆ ئیسرائیل، بەشداری كردنەوەی پێشانگانە نەبوو و كلۆدیا ڕۆت، وەزیری ڕاوێژكاری كاروباری فەرهەنگی ئەڵمان لە حزبی سەوزەكان لەبری ئەو بەشداری مەراسیمەكەی كرد. هەروەها ناتاسا پێرك مۆسار، سەركۆماری ئسلۆنیش بەشداری پێشانگەكەی كرد. ئیسلۆنی، میوانی شانازیی پێشانگانی ئەمساڵی فڕانكفۆرت بوو.
كارین ئیشیمیت فریدریشز، سەرۆكی ئەنجوومەنی كتێبفرۆشانی ئەڵمان، ڕۆژی سێشەممە لە كۆنفڕانسی ڕۆژنامەنووسیی كردنەوەی ئەم پێشانگەیە گوتی كە پێشانگەی كتێبی فڕانكفۆرت بۆ ماوەی 75 ساڵە بووەتە “شوێنی ئازادی بەیان و فرە بڕوایی”.
یۆرگن بۆز، بەڕێوەبەری پێشانگای نێونەتەوەیی كتێبی فڕانكفۆرت گوتی جیهان لە كۆنتڕۆڵ دەرچووە و ئینسانییەت، بە شەڕی حەماس و ئیسرائیل ورد بووە. ئەو لە درێژەدا سەرەخۆشی لە خەڵكانێك كرد كە خزمەكانیان بوونەتە قوربانی توندوتیژی و هەموو ئەو فەلەستینی و ئیسرائیلیانەی بە هۆی شەڕەوە تووشی ئازار بوون.
بەشداری و وتارێكی سەلمان ڕوشدی، نووسەری بەریتانیی بە ڕەچەڵەك هیندی، لە مەراسیمی ڕۆژی شەممە 21ی ئۆكتۆبەر لە پێشانگای نێونەتەوەیی كتێبی فڕانكفۆرت، جێگەی سەرەنج بوو. دەركەوتنی ڕوشدی لە نێو خەڵك پاش هێرشەكەی ساڵی 2022 بوو بۆ سەری. سەلمان ڕوشدی كە خەڵاتی ئاشتی چاپەران و كتێبفرۆشانی ئەڵمانیانی لە كڵێسە مێژووییەكەی پاوڵ فڕانكفۆرت پێ بەخشرا، هاوینی ڕابردوو لە وتاردانێكی لە نیۆیۆرك لە لایەن ئیسلامگەرایەكی توندئاژۆوە بە ناوی (هادی مەتەر) هێرشی كرایە سەر و بە سەختی بریندار كرا.
ڕوشدی لەو كاتەوە تا ئێستا، بینایی چاوێك و كۆنتڕۆڵی دەستێكی لە دەست داوە و ئەم هێرشەش نزیكەی 30 دوای فتواكەی ساڵی 1989ی خومەینی دێت كە فتوای تیرۆركردنی ڕوشدی دا لەسەر كتێبەكەی بە ناوی (ئایەتی شەیتانی).
ئەنجوومەنی ناوەندی چاپەران و كتێبفرۆشانی ئەڵمان، ڕۆژی دووشەممە 19ی جوونی 2023 لە فڕانكفۆرت ڕایگەیاندبوو كە ڕوشدی “بە هۆی تەسلیمنەبوون، ئەقڵی كراوە بۆ ژیان و ئەو حەقیقەتەی كە بە حیكایەتبێژی، دونیای دەوڵەمەند كردووە”، ڕێزی لێ دەنرێت.
ڕوشدی بە شاكارە ئەدەبییەكانی (منداڵانی نیوەشەو) و (ئایاتی شەیتانی)، نێوبانگییەكی گەورەی بەدەست هێنا. كتێبە نوێیەكەی ڕوشدی ناوی (چەقۆ) لە ئەپرێلی 2024 بڵاو دەبێتەوە.
لە پەراوێزی پێشانگای نێونەتەوەیی كتێبی فڕانكفۆرتی ئەمساڵ، دەتوانین ئاماژە بە هەڵوەشاندنەوەی پێدانی خەڵاتی (لیبراتۆر) بە (عەدنیە شبلی) نووسەری بەڕەچەڵەك فەلەستینی بكەین. ئەم خەڵاتە كە دەبەخشرێتە باشترین بەرهەمی نووسەرانی ژنی ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریكای لاتین، بەڕێوەبەرانی پێشانگەكە ڕایانگەیاند كە شبلی ئەمساڵ خەڵاتەكە وەرناگرێت و بۆ كاتێكی دیكە دوادەخرێت و تەنانەت گفتوگۆ و دیدارە گشتییەكان لەگەڵ عدنیە شبلی و وەرگێڕەكەی گۆنتێر ئۆرت لە پێشانگەكە هەڵوەشایەوە. دوای ئەم بڕیارە، زیارت لە 600 نوسوەر و چاپەر، لە نامەیەكی سەرئاواڵا ناڕەزایەتی خۆیان نیشان دا و گوتیان كە دواخستن و هەڵپەساردنی ئەم مەراسیمە بێ هەماهەنگی لەگەڵ شبلی بووە. بەڵام پێشانگای نێونەتەوەیی كتێبی فڕانكفۆرت ڕاگەیاند كە دواخستنەكە بە هۆی نێوەرۆكی ڕۆمانەكەیەتی كە لە هەندێك شوێن “دژەیەهودیەت”ـی تێدا دەبینرێت.
شایەنی باسە یەكیەتی چاپەرانی سوریەش بەشداری پێشانگای نێونەتەوەیی كتێبی فڕانكفۆرتیان نەكرد، چونكە پێشانگەكەیان بە “پشتیوانی ئیسرائیل” هەژمار كرد.