پێداویسته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی مرۆڤ

پێداویستییه‌كانی مرۆڤ، ئه‌دگار و تایبه‌تمه‌ندییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ كه‌ به‌گوێره‌ی هه‌لومه‌رجه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌رده‌بڕدرێت و، به‌رده‌وام گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت. پێوانه‌كردنیشی پێویسته‌ له‌ ڕووی پێداویستییه‌ كه‌سی و گرووپی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ بێت. هه‌روه‌ها ده‌كرێ بڵێین پێداویستییه‌كانی مرۆڤ، كۆڵه‌كه‌ی دروستبوونی زۆربه‌ی سیاسه‌ته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌، بۆیه‌ لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین به‌ وردی له‌ ڕووی كۆمه‌ڵناسییه‌وه‌ شی و تاوتوێی بكه‌ین:

یه‌كه‌م: پێداویستییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و پێداویستییه‌کانی خۆشگوزه‌رانی
هه‌ندێ له‌ كۆمه‌ڵناسه‌كان پێیانوایه‌ ئامانجی سه‌ره‌كی و هه‌ره‌ گرنگی هه‌ر ده‌وڵه‌ت و حكومه‌تێك بریتییه‌ له‌ تێركردنی پێداویستییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، هه‌ر بۆیه‌ بیرۆكه‌ی تێركردنی پێداویستییه‌كان گوزارشته‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌وه‌ی پێویسته‌ بۆ ژیانی خه‌ڵك ده‌سته‌به‌ر بكرێت. فاینبێرگ پێیوایه‌ ئه‌گه‌ر پێداویستییه‌كانی مرۆڤ تێر نه‌كرێت، ئه‌وا تووشی شۆك و زیانی زۆرتر ده‌بێته‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ پێیوایه‌ ئه‌و پێویستیی و خۆشگوزه‌رانییانه‌ی بۆ تاكه‌كان پێویسته‌ بریتیین له‌ سه‌لامه‌تی و هه‌بوونی توانای جه‌سته‌یی و نه‌بوونی كێشه‌ی جه‌سته‌یی و نه‌خۆشیی، له‌ هه‌مان كاتدا خۆی ده‌بینێته‌وه‌ له‌ ئه‌نجامدانی چالاكیی و هه‌بوونی توانای فیكری و جێگیریی له‌ سۆزداریی و نه‌بوونی نیگه‌رانیی و ئازار هه‌روه‌ها هه‌بوونی ژیانێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی ڕێكوپێك و هه‌بوونی داهاتێكی مسۆگه‌ر و ئاسایشیی دارایی و ژینگه‌ی فیزیكی و كۆمه‌ڵایه‌تیی له‌بار و ئازادبوون له‌ ده‌ستتوه‌ردانی ئه‌ویتریش له‌م چوارچێوه‌یه‌دا زۆر جێی سه‌ره‌نج و بایه‌خپێدانه‌.
دووه‌م: به‌خته‌وه‌ری و پێداویستییه‌كان
چه‌مكی به‌خته‌وه‌ریی، چه‌مكێكی فره‌لایه‌ن و فره‌مانایه‌. له‌ كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكی تر گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت. له‌ ڕووی سۆسیۆلۆژییه‌وه‌ به‌خته‌وه‌ریی گوزارشته‌ له‌وه‌ی كه‌ ئاره‌زووی هه‌ڵبژاردنی چیت هه‌یه‌، و ئه‌وه‌ی هه‌ڵیده‌بژێریت چییه‌. هه‌ر بۆیه‌ ده‌كرێ بڵێین به‌خته‌وه‌ری گوزارشته‌ له‌وه‌ی ده‌ته‌وێ چی به‌ ده‌ست بهێنیت و ئه‌وه‌ی به‌ده‌ستی ده‌هێنیت، تا چه‌نده‌ هۆكاره‌ بۆ ئارامیت له‌ ژیاندا، ئه‌مه‌ كورتترین پێناسه‌ و تێگه‌یشتنه‌ له‌باره‌ی به‌خته‌وه‌ری و خۆش ژیان، تا زیاتر له‌باره‌یه‌وه‌ بدوێین یان بیری لێ بكه‌ینه‌وه‌ ئاڵۆزتری ده‌كه‌ین.

