یەکشەممە, كانونی یه‌كه‌م 1, 2024

ئاشنابوون بە ئایینە زاگرۆسییەکان

ئەرکی نووسەران و توێژەران تەنها کارکردن نییە لەو ڕووبەرە ئاسان و کارتێداکراوانەی نووسەران و توێژەرانی دیکە کاریان تێدا کردووە، بەڵکو ئەرکی ڕاستەقینە هەر نووسەر و توێژەرێک ئەوەیە ڕووبەری دەست بۆ نەبراو کەشف بکات و توێژینەوە لەسەر ئەو بابەت و پرسانە بکات کە ساغ نەکراونەتەوە، یان پەییان پێ نەبراوە. دووبارەکردنەوە و کۆلاژکردنەوەی نووسین و توێژینەوەی ئەوانی دیکە هیچی ئەوتۆ بۆ کتێبخانەی کوردی زیاد ناکەن، بەڵکو ڕامان و وردبوونەوە و سەرنجدانی ورد و توێژینەوەی بەڵگەدار و بەڵگەمەندکردنی زانیاری و ئەو قسە و گوتانەی سەبارەت بەو بابەتە دیاریکراوانەی کراون، کە دەمانەوێت لێیان بدوێین، ئەرکە ڕاستەقینەکەی نووسەران و توێژەرانە.

