دیار هه‌ڵه‌بجه‌یی: شیعر بۆ خۆی خەیاڵە و خەیاڵیش هیچ سنوورێکی نییە

گەرمیان گلی – هەولێر

شاعیر دیار هه‌ڵه‌بجه‌یی، له‌ ساڵی ١٩٧١ له‌ شاری هه‌ڵەبجه‌ لەدایک بووە، قۆناغه‌كانی خۆێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندیی هەر لە هەڵەبجە تەواو کردووە و په‌یمانگای مامۆستایانی له‌ سلێمانی ته‌واو کردووە، دوای ساڵانێک ئەزموونی مامۆستایەتی، ئێستا لەیەکەی چالاکی قوتابخانەکانی سلێمانی سەرپەرشتی بەشی شیعر و پەخشان دەکات. وەک خۆی لەو دیمانەیەیدا بۆ “ڕۆژنامەی هەولێر” دەڵێ: شیعر بۆ خۆی خەیاڵە و خەیاڵیش هیچ سنوورێکی نیە.

باسێکی بەرهەمە شیعرییەکانت بکە؟
ئاشنابوونم به‌ دنیای شیعر ده‌گه‌ڕێته‌وە بۆ ناوەڕاستی نەوەدەکان و هەتا ئێستایش بەردەوامم و تێکەڵم لەگەڵ ئەو دنیا جوانەدا. من خاوه‌نی دوو نامیلكه‌ی شیعریم کە لانەی منداڵانی کوردستان، بە سپاسەوە ئەرکی لەچاپدانیان گرتە ئەستۆ، شیعرەکانیش به‌ناوه‌كانی، به‌رسیلله‌ ساڵی ٢٠٠٤ و شاری یاری ساڵی ٢٠٠٨. له‌ زۆربه‌ی ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كاندا شیعرم بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و وەرگری چەند خەڵاتێکی ئەدەبیم لە بواری شیعردا، بەپێی ئەوەی شیعرەکانم لیریکن، بۆیە زۆربەی هونەرمەندان کاریان لەسەر تێکستەکانم کردووە، هونەرمەندانی وەکو، نەجمەددین غوڵامی و دیاری قەرەداغی و میکایل و حەمەڕەئوف کەرکوکی و کەمال محەمەد و کامەران عومەر و زاهیر جەلال و لوقمان سەلیم و کاروانی نەی و ئاریان کەریم و گۆران نوری و شاخەوان هەڵەبجەیی و هەڵوێست محەمەد و ئاڵا عومەر و دەریا خالید و ئاڤان عوسمان و تارا ڕەسوڵ و چەند هونەرمەندێکی تری بواری گۆرانی و موزیکی کوردی. پرۆژه‌ی ئێستایشم دیوانێکی شیعریه‌ به‌ناوی “دیوانی دیار هەڵەبجەیی” کە سەرجەم شیعرەکانمی لەخۆ گرتووە و بە سپاسەوە دۆستانی هەڵەبجە ئەرکی لەچاپدانیان گرتووەتە ئەستۆ. وە تازەترین شیعریشم کە کراونەتە گۆرانی بەدەنگی هونەرمەندان (نەجمەددین غوڵامی) بەناوی(داژگەی ژیان) وە هونەرمەند (کەمال محەمەد) بەناوی (وا ٣٠ ساڵە) هەردوو گۆرانیەکەش لە وڵاتی سوید لەلایەن (شادمیر نامۆ) کاری میوزیک و تۆمارکردنی بۆ کراوە.

لە کەیەوە دەنووسیت؟
وەک لەژیاننامەکەمدا ئاماژەم پێکردووە لەناوەڕاستی نەوەدەکانەوە ئاشنام لەگەڵ شیعر، بەڵام لەساڵی ١٩٩٩ وە، بۆیەکەمجار شیعرەکانم لەگۆڤار و ڕۆژنامەکان بڵاو کرایەوە و ئیتر هەستمکرد بەرپرسیارییەتی ئەو ژانرە ئەدەبیەم کەوتووەتە ئەستۆ.

بۆچی دەنووسیت؟
بۆ ئەوەی لە پۆخڵەواتیەکانی ژیان خۆم پاک بکەمەوە و ژەنگ هەڵنەهێنم، یان هەر هیچ نەبێت، بۆ ئەوەی بتوانم دوای ژیانئاوایی لەڕێی تێکستەکانمەوە بکەومەوە یادی دۆست و هاوڕێ و ئازیزانم.

شیعرەکانت زیاتر هەڵگری چی پەیامێکن؟
شیعر بۆخۆی پەیامە، گەر پەیامەکە مرۆڤایەتی بێت، ئەوە باشترە و دەبێت سپاسی شیعر بکەین.

