یون فۆسە و خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەبیات 2023

زۆرجار زۆر نووسەر و ڕۆماننووس و شاعیر تا خەڵاتی نۆبڵ وەر نەگرێت هیچ بەرهەمێکیان ناکرێت بە کوردی، ئەم قسەیە بۆ زۆر زمانی دیکەش ڕاستە، بەڵام یەکێک لەو نووسەرانەی لە نێو یاسای ئەم هاوکێشەیەدا نییە “یۆن فۆسە”ی نووسەر و شانۆنامەنووس و شاعیری نەرویجییە، کە ئەمساڵ خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئەدەبیات وەرگرت. بەر لەوەی ئەم نووسەرە خەڵاتی نۆبڵ وەربگرێت سێ شانۆنامەی کراوە بە کوردی و دوانیان لە زنجیرەی شانۆی دەزگای ئاراس و دانەیەکیان لە زنجیرەی شانۆی دەزگای سەردەم چاپ کراون و هەرسێ شانۆنامەکە لە زمانی نەرویجییەوە، کە زمانی نووسینی شانۆنامەکانە لەلایەن هاودەم ساڵح جاف-ەوە کراون بە کوردی.

یەکەم شانۆنامەی 15 ساڵ لەمەوبەر بەناونیشانی “کەسێک هەر دێ” بە کوردی بڵاوکراوەتەوە، کە یەکێکە لە ناودارترین شانۆنامەکانی ئەم نووسەرە و “لاش نۆرین” گەورە شانۆنووس و شانۆکاری سویدی کردوویەتی بە سویدی و هاوکات لەسەر شانۆکانی ئەو وڵاتەش پێشکەشی کردووە. هەر ئەم شانۆنامەیە لە ساڵی 2018 لە شاری هەولێر بە دەرهێنانی مەهدی حەسەن نمایش کراوە.
شانۆنامەی دووەمی کە کراوە بە کوردی شانۆنامەی “شەوگار گۆرانییەکانی خۆی دەڵێ”ە، کە 13 ساڵ لەمەوبەر لە دەزگای ئاراس چاپ کراوە، ئەم شانۆنامەشی (وەک وەرگێڕ ئاماژەی بۆ دەکات) لە گەلێک لە وڵاتانی دونیادا پیشکەش کراوە و بۆتە جێگەی مشتومڕ و گفتوگۆی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە. هاوکات شانۆنامەی سێیەمی ئەم نووسەرە بە کوردی “سێبەرەکان”ـە کە سێ ساڵ لەمەوبەر بڵاوکراوەتەوە.
یەکێک لەو خاڵە سەرەکی و سەرنجڕاکێشانەی ژیانی ئەم نووسەرە ئەوەیە، کە بە سوتفە دەبێتە شانۆنامەنووس و ئەو سەرەتا شیعر و شیعری لیرکی نووسیوە و زۆری ڕق لە شانۆ بووە، بەڵام بەهۆی بێ پارییەوە، کە پێشنیاری نووسینی شانۆی بۆ دەکەن ڕەتی ناکاتەوە و دەست بە نووسینی شانۆ دەکات، بەڵام بەتوانایی و لێهاتوویی لەم بوارەدا هەر زوو بووەتە هۆی دەنگدانەوە و پێشوازییەکی گەرم لە بەرهەمەکانی کراوە، کە ئێستا ئەگەرچی ئەم نووسەرە شیعر و ڕۆمان و کورتەچیرۆک، وتار، ئەدەبی منداڵان و شانۆنامەی نووسیوە، بەڵام زیاتر بە شانۆنامەنووس ناسراوە و دەقە شانۆییەکانی بۆ زیاتر لە 30 زمان وەرگێڕدراون.
یەکێک لەو خاڵانەی کە وەکو کاریگەریی دەبینرێت لە بەرهەمە شانۆییەکانی ئەم نووسەرەدا ئەو کاریگەرییەی هێنری ئیپسنە کە لەسەر بەرهەمەکانی دیارە، بەڵام هەر زوو خۆی لەو ڕەنگدانەوانە قوتار کرد، بەڵام سەرەڕای ئەوەش بەشێک لە ڕەخنەگرانی کارەکانی پێیانوایە ئەگەرچی خاڵی زۆر جیاوازیشی هەیە و بووەتە خاوەن ڕێچکەی تایبەتی خۆی لە شانۆدا، بەڵام هەر لەژێر سێبەری ئیپسن ڕزگاری نەبووە. خاڵێکی دیکەش کە ڕەخنەگران درکیان کردووە نزیکبوونی ئایدیاکانییەتی لە ساموئێل بیکێت. کە هەندێک وەکو بیکێتی نوێ و هەندێکی دیکە وەکو دژە بیکێتی ناوی دەبەن. بەتایبەتیش شانۆیی “کەسێک هەر دێ” کە ئایدیای شانۆییەکە تەواو دژە بیکێتییە و زیاتر لە ئایدیای شانۆکانی سارتەرەوە نزیکە.
یون فۆسە لە ساڵی 1959 لە شاری هێگستوند لە وڵاتی نەرویج لە دایکبووە و یەکەم بەرهەمی چاپکراوی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1982 تا ئیستا زیاتر لە چل بەرهەمی چاپ و بڵاوکردووە و بەرهەمەکانی بۆ زیاتر لە 30 زمان وەرگێڕدراون. وەرگێری بەرهەمەکانی بۆ زمانی کوردی دیداری ئەلیکترۆنی بۆ چاپبوونی شانۆنامەی “شەوگار گۆرانییەکانی خۆی دەڵێ” لەگەڵدا ساز داوە. خاوەنی چەندین خەڵاتی ئەدەبی نێودەوڵەتییە، کە نوێترینیان خەڵاتی نۆبڵە بۆ ئەدەبیات، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وەریگرت.