هێنده‌ی دووری نێوانمان بیرت ده‌كه‌م

گەردین بەرزێوەی

دەڵین لەیادکردن وەختی دەوێت، ئەو قسەیە هیچ راست نییە. لەیادکردن دڵی دەوێت ئەویش لای تۆیە ئەوە نزیکەی”٣”ڕۆژ دەبێ هیچ هەواڵێکت نەپرسیوم. تەنانەت سووکە پەیامێکیشت نەناردووە ئەوەش بۆمن فەترەیەکی زۆر زۆرە
هاوڕێی خۆشەویستی خۆم، من هێشتا هەر لە سەفەرم، پلەکانی گەرما هەروا لە بەرزبوونەوەدان بە پێی قسەی کەشناسەکان ئێستا پلەی گەرمی لە سەرووی “٤٧”پلەیە، کەچی هێشتا من هەست بە فێناکایی دەکەم
نازانم بۆ هەر وەختێک قسە لەگەڵ تۆ دەکەم یان نامە بۆ تۆ دەنووسم فێنکایی هەموو گیانم دەتەنێ.
خۆزگە ئێستا هەستت بە نیگەرانی و پەشێوی من دەکرد. نازانم لەبەر بەرزبوونەوەی پلەی گەرمییە یان لەبەر بێدەنگی تۆیە کە نزیکەی”٣”ڕۆژە هەواڵێکت نەپرسیوم.
هاوسەفەرەکانم هەمیشە سەرزنشتم دەکەن، پێم دەڵین بۆچی مات و داماوی؟ بۆچی خۆشیت لێ نایە؟ من بەهانە بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما دەگرم ئەوان هەروا قاقایانەو وێنەی جۆراو جۆر دەگرن من پەنا بۆ تەنیایی دەبەم، ئەوان هەروا لەگەڵ دەنگی ڕیکۆردەرەکە سەماو هەڵپەڕکێیانە من بە ڕادەیەک غەمبارم خەریکە ئەسرین گۆناکانم تەڕ دەکەن.
دڵنیابە ئەوەی بۆت دەنووسم حەقیقەتە نەک خەیاڵ
ڕەنگە نەتوانم ئیدامە بە نووسینەکانم بدەم چونکە “تۆ هیچ ناڵێی و منیش پڕم لە وشە بۆ تۆ”
بەراست باش بوو بیرم کەوتەوە. نامەکەشتم خوێندەوە دەست خۆشیت لێدەکەم جوان بوو. وەلێ وەک خۆت دەڵێی ئەمە یەکەمین نووسراوتە پێویستت بە کاتی زیاتر هەیە دڵنیام نامەکانی ئایندەت جوانتر دەنووسی، ئەوەش هەیە سەرەتای هەموو کارێک دەست پێکردنی سەختە و دواتریش هەموو شتێک باش دەبێت دڵنیام تۆش لە ئایندەیەکی نزیک سەرکەوتوو دەبیت.
لە کۆتایی نامەکەشت هەستم بەوەکرد تۆش وەک هەموو ژنەکانیتر، ترست هەیە لە رەگەزی نێرینە، ئەوەش مافێکی ڕەوایە بۆ تۆ بەڵام خۆت ئەوە چاک دەزانی جیاوازی رەگەز لە مەغزی من دا بوونی نییە ئەوەی بەلای منەوە گرینگە ئاستی فیکری و مەعرییفیە، شوکر فیکرو مەعریفەی تۆش لەو ئاستەیە کە بتوانی هەموو سنوور و بەربەستەکان بشکێنی. ئەوە بۆمن جێی شانازییە کە هاوڕێیەکی وام هەیە پڕە لە مەعریفە و زانیاری بەڕاستی شانازیت پێوەدەکەم.
بەڵام تکایە چیتر ئەوەندە بێ دەنگ مەبه چونکە سلاوێکی تۆ هێندەی یەک هەفتە بەفربارین فێنکم دەکاتەوە.
سەعدی شیرازی گوتەنی.
من له‌م هه‌موو دونیایه‌دا
بێجگه‌ له‌ تۆ
ئازیزێکی ترم نییه‌…!