حەمەسەعید حەسەن
(ژیانت تەنیا دوو سێ هەفتەیەکی دیکەی بەبەرەوە ماوە، چاکتر وایە بچیتەوە لە ماڵەوە پشوو بدەیت.) لە بەرسڤی ئەو پەیامە ورەڕووخێنەدا، محەممەد ئوزوون دەبێژێت: (دەچمەوە بۆ کوردستان، بۆ ئەوەی لەوێ بژیم نەک بمرم.) بەپێچەوانەی پێشبینیی پزیشکە سویدییەکەیەوە، وا سێ مانگە ئوزوون لە ئامەد دەژی و وەک دۆکتۆرە کوردەکان دەیانگوت، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ باشتر دەبێت و ئومێدی ژیانی لەسەرووی لەسەددا پەنجایشەوەیە.
تارماییی مەرگ سەری بە ئوزوون نەوی نەکرد و ئەوەتا بەوپەڕی ورەبڵندییەوە، بەگژ خراپترین جۆری سامناکترین نەخۆشیدا دەچێتەوە، ئاخر ئەو هێندە بە ژیانەوە پێوەستە، مەحاڵە دەرگەی دڵی بە ڕووی مەرگدا بخاتە سەر پشت. کەسانی وەک ئوزوون دەشێت بەوپەڕی خۆشییەوە، لەپێناوی شادیی خەڵکدا بەرەو ڕووی مەرگ ببنەوە، وەلێ هێندە ژیانیان خۆش دەوێت، لە دژوارترین هەلومەرجیشدا، کۆشکی ورەیان هەرەس ناهێنێت و ئەوەی قەت بیری لێ نەکەنەوە، هەڵاتنە لە ژیان.
کە لەکن ئوزوون بووین، بە ئاسمانی چاوەکانییەوە، شائەستێرەی ژیانم بەدی دەکرد گەش گەش دەدرەوشێتەوە. ئەو وەک هەواڵێکی سەبارەت بە نزیکبوونەوەی مەرگی نەژنەفتبێت، بە زەرەخەنەیەکی گوشاد و بە تۆنێکی گەرمی دەنگە نەرمەکەیەوە، پێشوازیی لێ کردین. ئەوە چییە وای لەو کردووە، هێندە وابەستەی ژیان بێت؟ لە سیمایدا تەنیا تاقە وەڵامێک دەخوێنرایەوە: ئەوە ئەڤینی گەل و نیشتمانە.
کە بە گەشبینییەوە ماڵئاواییمان لە ئوزوون کرد، چووینە سەیری شوورەی شار. ئێمە لە بینینی بەشێکی زۆر لە شوورەکە بووبووینەوە، کاتێکمان زانی کیژێک ڕوو لە ئێمە و بەرەو بڵندترین شوێنی شوورەکە کە دەیڕوانی بەسەر ڕووباری دیجلەدا، بەمەبەستی خۆکوژی ڕا دەکات. باشبوو خەڵکەکە گرتیان و ڕێیان نەدا کۆتایی بە ژیانی بهێنێت. بەشێک لە خەباتی ئوزوونی عاشقی ژیان بۆ ئەوەبوو، کیژان و ژنانی کوردستان ناچار نەکرێن هانا بۆ خۆکوشتن ببەن. هەر لەگەڵ ناوهێنانی (دیجلە)دا (فورات)مان بیر دەکەوێتەوە، یەکێک لە چیرۆکە هەرەجوانەکانی ئەدەبی کوردی کە دەربارەی (شووشتنەوەی شەرم) نووسراوە، چیرۆکی (کۆتری سپی)یە کە نووسەری بەتوانا، دۆستی نزیکی ئوزوون، (فورات) جەوەری نووسیویەتی.
ئێمە تاقی بەیانی، ڕۆژی ١٦ی ٩ی ٢٠٠٦ سەردانی (ئوزوون)مان کرد، تاقی ئێوارەی هەمان ڕۆژ، سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا کە دەکاتە باکووری کوردستان، محەممەد ئوزوونی خەڵات کرد. ئەوە یەکەمین جار بوو سەندیکای ناوبراو، ئەدیبێک خەڵات بکات. ئوزوون خۆی نەیتوانی ئامادەی ڕێورەسمی خەڵاتکردنەکە ببێت، (زۆزان ئوزوون)ی دۆتمامی، لەبری ئەو خەڵاتەکەی وەرگرت و قسەی کرد. پێش ئەوەی زۆزان بێتە گۆ، هەڵسووڕێنی ڕێوڕەسمەکە پێی گوت: بفەرموو لەبری ئوزوون بە تورکی بپەیڤە. زۆزان هیچ گوێی نەدایە ئەو فەرمانە و بە کوردییەکی ڕەوان قسەی دڵی خۆی کرد.
کورد هەر چوار پێنج ڕۆماننووسی گەورەی هەیە، ئوزوون یەکێکیانە، چونکە بەرهەمی هیچ ڕۆماننووسێکی کورد هێندەی بەرهەمی وی، بۆ سەر زمانانی دیکە وەرنەگێڕدراوە، بۆیە لە هەندەران ناسراوترین نووسەری کوردە. ئەو گەلێک جار خەڵات کراوە، وەلێ وەک خۆی بە ئێمەی گوت، هێژاترین خەڵات لەکنی، ئەوەیانە لە باشووری کوردستان پێی بەخشراوە.
هەر کە ئوزوون دەگاتەوە خاکی وەتەن، پێشوازییەکی لێ دەکرێت، لە مێژووی ئامەددا، لە هیچ نووسەرێکی دیکە نەکراوە.دەنگبێژەکان سەردانی دەکەن و سترانی بۆ دەچڕن، دۆکتۆرەکان بەردەوام ئاگایان لێیەتی، نووسەران و خوینەران بە خۆشەویستی ئابڵووقەیان داوە، هۆڵ و باخچە ناوی ئەویان لێ دەنرێت، گۆڤاری ئەدەبی ژمارەی تایبەتی بۆ تەرخان دەکات.
ئوزوون کە تەنیا یەک کەسە، مەگەر هەر خوا بزانێت، ڕۆژانە چەند هەزار یان میلیۆن ڤایرۆس هێرشی بۆ دەهێنن، وەلێ ئەو چونکە لەنێو ئامێزی زێدەگەرم و پڕسۆزی میللەتەکەیدایە، هەست بە تەنیایی ناکات و ڕۆژانە بیست و چوار سەعات، بە قەڵایەک ورەوە، دەستەویەخە شەڕ لەگەڵ لەشکری لەژمارەنەهاتووی ڤایرۆسدا دەکات. شەڕی وا هەیە ئەگەر سوور بزانین سەرکەوتنیشی تێدا بەدەست ناهێنین، هەر دەبێت بیکەین. ئەو شەڕە نابەرابەرەی تووشی ئوزوون هاتووە، شەڕی مان و نەمانە، ئەگەر لێی هەڵاتبا، دەیدۆڕاند، وەلێ چونکە بە دڵێكی پڕ لە ئومێدەوە، بەرەو ڕووی بووەتەوە، هیچ دوور نییە بیباتەوە.
*
- محەممەد ئوزوون (١ی ١ی ١٩٥٣ – ١١ی ١٠ی ٢٠٠٧)
** ئوزوون: کەڵەگەت.
*** بارام وەڵەدبەگی، بەدران ئەحمەد، دڵشاد عەبدوڵڵا، سەلام عەبدوڵڵا و ئەز پێکەوە سەردانی نڤیسکاری گەورە: (محەممەد ئوزوون)مان کرد.