سێیه‌م: ماسلۆ و زنجیره‌به‌ندیی پێداویستییه‌كانی مرۆڤ

  • ئه‌براهام ماسلۆ له‌ كتێبه‌كه‌ی به‌ناوی (پاڵنه‌ر و كه‌سایه‌تی) تیۆره‌كه‌ی خۆی له‌باره‌ی پێداویستیی خسته‌ ڕوو. ئه‌و پێی وایه‌ پێداویستییه‌كانی مرۆڤ له‌ هه‌ر قۆناغێكدا گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، مرۆڤ به‌ دریژایی ژیانی ئاسایی خۆیدا هه‌وڵده‌دات له‌ سێ ئاست و قۆناغدا پێداویستییه‌كانی خۆی ده‌ستبه‌ر بكات، هه‌ر ئاره‌زوو و پێداویستییه‌ك گه‌ر به‌شێوه‌ی ڕێژه‌یی تێر بكرێت، پێداویستیه‌كانی تریش داوای تێربوون ده‌كه‌ن، قۆناغه‌كانیش به‌م چه‌شنه‌ی خواره‌وه‌یه‌‌:
    قۆناغی یه‌كه‌م: پێداویستییه‌ فیزۆلۆژییه‌كانی وه‌ك: ئاو، خواردن، كه‌ له‌ ئاستی خواره‌وه‌دایه‌.
    قۆناغی دووه‌م: پێداویستییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ ئاسایش: وه‌ك هه‌بوونی ژینگه‌یه‌كی هێمن و كۆمه‌ڵایه‌تیی و ڕێكوپێك و دوور له‌ مه‌ترسیی و دوور له‌ هه‌ڕه‌شه‌ و ئاژاوه‌.
    قۆناغی سێیه‌م: پێداویستییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان: وه‌ك پێویستیی مرۆڤ به‌ په‌یوه‌ندی دوو لایه‌نه‌ و ده‌ربڕینی خۆشه‌ویستیی بۆ یه‌كتر و هه‌بوونی سۆز و عاتیفه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه‌.
    قۆناغی چواره‌م: پێداویستیه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ ڕێزگرتن له‌ خود: وه‌ك پێویستیی هه‌بوونی دیدی ئه‌رێنی سه‌باره‌ت به‌ خود و ڕێزگرتن له‌ خود و گرنگیدان به‌ ژیانی كه‌سی.
    قۆناغی پێنجه‌م: پێداویستییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ داهێنان و خۆبنیاتنان: وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ خود له‌م قۆناغه‌ ده‌گاته‌ لووتكه‌ی خۆی و مرۆڤ داهێنان ده‌كات و شتی تازه‌ ده‌كات.
    چواره‌م: برادشاو و هه‌مه‌جۆریی پێداویستییه‌كانی مرۆڤ
    جوناسان برادشاو یه‌كێكه‌ له‌و كۆمه‌ڵناسانه‌ی پێیوایه‌ پێداویستییه‌كانی مرۆڤ، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌مه‌چه‌شنن، به‌ڵام ده‌كرێ پۆلینیان بكه‌ین بۆ چوار پێویستیی سه‌ره‌كی:
    پێویستیی یه‌كه‌م: پێویستییه‌ هه‌ستپێكراوه‌كان: ئه‌و پێویستییه‌ كه‌ مرۆڤ و گرووپه‌كان بڕوایان پێی هه‌یه‌، واته‌ وه‌ستاوه‌ته‌ سه‌ر دید و خه‌یاڵی تاكه‌كان.
  • ده‌كرێ پێویستیی و ویسته‌كان ناواقعی و خه‌یاڵی بێت.
  • هه‌ژارترین به‌شی كۆمه‌ڵگه‌ ئاگاداریی هه‌ژارییه‌كه‌یانن، كه‌چی هێشتا ده‌رینابڕن، هۆكاری ئه‌مه‌ش به‌هۆی نایه‌كسانی له‌ ڕووی ده‌سه‌ڵات و پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌وه‌یه‌.
    پێویستیی دووه‌م: پێداویستییه‌ ئاشكراكراوه‌كان: ئه‌م پێداویستییانه خراونه‌ته‌ڕوو، هه‌ر بۆیه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز له‌ نێوان پێداویستییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و بابه‌ته‌ سیاسیی و ئابوورییه‌كان هه‌یه‌.
    پێویستیی سێیه‌م: پێداویستییه‌ به‌راوردكارییه‌كان: پێداویستیی مرۆیی به‌ گوێره‌ی قۆناغه‌كان گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت. هه‌ندێكی كاتی تر به‌راورده‌كه‌ ته‌نیا له‌ یه‌ك كه‌س ڕوونادات، به‌ڵكو له‌ نێوان چه‌ند كه‌سێك ڕووده‌دات.
    پێویستیی چواره‌م: پێداویستییه‌ پێوه‌رییه‌كان: ئه‌م پێداویستییه‌ پێداویستیی زانستیی و پسپۆڕانه‌یه‌ بۆ هه‌ندێ توێژی دیاریكراو، وه‌ك به‌ته‌مه‌ن و په‌ككه‌وتە.
    پێویستیی پێنجه‌م: پێداویسته‌ كۆنه‌كان و پێداویسته‌ نوێیه‌كان
    ئه‌و كاته‌ی كۆمه‌ڵگه‌ ڕووبه‌رووی گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری و ئابووریی ده‌بێته‌وه‌، گۆڕان له‌ شێوازی ژیان و دیدی نه‌وه‌كانیش دێته‌ كایه‌وه‌ و كۆمه‌لێ پێداویستیی تازه‌ سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن. ته‌نانه‌ت ڕه‌نگه‌ هه‌ندێ له‌ پێداویسته‌ كۆنه‌كانیش به‌شێوه‌ی پێداویستیی تازه‌ خۆیان مانڤێست بكه‌ن.
    شه‌شه‌م: سیاسه‌ت كۆمه‌ڵایه‌تی و گرووپه‌ خاوه‌ن پێداویستییه‌كان
    گرووپه‌ خاوه‌ن پێداویستییه‌كان ئه‌و گرووپانه‌ن كه‌ هه‌مویان به‌ شێوه‌یه‌كی هاوبه‌ش و به‌كۆمه‌ڵ پێویستییان به‌ هاوكاریی و تێركردنی پێداویستییه‌كانیان هه‌یه‌، وه‌ك ئه‌م گرووپانه‌ی خواره‌وه‌:
  1. هه‌ژاره‌كان و په‌ناهه‌نده‌كان
  2. زیندانییه‌كان و کەسانی بێماڵوحاڵ
  3. قوربانیانی ڕووداوه‌ سروشتییه‌كان و خه‌ڵكانی نه‌خوێنده‌وار و بێ پسپۆڕی
  4. به‌ته‌مه‌نه‌كان و منداڵان
  5. بێكاره‌كان و نه‌خۆشه‌ تایبه‌ته‌كان

