خدر ئیبراهیم خدر
( ئەحمەد شاملوو )ی گەورە ئەدیب و شاعیری فارس زمان لە میانی گێرانەوەی کورتە یادەوەرییەک سەبارەت بە پۆشینی کراسێکی ڕەنگ سپی لە ڕۆژێکی هەورین و باراناویدا، مەبەستییەتی لێکچونێک لەنێوان پیسبوونی کراسەکەی لەگەڵ پیسبوونی دڵی مرۆڤدا نیشان بدات. ئەو دەیەوێت، بڵێت وەک چۆن کاتێک کراسێکی ڕەنگ سپی بەهۆی بەرکەوتنی دڵۆپە بارانەکانەوە، ڕەنگی دەگۆڕێت و، لە هەندێک جێگەی پەڵە دەگرێت و، دڵی مرۆڤیش هەروا.. تەنها جیاوازیهکە لەوەدایە ئەوەی پەڵە لەسەر دڵی مرۆڤەکان دروستدەکات، دڵۆپە باران و شەستە باران و تاوە باران نییە، بەڵکو ئەو هەست و سیفاتە نێگەتیڤانەن کە لەگەڵ بونیادی ڕاستەقینەی مرۆڤدا پێچەوانە دێنەوە و، لەجێگەی جوانی، ناشیرینی، لەجێگەی شکۆداری، زەلیلی و، لەجێگەی هەقدۆستی، ناهەقی و، لەجێگەی گەشبینیش، ڕەشبینی بەرهەم دەهێنێت. ئێرەیی و، ڕق و، نەفرەت و، دووڕوویی و، خیانەت و، مەیلی تۆڵەکردنەوە و، فێڵ و تەڵەکەبازی و، نمایشی درۆزنانە و، چەندین خەسڵەت و سیفاتی بەد و نەخوازراوی دی، زنجیرە میکانیزمێکی هەڵە و نادروستن کە مەخابن بەشێک لە مرۆڤەکان وەک دەستاوردێک لە ژیانی فیزیکی خۆیاندا لەبەرامبەر هاوزمان و هاوئایین و هاوشار و هاونیشتمانەکانیاندا بەکاری دەبەن و، لەمەشەوە، نەک هەر دڵ و دەروونیان، بەڵکو زۆرینەی کات نییەت و گوفتار و کردار و ڕەفتارەکانیان لە باکگراوەندی ئەو خەسڵەت و سیفاتە نادروستانەوە ئاراستە دەکەن و، بە نۆبەی خۆیان ئەو پانتاییە جوگرافییە ژاراوی دەکەن کە تیایدا هەناسە دەدەن. هەڵبەت ( شاملوو ) تەنها بەوە ناوەستێت کە لە پەنای گێرانەوەی ئەو کورتە یادەوەرییەیدا، ئەو لێکچوونە تەنها لە دروستبوونی پەڵە و لەکەدا لەسەر کراس و دڵی مرۆڤدا کورتبکاتەوە، بەڵکو مەبەستێکی دیش لە نووسینی ئەو وشانەدا دەخاتەڕوو، ئەویش ئەوەیە کە بەخوێنەر بڵێت وەک چۆن کراسێکی ڕەنگ سپی، نیازی بەوەیە زوو بشۆردرێت تاکو پەڵەکانی سەری نەمرن و، پاشان لەکەڵک نەکەوێت، بەهەمانشێوە، دڵی مرۆڤەکانیش نیازی بەوەیە لە پەڵە و لەکه دزێویانە پاکبکرێتەوە کە خەسڵەت و سیفت نەخوازراوەکان پێکدیدەهێنن. ئەگەر نا دوواتر پەڵە و لەکەکانی سەر دڵی مرۆڤیش دەمرن و، بۆ پاککردنەوەیان کارێک لەدەست بنیادەم نایەت، یاخود تابڵێی ئەستەم و مەحاڵ دەبێت. ئەگەرچی ( شاملوو ) ئاماژەی بەوە نەکردووە دڵی مرۆڤ بۆ پاکبوونەوەی نیازی بە بەکاربردنی چ کەرەستەیەکی ماددی یاخود مەعنەوییە، بەڵام ئەزموونی ژیان پێماندەڵێت ئەوەی دەتوانێت دڵ و دەروون و بونیادی مرۆڤ لە ژەنگ و ژەهری خەسڵەت و سیفاتە دزێوەکان پاکبکاتەوە، بەکاربردنی ئەو دەستاوردە ئیمانی و مرۆڤی و ژیاریانەیە کە پێکدژن لەگەڵ مەیلی ڕەشبینی و هەستی دڕدۆنگی و، تاریکدۆستی وێرانکاری و دڕندەخوازیدا. بەکاربردنی مەحەبەت و مرۆڤدۆستی و خودادۆستی و ژیاندۆستییە لە ژیانی تایبەتی خود و، مومارەسەکردنی ژیانی کۆمەڵایەتی لەگەڵ ئەوانی تردا . *** ئەمەی خوارەوە، پوختەی نووسینەکەی ( شاملوو )یە کە لەم ڕووەوە نووسیویەتی و، وەرمگێراوەتە سەر زمانی کوردی: ( کراسێکی سپی جوان و دڵڕفێنم هەبوو. ڕۆژێکیان کە ئاسمان بە هەور داپۆشرابوو، کراسەکەمم پۆشی و، لەکاتی گەڕانەوەم بۆ ماڵەوە، باران دایکرد. بەمەش کراسەکەم شەمزا و پیسبوو.. گوێم پێنەدا و، پێموابوو هەرکاتێک بیشۆم، پاکدەبێتەوە. بەڵام پاک نەبۆوە! چەندینجار سووشتم، کەچی هەر پاک نەبۆوە. تەنانەت جارێک بردمە لای کابرای جلشۆر تاکو بیشوات، بەڵام بێفایدەبوو! کەسێک کە لەلای جلشۆرەکە کاریدەکرد، گوتی: ” ئەو کراسە، لەکە و پەڵەکانی سەری مردوون ! ” . ئینجا گوتی : ” هەندێک لەکە و پەڵە کاتێک زۆر بمێننەوە، دەمرن. بۆیە دەبێت بەزوویی لاببرێن و، شوێنەکەیان پاک بکرێتەوە”. کەواتە، لەکە و پەڵەکانی سەر کراسەکەم مردوون. بەو هۆیەوە، حەسرەتی دووبارە پۆشینی، بەسەر دلمەوە نووسا… * زیادەڕۆییم نەکردووە ئەگەر بڵێم دڵی مرۆڤیش جیاوازییەکی وەهای لەگەڵ کراسی سپیدا نییە! کاتێک دەشەمزێت و، پیس دەبێت. ئەگەر بەهەندنەگیرێت، لەکە و پەڵەی لێ دروست دەبێت. بە قەولی ئەو کەسەی لەلای جلشۆرەکە کاریدەکرد: ” لەکە و پەڵە، تا ئەوکاتەی کە تازە و زیندوویە، دەبێت بشۆردرێت و، شوێنەکە پاک بکرێتەوە .)