حەمەسەعید حەسەن, قوڕاویشم بداتێ دەیخۆمەوە

حەوفتا و پێنجەمین پێشانگای نێونەتەوەیی كتێبی فڕانكفۆرت، ڕۆژی سێشەممە 17ی ئۆكتۆبەر كرایەوە. ئەم پێشانگەیە سەرەتا بۆ سەردانكەرە بازرگانەكان بوو كە زیاتر لە 4200 خاوەن ژوور لە 95 وڵاتی دونیاوە بەشداری پێشانگەكەیان كرد.

لەمێژساڵە، مەگەر چۆن، دەنا هیچ نووسینێکی حەمەسەعید حەسەن نەبووە، چاوم پێی کەوتبێ و زیاتر لە جارێک نەمخوێندبێتەوە. هۆکاری سەرەکی ئەو هۆگربوون و وابەستەبوونەم بە نووسینەکانی ناوبراوەوە، ئەوەیە هەمیشە زانیاری نوێم پێ دەبەخشێ، زۆر بە نەرمی دەستم دەگرێ و دەمباتە ناو مێرگی وشە و ڕاز و نیازەکانی.

حەمەسەعید حەسەن، وێڕای ئەوەی، خۆی نوقمی نێو کتێب و خوێندنەوەیە، لە هونەری نووسین و داڕشتن و وێناکردنیشدا، لە ترۆپکی جوانییەکانەوە بانگمان دەکات. ئەو لێبڕاوانە داینەمۆیە بۆ ساردنەبوونەوەی زۆرێک لە خوێنەران، کاتێک لێشاوێک لە نووسین و بەناو شیعر و لێکۆڵینەوەی بەتاڵ دەبینن، دەکەونە ژێر تەمی بێزاری و حەوسەڵەی خوێندنەوەیان نامێنێ، بەڵام نوسینێکی حەمەسەعید حەسەن، وزەیان پێ دەبەخشێت. دەشێ خۆیشم یەکێک بم لەوانەی ڕووبەڕووی ئەو دۆخە بوومەتەوە.

سروشت، خەڵاتێکی گەورەی بەو نووسەرە ئازیزەمان بەخشیوە، کە خۆی لە بەردەوامی و ڕاستگۆیی و ماندوویینەناسیدا دەبینێتەوە، ئەوە بۆیە ئەوەی پێشکەشمانی دەکات، ژەنگ و ژاری پێوە نییە، وەک گەنمی قەندەهار دەکرێ سوودێکی هەمەلایەنەی لێ ببینین، ئەگەر خۆمان فێری خوێندنەوە کردبێ.
یەکێکی دی لە جوانییەکانی ئەو خامە ڕەنگینەمان ئەوەیە، فێری ستایشکردن نەبووە، نە بۆ دەسەڵات، نە بۆ ئۆپۆزسیۆن و کەسایەتییە سیاسی و ئایینی و ئەدەبییەکان. ئەوەی ئەو خامەیە خوێنی بۆ دەڕێژێ، نیشتمان و باوەڕی نیشتمانی و داهێنەری ڕاستەقینە و کەسایەتییە سپییەکانن.

ناکرێ ئاماژە بە شارەزایی و جیهانینی و سەرنجەکانی نەدەین، ئاخر حەمەسەعید حەسەن، کاتێک ڕەخنە دەگرێ، لە هەمان کاتدا فێرکاریشە، کاتێک نەشتەری ڕەخنە دەخاتەگەڕ، دەزانێ لە کام دێڕ و کام دەربڕیندا، برینێکی شاراوە یان ئاشکرا هەیە و دەبێ بەشێوەیەک راست بکرێتەوە، جارێکی دی و لە شوێنێکی دیکە دەرنەکەوێتەوە. شارەزایی و بەدواداچوونەکانی، سەبارەت بە ئەدەبی جیهانی، شکۆیەکی گەورەتری بەخشیوە بەو نووسەرە، هەمیشە پشکی شێری هەبووە و بەردەکەوێ، لە ناساندن و نیشاندانی گەوهەری داهێنەرانی بیانی، لەنێو قووڵاییی زەریای ئەدەبدا، ئەوەش بۆ خوێنەری کورد زۆر لە گرنگ گرنگترە..
کاتێک لەمەڕ دەقێک یان نووسینێک قەڵەمی دەخاتە کار، دەزانێ بۆچی دەنووسێ و چۆن دەستی دەگاتە ئەو مرواریانەی هەموو خوێنەرێک پەی پێ نابات، یان بە پێچەوانەوە، شارەزایانە ئەو خاڵە لاوازانە دەستنیشان دەکات کە نووسینەکەیان بێپێز کردووە، هەموو ئەوانە بەشێوەیەکن ڕێگە نادات، بکەوێتە ژێر کاریگەری سۆز یان ڕقەوە، بۆیە ڕەخنەلێگیراو سوودمەندە لە سەرنج و تێبینییەکانی.

ئەگەر قسەمان لەسەر ڕێنووس و بەکارهێنانی دەستەواژەکان و وشەسازی بێت، دیسان ئەو لەپزێڕینە، بەشێوەیەک ئەسپی خۆی تاو داوە، کەم کەس هەیە، بتوانێ کار بکات بۆ ئەوەی ببێتە هاوشێوەی. ئەو هەمیشە سەرقاڵی کردنەوەی پێشانگایە، ئاخر لە کام نووسینی ئەو نووسەرەماندا بووە، لەگەڵ خوێندنەوەی چەندین تابلۆ بەر چاومان نەکەوێت؟ ئەگەر نووسینی شیعر، پێویستی بە وێنەی شیعری بێت، دیارە لەگەڵ ڕەگەزەکانی تری شیعر، ئەوا ئەو وێنەیە لە هێلانەی خەیاڵی نووسەرەوە باڵ دەگرێ و بە نووکی خامەیەکی ڕەنگین دیمەنەکانی دەکێشرێ و لە ڕێگای وشەسازییەوە، دەبێتە وێنەیەکی خەیاڵی. بە هەمان شێوە بۆ نیگارکێشێکیش دەبێتە شیعرێکی بە ڕەنگ نووسراو.

هەموو ئەوانە، زادەی ئەندێشە و زانست و زانیاری ئەو خامە بەبڕشتەن. هیوادارم خوێنەری کورد، بە تامەزرۆیییەکی زۆر و دیقەتەوە، خۆیان لەنێو مێرگی وشە و ڕاز و نیازی ئەو داهێنەرەماندا ون بکەن، هەتا جوانتر بتوانن بکەونە مشتوماڵێکی پێویست. وەک خۆم لە دواییدا دەڵێم: پەرداخی حەمەسەعید حەسەن، قوڕاویشی تێدا بێ، نۆشی دەکەم، چونکە دڵنیام ئەو قوڕاوە، بە ڕۆح و خڵتەی هونەر و ئەدەب ئامادە کراوە.

٢٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