حه‌وته‌م: سیاسه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و پێداویستییه‌كانی قۆناغه‌كانی ژیان
هه‌موو پێداویستییه‌كانی مرۆڤ، ڕێژه‌یین و له‌ قۆناغێكه‌وه‌ بۆ قۆناغه‌كانی تر گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت، به‌ مانایه‌كی تر ئه‌و پێداویستییانه‌ی له‌ قۆناغی منداڵیی هه‌یه‌، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ بۆ قۆناغی پیری جیاوازه‌.
هه‌ربۆیه‌ ده‌كرێ قۆناغه‌كانی ژیانی مرۆڤ ده‌كرێ بۆ پێنج قۆناغ دابه‌ش بكه‌ین ئه‌وانیش:

  1. قۆناغی منداڵێتی
  2. قۆناغی هه‌رزه‌كاری
  3. قۆناغی پێكهێنانی ژیانی هاوبه‌ش
  4. قۆناغی بوون به‌ دایك و باوك
  5. قۆناغی پیری و له‌ كاردابڕان.
    هه‌ر یه‌ك له‌و قۆناغانه‌ پێداویستی و ڕه‌فتار و تێگه‌یشتن و جۆرێك له‌ كه‌سایه‌تیی دیاریكراوی هه‌یه‌، كه‌ ده‌كرێ به‌شێوه‌ی جیاواز مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له‌و قۆناغانه‌ بكه‌ین.