سێ كورتیله‌ چیرۆك

عومه‌ر حاجی

بحر المیت
بەر لەوەی بچێتە ناو دەریاكەوە لەدوورەوە بینی ھەزاران ڕەنگی جیاواز بەسەر دەریاكەوەن، سەرەتا وای زانی ئەوە تخووبی نێوان وڵاتی ئەردەن و ئیسرائیلە، كە نزیك بۆوە بینی دەریا یەك پارچە سوخمەی ڕەنگاو ڕەنگە، دەستێكی بۆ ئاسمان بەرز كردەوەو گوتی: خودایە ئەوە ( بحر المیتە ) یان دەریای مەمكە.
شەڕاب
پیرەمێردێك لەوسەری خیابانەوە دیارە، لە دوورەوە ھەر له‌ خەیام دەچێ، بەدڵێكی سپی و ڕیشێكی نورانییەوە بەرامبەر تیلماسكە بەرسیلەیەك وەستاوە، لێی دەپرسێت، چەندی دیكەت پێدەچێت بگەیت؟ چاوی چاوەڕوانی شەڕابم داھات، بەرسیلە دەڵێت: پەلەمەكە دیداری چاوەڕوانی تا كۆنتر بێت بەتامترو خۆشترە.
تەم
لەبەرپەنجەرەی ژوورە تەنیاییەكی وەستا، ئەوەندە بەتاسەوە سەرنجی لە تنۆكە بارانەكان دەدا كە بەسەر رووپەڕی گەڵا زەردەكاندا دەھاتنە خوار، دوای چەند خولەكێك بەگەرمی ھەناسەی تەمێك لەسەر رووی پەنجەرەكەی دەنیشێت، تنۆكی باران و ڕەنگ زەردی پایز لەناو ڕەنگی چاوە كاڵەكانیدا ون دەبن. ھەست دەكات تەمەن چاوەكانی كز كردوون جوانی سروشتی باخچەكەی لێدەشارێتەوە، بێ ئاگا لەوەی كە ھەناسە گەرمەكانی خەتاكارن، دواتر بە ھەناسەیەكی سارد دەڕوات لەسەر كورسییەك دادەنیشێ بە دەنگی (عەدنان كەریم) گوێ لە شیعری پایز بوو باران نم نم دەباری (جەنه‌ڕاڵی پایز) دەگرێ.