کتێبخانە گشتییەکانی هەولێر

   ناز فەلەکەدین کاکەیی

بەشی : 3
کتێبخانە تەنها جێگای خوێندنەوە و کتێب و نووسین نییە؛ بەڵکو سەنتەرێکی گەورەی کولتووری و ڕۆشنبیری و هونەرییە، بۆ هەموو چینێکی خەڵکی لە هەر تەمەن و کارێک، سەدان چالاکی لە ڕێگای ڕێکخراوەکانی مەدەنی و حوکومی و ناحوکومی، فەرمانگاکانی حوکومەت و، وەزارەتەکان لە هۆڵی کتێبخانەدا دەکرێت. پردێکی دۆستایەتی نێوان ئستافی کتێبخانە و کۆمەڵگادا دروست بووە، هۆڵەکانی کتێبخانە هەردەم دەرگای بە ڕووی کەسانی خاوەن ئەزموون لە بوارە جیاوازەکان کراوەیە و، ڕێگا بە بیرۆکەی گەنجان دەدرێت تا سمیناری خۆیان پێشکەش بکەن. هەردەم مۆمی ڕووناکی کۆڕی هۆنراوە و شیعر و پەخشان بە تیشکی جوانی وشەی شاعیران دادەگیرسێت. فستیڤالی ساڵانەی ئەکادیمی و هونەری سەدان کەسی لەم تەلارە کۆ کردووە.

چالاکی و پانێلی تایبەت بە پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکان بۆتە ئەڵقەیەکی ئاشتەوایی و پێکەوەژیان لە نێو کەشوهەوای خاوێنی پارکی سامی عەبدولڕەحمان و پەناگای ئارامی کتێبخانە مانگانە هەموومان کۆ دەکاتەو تا زیاتر بتوانین ڕۆڵی خۆشەویستی و مرۆڤ دۆستی لە کۆمەڵگا بڵاو بکەینەوە.
چەندین چالاکی لە ڕووی تەندروستی بۆ مناڵانی ئۆتیزم یان خاوەن پێداویستی و، بە گشتی سەبارەت خۆپارێزی لە نەخۆشی خەڵکانی زۆری کۆ کردووە و کتێبخانەی بۆتە شوێنێکی خۆبەخش بۆ هەر زانستێک و هەر پرۆژەیەک.
چالاکی چەندین باڵوێزخانە لە باڵاخانەی کتێبخانە ئاماژە بە کەشی گونجاو و ئارامی کتێبخانە دەکات.
ساڵانە لە وەرزی خوێندن دەنگی شادی قوتابیانی قوتابخانە و زانکۆکان کە پۆل پۆل بۆ بینینی میکانیزمی کتێب و خوێندنەوە؛ ئێمە دڵخۆشتر دەکات و زیاتر هیوامان بۆ خزمەتکردن بەرەو پێش دەبات.
هەرچەند کەموکووڕی تەکنیکی و ئابووری لە هەموو ڕوویەکەوە ڕوومان لێ دەکات، بەڵام بۆ ئەوەی بیسەلمێنین ئێمەش شان بە شانی وڵاتان بایەخ بە ڕەوتی ڕۆشنبیری دەدەین هەر ڕۆژ بە هیوا و دڵی فراوان باوش بۆ ڕەوتی ڕۆشنبیری دەکەینەوە.
خوێنەر و بەرپرسی کتێبخانەکانی عێراق بەردەوام سەردانی کتێبخانە دەکەن و پێکەوە کتێب ئاڵوگۆڕ دەکەین.
یک لەم پەیوەندییانە کە لە ڕێگای سۆشیال میدیا بۆتە پردێکی دۆستایەتی نێوان کتێبخانەکانی سەر بە پارێزگاکانی عێراق (مدراء المکتبات المرکزیە العامە العراقیە) وای کردووە ئاگاداری گشت ئەو چالاکیانەی کتێبخانە کان لە عێراق بم. شاری بەسرە یەک
لەو پارێزگانەیە کە لەڕووی ڕۆشنبیری و خوێندنەوە پێشکەوتن زیاتر لە سەد کتێبیان پێشکەش بە کتێبخانەی گشتی هەولێر کردووە؛ هەروەها داوام لێیان کردووە کە بەشێکی کوردی لە کتێبخانەیان جێگر کەین و دەیان کتێبمان پێشکەشیان کردووە.
هونەرمەندانی کورد و هەروەها عێراقی ساڵانە پێشانگای وێنە لە کتێبخانە دەکەنەوە بە تایبەت ئەمساڵ لە هەموو پارێزگاکانی عێراق هونەرمەندانی وێنەکێش بە چەندین تابلۆی ڕەنگاورەنگ لە گەڵ هونەرمەندانی خانەقین و کەرکووک و سلێمانی و بەشدارییان کردووە.
هەفتانە سمیناری جۆراوجۆر بۆ کارمەندانی کتێبخانە لە ڕووی سایکۆلۆژی و ئیدارە و هەروەها تەندروستی پێشکەش دەکرێت.
زارۆکان و نەوجەوانان بێبەش نین لە چالاکی وەک (شەترەنج، شانۆگەری، مۆسیقا و خوێندنەوە) لە بەشی کتێبخانەی مناڵان (مناڵانی ٣ تا ١٨ ساڵان).
لە ئەنجامدا دەتوانم بڵێم کتێبخانە با ببێتە شوێنێک بۆ ئاشتەوایی کوردی و ناوچەیی و هەروەها کۆمەڵایەتی.