نووسەر و توێژەری بواری مێژوو “ماکۆ ساوین”، یەکێکە لەو نووسەر و توێژەرانەی بە وردەکارییەکی زۆرەوە و بە ڕامان و سەرنجی تایبەتەوە دوو کتێبی گرنگی نووسیوە، مانگی پێشوو ڕانانم بۆ کتێبی “ڕامان لە مێژووی کورد” کرد و پێمخۆش بوو ڕانان بۆ کتێبی دووەمیشی بکەم، کە کتێبێکە سەبارەت بە ئایینە زاگرۆسییەکان و لە ژێر ناونیشانی “ڕامان لە ئایینە زاگرۆسییەکان-لێکۆڵینەوە لە نووسینە گۆماناوییەکانی مێژوونووسان” لە دوتوێی 352 لاپەڕەدا لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەندەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
نووسەر لە پێشەکی کتێبەکەدا ئەوە دەخاتەڕوو کە “کاتێک باسی ئایینی کورد دەکرێ تەنها ڕامان و سەرنجمان بۆ ئایینی زەردەشتی دەچێت، لە کاتێکدا کورد چەندین ئایینی تری پەیڕەو کردووە. مێژوونوسی کورد ‘کەریم زەند’ بە ژیرانە پێکاویەتی و دەڵێ کوردستان؛ ئایینستانە. بەر لە باسکردنی ئایینی زەردەشتی و ئایینەکانی تر پێویستە باس و شرۆڤەی ئایین بکرێ، چونکە بە بێ شرۆڤەکردنی ئایین ئەستەمە لە خودی ئایینەکان تێبگەین. هەرچەندە باسکردنی زانستی ئایینی پێویستی بە پەرتوکێکی ترە بۆ تێگەیشتن، چونکە ئاڵۆزی ئایین و شرۆڤەکردنی لە مێژووی کورد، زۆر ئاڵۆزترە، بەڵام هەر دەبوایە ئەو بابەتەش بنوسرابایە بۆ ئەوەی لە گرینگترین ئەو ئایینانە تێبگەین کە کورد پەیڕەوی کردووە. هەوڵ دەدەم، سەرەتا پێش ئەوەی بچمە سەر کڕۆکی بابەتەکانم، دەستپێکێک لە ئایین باس بکەم تاوەکو دیدێکی ڕوونمان لەسەر ئایینە دێرینەکان هەبێ.”
وەکو نووسەر خۆی ئاماژەی بۆ دەکات کتێبەکە بە ڕامانێک لە چەمکی ئایین دەست پێ دەکات و ئایین وەکو زانستێک سەیر دەکات، کە دەتوانم ئەمە لێکدانەوەیەکی نوێیە بۆ چەمکی ئایین، چونکە لای زۆربەی نووسەران و رۆشنبیرانی ئێمە تا ئێستا دیدێکی زانستی بۆ ئایین، یان سەیرکردنی ئایین وەکو زانستێک نییە. ئەو لە جێگەیەکدا دەڵێت “شان بەشانی زانستی بیرکاری، مرۆڤ زانستی ئایینی بەکارهێناوە، یەکێک لەو بنەما سەرەکیانەی ئایین، خێر و شەڕە. چاکە و خراپە لەگەڵ سەرەتای دروستبوونی مرۆڤ هاتۆتە کایەوە. شەڕکردن بۆ خۆراک و بەرگریکردن لە دەستکەوتەکان، جوڵەی بە هێزی خراپە و چاکەی بە مرۆڤ داوە. واتە لەسەرەتای دروستبوونی مرۆڤایەتی یاسا سەرەکیەکانی ئایین بەکارهێندراوە.” هەر لە ژێر ڕۆشنایی ئەم پەرەگرافەدا نووسەر دەڵێت: “کەواتە زانستی ئایین و بیرکاری دوو زانست بوون لە سەرەتای مرۆڤایەتی بەکار هاتووە.”
ە دواتردا نووسەر پەیوەندی ئایین بە چەمکەکانی دیکەوە شی دەکاتەوە وەکو چەمکی ئەفسانە، دواتر بێباوەڕی. هەروەها پەیوەندی ئایین و کولتووریش دەخاتە بەرباس. لە پاشان دێتە سەر باسکردنی ئاینی میثرایی، کە یەکێکە لە ئایینە زاگرۆسییەکان. دواتریش ڕامان و لێکۆڵینەوە سەبارەت بە ئایینی زەردەشتی ئەنجام دەدات و لەو ڕەمز و هێما ئایینی و ئەو شتانە دەکۆڵێتەوە، کە لەم ئایینەدا بوونەتە سروش. دواتریش باس لە کتێبی پیرۆزی ئەم ئایینە دەکات.
بێگومان بەهۆی بەربڵاوی و زۆری ئەو کێشمەکێش و ڕامانانەی لەسەر ئایینی زەردەشتی هەیە، نووسەر بەشێکی زۆری کتێبەکەی بۆ شیکردنەوە و ڕامان و وردبوونەوە لەم ئایینە تەرخان کردووە، کە ئەمەش جێگەی دەستخۆشی و نیشانەی ئەوەیە، کە نووسەر درکی بەو گرنگی و پێگەیە کردووە، کە ئەم ئایینە هەیەتی، بێگومان ناکرێت لە پێگە و گرنگی هیچ ئایینێک کەم بکرێتەوە، بەڵام پێگەی ئایین و بیروباوەڕی زەردەشتییەت لە کۆنەوە بۆ هەنووکە درێژ دەبێتەوە، ئەمەش نیشانەی ئەو کاریگەرییە زۆرەی ئەم ئایینەیە کە هەیەتی، هەتا دەگاتە ئەوروپا و لای فەیلەسووفێکی وەکو “فریدریش نیتچە” زەردەشت دەبێتە ڕەمزێکی بۆ ڕزگاریی مرۆڤ و بەرگێکی فەلسەفی بە بەردا دەکرێت. هەر لەم بەشەدا نووسەر تەنها بەباسکردن لە ئایینەکەوە ناوەستێت، بەڵکو بەشێک لە کولتوور و ئەو ڕێوڕەسمانەش بەسەردەکاتەوە، کە ئەم ئایینە لە هەناوی خۆیدا هەڵیگرتووە.
دوای ئایینی زەردەشتی نووسەر باس لە یەکێکی دیکە لە ئایینە فەرامۆشکراو و تاڕادەیەک لە بیرچووەکانیش دەکات کە ئەویش ئایینی “مانی”یە. ئەم ئایینەش یەکێکە لەو ئایینە کاریگەرانەی کە لەم ناوچەیەدا گرنگی و پێگەی تایبەتی خۆی هەیە. نووسەر هەوڵیداوە ئەو لێڵییەی لەسەر ژیانی “مانی” و ناوەکەی هەیە ڕوون بکاتەوە و لەوێوە بچێتە سەر بەرهەمەکانی و ئەو نەریت و سرووتانەی کە لەلایەن پەیڕەوکارانییەوە پەیڕەو کراوە. بێگومان ئایینی مانیش چەشنی ئایینی زەردەشتی بنەما و فەلسەفەی تایبەتی خۆی هەبووە و نووسەر هەوڵی داوە ئەمەش ڕوون بکاتەوە.
دواتر نووسەر توێژینەوەکەی بۆ چەند ئایینێکی دیکە تەرخان دەکات کە وەکو ڕووبەر، ڕووبەرێکی کەمی بۆ تەرخان کردوون کە ئەوانیش “ئایینی مەزدەک” و “ئایینی زورڤان” و ئایینی ئێزیدی و یارسان و ئایینی سامییەکان (جووەکان) و دواتریش باس لە هەردوو ئایینی مەسیحی و ئیسلام دەکات. بێگومان لەم بەشانەشدا سەبارەت بەم ئایینانە دەتوانم بڵێم خوێنەر بەر ڕامانی تایبەتی نووسەر و ساغکردنەوەی هەندێک پرسی ساغنەکراوە دەکەوین. هەر ئەمەشە گرنگی ئەم توێژینەوەیە دەردەخات کە وەکو لە سەرەتادا گوتم نووسەران و توێژەران پێویست نییە نووسین و توێژینەوەی نووسەرانی دیکە دووبارە بکەنەوە. بەڵکو گرنگە خۆیان بابەتگەلی نوێ بوروژێنن و شتێکی نوێ بەرهەم بهێنن. بێگومان نووسەر بە ڕامانی ورد و چڕ هەوڵی ئەوەی داوە زۆرترین ڕووبەری مێژووی نێو ئەو ئایینە زاگرۆسیانە بەسەر بکاتەوە.
ئەم کتێبە هەوڵێکی گرنگە بۆ ئاشنابوون بەو ئایینانەی بەشی هەرە زۆری نووسەران و خوێنەرانی کورد تەنها بە ناوی ئایینەکان ئاشنان و وردەکاریی و دیوە پەنهانەکانی ئایینەکانیان بۆ ڕوون نەبووەتەوە، کە ئەم کتێبە دەبێتە دەروازەیەکی گرنگ بۆ ئاشنابوون بۆ ئەو چەند ئایینەی ناومان هێنان. دەستخۆشی بۆ کاک “ماکۆ ساوین” بەهیوای هەمیشە سەرکەوتن و بەرهەمی نوێتر.