پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

کەسێک هەر دێ، یان ئەوانی تر دۆزەخن

یۆن فۆسە؛ براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەبیات 2023 یەکەم شانۆنامەی لە ساڵی 1992 نووسیوە و ئەو شانۆنامەیەش “کەسێک هەر دێ”یە. کە هاودەم ساڵح جاف لە نەرویجییەوە کردوویەتی بە کوردی. شانۆنامەکە یەکێکە لە سەرنجڕاکێشترین شانۆییەکانی فۆسە و هەڵگری بیرۆکەیەکی گەلێک سەرنجڕاکێشە، کە ئەویش هەڵبژاردنی ژیانی تەنیایی و دوور لە جەنجاڵی شارە لەلایەن دوو کەسەوە، کە لە شانۆنامەکەدا بە “ئەوی نێر” و “ئەوی مێ” ناسراون و ماڵێک لە دەرەوەی شار دەکڕن بە ئاواتی ئەوەی ئیدی کەس نەبینن و تەنیایی و ئارامی و ئاسوودەی ژیانیان نەشێوێنێت. بەڵام ئایا ئەمەیان بۆ دەچێتەسەر؟

یەکێک لەو خاڵانەی کە لە شانۆییەکانی یۆن فۆسەدا بەرچاو دەکەوێت و وەکو تایبەتمەندی لێهاتووە کاراکتەرەکان ناویان نییە، بەڵکو تەنها ڕەگەزیان دیاریکراوە، یان ئیشەکەیان. لەم شانۆنامەیەشدا کاراکتەرەکان بەم شێوەیە ناسێنراون (ئەوی نێر، ئەوی مێ، پیاوەکە) پێدەچێت ئەمە هێمایەک بێت بۆ ئەوەی لە سەردەمی سەرمایەداریدا مرۆڤ دەبێتە هێما و ناوی خۆی ون دەکات، یان دەبێتە ژمارە. بێگومان ئەم حاڵەتە لە شانۆنامەکانی دیکەشیدا ڕەنگدانەوەی هەیە.
لە ڕووی ناوەڕۆکییەوە شانۆنامەی “کەسێک هەر دێ” باس لە ئازار و مەینەتییەکانی مرۆڤی سەردەم دەکات، کە قەرەباڵغی شارەکان هەراسانیان کردووە و دەیەوێت کەمێک لەو فەوزایە دوور بکەوێتەوە و ئارامی و ئاسوودەییەکی ڕاستەقینە لە تەنیاییدا بدۆزێتەوە. تا لەوێوە بتوانێت مومارەسەی سەربەستی خۆی بکات و دووربێت لە چاوی ئەوانی تر و خۆتێهەڵقورتاندنی کەسانی تر. بەڵام لەم شانۆییەدا سەرەڕای ئەوەی ئەو دووکەسە لە شار دوور کەوتوونەتەوە و ماڵێکی تەنیایان کڕیوە و دەیانەوێت لەو تەنیاییەدا بەردەوامی بە ژیانێکی نوێ بدەن، بەڵام کەسێکی خۆتێهەڵقورتێنەریان لێ پەیدا دەبێت (کە خاوەنی پێشووی ماڵەکەیە) و ئەو ئاسوودەی و سەربەستییەی هەیانە دەیشێوێنێت.
شانۆییەکە لەسەرەتاوە تا کۆتایی لەسەر ئەگەری هاتنی کەسێک بەندە، کە ئەگەری ئەوە هەیە بێت، ئەمەش دەبێتە ڕاستی و ئەو کەسە دووجار دەردەکەوێت و هەردووجارەکە دەبێتە هۆکاری شێوێنەری ئەو شێوازە ژیانەی کاراکتەرەکانی نێو ئەم شانۆییە هەڵیان بژاردووە.
لە کاتی خوێندنەوەی ئەم شانۆییەدا من کەوتمە بیری دوو لە نووسەرە دیارەکان، کە شانۆیان هەیە و هەستم کرد دەقەکە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە گفتوگۆدایە لەگەڵ دەقێکی شانۆیی جان پۆڵ سارتەردا کە لە جێگەیەکدا دەڵێت “ئەوانی تر دۆزەخن” هەستم کرد ڕیشتەی ترسی ئەم کاراکتەرانەی یۆن فۆسە لەو ترسەوە گواستراوەتەوە، کە لای سارتەر هەیە و ئەمەش ڕیشەیەکی بوونگەراییانەیە. لای سارتەر ئەوانی تر دۆزەخن، لای فۆسەش ئەم دۆزەخە لەم سەردەمەدا بەردەوامە و ئەوانی تر لە هەنووکەشدا هەر دۆزەخن. ئەوەی ئەوانی تر دەکاتە دۆزەخ ئەو خۆهەڵقورتاندنانەیە کە مرۆڤەکان لە ژیانی ئەوانی تری دەکەن و نایەڵن ژیانی خۆیان بژین.
یەکێکی دیکە لەو تێکستانەی ئەم دەقە دەشێ لەگەڵیدا لە دیالۆگدا بێت “لە چاوەڕوانی گۆدۆ”ی ساموئێل بیکێتە. لای بیکێت هەر دوو کاراکتەری سەرەکی شانۆییەکە لەسەرەتاوە تا کۆتایی چاوەڕوانی ئەوەن کەسێک بێت، کە ئەو کەسەش “گۆدۆ”یە. بەڵام لای فۆسە ئەوەی کێشەیە ئەوەیە کە ئەو کەسەیە کە بێت، چونکە ئارامی دەشێوێنێت. بەڵام لای بیکێت خەون و ئارامی هەڵگرتووە بۆ هەردوو کاراکتەری سەرەکی، وەلێ گۆدۆ نایەت، بەڵام لای فۆسە لە “کەسێک هەر دێ”دا کاراکتەری “پیاوەکە” لەبری جارێک دووجار دێت و هەردووجارەکە دەبێتە هۆی شێواندنی سەربەستی و ئاسوودەیی ئەو ماڵە تەنیایەی کاراکتەرەکان بۆخۆیانیان چێ کردووە.
“کەسێک هەر دێ” شانۆییەکە وەکو دانا ڕەئوف لە پێشەکی کتێبەکەدا باسی دەکات تایبەتە بە ئیرەیی و تەنیایی. خوێنەر لەکاتی خوێندنەوەی شانۆکەدا لەگەڵ دەرکەوتنی کاراکتەری “پیاوەکە”دا هەست بەو ئیرەییە دەکات، کە لە دڵی “ئەوی نێر” سەر هەڵدەدات و لە دواتردا “ئەوی مێ”ی پێ تۆمەتبار دەکات. ئەم دووکاراکتەرە وەکو بۆ خوێنەر دەردەکەوێت بەتەواوی عاشقی تەنیایی و کۆشش بۆ بەدەستهێنانی دەکەن، بەڵام ئەو کەسەی کە هەردێ ئەو تەنیاییە دەشێوێنێت و سەرچاوەی ئەو ئیرەییەشە کە لەنێو ژیانە تەنیاکەدا بۆ ئەم دوو کەسەی دەخولقێنێت.
دەستخۆشی بۆ وەرگێڕی بەسەلیقە”هاودەم ساڵح جاف”، کە پانزە ساڵ لەمەوبەر و بەرلەوی یۆن فۆسە نۆبڵ وەربگرێت ئەم بەرهەمەی بە کوردی پیشکەشی خوێنەران و کتیبخانەی کوردی کرد.