یەکشەممە, كانونی یه‌كه‌م 1, 2024

75ـەمین پێشەنگەی كتێبی فرانكفۆرت كرایەوە و وەزارەتی رۆشنبیری بەشدارن

فەیسەڵ شێخانی/ هەولێر

بە ئامادەبوونی ئۆلاف شۆڵتز، سەرشالیاری كۆماری فیدراڵی ئەڵمانیا و، ناتاسا پیرچ موسار، سەرۆكی كۆماری سلۆڤینیا 75ـەمین خولی پێشانگا نێودەوڵەتیەکەی فرانكفۆرت كرایەوە؛ وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێمی كورستان بە سەرۆكایەتیی ئاریان سەلاحەدین، بریكاری وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان و، بەڕێوەبەری گشتی چاپەمەنیەكان و، بەڕێوەبەرانی چاپی دهۆك و هەولێر و سلێمانییش لەو پێشانگایەدا بەشدارن، كە بە فەرمی بانگهێشتی ئەو پێشانگایە كراون.

لەو پێشانگایەدا ساڵانە یەك وڵات خەڵاتی وڵاتی شەرەفی پێ دەدرێت؛ ئەمساڵ وڵاتی سلۆڤینیا خەڵاتی وڵاتی “شەرەف”ـی پێ بڕا.
لە پێشانگای فرانكفۆرتدا، زیاتر لە 4500 دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوە ستاندیان هەیە و پەرتووک و بەرهەمی خۆیان نمایش دەكەن؛ زیاتر لە 100 وڵات لەو پێشانگایەدا بەشدارن.
پێشانگاكە تا 22ی ئۆكتۆبەری 2023 بەردەوام دەبێت و، چاوەڕوان دەكرێت ئەمساڵ لە چاو ساڵان بەشداری و چالاكیەکی زیاتری لێ بکرێت. ئەمساڵ بڕیارە خەڵاتی ئاشتی ببەخشرێت بە نووسەری هیندی- ئینگلیزی، سەڵمان ڕوشدی.
میوانی فەخری سلۆڤینیا كە لەلایەن گەشتیارانەوە بەناوبانگە و وڵاتێكی سەرنجڕاكێشە لە ڕووی كولتوورییەوە لە دڵی ئەوروپا و خاوەنی نەریتێكی ئەدەبی فرەزمانییە، لەوێ خۆی پێشكەش كرد. گفتوگۆی كولتووری-سیاسی دیسانەوە لە كۆشكی فرانكفۆرت لەسەر ئاگۆرا بەڕێوە چوو، كە لەم دواییانەدا خەڵاتێكی بەدەست هێناوە بەهۆی تەلارسازییەكەیەوە.
لەناو بەرنامەی چالاكییەكەدا خشتەیەكی دیاریكراو بە كۆڕەكان هەیە كە بەشێك لە كۆڕگێڕەكان كوردن، لەوانە سێ‌ كۆڕی تایبەت هەیە كە بابەتی شەرم لە كوردبوون و ئەزموونی وەرگێڕان و ئەدەبی كوردی لەلایەن میران ئەبرهام و ئەنوەر ئەڵمان هەروەها ناساندنی كتێبی وەهمێك لە بوون لەلایەن دیمەن سوهرابی پێشكەش دەكرێ‌، بۆ ئێوارەكەیشی لەلایەن یوسف مەنتكەوە ئەزموونی دیوانی ئێوارانی ڕاین پێشكەش دەكرێت کە بە زمانی ئەڵمانی چاپ و بڵاو کراوەتەوە و، فرمێسك لە چاوی رۆژگاردا دەقی مەهاباد قەرەداغی لەلایەن فرمێسك مستەفاوە بەڕێوە دەچێت. ڕۆماننووسی کورد حەلیم یوسف لەسەر ڕۆمانی 99 موورووی پەرشوبڵاو قسە دەکات کە بە زمانی ئەڵمانی چاپ و بڵاو کراوەتەوە. لە ڕۆژی یەكشەممەیشدا، كۆڕی بەهێزكردنی ئەقڵی كەسایەتی منداڵ لەلایەن د. هاوڕێ‌ زەنگەنە و، وێنای ژن لە نمایشنامەی كوردیدا لەلایەن ڕێزان ساڵح و، ڕۆڵی میدیا لە بەرەوپێشبردنی وشیاریی ژینگەیی لەلایەن تامان شاكرەوە بەڕێوە دەچێت.
لە ڕۆژانی داهاتوو چەند پانێڵ و سیمینار و كۆڕ هەن كە چەند كەسایەتیكی كورد پێشكەشی ئامادەبووانی پێشانگاکەی دەكەن.
كۆڕ و چالاكیە رۆشنبیریەكانی ڕۆژی شەممە بەم شێوەیە دەبێت:
11:00 – 11:15 / ئەبراهام بابەتی “شەرم لە كوردبوون” دەخاتە ڕوو؛
11:15 – 11:30 / ئەنوەر ئەڵمان بابەتی “ئەزموون و وەرگێڕان و ئەدەبی كوردی” دەخاتە ڕوو؛
11:30 – 11:45 / دیمەن سوهرابی بابەتی ” وەهمێك لە بوون” شیعرخوێندنەوە دەخاتە ڕوو؛
11:45 – 12:00 / گفتوگۆ دەبێت؛
12:00 – 12:15 خەڵاتی ڕێزلێنان؛
12:15 – 14:00 پشوو.

14.00 – 14:15 / یوسف مەنتك بابەتی “ئەزموونی دیوانی ئێوارانی ڕاین” پێشكەش دەكات؛
14:15 – 14.30 / فرمێسك مستەفا بابەتی “تابلۆكانی ماریا، تابلۆی جەنگە بەردەوامەكان” پێشكەش دەكات؛
14.30 – 14.45 / حەلیم یوسف، بابەتی “ڕۆمانی موورووی پەرشوبڵاو” پێشكەش دەكات؛
14.45 – 15.00 / گفتوگۆ؛
15.00 – 15.15 / خەڵاتی ڕێزلێنان و كۆتایی.
ــــــــــــــــــــــــــ
كۆڕ و چالاكیە ڕۆشنبیریەكانی ڕۆژی یەكشەممە بەم شێوەیە دەبێت:

11:00 – 11:15 / د. هاوڕێ زەنگەنە بابەتی “بەهێزكردنی ئەقڵی كەسایەتی منداڵ” دەخاتە ڕوو؛
11:15 – 11:30 / ڕێزان ساڵح بابەتی “وێنای ژن لە نمایشنامەی كوردیدا” دەخاتە ڕوو؛
11:30 – 11:45 / تامان شاكر بابەتی “ڕۆڵی میدیا لە بەرەوپێشبردنی وشیاریی ژینگەیی” دەخاتە ڕوو؛
11:45 – 12:00 / گفتوگۆ دەبێت؛
12:00 – 12:15 خەڵاتی ڕێزلێنان؛
12:15 – 14:00 پشوو.

14.00 – 14:15 / باست عەزیمی بابەتی “وتووێژی نێوان كولتوورەكان” پێشكەش دەكات؛
14:15 – 14.30 / هۆزان مەحمود بابەتی “مانا كولتووریەكان؛ خودنووسینەوەی ژیان” پێشكەش دەكات؛
14.30 – 14.45 / گفتوگۆ؛
14.45 – 15.00 / خەڵاتی ڕێزلێنان و كۆتایی.