حەز دەکەی چی نازناوێکت پێ ببەخشن؟
جگە لە هەندێک شاعیر کە تەنیا ناوی خۆی و باوکێتی، لێ هەر شاعیرە و هەڵگری نازناوێکە، من بۆخۆم دایکی ڕەحمەتیم نازناوی (هەڵەبجەیی) پێخۆش بوو بۆیە ئەو ناوەی پێ بەخشیم، خۆ ئەگەر مەبەستیشتان هەندێک نازناوی قەبەی وەک ئیمپراتۆر یان مامۆستا یان پاشای شیعر یان هەر ناوێکی تری لەو جۆرەبێت، ئەوە تەنیا خەڵک دەتوانێ ئەو ناوەت پێ ببەخشێت کە من لەگەڵیدا نیم.

گریان یاخود پێکەنین؟
هەردووکیان، چونکە گریان و پێکەنین بەر لەهەر شتێک غەریزەی مرۆڤن، ئەگەر خەمێکت هەبێ، مەگەر گریان فریادڕەس بێت بۆ ئەو خەمەی کە هەتە، خۆ ئەگەر شادی یان خۆشیەکیشت هەبێ مەگەر هەر پێکەنین پێناسەی ئەو خۆشیانەت بکات.

ئەو کاتەی دەنووسیت، خەیاڵەکانت تۆ بەرەو کوێ دەبەن؟
پرۆسەی نووسین پرۆسەیەکی ئاڵۆزە بەتایبەت شیعر، شیعریش بۆ خۆی خەیاڵە و خەیاڵیش هیچ سنوورێکی نیە و ناتوانی جڵەوگیری بکەیت، زۆرجار ویستوومە شیعر بۆ بابەتێکی تایبەت بنووسم، کەچی خەیاڵم لە شتێکی دیکەوە سەری دەرچووە.

ناوی چەند شاعیرێکی ناوخۆ و جیهانیم پێ بڵێ کە زۆر تایبەت بن لای تۆ؟
هەر کەسێک کە سەرەتا بەهرەیەکی تێدا دەردەکەوێت، ئەو کەسە پێی بزانێ یان نا، ئەوە کاریگەرە بە نووسەران و شاعیرانی پێش سەردەمی خۆی، جا لە هەر بوارێکدا بێت، بۆیە بە دڵنیاییەوە منیش بەدەرنیم لەو حاڵەتە و کاریگەر بووم بە شاعیرانی پێش سەردەمی خۆم ئەوانیش وەکو، مەولەوی و نالی و مەحوی وەک شاعیرانی کلاسیک و گۆران و سوارەی ئێلیخانزاد وەک شاعیرانی نوێی کوردی و هەروەها شێرکۆ و پەشێو و هەڵمەت و جەمال غەمبار و دلاوەر قەرەداغی وەک شاعیرانی ئەم سەردەمە. لێتانی ناشارمەوە “بەکر عەلی” شاعیری جوانەمەرگیش یەکێکە لە شاعیرانی دڵخوازی من. بۆ شاعیران و نووسەرانی جیهانیش مەگەر لێرە و لەوێ بەر تێکستێک یان چەند تێکستێکیان کەوتبێتم، بەڵام سوهرابی سپێهری و فروغی فەڕوخزاد و ئەحمەد شاملۆی فارس و نزار قەبانی و مەحمود دەروێشی عەرەب تایبەتن و شیعرەکانیان کاریگەریان نەک لەسەر من، بگرە لەسەر زۆربەی شاعیرانی ئەم جیلەی ئێستا هەبووە و هەیە.

پڕۆژەی تازەت چییە؟
ئاشکرایە ماوەیەک بەر لە ئێستا دیوانە شیعریەکەم وەک تازەترین پرۆژەم لە سێ مەراسیم و لە هەرسێ پارێزگاکەی کوردستان، هەڵەبجە و سلێمانی و هەولێر بڵاوکردەوە، بەبەشداری چەند هونەرمەندێکی بواری میوزیک و گۆرانی و بەئامادەبوونی جەماوەرێکی زۆر مەراسیمەکان بەڕێوەچوون، دیوانەکەش لەڕێگەی هاوڕێ و برای خۆشەویستم مامۆستا کۆچەر میرزا و دۆستانی هەڵەبجە بەچاپ گەیێنرا، لێرەشەوە دەمەوێ سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی هەموو ئەو ئازیز و خۆشەویستانەم بکەم کە بەشدار بوون لە هەرسێ مەراسیمەکەدا، لە هەڵەبجە و هەولێر و سلێمانیدا.